ئایا سیکولاریزم یان مەدەنیەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا جێگەی دەبێتەوە؟

Saturday, 25/04/2015, 21:57

3533 بینراوە


کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی چ جیاوازیەکیان هەیە لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دیکەی جیهاندا؟ ئاخۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی بۆ ناتوانین بگەین بە ئاستی بێشوەچونی کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوایی؟ ئاخۆ هۆکار تەنها ڕێگریە ئاینیەکەیە یان خودی نەبزوتنی کۆمەڵگاش لەو چەق بەستوییەی بەشێکی دیکەی ئەو هەنگاو نەنانەیە؟ یان هۆکار تەنها خودی دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بنەماڵەییەکانە کەلەژێر ناوی سیکولاریزمدا سەریان لە کۆمەڵگاش شێواندوە؟ ئاخۆ گەر کۆمەڵگاکانی پێش ڕاپەڕینی بەناو بەهاری عەرەبی پەروەردە بکرانایە لەسەر مەدێکی مەدەنیانە چۆن دەکرا ئێستا ئەو هەژمونە ئیسلام گەرا توند ڕەوە باڵ بکێشێت بەسەر بیری کۆمەڵگادا؟ یان دەتوانین بڵێین بەهیچ جۆرێک کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات هەنگاویان نەناوە بۆ ئەوەی ئەوانیش وەک وڵاتانی ڕۆژئاوا بتوانن بچنە پێشەوە؟ ئاخۆ گەر داهێنان و گەشەی زانست و پیشە سازی بوونی نەبێت لەنێو دیدگای دەسەڵات و کۆمەڵگادا، هەروا بەبێ کردار دەتوانرێت هەنگاو بنرێت بەرەو بنیات نانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی خاوەن بەدامودەزگا بوونی سەربەخۆ؟ 
پێگەیشتنی کۆمەڵگا بە توانایی کردنەوەی مێشک بەرەو ڕووی پرسیار کردن لە بوون و پرسیاکردن لە بونی  منی مرۆڤ لەوەی دەتوانم چی بکەم و من بۆ هەم لەم جیهانەدا، ئەو سەرە داوانە بوون کە لەنێو دیدی فەیلەسوفەکانی یۆنانی کۆندا، یۆنانی پێش هاتنی ئاینی مەسیحدا بوونی هەبوە. ڕەنگە یەکێک بخوازێت ئەو مێژوانە بخوێنێتەوە و لاپەڕەکانی ئەو سەردەمانە هەڵ بداتەوە ئەو کات ئەو کۆ فەیلەسوف و نووسەرانەی بە چنگ دەکەوێت. مێژووی مرۆڤایەتی مێژوی ململانێ چینایەتیەکانە، ئەمە ووتەی کارڵ مارکسە. لەنێو ئەو ململانێ و لێکدانەوەی بەردەوام لەمەڕ چۆنیەتی پرسیار کردن لەسەر ئەوەی ئێمە دەتوانین چۆن بژین، یان کام جۆرە ژیانە بەکەڵکمان دێت کە گشت تێدا بەختەوەر بین؟ هەمیشە، ئەو دەستەواژە فەلسەفیانە بوە، کە بەردەوام کێشمەکێش و خەباتی چینایەتی لەگەڵ خۆیدا بردوەتە پێشەوە لە مابەینی چینێک کە دەسەڵاتدار بوە لەگەڵ چینێک کە ژێر دەستە کراو بوە. 
مێژوی گشت ئاینەکان وە بەتایبەتیش مێژووی ئاینی کاتۆلۆکی و ئاینی ئیسلام، مێژوویەکی لێوان لێو لە داخران و چەق بەستووی بوە، گەر بڕۆن مێژووی سەدەکانی ناوەراست لە سەدەی چواری زاینیەوە تا سەدەی پانزە بخوێننەوە، ئەوکات بۆتان دەردەکەوێت کە مرۆڤایەتی لەنێو ئەو سەردەمانەدا بە چ ئەندازەیەک گیرخواردوکار کراوە و قەتیس کراوە لەنێو بەرژەوەندیەکانی چینی قەشە و دەسەڵاتدارەکانیاندا. لە پەرتوکی فەرهەنگی سیاسیدا(ئامادە کردنی زاهیر محەمەدی و یاسین حاجی زادە)، لەسەر زاراوەی ئەنگیزاسیۆن یان سانسۆر یان بەکوردیەکەی ئەگەر ئەو مانایە بگەیەنێت دەستەی پشکنێنەری سەر دید و هزری جیاواز لە ئاینی مەسیحی،(لەسەدەکانی نێوەڕاستدا لە ساڵی ٣٩٤ تاکوو دەستپێکی ڕێنیسانس یان ژیانەوە ١٤٥٣ کلێسا، دروشمی کتێبەکان لەنێو بەرن و نووسەران سزا بدەن، کردبوە سەردێڕی پلانەکانی خۆی) هەر لەدرێژەی ئەو باسەدا هاتوە؛ لەسەدەی ١٥ لەگەڵ داهێنانی چاپدا، پاپ(١٤٨٧) بڕیاریدا کە بەبێ ئیزنی ناوبراو، نابێ هیچ کتێبێک چاپ بکرێ و ،لەساڵی ١٥٦٤ دا پێڕستی کتێبە قەدەغە کراوەکان بڵاو کرایەوە. بەڵام ئەم بڕیارە هاوکات بوو لەگەوڵ داڕمان و لاواز بوونی کڵێسا و پێکهاتەکانی کڵێسا، بەڵام بەو حاڵەش، لەساڵی ١٦١٦ دا کۆنگرەی ئەندۆکس بۆ جارێکی تر پێڕستی کتێبە قەدەغەکراو و بەلاڕێدا بەرەکانی بڵاو کردەوە. کتێبی زانای ئەستێرە ناسی واتە کۆپەرنیک(١٤٧٣-١٥٤٣) بەناوی؛سووڕانی گەردوونە ئاسمانیەکان؛ لە ڕیزی کتێبە قەدەغە کراوەکاندا بوو. لە بەرانبەر پاپدا، کەسانی وەک جۆن کالڤین و مارتین لۆتەر  قسەیان لە ئازادی ویژدان و مرۆڤ کرد و، ڕێنسانس زۆر بەخێرایی گەشەی کرد. لەسەردەمی پشکنینی بیروڕاکاندا نزیک بە پێنج ملیۆن کەس بەتاوانی هەبوونی فیکر و هزری نوێ و جیاوازەوە لە سێدارە دران. لە ساڵی ١٤٨١ تا ١٤٩٩ (هەژدە ساڵ)، دەهەزار و دووسەد و بیست کەسیان سووتاند، شەش هەزار و هەشت سەد و شەست کەسیان لەت لەت کرد و نەوەد و حەوت هەزار و بیست و سێ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشت.
 ئەمە لەنێو سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئاینی مەسیحیدا ڕویداوە، ئێستاش لەدوای شۆڕش و خەباتی بەردەوامی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان لەسەدەی چواردەوە تا ئەو قۆناغەی کە چیتر ڕێگا نەدرا بەوەی دین و ئەحکامەکانی جێگایان ببێتەوە لەنێو دەستور و دامودەزگا مەدەنیەکاندا، چۆکیان بەو بیروباوەڕە وشکانە دادا و لەجێی ئەودا، کرانەوە و پێشوەچونی بیروباوەڕی زانستیانە جێی گرتەوە، دیارە لەم نێوەدا ئەوەی زاڵە سیستەمی سەرمایەداریی خاوەن دەسەڵاتە، لەنێو ئەم سیستەمە دا، چیتر ئاین بەکەڵک نەدەهات، چونکە ڕێگر بوو لەبەردەم لێکدانەوە زانستیەکان و داهێنانە نوێکاندا، بۆیە بۆرژوازیەت بۆخۆی بەگرفتی بەردەمی خۆی دەزانی. بەبڕوای من ئاینەکان تا ئەو جێگا جێیان دەبێتەوە لە خۆسەپاندنی خۆیان کە کۆمەڵگا هێشتا خۆی قوتار نەکردبێت لە قۆناغی دەرەبەگایەتی، جالێرەدا گەر سەیرێکی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتە بنەماڵەیی و خێڵەکیەکانیان بکەین، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە ئەو کۆمەڵگایانە هێشتا لەنێو قۆناغی عەقڵیەتی دەرەبەگایەتیدان، چونکە وا نەبینن کە لەوێدا بەرهەمەکانی زانست و تەکنەلۆژیا فەراهەمە و زۆرێک لە تاکی کۆمەڵگا دەتوانێت دەستی پێ ڕابگا، ئەوە بەس نیە بۆ ئەوەی بڵێین ، ئێمەش لەم سەردەمەدا دەژین، نا، ئەوە تەنها ڕوو کەشێکەو بەدەر لەوەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی هێشتا خۆی دەرباز کردبێت لەنێو ژیری سەردەمی سەدە ناوەڕاستەکان و هاتنی ئاینی ئیسلام. ئاینی ئیسلام ڕێک بۆ سەردەمی کۆیلایەتی و قۆناغی دەرەبەگایەتی دەبێت، لەنێو کۆمەڵگایەکی داهێنەر بەزانست و پیشەسازی جێگای نابێتەوە و خۆی بەناچاری کەنارگیر دەبێت. خۆ هەروا کارێکی ئاسان نیە کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، زۆرێک لە نەوە ئیسلامەکان تێیدا نامۆن، چونکە هێشتا ناتوانن بیر بکەنەوە و پرسیار بکەن، لەوەی ئاخۆ ئەم لەنێو ئەو کۆ داهێنانەدا لە کوێدایە؟ ئاخۆ گەر مرۆڤ خۆی بەستەوە بەتەنها ئایدۆلۆژیایەکی چەق بەستوو دەتوانێت هیچ کارێکی مەزن ئەنجام بدات؟ بێگومان نەخێر وەڵامەکەیەتی.
 دیارە پرسی سیکولاریزم، پرسێکی یەک لایەنە نیە و گەر هات و ڕێگری کرا لەبەردەم ئەوەی کۆمەڵگا و تاک نەتوانن خۆیان بدەنە بەر ڕەخنە و بیرێک نەکەنەوە لەوەی کە ئاخۆ ئێمەی مرۆڤ چین و بۆ هەین، ئەوا لەوێدا سیکولاریزم بوون ناتوانێت جێگای ببێتەوە. بەمەدەنی کردنی کۆمەڵگا، لەنێو حوجرە و بیری تەسکی دەسەڵاتی دواکەوتوانەدا هەروا کارێکی ئاسان نیە، بەبێ ئەوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕانە نەنرێت بۆ چەسپاندنی ئەو مەدە.
 لەنێو مێژووی ئاینی ئیسلام و دەسەڵاتە ئیسلامیەکاندا، زۆر نمونە هەن کە بە چ ئەندازەیەک ڕێگر بوون لە بیری پێشکەتن خوازی و نووسەر و بیرمەندی ئازادیخواز، هەر لەکتێبی فەرهەنگی سیاسیدا باس لە سووتاندنی چەندین هەزار کتێب دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتە ئیسلامیەکانەوە کە هاوڕا نەبوون لەگەڵ پەیامی ئیسلامدا؛دەنووسێت؛کتێب سوتاندنەکانی سوڵتان مەحمودی غەزنەوی لە ئێارن بەدنەدانی تاقمێکی دەمار گرژ و، سوتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەریە و زۆری ترو، سوتاندنی کتێبخانەی (یاحب بن عباد) لە شاری ڕەی(سەدوحەڤدە هەزار کتێبی نایاب و دەستنووس کە دەبەرگ تەنیا تایبەت بە پێڕستی کتێبەکان بوو)لەلایەن سوڵتان مەحموود و ، سووتاندنی کتێبخانەی(دار العم)ی (شاپور بن ئەردەشێر)(دەهەزار بەرگی دەسنووس) لە بەغدا لەلایەن (گغرل)ی سەلجوقی لە ساڵی(١٠٦٨)دا. ئەم نموونانە، چەردەیەکی کەمن لەو تاوانانەی لەنێو سەردەمی دەسەڵاتە ئاینی و دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکاندا کراون.
 من دڵنیام لەوەی، لانی کەم دەڵێن خۆ لەسەردەمی لینین و ستالینیشدا سەدان تاوان ئەنجام دراوە، لەمەیشدا من هاوڕام، چونکە لەو سات و زەمانەشدا کاتێک ئاستی ئیدارک و ووشیاری کۆمەڵگا نەگەیشتبێتە ئەو توانایەی کە خۆی بتوانێت بڕیار لەسەر ئایندە و چارەنوسی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی بدات، لەوێدا، چاوەڕێی کاری دڕندانە دەکرێت لەلایەن پارتی تاک ڕەو. بەڵام، ئێمە پرسەکەمان لەسەر مانای کۆمەڵگای مەدەنی و جێخستنی ژیانێکی ئازاد و حورمەتدارە بۆ هەر تاکێک و بۆ هەر کەسێک خاوەنی هەر بیرکردنەوەیەک بێت، لێرەدا دەبێت جیاوازیەکی گەورە بکەین لەنێو پرسی مەدەنی بوون لەنێو کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان یان باشترە بڵێم کۆمەڵگا خاوەن پیشە سازیەکان، چونکە، هەر لەنێو ئەم کۆمەڵگایانەوە جبەخانەی زەبەلاحی سەربازی دێتە بەرهەم، ئاخۆ گەر کۆمەڵگا بەگشتی بەشوێن دابین کردنی ژیانێکی یەکسان و هاوبەشەوە بێت ڕێگا بەکارێکی وا دەدا؟ بێگومان نەخێر، ئەوەی دەگوزەرێت لەنێو ئەم کۆمەڵگایانەدا سیستەمی دڕندەی سەرمایەداریە، واتە سیستەمی قازانج خۆری چینێکی چەوسێنەر بەسەر چینێکی بەرهەمهێنەری چەوساوەدا کە زۆرینەی کۆمەڵگان، لەگەڵ بونی ئەوم سیستەمەشدا خەباتی مەدەنی بەردەوامە و لەڕێگای خەباتی بزوتنەوە ئازادیخوازەکانەوە بوو، کە یاساکان بەجۆرێک داڕێژراون کە هەر مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە بە حورمەت دارانە بژی و هیچ ئاینێک لەوێدا قسەکەر و بڕیار دەری نێو ژیانی گشتی و پەروەردەی کۆمەڵگا نیە. مارکس لەوتەیەکی مەزندا دەڵێت، تۆ ناتوانیت بیروباوەڕ لە تاکێک یان کۆمەڵگایەک بسیەنیتەوە، گەر هات و لەجێی ئەو بیروباوەڕە،  بیروباوەڕێک و بەرهەمێکی واقعیانە و زانستیاسنەی نەدەیتێ، سیستەمی سەرمایەداری لە ئەوروپادا، ڕێک هات ئەو کارەی کرد، زانستی بەگشتی پێشخست، گەرچی بەقازانجی سیستەمەکەی خۆیشی بەکاری بردوە، هەروەها، پەروەردەی کۆمەڵگاشی گۆڕی تا ئەو ئاستەی کە چیتر پرسیارێک نەمێنێتەوە کە نەتوانرێت بکرێت و وەڵام وەر نەگرێتەوە.
 من لەو بڕوایەدام، کۆمەڵگای ئێمەش دەخوازێت وەک مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن دید و هەڵوێستی دروست بژی، بەو مەرجەی، دەسەڵاتیش لەگەڵیدا، لەو خەمەدا بێت، ئێستا، دەرئەنجامی، ئەو سیستەمە دیکتاتۆری و خێڵەکیانە بوە، کە قۆرخ کردنی ناوی سیکولاریزم و مەدەنیەتیان بۆ سەردەمانێک گرێدابوو بەخۆیانەوە، بەڵام ئەوەی کاری پێنەکرا ئەو بنەما مەزنانەی پێکهاتەی کۆمەڵگایەکی کراوە و مەدەنی بوو، بەپێچەوانەوە، ئەو دەسەڵاتە بەدڕەوشتانە، لەپێناو ئارەزوە بچوکەکانیاندا، بۆ قۆناغێکی دوور، زەربەیەکی قورسیان وەشاند لەو مەدە. من دەپرسم، ئاخۆ گەر کۆمەڵگا گەشتبێت بە مەدی مەدەنی و کرانەوە و تیگەیشتن لە ماناکانی ئازادی و چەمکی پێکەوە ژیانی، لە دەورانی پێشوتری سەردەمی ئەو دەسەڵاتە عەرەبی و ئێرانی و تورکی و پاکستانی و ئەفگانی و کێوکێی تر، دەبوو، ئێستا ئاستی وشیاری کۆمەڵگا بەرەو مەدی توند ڕەوی و یەکتر سەربڕین و زیندوو کردنەوەی عەقڵیەتی ١٤٠٠ ساڵی لەمەو پێش بگەڕێتەوە؟ ئاخۆ جائیزە، زانکۆکانی  سەردەمی چل و پەنجاکان تا هەشتاکانیش، مەدەنی بوون و ئیستا، گەراونەتەوە بۆ سەردەمی حیجاب و جیاکردنەوەی ڕەگەزی نێر و مێ؟ من گومان دەکەم، کە هیچ کات، مەدی مەدەنی پەروەردە کراو بونی هەبوبێت لەنێو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکانی ناونووس کراو بە ئاینی ئیسلام!
 ئەو ساتەوەختانەش کە جۆرێک لە کرانەوە بونی هەبوە، تەنها وەک مۆدێلێک و دەرئەنجامی ئەو ململانێ بەرژەوەند خوازیەی نێوان بلۆکی ڕۆژئاوا و بلۆکی شورەوی بوو، کۆمەڵگاکانی ئێمە، لەلایەن دەسەڵاتە توند ڕەوەکانیەوە، هەردەم خزێنراونەتە، نێو چەمکی لەگەڵ ڕەشەبادا بڕۆ، نەک بەرپەرچی ڕەشەبا بدەرەوە. ئەم چەمکەش بۆ ساتەوەختێک دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری دەهینن، بەڵام ناتوانن بۆ ماوەیەکی دوو لەبەریدا بحەسێنەوە، چونکە، کۆمەڵگا دەخەنە نێو تەنگە ژەی بێژیانی و نەخوێندەواری و دواکەوتوویەوە. ئەوە دەرئەنجامی ئەو دەسەڵاتە وشک و گیرفان پڕکەرانەن، کە لە وڵاتانی عەرەبیدا، زۆرترین ڕێژەی نەخوێندەواری هەیە، زۆرترین ڕێژەی بێکاری هەیە، تا ئێستاش کار بەسیستەمی کۆیلایەتی دەکرێت. خۆ گەر ئاستی پەروەردەیەکی ئازادیخوازانە و پێشکەوتوو خوازانە بوونی هەبوایە لەنێو کۆمەڵگایەکی ڕۆژهەڵاتیدا، گومانم نەدەبوو، کە ئەو کۆمەڵگایە، کاری دەکرد بۆ ئەوەی ئەو مەدەی خۆی بگوازێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگاکانی نزیکی خۆیشی. بڕۆن مێژووی فەلسەفە بخوێننەوە، بزانن، لە وڵاتانی ئەوروپادا، بەردەوام، مرۆڤی بیرمەند و نووسەری شۆڕش گێڕ و بزوتنەوەی سیاسی جۆراوجۆر کە داکۆکی کەر بوون لە بنیات نانی کۆمەڵگایەکی کراوە و ئازاد، بەردەوام لە بووندا نەبوون؟ ئاخۆ بۆچی لە وڵاتانی عەرەبیدا، بەو ڕێژە زۆرەی دانیشتوانیشیەوە کەمترین، بیرمەندی تێدا هەڵکەوتوە؟ ئاخۆ هۆکار، ئەو فەرهەنگە قەتیس ماوەیە یان هۆکار ئاین و دەسەڵاتە یان ژینگە کامیانە؟ کوا توانای شۆڕش گێڕی و هەستانەوە بەدژی مەدی ئیسلام گەرا و مەدی ناسیۆنالیزمانە؟  ئەوەتا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، مەدێکی مەدەنی و ئازادیخواز لە مەیداندایە، هەرچی هێزی کۆنەپەرستی دینی و ناسیۆنالیستی ناوچەکە هەیە لە دژایەتی کردنیدایە؟ ئەوە لە پێناو کام هۆکاردایە؟ ئاخۆ گەر کۆمەڵگاکان مەدێکی مەدەنی بونی هەبوایە تییاندا، نەدەچون بەپیری ئەو شۆڕشەوە لەبری ئەوەی بچنە نێو جەنگی تاریک پەرستانی ئیسلامی و ناسیۆنالیستیەوە؟  کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان تا دەگات بەهەرێمی کوردستانیش پێویستی بە شۆڕش و خەباتێکی وەک سەردەمی ڕێنیسانس هەیە، تا ڕزگاری ببێت لەو خۆ دوو بارە کردنەوەی و لەو چەق بەستویەی تێی کەوتوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە