قەرز قەیرانی هەرێم قووڵتر دەکاتەوە

Sunday, 21/06/2015, 22:16

5693 بینراوە


دەستەڵاتی هەرێم سروشتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای تیادا نییە تا پڕۆژەی ئابوریی، پلانی سیاسیی، نەخشەی کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکانی پەکیان لەسەر پارە کەوتبێت. کورد دەڵێت: "مشتێک نمونەی خەرمانێکە." دەستەڵاتی پارتەکانی باشور لە مشتێکدا سەرکەوتن و هەنگاوی دروستکەرانەیان پێشان نەداوە تا چاوەڕێ بکرێت ئەگەر پارە هەبوو ئەوا لە پاشماوەی مشتەکەش هەمان دەستکەوت بونیاد دەنێن.
بە پێچەوانەوە، دەستەڵاتی پارتەکان سروشتێکی دژکاریی هەیە. وەکو "خۆرکە" لە هەموو بوارە جیاوازەکانی نیشتیمان و کۆمەڵگایان داوە. بە جۆرێک کە نیشانەکانی ئەو دژوارییانەی کە تومۆری (وەرم) پارتەکان و دەستەڵاتەکانیان خستویانەتەوە بە روونی دیارن بە ژینگە، دائیرەکان، رێکخستنی شار، سیستێمی بەرگریی، سیستێمی ئابوریی، پەروەردەو تەندروستییەوە.
بۆیە ئەو قەرزەی پەڕلەمانی کوردستان بڕیاری لەسەر دا، لە کردەوەدا بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئابوریی کوردستان نابێت. بەڵكو بۆ قوڵکردنەوەی گرفتەکە ئەبێت. جگە لەوەی کە تێچووی قەرزەکە خۆی بارێکە، پارەکەش چاوەڕوان دەکرێت بەکار بێت بۆ بەردەوامیدان بەو قەیرانەی کە دەستەڵاتی هەرێم خستویەتیەوە. کورد دەڵێت: "چاکی مەکە با خراپ نەبێت!"
پارتە ئیسلامییەکان هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بەم بڕیارەی پەڕلەمان دەربڕی. جگە لەوەی کە ئاگادارییان دا لەسەر تێچووی قەرزەکە ئەوەشیان بەیان کرد کە ئەو پارەیە دیار نییە بۆ چ پڕۆژەیەک بەکار دەهێنرێت. بۆیە ئەوان نەیانویست بەرپرسیاریی ئەو قەرزە بگرنە ئەستۆی خۆیان و ئەندامانی پەڕلەمانیان دەنگیان بۆ بڕیارەکە نەدا. ئەمەش ئەوە پیشان ئەدات کە ئەوان وەکو بەشدار لە پەڕلەمان و نزیک لە روداوەکانەوە بڕوایان بەوە نییە کە ئەو پارانە بە شێوەیەکی راست بەکار بێن.
گرفتی سەرەکیی کوردستان خودی دەستەڵات و سیستێمی دەستەڵاتدارییەکەیە. تا سیستێمی دەستەڵاتداریی نەگۆڕێت، هیچ زەمینەیەک دروست نابێت شتێکی لەسەر بووەستێت جیاواز لەوەی کە ئێستا هەیە. بڕیاری قەرزکردنی ٥ ملیار دۆلار لە لایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە تەنها بۆ لابردنی دەستەڵات و گۆڕینی سیستێمی دەستەڵاتداریی کوردستان لە بەرژەوەندیی میللەتە. ئەگینا هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ٥ ملیار دۆلار بخرێتە دەستی دەستەڵاتێکەوە کە لە پێشەوە سەلماندویەتی دەستەڵاتێکی پیسخۆرە. مەگەر تەنها بە پێی ئەو هۆکارە بێت کە دەڵێت: "گۆم تا قووڵ بێت مەلەی خۆشە."
بەڵام لە راستییدا پەڕلەمان جیقەڵدانی دەستەڵاتی باڵایە. ئەو بڕیارانە دەهاڕێت کە بە دەمی دەستەڵاتی رەهادا دێن. دەنگدانی "مەڕمیللەت" بە لیست و ئەندامانی پەڕلەمان رەوایی نادەن بە دەستەڵاتێک کە کارەکتەری سیاسیی تیا نەبێت. بەڵام هەڵوێست وەرنەگرتنی میللەت لە دەنگدان و بایکۆتنەکردنی هەڵبژاردن مانای وایە میللەت شیاوی ئەو غەدرانەیە کە دەستەڵاتی دەنگبۆدراو لێیان دەکات. نیووەی ئەوەی روو دەدات لایەنی دووەم لێی بەرپرسیارە.
ئەنجام:
قەرز قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە.
قەیرانی ئابوریی هەرێم نەبوونی پارە نییە. نەبوونی سیستێمێکی ئابورییە کە بەندە بە نەبوونی دەستەڵاتێکی سیاسییەوە. 
دراو هەیە، گرفت نەبوونی سیستێمی بەکارهێنانێتی.


سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆنتراکت
٢٠١٥/٠٦/١٦

ئێمە لەبەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە