ناساندنی ئەنفال و هەڵەبجە لە پەرلەمانی ئەوروپا یان ڕیکلامی حیزبی؟!

Monday, 17/03/2014, 12:00

2506 بینراوە


گرنگی ناساندنی جێنۆسایتی کوردی لە تێروانینی چالاکوانانی دژە دەسەڵاتەوە

بە دڵنیاییەوە هەوڵدان بۆ ناسادنی ئەنفال و هەڵەبجە جێگای ستایشی هەموکەس ولایەنێکی مرۆڤدۆست و دڵسۆزی خەڵکی کوردستانە.
بەتایبەتی ناساندنی ئەو تاوانانە بە جێنۆساید دژ بە مرۆڤایەتی دەبێتە پشتیوانیەکی بەهێز بۆچالاکوان و رێکخراوە داکۆکیکەرەکان لە مافەکانی قوربانیانی ئەنفال و هەڵە بجە و ئەوانەی کە دەیانەوێت تاوانباران سەر بە هەر نەتەوەیەك بن بە سزای خۆیان بگەیەنرێن و قوربانیان قەرەبوی مەعنەوی بکرێنەوە.
ئەگەر پەرلەمانی ئەوروپا ئەنفال و هەڵەبجە بە تاوانی جێنۆساید بناسێنێت واتە ئەمڕۆ 28 وڵاتی ئەوروپا و لە داهاتودا وڵاتانی تری نوێی ئەو یەکێتیە، ئەو تاوانانە بە جێنۆساید دەناسێنێت . ئەو کاتەش بەهێزێکی یاسایی سەنگینەوە دەتوانرێت حکومەتی ئێراقی وهەرێم ناچاربکرێن کە تەواوی تاوانباران و لە ناویان دا مستەشارە کوردەکان کە لە لایەن دەسەڵاتی بنەماڵەکانەوە داڵدەدراون بە پێی مادەی 3ی خاڵی c و e لە رێکەوتتنامەی جێنۆسایدی 1948 ی نەتەوە یەکگرتووەکان رادەستی دادگای نێودەوڵەتی دەنهاخ بکرێن.
ناسادنی ئەنفال و هەڵەبجە لە لایەن یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت ڕێخۆشکەر بێت لە روی یاساییەوە سکاڵای دژ بە داڵدەدەران و ئەو دەزگا و پارتە سیاسیانەش بکرێت کە لێبوردنیان بۆ ئەو تاوانبارانە دەرکردووە. بەتایبەتی ئەوانەی کە پاش ئەو ناساندنە هێشتا بە مەبەست و بڕیاری سیاسی سوربن لەسەر داڵدەدان و لیبوردن لە تاوانبارانی جێنۆساید.
جێنۆساید تاوانێکە تەواوی وڵاتان بەو شێوازە تێدەروانن کە بەرامبەر بە خۆیان کراوە بۆیە ئەرکی یاساییانە کە ئەگەر تاوانباران لە وڵاتەکەیاندا نیشتەجێ بن رادەستی دادگای نێودەوڵەتیان بکەنەوە.
تەواوی ئەم دەسکەوتانە و قەرەبوی ماتەری و مۆرالی قوربانیەکان وکەسوکاریان دەسکەوتێکی گەورەیە و پێویستە بە هەموان پشتیوانی ناساندنی ئەنفال و هەڵەبجە بکەین لە هەر وڵاتێکدا بێت بە تایبەتی لە دەزگایەکی گرنگی وەکو پەرلەمانی ئەوروپا.
سەرباری ئەم خۆشحاڵی و پشتگیریەمان بۆ هەوڵی ناساندنی ئەنفال و هەڵەبجە وەکو جێنۆساید لە یەکێتی ئەوروپادا، زۆر ڕەشبینین لە بەرامبەر وویستی راستەقینە و هەوڵی راستەقینەی ئەو لایەنانەی گوایە هەوڵ بۆ ئەو ناساندنە دەدەن.
بە تایبەتی کە ئەو هەوڵانە لە لایەن دەزگای بەناو (نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا) و سەرانی پارتی و بنەماڵەی بارزانیەوەیە. ئەو لایەن و دەزگایانە ماوەیەکە بەناوی هەوڵی ناساندنی جێنۆساید لە پەرلەمانی ئەوروپادا هەڵمەتێکی ریکلامیان بۆ خۆیان پارتی و بنەماڵەی بارزانی گرتۆتە بەر .

یەکەمین ڕێکلامەکانی نوێنەرایەتی بەلجیکا
ڕیکخراوی کوردستان فۆروم و چالاکوانانی بەلجیکا لە یەکەمین ڕێکلامەوە بۆ ئەو مەسەلەیە بەدواداچونیان بۆ کردووە و بە بایەخ و گرنگیەوە تێیان ڕوانیوە.
یەکەم دەنگۆی نوێنەرایەتی دەسەلات سەبارەت بەو بابەتە دوانێکی دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری دەسەڵاتە لە بەلجیکا لەگەڵ ڕۆژنامەی چاودێر بە ناوی (پەرلەمانی ئەوروپا کاری بۆ ناساندنی جێنۆسیدی کورد کردووە، تەنها دەنگدانی ماوە).(1)
ئاژگەیی لەم چاوپێکەوتنەدا وەکو ریکلام کردنێك بۆ پارتەکەی و نوێنەرایەتیەکەی دەڵێت: (ئێمەش لەگەڵ وڵاتی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا خەریکین، بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە پلانێکی تۆکمە و زانستی کە خۆی لە چەند قۆناغێکدا دەبینێتەوە دەستی بە کارکردن لەسەر ئەم بابەتە گرنگە کردووە). ئاژگەیی نایەوێت سەبارەت بە ئەو پلانە تۆکمە و زانستیە شتێك دەربڕێت. ئەوەش لەبەر هۆیەکی سادە کە بریتیە لەوەی هیچ پلانێك لە ئارا دا نیە جگە لە نامەیەكی داواکاری بۆ ناساندنی ئەنفال و هەڵەبجە وەکو جێنۆساید بە ناوی (جێنۆسیدی کوردی ئەنفال و هەڵەبجە).
جێگای سەرسوڕمانە کە ئەو نامەیەش بە بێ بەروار و ناونیشان و ناوی داواکار ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپا کراوە. نامەکە بریتیە لە ١٠ لاپەرە بە زمانی ئینگلیزی. نامەکە تەنها دوو لۆگۆی لەسەرە ، یەکیکیان لۆگۆی ڕێکخراویUNPO کورتەی Unrepresented Nations and Peoples Organization و بنکەی لە هۆڵەندا و بەلجیکا هەیە. دوهەمیان لۆگۆی نوێنەرایەتی دەسەڵاتە لە بەلجیکا. تەنها لە ڕێگای ناوەرۆکی نامەکە دەردەکەوێت کە لە بەرواری دوای ٦/٣/٢٠١٣ دا نامەکە نوسراوە .
ناوەرۆکی نامەکە و لادان لە کێشەی ئەنفال و هەڵەبجە و چون بەرە و هەندێك بابەتی لاوەکیدا دەبێتە جێگەی رامان. ایا بۆچی لەو نامەیەدا کێشە سەردەمیەکانی نێوان بارزانی و مالیکی باسکراوە؟ بە جۆرێك گەیەنراوەتە ئەو رادەیەی باس لە مەترسی دوبارەبونەوەی ئەنفال و هەڵەبجە بکرێت لە لایەن مالکیەوە!. هەروەها چ پەیوەندیەک لە نێوان جێنۆسایدی کوردی و ڕێکەوتنامەی ئەم دواییەی سەبازی و ناردنی چەك و تەقەمەنی لە روسیاوە بۆ ئێراق هەیە کە لەو نامەیەدا باسی لێ کراوە؟ لە کاتێکدا تەواوی مادەی خاوی چەکی کیمیاوی لە سەرەتای ساڵانی هەشتادا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاواوە بۆ دەسەڵاتی بەعسی لەناوچو نێردرابو. تەواوی ئەمانە ئەوە نیشان دەدەن کە بەرپرسی دۆسیەی ئێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا ستروان ستیڤنسن کە ناسراوە بە کێشەکانی لەگەڵ مالکی و حکومەتەکەیدا کاریگەریەکی سیاسی نالەباری لەو بابەت و کۆنتێکستەدا لەسەر نامەکە هەبووە. ئەگەر نوسینگەکەی خودی ستیڤنسن ئامادەکەری ئەو نامەیە نەبوبێت. (2)
مۆرکێکی تری ئاشکرای حیزبی کە بە نامەکەوە دیارە ئەوەیە کە لە پێشەکی و یەکەمین رستەی نامەکە دوانە لە وەی کە پەرلەمانی ەریتانیا بە یەك دەنگی هەڵەبجە و ئەنفالی وەکو جێنۆساید ناساندووە. پاشان لە پەرەگرافی سێهەم دا یاری بە ووشە و ڕستەکان دەکڕێت و قسە لەوە دەکرێت کە ئەو ناساندنەی بەریتانیا بەدوای ناساندنەکانی پەرلەمانی سوید و نەرویج هاتووە. ئەم پێشخستن و یاریکردنە بە ووشە و دەربڕینەکان تەنها لەبەر ئەوەیە کە دەسپێشکەری شکست پێهاتوی ناساندنی جێنۆساید لە بەریتانیا لە لایەن بیرۆی نوێنەرایەتی دەسەڵاتی پارتی لەو وڵاتەوە و نەدیم زەهاوی ئەندام پەرلەمانی بەریتانیای نزیك بە پارتیەوە بدرەوشێنرێتەوە. لە کاتێکدا لە ڕۆژ و کاتی دەنگدانەکەدا تەنها 18 ئەندام پەرلەمانتاران و میوان ئامادەبون پاش چەند چرکەیەك ژمارەیەك بە هۆی نەبونی گرنگیان بە بابەتەکە هۆڵی پەرلەمان بەجێدەهێڵن و ژمارەی ئامادەبوان دادەبەزێت بۆ تەنها 12 ئەندام پەرلەمانتاران و میوان. لە کاتێکدا ژمارەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە دوای هەڵبژاردنی 2010 وە گەیشتۆتە 650 ئەندام. ئایا ئاژگەیی دەیەوێت هەمان تاقیکردنەوەی شکستخوارد و لە پەرلەمانی ئەوروپادا دوبارە بکاتەوە؟ (3)
ئاژگەیی لە هەمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی چاودێر دەڵیت: (ئێستا ئێمە لە زنجیرەی بڕیارێکی رەسمین لە لایەن پارلەمانی ئەوروپاوە، بۆ ئەم مەبەستە چەند هەنگاوێکی پراکتیکیمان هاویشتووە لەوانە سازدانی پێشانگایەکی تایبەت بە ئەنفال و هەڵەبجە لە پارلەمانی ئەوروپا)
ئاژگەیی لە هەنگاوی پراکتیکی دەدوێت بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع ناتوانێت هیچ شتێك بخاتە ڕوو جگە لە پێشانگایەك. بە ناوی (مەراسیمی کردنەوەی پێشانگای وێنەیی جینۆسایدی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا ٢٦/٣/٢٠١٣) ئەمەش بریتی بوو لە پێشاندانی وێنەی فۆتۆگرافی ئەنفال و هەڵەبجە لە رارەوێکی پەرلەمانی ئەوروپا کە وەك هەمیشە ئەندامانی پارتی وڵاتانی بەنیلوکس و ڕێکخراوە سێبەریەکان و باڵوێزخانەی ئیراقی بەشداربون ئەندامانی پەرلەمانیش هەر هەمان ئەو پێڕە بون کە پەیوەستن بە دۆسیەی ئێراقەوە لە پەرلەمانی ئەوروپا. ئەو پێشانگایەش بە هاوکاریUNPO ئامادەکرابوو.
ئەو پیشانگایە لە سەردەمی نوینەری پێشو سەلیم گرافی خۆناسێنەر بە (کارلۆس گرافیۆس) ەوە کاری بۆ کرابوو. ئەو پێشانگایەش کە من یەکێك لە ئامادەبونی بوم بووە بۆنەیەکی لەبار بۆ سەری خۆ گەرم کردن بە خواردنەوەی کحولی و وێنەگرتنی کەسانی خوارتر لەگەڵ سەروتریان و وێنەگرتنی ئەوانیش لە پاڵ کەسانی بەرزتر لە خۆیان و بەو شێوازە هەرەمیە وەك ئەوەی بۆتە نەریت و باوی ناو بۆنەکان. هەروەها بۆنەیەکی گونجاو بوو بۆ خۆدەرخستن و خۆناساندنی دلاوەر ئاژگەیی وەکو نوێنەری نوێی دەسەڵات دوای لەسەرکارلابردنی نوینەری پێشو کارلۆس گرافیۆس.
پاشان لە هەمان چاوپێکەوتن لە چاودێردا دەڵێت:(ئەوەی ماوە ڕەشنوسی بڕیارەکەیە کە دەبێت بە میکانیزمی تایبەتی کاری پارلەماندا تێبپەڕێت و دواتر لە ستراسبۆرگ دەنگی لەسەر بدرێت ، هەر بۆ ئەم مەبەستەش خەریکی دروست کردنی گروپی پشتگیرین، کە لە چەند ئەندام پەرلەمانێك پێکدێت و چەند ڕێکخراوێکی ئەوروپیش تێیدا بەشدارن). ئاژگەیی لە "ڕەشنوسی بڕیار" دەدوێت لە کاتێکدا کە ئەو دوانەی داوە بە لایەنی زۆرەوە تەنها سی مانگ و نیو بوو ئەو نامەی داواکاریە "ڕەشنوسی بڕیار" ە بێسەروبەرە حیزبیەیان لە ڕێگای ستروان ستیڤنسن نوسیوە تەنانەت دیارنیە ئەو داواکاریە بۆ کوێ و چ دەزگایەك نێردراوە.
جێگەی پرسیارە ئایا بۆچی ئێستا و پاش 11 مانگی ڕەبەق کەناڵی روداو بە وەرگرتن لە نوێنەرایەتی بەلجیکا قسە لەوە دەکات کە:(دوای ئەو کۆبونەوەیە بڕیارە لیژنەی پەیوەندیەکانی ئێراق نامەیەکی تایبەت بەم دانیشتنە بنێرێت بۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا مارتین شولتز و کۆمیسیۆنی ئەروپا و هەروەها بەرپرسی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا تەنها بەم شێوەیە پرسی بە فەرمی ناساندنی جینۆساید ڕێرەوێکی فەرمی لە پەرلەمانی ئەوروپا وەردەگرێت) . کەواتە "هەنگاوی پراکتیکی" و "میکانیزمی تایبەتی کاری پەرلەمان" لەو بوارەدا جگە لە پێشانگایەك و خۆڵ کردنە چاوی خەڵکەوە شتێکی تر نەبووە. یان ئەگەر کارێکیش کرابێت تەنها لە پێناوی ئەوەدا کە تەواوی شتەکان بە سەردانەکەی مەسعود بارزانیەوە ببەسترێتەوە و ڕیکلامی هەرزانی بۆ بکەن خەتێکی راست و چەپی بەسەردا هێنراوە ولە نوێوە دەسپێدەکەنەوە!.
ئاژگەیی لە" گروپی پشتگیری" دەدوێت، کەس ناتوانێت لەوەدا بە ناڕاستی بزانێت بەڵام ئایا بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی گروپێکی پشتگیری ئاوا کە بتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر ژمارەیەکی دیاری پەرلەمانتاران بەو ئاراستەیەی بە (بەڵێ) دەنگ بدەن مەسەلەیەکی ئاوا بە دڵنیاییەوە کارێکی ئاسان نیە زۆربەی دەنگ بەدەست بهێنرێت. ئایا ئاوا بە بای شان و قسەی قەبە دێتە دی؟ بە تایبەتی لە دەزگایەکدا کە نوێنەرانی 28 وڵات و کۆی 500 ملیۆن دانیشتوی ئەوروپا دەکات و ژمارەی پەرلەمانتارانی 766 ئەندامە و سەر بە فراکسیۆنە جیاوازەکانن و ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و بەرژەوەندی و دونیابینی دژ بە یەکتریان هەیە و چەندین ڕێکخراوی بەرژەوەندی و لۆبی جیاواز کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر بڕیارەکانی هەیە. با ئەوەش نەوتراو نەمێنێت کە هەندێك لە وڵاتانی ئەندام راستەو خۆ و ناراستەوخۆ بەشداربون لە ناردنی مادەی کیمیاویدا بۆ ڕژێمی لەناوچوی بەعس ، ئەوەش دەرئەنجامی یاسایی نەرێتی بۆ ئەو وڵاتانە دەبێت. ئایا ئەو گروپی پشتگیریە چۆن هێنرایە دی لە کاتێکدا ئاژگەیی هێشتا 4 مانگ بەسەر نوێنەر بونیدا تێنەپەڕیبو؟ با بە هەقیش قسە بکەین نوێنەرانی پێشو، بورهان جاف و سەلیم گرفی لە دوای خۆیان هیچ لۆبی و پەیوەندیەکیان بنیات نەنابو بۆ ئاژگەیی و ستافە نوێیەکی جگە لە ئاژاوە و شەرە بۆکسی ناو خودی نوێنەرایەتیەکە و کەرەسە و مۆبێلی شیك و نوێ بە نرخی 140 هەزار ئێرۆ!!. ئەمانە هەموو نیشان دەدەن کە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی کارێکی ئاوا لە ئەرزی واقیع دا بە پێچەوانەی ئەوەی ئاژگەیی دەڵێت (نە پلانی تۆکمە و زانستی، نە هەنگاوی پراکتیکی، نە میکانیزمی پیویست، نە گوروپی پشتیوانی) بونیان نیە و نەبووە هەروەها نە پسپۆری و نە ماندوبون و نە کاری هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوە کوردی و بیانیەکان هیچ وویست و بەرنامەی کۆن و نوێی ئەو نوێنەرایەتیەدا نەبووە و نیە. لە کاتێکدا تەواوی ئەوانە پیویستی حاشا هەڵنەگرن.
ئایا گروپە پشتیوانیەکەی دلاوەر ئاژگەیی کێین و چیین؟ ئێمە لە نزیکەوە ئاگادارین کە تەنها پەیوەندیەکانی لە چەند کەسێکی کۆنزەرباتیڤی وەکو ستروان ستیڤنسن دا قەتیس ماوە.
ئەو کابرایە بە هۆکاری نەزانراو لەسەرجەم بۆنە و فرسەتێك دا تەنها لە گەورەیی و گرنگی مەسعود بارزانی دەدوێت. تەواوی ئەندامانی تر هیچ پەیوەندیەکی خوازراویان بە ئاژگەیی و ستافەکەیەوە نیە و تەنها وێنەی لە پاڵدا گرتون و ئەوەش خۆی لە خۆیدا جۆرە نەریتێکی ڕۆژهەڵاتی ئەم بەرپرسانەیە کە لە لای ناوەند و کەسایەتیە ئەوروپیەکان بە نەخوازراو تێیدەڕوانرێت. هەروەکو چۆن یەکێك لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی دا دەریبڕی:(ئەم بارزانیانە بە قات و بۆیانباخە شیکەکانیانەوە بێزاریان کردوین بە وێنەگرتن لە پاڵمان دا). بینیمان ئەوانەی لە پاڵیان دا بۆ نیشاندانی چالاکیەکانی نوێنەرایەتیەکەیان خۆی و ستافەکەی وێنەیان لەگەڵ دا دەگرن تەنانەت بۆ بۆنە و کۆنفرانسەکانیشی ئامادە نابن و دەتوانین چەندین ناوی وەکو. ئالیۆ فیدل کوادراس، یۆانا سێنیزین، یورگن کلوتە، میشێل دنێف، جۆن ئۆروک، هانس پورت گێترینگ ... هتد بخەینە ڕوو کە پەیوەندیەکانیان تەنها فۆتۆگرافیە نەك دبلۆماسی! .
ئاژگەیی قسە لە چەندین ڕێکخراوی ئەوروپی دەکات کە هاوکاریان بون ئایا سەرباری بودجەی زۆر و و نیشتەجێبونی بیرۆکەیان لە ناسراوترین و گرانترین شەقامی دبلۆماسی برۆکسل و ئیمکانیات و کارمەندەکانیان دەتوانێت قسە لە ڕێکخراوێکی تر بکات جگە لەUNPO ؟


سەردانی مەسعود بارزانی بۆ بەلجیکا و بالۆرەی نوێی ڕێکلامە حیزبیەکان

زۆر لە چالاکوانانی ئەم وڵاتە لەسەر ئەو بنەمایەی پشتیوانی کەمترین کار بۆ ناساندنی جێنۆسایدی کوردی دەکەی و کەمترین کارمان لە هیچ پێ باشترە بۆیە بێدەنگیان لە شێوازی کار و ڕێکلامەکانی پارتی و نوێنەرایەتیەکەی هەڵبژاردبو. بەڵام جام کە پڕ بوو لێی دەرژێت. بە تایبەتی دوا سەردانی مەسعود بارزانی کرایە ریکلامێکی تری گۆبڵتسی و هاژوهوژی میدیایی نوسین و بینراوی پارتی و میدیا سێبەریەکانیان وەك ئەوەی مەسعود بارزانی توانیبێتی یان وا باشترە بڵێین (ویستبێتی) تەواوی تاوانبارانی جێنۆساید بە کورد و عەرەب و نەتەوەکانی ترەوە بداتە دادگاکان و بە سزای رەوای خۆیان بگەیەنێت.
ئەوەی بارزانی سەبارەت بە هەڵەبجە و ئەنفال ووتی بریتی بوون لەم چەند دێڕە کە هیچ زانیاریەکی نوێ و هیچ داواکاریەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆی تیانەبوو سەبارەت بە ناساندنی جێنۆسیادی کوردی:
(گەلی كوردستان دووچاری ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر و هەڵمەتی زۆر دڵڕەقانە بووەوە لەلایەن رژێمە یەك لە دوا یەكەكان كە دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست، چەكی كیمیاییش دژ بە ئافرەتان و منداڵان بەكارهێنراو كردەی ئەنفالیش دژ بە گەلی كورد ئەنجام دراو لە ئاكامدا 182 هەزار كەس بێ سەروشوێن بوون، تەنیا روفاتی نزیكەی چوار هەزاریانمان دەستكەوتەوە، لەوانەی لە بیابانەكانی باشووری عێراقدا زیندەبەچاڵ كرابوون و كاری گەڕان و پشكنینیش بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی تەرمی شوێنبزرەكانی دیكە. لە چەند ساتێكی كەمیشدا لە ئاكامی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بە تەنیا لە شاری هەڵەبجە پێنج هەزار هاووڵاتی شەهید بوون كە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون.) (4)
بەدوای ئەم دوانە کاڵ و کرچە مەکینەی ڕیکلامی میدیاکانی پارتی و میدیا سێبەریەکانیان دونیایان بە زمانە جیاوازەکان پڕ کردەوە. ئەوەتا کوردستان تیڤی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: (دوابەدوای سەردانەکەی سەرۆك بارزانی لە ٢١ ی ١ ی مانگی ڕابردو بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کرد کار بۆ بە نێونەتەوەیی کردنی چێنۆسایدی کوردی بکرێت و بە فەرمی لە پەرلەمانی ئەوروپادا دانی پیا بنرێت) (5)
لە بابەتێکی تری کوردستان تی ڤی دا دەڵێت: (پشتى سه‌ره‌دانا برێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكێ هه‌رێما كوردستانێ ژبۆ پارله‌مێنتا ئه‌وروپایێ، ل سه‌ر داخوازا وان یا ژبۆ ناساندنا جینوسایدا كوردان، بریار ئه‌وه‌ پارله‌مێنتا ئه‌وروپایێ پێجشه‌مبیا بێ جڤینه‌كه‌ تایبه‌ت ل دۆر وێ پرسێ لداربخه‌) (6)
تەلەفزیۆنی روداو لەسەر هەمان بابەت دەڵێت (دوای چاوەروانیەکی زۆر دواجار پەرلەمانی ئەورپا بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانیی دژی کورد دانیشتنێکی تایبەت لە لایەن لیژنەی پەیوەندیەکانی عێراق لە برۆکسل لە ژێر ناونیشانی جینۆسایدی سەردەمی سەدامدا ئەنجامدا.بە بەشداربونی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفال کراوان و پەرلەمانتارانی ئەوروپی وکۆمیسیۆنی ئەوروپا و چەندین ڕێکخراوی مەدەنی. هۆی مامەلە کردنی جیدی لە گەل ئەو پرسە دەگرێننەوە بۆ سەردانەی مەسعود بەرزانی سەرۆکی هەریمی کوردستان بۆ پەرلە مانی ئەوروپا کە تێدا راستەوخۆ داوای کرد لەسەر بە فەرمی ناساندنی جینوسایدی کورد بکەن .(7)

لە ڕۆژنامەی خەبات و پەیجی تایبەتی دلاوە ئاژگەیی و ماڵپەری گوڵان و ماڵپەری فەرمی حکومەتی کوردستان و...
هتد بە ناونیشانی (لە پەرلەمانی ئەوروپا پرسی جینۆساید و کردنەوەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت) ڕیکلامی بۆ کراوە. کە پێدەچێت ئاژگەیی خودی خۆی هەواڵنێرەکە بوبێت وەك کرداری هەمیشەیی ڕیکلام بۆ بارزانی دەکات و دەڵێت: (تەنها دوو هەفتە پاش ووتارەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە پەرلەمانی ئەوروپا و داوای بەڕێزیان بۆ بەفەرمی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە ... لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانتاری ئەوروپی (ستروان ستیڤنسن) وێڕای ئاماژەدان بە داواکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێ ئەوروپا قەرزداری چاکەکانی سەرۆک بارزانییە و ستایشی ڕۆڵی جەنابیان و جەماوەری کوردستان دەکات.)(8)


دیوی راستەقینەی کۆنفرانسی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا

ئەگەر گوێ لە کەس و لایەنە کانی تر بگرین کە ئامادەی ئەو کۆنفرانسانە بون بە شیوازێکی تر باس لە راستیەکان دەکرێت . تەواوی ئەو ریکلامانەی کە باس لە کۆنفرانسەکەی پەرلەمانی ئەوروپا دەکریت لە لایەن ئامادەبوانەوە بە شێوازێکی تەواو پێچەوانەوە دەخرێتە ڕوو بە جۆراێك ووشەی کونفرانس بەکار ناهێنن. هەندرێن هەورامی وەکو ئامادە بویەك لە نوسینێکی دا دوابەدوای ئەو کۆنفرانسە دەنوسێت:

(نیوەڕۆی ئەمڕۆ 13/2/2014 کاتژمێر 11 و30 دەقیقە بە کاتی ناوەندی ئەوروپا ، لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، لە یەکێک لە ھۆڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیەکانی سەر گەلی کورد بەرێوەچوو. کۆبونەوەکە لە لایەن ستروان ستیڤنسن، سەرۆکی لێژنەی دۆسیەی عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا و نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕێخکرابوو.لە کۆبونەوەکەدا کە تەنھا کاتژمێرکی خایاند ، سارد و سڕیەکەی پێوە دیار بوو ، ژمارەیەکی زۆر لە کوردان ، نوێنەرانی چەند پارتێکی سیاسی کوردی و ئێراقی ، باڵیۆزی ئێراق لە بەلجیکا و وەزیری شەھیدان و ئەنفالی حکومەتی ھەرێم ئارام ئەحمەد ئامادەبوون. بەڵام لایەنی ئەوروپی و خانەخوێ کە کۆبونەوەکە ڕووی لە وان بوو ، کەسیان ئامادە نەبوون و تەنانەت یەک پەرلەمانتاری ئەوروپیش ئامادەی کۆبونەوەکە نەبوو.)
لە کاتێکدا تەلەفیزیۆنی روداو قسە لە ئامادەبونی پەرلەمانتارانی ئەوروپی وکۆمیسیۆنی ئەوروپا و چەندین ڕێکخراوی مەدەنی دەکات. کەسێکی وەك زانا هەورامی، چالاکی سیاسی و ئامادەبوی کۆنفرانسەکە ڕەخنەی لە ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئەوروپی لە کۆبونەوەکەدا گرت و بە کورتی ناوی برد بوو، لەوەڵامی زانا ھەورامیدا، ستروان ستیڤنسن، سەرۆکی لێژنەی دۆسیەی عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا وتبوی: "دوو ھەفتەی دیکە ھەڵبژرادنی پەرلەمانی ئەوروپایە بۆیە پەرلەمانتاران ئامادەنەبوون ."
هەندرێن هەورامی هەمان ئەو شتە دەڵێت کە لە سەرزار و لە دڵی هەموانمان دایە بۆیە پەنا دەبەمە بەر نوسینەکەی ئەو ئێمەش لەگەڵیا هەمان پرسیار دەکەین " ئەو وەلامەی ستڤنسن مایەی سەرسوڕمان بوو ! چونکە ئەگەر بەھۆی ھەڵبژاردنەکانەوە پەرلەمانتارانی ئەوروپی بەشدار نەبووبن ، ئەی بۆ ئەمان لەم کات و ساتەدا کۆبونەوەکەیان ئەنجامیان دا و دوایان نەخست بۆ کاتێکی گونجاتر) (9)
بەم حاڵە و بە بێ هیچ بەرنامەیەکی پتە و ئاژگەیی لە لێدوانە تەلەفیزیۆنیەکانی حیزبەکەیدا و لە پەراوێزی قەڵەباڵغیەکانی ناو پەرلەمانی ئەوروپا دا دەڵێت هەوڵ دەدەین کە دەنگدان پێش کۆتایی ئەم خولەی پەرلەمانی ئەوروپا بێتە دی، لە کاتێکدا تەنها چەند مانگێك ماوە بۆ کۆتایی ئەم خولە.
بە دڵنیاییەوە سەرجەم دڵسۆزێکی گەلەکەمان پشتگیری ئەوەیە کە گروپی پشتیوانی و لۆبی بۆ جێنۆسایدی کوردی و سەرجەم ئەو مەسەلە سەرنوشتیانە بهێنرینە دی لەو باوەرەشداین هەر چەندێك بۆ ئەو کارانە بخرێتەکارەوە لەدەست چون نیە. بەڵام ئەوە جێگەی پەسەند نیە بە کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەی فۆتۆگرافی بە مەبەستی خۆناساندن و یەکترناسی و نامەیەکی بێسەروبەر و حیزبیانە بە ناوی هەوڵدان بۆ ناساندنی ئەنفال و هەڵەبجە بە جێنۆساید خۆڵ بخرێتە چاوی خەڵکەوە و ریکلامی حیزبی و سیاسی بکەن .
با ئاژگەیی و ئاژگەییەکان ئاگادار بن کە گروپی پشتیوانی و دروست کردنی لۆبی بۆ ناساندنی جێنۆساید لە دەزگایەکی گرنگی وەکو پەرلەمانی ئەوروپا هەرگیز بە وێنە لە پاڵداگرتنی پەرلەمانتاران و هاژ و هوژی میدیاکان نابێت و کار و بەرنامە و خەرجی و پسپۆری و "راوێژکار" و راوێژکاریی راستەقینە و پسپۆری دەوێت.


هەوڵەکانی کوردۆساید ـ چاك بۆ ڕێگری بە هەڵدێردا بردنی کەیسێکی گرنگی نەتەوەیی

کۆمیتەی بەلجیکای کوردۆسایدـ چاك پاش ئەو کۆنفرانسە وەکو بەتەنگەوەهاتنێك بۆ کەیسی ناساندنی جێنۆسایدی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا،نامەیەیەك ئاراستەی دلاوەر ئاژگەیی و ستروان ستیڤنسن و ڕێکخراویUNPO کردووە. لە ڕێگای ئەو نامەیەوە 5 داواکاری گرنگیان بۆ هوشیارکردنەوەی ئەو سێ لایەنە و وەکو ئاگادارکردنەوەی رای گشتی لە هەمانکاتدا وەکو بەڵگەی مێژوویی خستۆتە بەردەم لایەنەکان. مەبەستی سەرەکی کۆمیتەی بەلجیکای کوردۆسایدـ چاك ئەوەیە کە جێنۆسایدی کوردی لە پەرلەمانی ئەوروپادا بە دەردی گاڵتەجاریە حیزبیەکەی بەیانی سامی عەبدولرەحمان و نەدیم زەهاوی لە پەرلەمانی بەریتانیادا نەچێت. پێویستە نوێنەرایەتی بنەماڵە داواکەی کۆمیتەی چاکی بەلجیکا بە هەند وەربگرن کە هەوڵێکی جدیە بۆ ڕێگرتن لە بە شکستیدا بردنی ناساندنی جێنۆسایدی کوردی لەو دەزگایەدا کە تەنها لە پێناوی پروپاگەندەی بەرتەسکی حیزبی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی خراوەتە گەڕ. (10)

ئەگەر نوێنەرایەتی بنەماڵەی بارزانی بیانەوێت هەڵەبجە و ئەنفال لە داهاتودا لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بە جێنۆساید بناسێنرێت باواز لەو بیرۆکە کاڵ وکرچە بهێنن و با ئەم مەسەلە گەورە و تراجیدیا نەتەوەیی و مرۆڤایەتیەش وەکو سەرجەم پیرۆزیەکانی تر نەخەنە خزمەت ریکلامی حیزبی و بنەماڵەیی.

رۆژێك دێت خەڵکی کوردستان و کەسوکاری قوربانیەکانی ئەنفال و هەڵەبجە ئەم رەفتارە دزێوەیان و ئەم شکستە دڵنیاییەیان وەکو کارێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو تێدەروانن. ئەو کاتەش دڵسۆزان دڵنیا دەبن لەوەی کە ڕێگای ئەم بە هەڵدێرا بردنەیان گرتۆتە بەر بەو مەبەستەی کە ئیتر ناساندنی جێنۆسایدی کوردی لە پەرلەمانی ئەوروپا لەبەر دەم هەوڵەکانی کەس و لایەنە کانی تر لە داهاتودا بلۆك بکەن.

**************************************************
پەراوێزەکان:

1) چاودێر (ژمارە 427 دوشەمە 15/7/2013)

2) نامەی داواکاریەکەی نوێنەرایەتی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لاپەرەی 1 و 8


3) دوان لەسەر جێنۆسایدی کوردی لە پەرلەمانی بەریتانیادا



4) دەقی ووتەی مەسعود بارزانی لە پەرلەمانی ئەورووپا 2014-01-22


5)دەقی هەواڵ و ڤیدیۆی کوردستان تی ڤی لەژێر ناونیشانی (په‌رله‌مانى ئه‌وروپا بۆ ناساندنى جینۆسایدكردنى گه‌لى كورد كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی سازكرد)


6) هەواڵی چەواشەکارانەی و ریکلامی حیزبیانەی کوردستان تی ڤی لە ژێر ناونیشانی (په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا سبه‌ینێ دانیشتنێك بۆ ناساندنى جینۆسایدی گه‌لى كورد ئه‌نجام ده‌دات


7) هەواڵی چەواشەکارانەی و ریکلامی حیزبیانەی کەناڵی ڕوداو لەژێر ناونیشانی (لە پەرلەمانی ئەوروپا جینۆسایدی کورد رێڕەوێکی فەرمی وەردەگرێت)
 


8) هەواڵی چەواشەکارانە و ریکلامی حیزبیانەیدلاوەر ئاژگەیی و سایتی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لەژێر ناونیشانی (لە پەرلەمانی ئەوروپا پرسی جینۆساید و کردنەوەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت)


9) دەقی ووتاری هەندرێن هەورامی


10) دەقی نامەی کۆمیتەی بەلجیکای کوردۆساید ـ چاك



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە