فەرخوندە کوشتنێکی کەم وێنە، بزووتنەوە وناڕەزایەتیەکی بێوێنەی لە ئەفغانستان بەڕێخست

Wednesday, 06/05/2015, 19:42

4391 بینراوە


کەم وێنەیی کوشتنی فەرخوندە لە وەدا نیە کە شێوەی کوشتنی لە دڕندایەتیدا وێنەی کەم بێت، بەڵکو لە وەدایە کە بەرپرسانی حکومیو تەنانەت زۆریک لە پۆلیسەکانیش تەماشاکەری دیمەنەکەن. وەکو خەڵکانی تر بە سێڵفۆنەکانیان،سەمفۆنیایەکی تراجیدی وێنە دەگرن. حکومەت سەری زمانو بنی زمانی ئەوەیە کە ئەوان پارێزەری سەروەتو سامانو ئەمنیەتی هەموو خەڵک ن،بەڵام بە بەرچاوی ئەوانەوە ئەوەتا فەرخوندە بەم شێوە دڕندایەتیە بە گاشە بەردو تەختەدار لاشەو سەری هەنجن هەنجن دەکرێت!!
بە پێی لێدوانی ئەسۆسیەیتد پرێس،نیو یۆڕک تایمس، وە لۆس ئەنجلس تایمس کە لە دەمی کەسانی نزیک لە فەرخوندەوخێزانی ئەو ژنە وەریان گرتوە. فەرخوندە هیچ تاوانێکی نەکردوە. ئەو تۆمەتەی کەبووە هۆی کوشتنی، وتاوانی ئەوەی (گوایە قورئانی سوتاندوە) تەنها هێنانەوەی پاساوی کوشتنیەتیو بەس. تەنانەت لە ڕۆژی ناشتنی فەرخوندەدا بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوەی تاوان لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڤغانستاندا لە بەردەمی خەڵکی ئامادەبووداووتی" فەرخوندە بەتەواوەتی بێتاوان بووە"!
بە پێی بە دوادا چونی هەندێک لە ڕۆژنامەکان کە لە دەمی کەسانی نزیک لە فەرخوندە وەریان گرتووە،فەرخوندە دەرچووی زانکۆ بەشی ئیسلامی بووە وە بووەتە مامۆستای ووتنەوەی بابەتی ئاینی ئسلامی. بەڵام لە ئەنجامی دەمەقاڵییەک کە لە گەڵ کەسێ بوویەتی بە(ناوی زەینودیین) ئەم کارەساتەی بەدوادا هاتووە.زەینودیین کەمەلایەکی جادووگەر بووە، لە بەردەمی مەرقەدێکدا نوشتەو ملوانکەی بەخت وجادوو ودووعای بۆنەخۆشی فرۆشتووە. فەرخوندەش پێی ووتوە کە ئەو شتانە خورافینو سوودیان نیە.  هەوڵی ئەوەشی داوە خەڵکی لە کڕینی ئەو شتانە دوور بخاتەوە.
بۆیە زەینودیین کە بازاڕی بەرەو داخران دەڕوات، دەست دەکات بە هاتو هاوارو خەڵکی کۆ دەکاتەوە و دەڵێت" ئەوبێ باوەڕە قوڕئانی پیرۆزی سووتاند". زەینودیین بەم هاتو هاوارەو ناو هێنانی قوڕئان کە سووتاوە وە لە لایەن کافرێکەوە ئەم کارە کراوە باشترین وە بە لەزەترین ژەمی خۆراک دەخاتە بەردەمی خەڵکانێک، کە بە  دینێک گۆشکراوون کە ئەمە بەرنجامەکەی بێت.
کۆ بوونەوەی هەزاران کەس بە فیکەیەکی زەینودیین،دەبێتە پێشبڕکێیان، هەرچی زووە هەر کەسە بەشی هەبێت لە هاویشتنی شەقو پێلاقەی گەورە،پێدا کێشانی تەختەداری گەورە،وە پێدادانی گاشە بەردی گەورە بە سەرو لاشەی فەرخوندەدا. بۆقایمکردنی جێپێگەیان لەو بەهەشتەی کەبەڵێنیان پێدراوە! ئەم جۆرە کارەساتە لەمێژووی کۆن ونوێ خۆی دووپات کردۆتەوە ودەکاتەوە. لە چەندین ووڵاتیشدا ئەمە بە هەمان شێوە ڕوویداوە. بۆ نموونە دوعا لە کوردستانی ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کوشتنی چارلی هیبدۆ وهاوڕێکانی لەفەرەنسا، دەرکردنی فتوای خومەینی بۆکوشتنی سەلمان ڕوژدی، بەردبارانکردنی ژنان لەئێران، سزای سەرپەڕاندن بەشمشێر لەعەرەبستانی سعودی،شێوە کوشتنە دڕندانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی تیرۆریست...تاد. هەروەها وەک نیشانەو هێمایەکی ترسناک کە هەمیشە خەڵکانی ئازادیخواز وپێشکەوتوخواز و چالاکوانانی بوارەکانی مافی مرۆف، هەمیشە قسەیان لەسەر کردوە کە  ئایین بەرەو ئەوە هەنگاوی ناوە کە مانایەک بۆ ژیان نەهێڵێتەوە لە ناو کۆمەڵگای بەشەریدا.
پێشبڕکێ لە پێدا کێشانی گاشە بەردی گەورە بەسەری فەرخوندەدا لە لایەک ئەوە بە ئێمە نیشان دەدات کە:
 ١- ئەگەروەکو من بیر نەکەیتەوە ئەوە مافی ژیانت نیە.
٢- پێت دەڵێ من هەمیشە ڕاستم، وە ئەگەر بڵیی نەخەێر وا نیە، ئەوە مافی ژیانت نیە.
٣--پێت دەڵێ من کار دەکەم وە دەژیم لە پێناو دنیای ئەو دیو. بۆیە چەندە ئازابم لەجێبەجێکردنی ڕینماییەکان لەم دنیایەدا،  ئەوا پاداشتی زۆرتر وەر دەگرم لەودنیایەی تردا. واتا حۆری زۆرترم پێدەدرێت،شەرابی خۆشتر دەنۆشم...تاد
٤- پێت دەڵێ بی دەنگ بەو بە دوام کەوە، سەردەم سەردەمی منە.
٥-  لە کۆتاییدا زەنگێکی مەترسیدارە کە پێمان دەڵێت ئەم ئایینە مافی هەیە کۆنترۆلی تەواوی جومگەکانی ژیانی ئینسان بکات . لە لایەکەی تریشەوە پێمان دەڵێت ودەیسەلمێنێت کە دامو دەزگا بەناو ئاساییش وپۆلیس وحکومەتەکان تا سەر ئێسقانیان دەستەمۆو لغاو کراوی دەستی ئەو ئایینەن، کە ڕۆژانە کوشتنی فەرخوندەکانیان بە گاشە بەرد بۆتە پیشە. 
لەبەرامبەردا کوشتنی فەرخوندە بەو شێوە دڕندانەیە بووە هۆی هەستانو ناڕەزایەتی بێ وێنەی ژنانی کابوڵ.هەڵگرتنی لاشەی فەرخوندە لە ناو تابووتدا لە لایەن ژنانەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ کەلتووری ئەڤغانستاندا نایەتەوە. خۆی لە خۆیدا نیشان دانی ئەوەیە کە ژنان دەبێ چی دی ئەوستەمە قبوڵ نەکەن و هاتونەتە مەیدان بۆدانانی ئەوخەتە سوورەی کەدەبێ بۆئەو ئایین وکەلتوورە دواکەوتوە دابنرێت، ئەوەش دیارە بەپشتیوان پیاوانی ئازادیخواز کەلەگەڵیان هاتوون. بۆیە ئەمە من پێم وایە خاڵی وەرچەخانە لە مێژووی ناڕەزایەتی  ژنانی ئەڤغانستاندا.هاتنە مەیدانی ئەم هەموو ژنانەی کابووڵ مایەی بەدی کردنی سەردەمێکی جیاوازە لە سەردەمی تاڵیبانو پەیڕەوانی کۆنە پەرسترین ڕێباز.
  

لە کۆتایدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەرکی تەواوی ئازادی خوازانو ژنانی دنیایە بەژن وپیاوەوە پشتیوانی ژنانی ئەڤگانستان بکەن .چونکە بۆکۆحەرامەکان،تاڵیبانەکان،داعشەکان،چیچانیەکان،قاعیدەکان،جەبهەتول نەسرەوحیزبوڵاو حەماسەکان وە تەواوی کۆنەپەرستەکان کە لە ژمارە نایەن هەموویان یەکیان گرتووە لە بەرانبەر ئازادیخوازاندا لە سەر تاسەری دنیادا. کەواتە ئەرکی ئازادیخوازانیشە بە یەکەوە بچنە یەک سەنگەرەوە بۆ شەڕ لە دژی ئەم بەربەریەت وکۆنەپەرستیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە