حکومەتی هەرێم و داعش

Monday, 13/04/2015, 21:23

5211 بینراوە


لە تازەترین هەواڵدا باس لەوە دەکرا کە پێشمەرگە قەناسەکەی داعشی گرتوە.
ئەم قەناسەیە پێک هاتوە لە تفەنگێک، ماتۆڕێکی ساتەلایت ،سینیەکی دیشلی ، سێنزۆرێکی گەرمی و وایەرێکی درێژ کراوە، کە بەکار دێت بۆ ئەوەی لە دورەوە تفەنگەکەی پێ کۆنترۆڵ بکرێت و لە ڕێگای شاشەیەکی پۆرتەبڵ تی ڤیەوە چالاکییەکانی دەبینرێت.
پرسیار ئەوەیە بۆ داعش بتوانێت لەو ماوە کەمەی تەمەنییدا چەکێکی لەو جۆرە دروست بکات لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بزمارێکی کەوش دروست بکات؟
داعش تا ئێستا توانیوێتی زۆرینەی گوللە هاوەن، تۆپ و فیشەکی جۆراو جۆر بەرهەم بهێنێت، لە هەمان کاتیشدا پەرەی داوە بە  گەشەپێدانی چەکە کۆنەکانیش.
لە سەردەمی حوکمڕانی بەعسدا دەزگایەک هەبوو بە ناوی (الرعایة العلمیة)، ئەم شوێنەلە لایەن حوکمەتەوە دانرابوو بۆ ئەو قوتابیانەی کە خولیای تەکنیک یان هیوایەتێکیان هەبوو. لەم دەزگایە خوێنکارەکان دەیانتوانی پەرە بە زانست و توانای خۆیان بدەن و ئەو خولیایەی خۆیان بکەنە کار و پیشەسازی. لە هەمانکاتدا تەواویی خەرجی ئامێرەکان لە ئەستۆی حکومەتدا بوو،  بەڵام حکومەتی داوەشاوی هەرێم سەرەڕای ئەوەی شوێنێکی تایبەتیی نییە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵکو کاریش دەکات بۆ دژایەتی ئەوانەی کە بەهرەیەکیان هەیە و وایان لێدەکات لە هەموو شتێک دوور بکەونەوە. واتە حکومەتی هەرێم خۆی نایەوێت بە هیچ شێوەیەک گەلەکەی پێش بکەوێت و بەرهەمێکی هەبێت. بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەیانەوێت میللەت بە گێلی و بە نەفامی بمێنێتەوە تا ئەو ڕادەیەی چەند نەخوێندەوارێک بتوانن حوکمی باشوور بکەن و تەواویی سامانی نیشتیمان بەهەدەر ببەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە