تێڕوانينێکی کوردیانە بۆ ڕيفراندۆمەکەی یۆنان

Wednesday, 08/07/2015, 21:37

4318 بینراوە


لە دوای ئەوەی کە یۆنانیەکان دەلێن نا بۆ ئەڵمانیەکان وینستن چێرچل دەڵێت:
بۆیە لەمەودوا ناڵێین یۆنانیەکان وەک پاڵەوان شەڕیان دەکرد، بەڵکو دەڵێین پاڵەوانەکان وەک یۆنانیەکان شەڕ دەکەن
بڕوانە ئەم لینکە: ئەمە ئەو ڕۆژەیە لە ١٩٤٠ دا کاتێک یۆنانیەکان بە ئەڵمانیەکان دەڵێن نەخێر(OXI):

بزانین مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟
--------------------------
لە یۆنان ڕیفراندۆمە ، وەک هەمو ڕیفراندۆمەکانی دنیاش خەڵکی سەرپشک کراون لە دەنگدان بە بەڵێ یان نەخێر.
ئەگەر بەرەی بەڵێ زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنن ئەوە وەکو ئەوەی کە لە میدیاکاندا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت ، واتە خەڵکی یۆنان ڕازی دەبن بە مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی ئەوروپی تاوەکو حکومەتی یۆنانيش ڕازی بکەن بە مل کەچ کردن بۆ مەرجەکانی ئەو لایەنانە و وەرگرتنی بڕێکی تر لە قەرز و دووبارە کردنەوەی هەمان ئەو سیاسەتانەی کە چەند حکومەتێکی پێشوی یۆنان لەسەری ڕۆشتن تاوەکو یۆنانیان گەیاندە ئەم ڕۆژە.
سیاسەتەکەش وەک هەموان دەزانین بریتی بو لە (سک گوشین و خوێن مژینی زۆرینەی هەژار و کەم دەرامەتی یۆنان لە پێناوی ڕاگرتنی پایەی دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان کە زۆریان لە دەرەوەی یۆنان و بە دەست خەڵکی بێگانەوەن). بەڵام ئەگەر بەرەی نەخێر زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنن ئەوە وەک ئەوەی لە زۆربەی میدیا جیهانیەکان لێکدانەوەی بۆ دەکەن، واتە خەڵکی یۆنان مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتی ڕەت دەکەنە و ئەمەش ئۆتۆماتیکی دەبێتە هۆی ڕاکێشانی یۆنان بۆ دەرەوەی دراوی هاوبەشی یۆرۆ (ناوچەی یۆرۆ- یۆرۆ زۆن). لە نزیکترین ئەگەریشدا ڕەنگە حکومەتی یۆنان پەنا بەرێتەوە بۆ دراوی پێشوی یۆنان کە بریتی بو لە دراخما.
لێرەدا وەک کوردێک هێندەی لێکچون و هاوبەشی لە کێشەی ئابوری کوردستان و یۆناندا بەدی دەکەم هەوڵ دەدەم ئەم لێکدانەوەیە بخەمە پێش چاوی خوێنەرانی کوردستان پۆستی ئازیز تاوەکو هەڵسەنگاندنی خۆمان هەبێت بۆ ئەو ڕیفراندۆمە بزانین لە ڕوانگەیەکی کوردیەوە کام لەو دوو بەرەیە نوێنەری خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی یۆنانن؟
دیارە ئەوەی کە لێرەدا دەوترێت سەرچاوەکەی شیکردنەوەی ڕۆژانەی میدیاکانی جیهانە و خوێنەری بە ئاگا ڕەنگە باشتر بەدواداچونی کردبێت و دەزانێت باسی چی دەکەین.
- سندوقی بانکی نێودەوڵەتی زۆر مەبەستیەتی کە خەڵکی یۆنان بە بەڵێ دەنگ بدەن چونکە لەو بارەدا ئەو سندوقە دەست کراوەتر دەبێت بۆ هەڵخەڵەتانی وڵاتانی دی لە دنیادا نمونەش کوردستانەکەی خۆمانە کە سەرەڕای ئەو هەمو بارگرانییەی کە بەسەر خەڵکدا هاتوە هێشتا حیزبەکانی باشوری کوردستان دڵیان ئاو ناخواتەوە و دەیانەوێت قەیرانی قەرزیش بئاڵێننە ملی خەڵکی تاوەکو وەک یۆنان کوردستانیش قوڕی بکرێت بەسەردا.
- لە حاڵەتێکدا یۆنان بگەڕێتەوە بۆ دراخما ئەوە واتەی کۆتایی هێنان و داڕمانی سیاسەتی کاپیتاڵیزمە کە ساڵانێکی زۆر ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا و ئوسترالیا و چەندین وڵاتانی تری پێشکەوتوی دنیا بە بیانوی پێش خستنی بازاری ئازاد و پێکەوەنانی یەکەی ئابوری یەکگرتو لە دنیادا لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی دراوی زۆرێک لە وڵاتانی دنیا و تەنها هێشتنەوەی سەروەری بۆ چەند دراوێکی دیاری کراو وەک پاوەنی بەریتانی و دۆلاری ئەمریکی و ئوسترالی و یۆرۆی ئەوروپایی ، واتە بە مانایەکی تر مۆنۆپۆلکردنی ئابوری دنیا لە لایەن چەند وڵاتێکی دیاری کراوەوە.
- هەروەک چۆن شارەزایانی زانستی سیاسەت و ئابوری لەوەدا ڕێکن کە پارەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی سەروەری نەتەوەیی (سۆڤرینیتی) دەژمێرێردرێت بۆیە دەشێت سەروەری و سەربەخۆیی (ئابوری و سیاسی) هەر وڵاتێکی ئەم دنیایە بە سەروەری و سەربەخۆیی دراوەکەیەوە ببەسترێتەوە، نمونەش لە دنیادا زۆرن وەک ڕۆپێی هيندی و ڕۆبڵی ڕوسی و دۆلاری ئەمریکی و یەنی یابانی و پاوەنی بەریتانی.
چما یۆنان سەربەخۆ نییە وا ناتوانێت دراوی خۆی هەبێت؟ ئەگەر دەڵێن ئەی یۆرۆ بۆ سەربەخۆ نییە؟
ئەوا بە دەیان و سەدان بەڵگە هەیە کە دەتوانن بیسەلمێنن کە بانکی نێودەوڵتی و ترۆیکا و چەندین دەزگای تر کە لەم بوارەدا کاردەکەن هەنوکە وەک زۆر لە مەسەلە سیاسیەکانی تری دنیا بە دەست زلهێزەکانی دنیاوە پەرێشانە و هەر ڕۆژەی یەکێک یاری پێ دەکات!!
سادەترین بەڵگەش ئەو هەڵبەز و دابەزەی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستاندا کە ڕۆژانە چەندین دەوڵەمەندی ناشەرعی لە کوردستاندا لە پڕدا پێ دەکات بە کوڕێ مشتێکە لە خەرواری مافیای نێودەوڵەتی بە ناو ناسراو بە بانکی نێودەوڵەتی!
بۆیە لە ڕوانگەیەکی کوردیەوە دەلێم کاشکا خەڵکی یۆنان بیانتوانیایە بەسەر مافیای پارە و خوێن و شەڕە کۆتایی نەهاتوەکانی دنیادا سەرکەوتنیان بەدەست بهێنابا و هەمو بە یەک دەنگ بڵێن:
نا بۆ مەرجەکانی بانکی نێو دەوڵەتی 
نا بۆ مافیای پارە و خوێن و شەڕی نێو دەوڵەتی 
بەڵێ بۆ سەروەری هەر نەتەوە و وڵاتێکی ئەم سەرزەمینە بە کوردستانی بە کۆڵۆنی کراویشەوە
هەمو بە ئومێد بن سبەینێ یۆنانیەکان بڵێن نا بۆ یۆرۆ بەڵێ بۆ دراخما
ئەگەر لە کوردستانیش تاکە عەقڵێکی وشیار لە نێو حکومەتە بە حیزبی کراوەکەدا هەبێت دەبێت ئەو ڕاستیە بزانێت کە پارەش وەک هەمو سەروەریەکانی تر بەستراوەتەوە بە سەربەخۆیی کوردستانەوە.
هەتا کوردستان پارەی سەربەخۆی نەبێت دەبێت هەر ڕۆژەی داگیرکەرێک سواڵ و سەدەقە بە خەڵکەکەی بکات.
پارە بەشێکە لە سەروەری نەتەوەیی کوردیش پێوستی بە پارەی خۆیەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە