( الحرس الوطني) کۆپیی (الحرس الثوري) یە

Tuesday, 28/04/2015, 20:17

2611 بینراوە


لە دوای شۆڕشی ( ١٤/ گەلاوێژی / ی ١٩٥٨) لە عێراقدا، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی زۆرینەی عەرەبی و تایفی، بۆ مانەوە و قایمکردنی دەسەڵاتیان و، بۆ لێدان و سەرکوتکردنی ئازادی و دیموکراتی .. بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە تاکڕەوییەکانیان و، بۆ مەرام و ئامانجی تایبەتی حیزبی و تایفیان، لە دەرەوەی سوپای عێراقدا، هێزی تایفی و حیزبی و مەزهەبی و، میلیشیا و، جاشی خۆفرۆش و بە کرێگیراویان دروست کردوون .. وەکو ( المقاومة الشعبیە ) و ( الحرس القومي ) و ( الجیش الشعبي ) .. ئەگەر چی ناوەکانیان جیاوازن، بەڵام هەر هەموویان هێزی نەتەوەچی شۆڤێنی و تایفی بوونە، هەموو ئەو هێزە نافەرمییانەش بە زۆری کراون بە گژی گەلی کوردمان .. پرۆفایلی هەموویان پڕن لە ناپاکی و لە تاوانی قێزەوەن، مێژوویەکی سەرتاپا رەشیان هەیە . 
گەرچیش سوپای عێراق، ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، سوپایەکی نیشتمانی بێ لایەەن نەبووە .. بەشی هەرەەزۆری لە لووتکەوە بۆ سەربازی ئاسایی، بە زۆرینە عەرەب  بوونە و، لەسەر بنەمای نەتەوەیی عەرەبی دامزراوە .. لە ئەمڕۆشدا هەرەمی سۆپای عێراق هەر لەسەر بنەمای عەرەبی و شیعی دامەزراوە و، هێندەی هاوبەستەبوونیان بۆ حیزب و تایفەی دەسەڵاتدار هەیە .. ئەوندە هاوبەستەبوون و سۆزی نیشتمانیان بۆ عێراق  نییە .. ئەگەر هەشیان بێت ئەوان نیشتمان بە مووڵکی حیزب و تایفەکەیان دەزانن .. چونکە وا گۆش و رێنمایی کراون .. لە ئەمڕۆدا جیاوازییەکی تەواو لە نێو سوپای عێراقدا هەیە .. سۆپای عێراق کراوە بە سوپای شیعە و، هەموو پلە و پایە باڵا و نیزمەکانیش دەسەڵاتیش شیعە قورخی کردوون .. ئەمەش بە پێچەوانەی پرانسیپی، نابێت سوپا بە حیزبی بکرێ و، بێتە گۆڕەپانی ململانێ، نابێت هابەستەبوونی بۆ حیزب و بۆ تایفەیەکی دەسەڵات دار هەبێت .. دەبێت سوپا لە ململانێی سیاسیدا، بێ لایەن بێت و ناسنامەی نیشتمانی خۆی لە دەست نەدات .. وا دیارە هاوپەیمانی شیعەکان، متمانەی تەواویان بە سوپاکەشیان نییە، بۆیە هەر حیزبێکی شیعە هێزێ میلیشای خۆیان هەیە .. دەشیانەوێت لە ناو سوپاشدا، تا بتوانن پایە و پێگەی خۆیان هەبێت . 
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە، دامەزراندنی ( الحرس الوطني ) یە، کە لە راستیدا ( الحرس الشیعیە ) و، لەسەر بنەمای تایفی شیعی دامەزراوە، نەک هێزێکی پاڵپشتی نیشتمانی .. ( یاسای پاسەوانی نیشتمانی : قانون الحرس الوطني ) تەنها بە دەنگی زۆرینەی هاوپەیمانی شیعەکان، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقـدا ـ  کە زۆربەیان شیعەن ـ بڕیاری لەسەر درا، بێ ئەوەی گوی بە راز و ناڕەزایی و رازی نەبوونی لایەنی کورد و سوننەکان بدەن .. کە بەشدار لە حکوومەتی عێراقدا .. یا بە راشکاوی لە دەسەڵات و لە شێوازی کارکردنی ئەم هێزە بکۆڵنەوە .. من بزانم تا ئێستا نە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نە حیزبە کوردستانییەکان بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان لە بارەی ( الحرس الوطني ) یەوە دەرنەبڕیوە .. ؟! بە بۆچوونی من هێزی ( الحرس الوطني ) بە تەوای کۆپێی ( الحرس الثوري : پاسدارانی شۆڕش) ی ئێرانییە و بە ڕێنمایی و بە پاڵپشتی و بە هاوکاری لۆجستی ئەوان دامەزراوە .. چونکەسەکردەکانی شیعەکان بەبێ پرس و رای ئێران، پەنجە بە ئاودا ناکەن .. هەمووشمان دەزانین کە (الحرس الثوري ـ پاسدارانی  شۆڕشس) چیان بەسەر کورد، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هێناوە و دەهێنن.

دەبێت کورد بە هیچ شێوەیەک رێ بە ( الحرس الوطني ) نەدات کە بێنە ناوچە تازە ئازاد کراوەکانی باشووری کوردستانەوە .. قەت لەو بڕوایەدا مەبن کە ئەمانە بەرانبەر بە کورد نیازیان پاک بێت، بۆ ئەوش دەیانێرن بۆ کوردستان، کە گێچەڵ بە کورد بکەن و بە گژی پێشمەرگەدا بچن .. ئەو ناوچە ئازادکراوانەی کە بە خوێنی گەش و ئاڵی سەدان شەهیدی پێشمەرگە و برینداری کوردمان ئازاد کراون، دەیانەوێت جارێکی تر بیان خەنەوە ژێر دەستی حکوومەتی عەربی شیعی .. ئەمەشیان نە شساردۆتەوە و، تا ئێستا لە پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تا ئەمڕۆ سەرکردەکانی شیعە و سوننە ( عەلاوی و نجێفی  و جەعفەری و مالیکی و حەیدەری ) هەر هەمان سیاسەتی رژێمی بەعسی شۆڤێنی پەیڕەوی دەکەن .. دەیانەوێت ئەو نیازە گڵاوەی، ئەو پیلان و پرۆژە شۆڤێنییە  نەخشەداڕێژراوەی بەعسی رەەگەزپەرست بۆی تەواو نەکرا .. ئەمان درێژەیان پێبدەن و تەواوی بکەن .. تا ئەمڕۆش بە ئاشکرا و بە شێوازێکی تازە درێژە بە بەعەرەبکردن و بە شیعەکردنی کەرکوک و ناوچە سسنوورییەکانی باشووری کوردستان دەدەن .
هاوپەیمانی شیعەکان، دوای ئەوەی رەخنە و ناڕەزای و ئیدانەکردنێکی زۆر، لە  ناوخۆ و لە ناوچەکە و لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هیومان رایتش وۆچ،  کە لە کردوە قێزەونەکانی ( الحشد الشعبي ) گیرا وەکو کوشتن و رفاندن و دزی و تاڵانی و تەقاندنەوەی مزگەوت و ماڵەکانی سوننەکان و تۆڵە سەندنەوە .. ئەمانە شەڕی تایفی دەکەن .. سوپای عێراقیش ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات .. یان چاوپۆشییان لێ دەکەن . شیعەکان دەیانەوێت ئەم جارە بە ناوی (  الحرس الوطني ) یەوە، پەردەپۆشی لە   کردەوەکانی ( الحشد الشعبي ) بکەن .. ئەگەر چی ناو و ناونیشانەکان جیاوازیش بن، بەڵام هەمان مەرام و مەبەستیان هەیە .. ئێمەی کورد مێژوویەکی زۆر تاڵی پڕ لە کارەسات و نەهامەتی و تراژیدیامان لە گەڵ ئەم هێزە نەتەوەچی و تایفییانەدا هەیە هەموویان لە دژی کورد بە کاریان هێناون .. ( الحرس القومي ) و (الجیش الشعبي ) دوو جاشی جووتکەوەشێنێ ماکەرێک بوون .
هاوپەیمانی شیعەکان، کە سوپایەکیان هەیە و لەژێر دەسەڵاتی و فرمانی ئەوان دان و، هاوبەستەبوونیان بۆ ئەوان هەیە .. چ پێویستییەکیان بە ( الحرس الوطني ) هەیە .. ؟ ئەی ( سوپای المهدي ) و ( حزب الڵە) و ( عصائب الحق ) و  ( چەکدارانی مالیکی ) و .. (الحشد  الشعبي ) ئەمانە سەر بەکێن و، لە لایەن کێوە چەک و مووچە و یارمەتییان دەدرێتێ .. ؟! ( حەیدەر عەبادی ) لە جیاتی ئەوەی کە سوپای عێراق بەهێز بکات و، بیکات بە سوپایەکی نیشتمانی و سۆز و هاوبەستەبوونیان  بۆ نیشتمانەکەیان هەبێت و، پلە و پایە سەربازییەکان، بە شێوەیکی دادپەروەری و بە یەکسانی و بە پێی توانا و لێهاتوویی دابەش بکات دور لە بۆچوونی حیزبایەتی و تایفەگەری .. وا دیارە حەیدەری بڕوا و متمانەی بە دڵسۆزی و پاکی سوپاکەی نییە .. بۆیە بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی حیزب و تایفەکەی هێزێکی تایفی سەر بە دەسەڵاتەکەی دروست دەکات بە ناوی ( الحرس الوطني ) یەوە .. بە هەر حاڵ، ئێمەی کورد ناتوانین بەر لە دروست کردنی ( الحرس الوطني ) بگرێن .. چونکە ئەمە بڕیارێکی زۆرینەی شیعەی دەسەڵاتدارە .. بەڵام پێویستە ئێمەی کورد، بە یەکدەنگی و بە یەکهەڵوێستی دەنگمان هەڵبڕین و، بڵێین رێ نادەین هێزی ( الحرس الوطني ) بێنە کوردستان، مەبەستیشمان لە ناوچە تازە ئازادکراوەکانە .. کە تا ئێستا چەندین بەرپرسی باڵای شیعەکان هەڕەشەی  ئەوەیان لە کورد کردووە، کە بە هێز کەرکوک و ناوچە ئازاد کراوەکانمان دەگرنەوە . 

ئەی سەرکردە و پەڕلەمانتارانی کوردمان، بۆ بە جارێ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) تان لە بیرچۆتەوە .. ؟! هەندێ جار تەنها بۆ موزایدە و، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ناوی کەرکوک دێنن ..؟ شیعەکان بە بڕینی مووچە و بودجەی کوردستتان، توانیان ماددەی (١٤٠) لە بیری کورد ببەنەوە .. چونکە ئێمەی کورد تا ئەمڕۆش گەمەکەرێکی سیاسی نابەڵەدین .. ئەوەی بە دەریایەکی خوێن و فرمێسک، بە کیمیاباران و بە ئەنفال هێنامانە دی .. بە ئاسانی لەسەر مێزی گفتوگۆدا دۆڕاندمان .. چونکە تا ئەمڕۆش پەند و وانەمان لە هەڵە و لە شکستی و لە نەهامەتییەکانی رابردوومان وەرنەگرتوونن .. تا ئەمڕۆش نەخشە پپلانێکی داڕێژراوی ستراتیژی و تۆکمەی نە تەوایەتیمان نییە .. تا ئەمڕۆش نەمان توانیوە ناوماڵی کورد بە باشی رێکبخەین .. نەمان توانیوە کوردایەتی بکەین نەک حیزبایەتی .. نەمان توانیوە بە باشی ئەم هەل و بار و دۆخە لەبارەیی ئەمڕۆ، بۆ سوود و بە جیهانی کردنی دۆزی رەوای گەلی کوردمان بقۆزینەوە .. ؟ تا ئێستا زۆر کەم سەرکردەکانی کوردمان پێکەوە دانییشتوونە و قسە و تەگبیریان کردووە  .. قسە زۆر دەکرێ و و بەڵێنی زل و، بڕیارمان مەزن دەدەن، بەڵام لە راستیدا کار و جێبەجێکردنیان کەمن .. ئایا کاتی ئەوە نییە، بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و، بە دڵێکی پاک و بڕوا و متانەکردن بە یەکتری هەموو لایەنەکان پێکەوە دابنیشن و، باس لە خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان بکەن ..؟! بۆ ناکڕێت .. ؟!  دەبێ ئەوە بزانن کە ئێوەی سەرکردەکان بە پلەی یەکەم و، هەموو دڵسۆزێکی گەلەکەمان بەگشتی .. بەرپرسیارن لە چارەنووس و لە داهاتووی کورد و کوردستان . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە