نامەيەكى كراوە بۆ وەزيرى پەروەردە......تاكەى ئەم نايەكسانييە....؟

Tuesday, 04/08/2015, 14:20

6491 بینراوە


ئاشكرايە ئەنجومەنى وەزيران ساڵانە لەسەر داواى وەزارەتى پەروەردە چەندين كارمەند وەكو مامۆستا دادەمەزرێنێ،هەڵبەت وەزارەتيش لەسەر ئاستى بەڕێوەبەرايەتى پەروەردە گشتييەكان و دواتريش پەروەردەى قەزاكان مامۆستاكان دابەش دەكەن...
هەتا ئێرە قسەمان لەسەر نييە بەڵام ئەوەى جێگەى نيگەرانييە ئەو نايەكسانيي و نادادپەروەرييەيە لە دابەشكردن.
ئاشكرايە گەندەڵـــى دامودەزگاكانى حكومەتى داپۆشيوە پەروەردەش وەك بەشێك لەو سيستەمە گەندەڵــە پشكى خۆى بەزيادەوە بەركەوتووە.
لەبەڕێوەبەرايەتى پەروەردەى قەزاكان ئەگەر سەرپەرشتيارێكــ خزم يان لانيكەم ناسياوت بآ ئەوا دەردى عەرەب گوتەنى ئيشت ماشييە....!
با فۆكوسەكەمان بخەينە سەر پەروەردەى مەخموور كە سەر بە پەروەردەى گشتى هەولێرە، دەتوانم بڵێم لەناو پەروەردەى گشت قەزاكانى شارەكاندا پەروەردەى مەخموور گەندەڵـــترينيانە ئەويش بەهۆى هەڵكەوتەى سياسى چونكە وەزارەتى پەروەردەش بەوجۆرە گرنگى پێنادات لەبەرئەوەى مەخموور ناوچەى جێ ناكۆكەو لەكۆتاييەكەى بەر دەوڵـــەتى پيرۆزى كوردى ناكەوێ.
من لێرەدا تەنها قسە لەسەر يەك لايەنى گەندەڵــى ئەو پەروەردەيە دەكەم ئەويش دابەشكردنى مامۆستايانە بەسەر گوندەكاندا...كە نايەكسانييەكى ئێجگار زۆر هەيە.
من وەك مامۆستايەكــ لەو پەروەردەيە لەو بابەتەدا سەرنجتان تەنها بۆ چەند نموونەيەك رادەكێشم كە ئەمانەن
م.عبدالخالـــق كە سەرپەرشتيارى كارگێڕى و لەهەمان كاتدا كردوويانەتە سەرۆكى ليژنەى گواستنەوەى مامۆستايان  بەهۆى پلە حزبييەكەيەوە ،منداڵەكانى خۆى كە بريتين لە كورێك و دوو كچ هەروەها لەگەڵ خزمێكى خۆى لەنزيكترين گوندەكانى سنوورى مەخموور لەهەولێر داناون كە بريتين لەگوندەكانى(تەرجان ،شەمشولە)ئەمە لەكاتێكدا ناوبراو حەجى ماڵـــى خوداشى كردووە خۆى بەديندار دەزانێ..
هەروەها سەرپەرشتيار م.عمر سليم كە ئێستا گواستراوەتەوە پەروەردەى دەشتى هەولێر ئەويش بەشى خۆى لەو نايەكسانييە بەركەوتووە لەكاتێكدا ناوبراو بەپياوێكى جدى و ديندار ناسراوبوو.ناوبراو مامۆستايەكى خزمى خۆى كە ئافرەت بوو لە ناحيەى گوێڕ دانا دواتر كە مامۆستاكە بەشوێنەكەى رازى نەبوو م.عمر سليم ديسانەوە لەڕێى سوودوەرگرتن لە پلەكەى مامۆستاكەى گواستەوە بۆ گوندى مەلاقەرە..
جگە لەمانە م.ئازاد بابـــان كە ئەويش سەرپەرشتيار بوو هەروەها سەربەلايەنێكى سياسى بوو زۆرجار سوودى لەپلەكەى وەردەگرت و ئەو مامۆستايانەى كە سەر بەلايەنى خۆى بوون دەيگواستنەوە بۆ شوێنى نزيكـ و خۆش.لەكاتێكدا  ناوبراويش هەر بەئايەت و فەرموودە قسەى دەكرد.
هەروەها م.ابراهيم  كە سەرپەرشتيارى يەكەمينە لەپەروەردەى مەخموور و سەر بەلايەنێكى ترى سياسييە،ئەگەرچى حزبەكەى م.ابراهيم كەمتر دەستى دەڕوا لەو دەڤەرە بەڵام ناوەستآ و كارى خۆى هەر دەكات.ناوبراو برازايەكى خۆى لەگەڵ مامۆستايەكى ئافرەت كە ئەويش هەر خزمى خۆيەتى لەگوندێكى نزيك ديبەگەى داناون بەناوى گوندى(جانـــە)لەكاتێكدا ئەوانەى كەسيان نەدەناسى هەموويان رەوانەى دوورترين گوندى سنوورى قەراج كران ئەوكاتەى داعش داگيرى نەكردبوو.من خۆم قسەم لەگەڵ م.ئيبراهيم كردووە بێ ئەوەى بهێڵم بزانێ كە مامۆستام وتى مامۆستام بە دوو كاتژمێر گواستۆتەوە.
هەروەها سێ برا لەو سنوورە هەن چونكە سەربەلايەنێكى سياسين هەرسێكيان لەسێ شوێنى نزيكــ كراونەتە بەڕێوەبەر لەكاتێكدا چەندين كەسى بەئەزموونتر لەوان هەن،قسەم لەسەر ئەوە نييە كە كراونەتە بەڕێوەبەر قسەم لەسەر ئەوەيە بۆچى لەخۆشترين و نزيكترين گوندەكان دانراون هەر بۆ بەرچاو روونى يەكێكيان لەكاريتان داناوە كە كاريتان ئێستا بۆتە گەڕەكێكى شارەدێــى ديبەگە(ناوبراو خۆيشى ماڵـــى لەديبەگەيە).
جگە لەهەموو ئەمانە مامۆستا هەبووە پێش تەواوكردنى وادەى خۆى واتە تەنيا دوو ساڵ خزمەتى دەرەوەى هەبووە بەپارە راژەى خۆى گواستۆتەوە بۆ پەروەردەيەكى ترو قوتابخانەيەكى نزيكـ ماڵـــى خۆيان(پارەكە دراوەتە كەسێك نەكـ سەرپەرشتياران)ئەمە لەكاتێكدا مامۆستا هەيە لەو دەڤەرە پێنج ساڵ خزمەتى هەيە تەنيا داواى گۆڕينى گوندەكەى دەكات كەچى بۆى ناكەن بەبيانووى سەروەرى ياسا،لەكاتێكدا ئەوە حاڵەتێكى هەر زۆر ئاساييە ئەويش دواى پێنج ساڵ خزمەت..
خۆشتر لەهەمووى ئەوەيە كارمەندێكــ هەيە لەناو بەڕێوەبەرايەتى پەروەردەو دەرگاوانە كەچى بەپارەو بەرتيل تواناى گواستنەوەى مامۆستاى هەيە....رەوايەتى ئەمە لەكوێيە؟
ئەمە مشتێكە لەخەروارێك لەبەشى داهاتوو باسى هەندێ نموونەى تر دەكەم لە گەندەڵييەكانى م.جلال شريف كە رۆڵێكى گرنگى لەو پەروەردەيە هەيە لەگەڵ ئەزيەتدانى مامۆستاو بەتايبەتى ئەوانەى سەر بەلايەنەكەى ئەو نين كە بەردەوام شەڕى دەروونيان لەگەڵدا دەكات.لەگەڵ دياردەيەكى دزێو كە سەرپەرشتياران پێڕەوى دەكەن.
تێبينى/ناوى هەموو ئەو مامۆستايانەم لايە لەگەڵ ناوى گوندەكان و ئەو سەرپەرشتيارانەى كە دايان ناون بەخزم خزمێنەو برادەرايەتى...ئەگەر پێويستى كرد ئەويش بڵاودەكەينەوە.

هێشوو سەردار
مامۆستا لە پەروەردەى مەخموور

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە