بۆ سه‌یدا مسعود بارزانی وه‌ره‌خوارێ!

Saturday, 08.08.2015, 11:20

2319 بینراوە


په‌ندێکی کوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێ: (قسه‌ی چاک که‌م ده‌گاته‌ جێی خۆی، به‌ڵام قسه‌ی خراپ سه‌د که‌س پۆسته‌ چیه‌ بۆی)
له‌ژێر ناو نیشانی ئه‌وپه‌نده‌ کوردیه‌ کۆمه‌ڵێک ڕسته‌ی ڕاست و ڕه‌وانت پێده‌ڵێم، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ڵێن ڕاستی تاڵه، هیوادارم پۆسته‌چیه‌ک هه‌بێت ئه‌و په‌یامه‌ی منت وه‌ک خۆی پێت بگه‌یه‌نێت،
سه‌یدا:
من وه‌ک هاوڵاتیه‌کی ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌ڕه‌گه‌ز کوردم، له‌دایک و باوکێکی هه‌ژاری کوردی ڕه‌سه‌نم، که‌ هه‌تا مردن خۆشیان نه‌دیت! له‌کاتی ئاواره‌یی شکست و ئاشبه‌تاڵی شۆرشی ئه‌یلول له‌باشوری عێراق له‌ ناو گه‌رماو ته‌پو تۆزی بیابان له‌ژێر سێبه‌ری که‌چه‌ حه‌سیرێکدا له‌دایک بووم! واخه‌ریکه‌ منیش ته‌مه‌نم ده‌ڕوا هیچ خۆشیم نه‌دیت، بۆیه‌ باوکم زۆر به‌باشی و به‌پاکی گه‌وره‌ی کردم چونکه‌ ئاماده‌ نه‌بوو له‌وێش سه‌ر بۆ دوژمن نه‌وی بکات، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون شایه‌تی ئه‌و ڕاستیه‌ن، که‌ گه‌وره‌بووم هه‌مووکات پێی ده‌گووتم ڕۆڵه‌ هه‌میشه‌ کوردێکی دڵسۆزبه‌، ئێمه‌ له‌سه‌ر کوردبوون ئاوامان به‌سه‌ر هات، پێی ده‌گووتم به‌س بزانی تۆ به‌چ جۆره‌ کوێره‌وه‌ریه‌ک له‌ دایک بووی؟ هه‌موو ئه‌و قسانه‌یه‌ی بۆیه‌ی بوو به‌باشی په‌روه‌رده‌مان بکات، هه‌ستی نیشتمانیمان له‌لا به‌هێزبکات، هه‌ر ئه‌و فێری کردم ده‌ست به‌سینگم وه‌نه‌نێم بۆ هیچ که‌سێک، چه‌پڵه‌ بۆ نامه‌رد، بۆ بێگانه‌، بۆ هیچ که‌س، لێنه‌ده‌م، له‌ گووتنی قسه‌ی حه‌ق سڵنه‌که‌مه‌وه‌ نه‌ترسم،
بۆیه‌ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ڕووی قسه‌کانم ده‌که‌مه‌ تۆ چه‌ند ڕاستیه‌کت پێ ده‌ڵێم هیچ لیت ناترسم سه‌یدا:
سه‌یدا مسعود وه‌ره‌ خوارێ…!
ئه‌زانی تۆ زۆر به‌رز ده‌ڕوانی و له‌ ئاستی ئه‌و به‌رزیه‌ش نیت! گه‌ر بڵێی من کوڕی مسته‌فا بارزانیم و شۆڕشمان کردووه‌ حه‌قی خۆمه‌، ئه‌وه‌ بیرت نه‌چێت هه‌موو ئه‌و ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتن و مانه‌وه‌ی ئێوه‌ به‌هۆی قوربانیدانی ئه‌و گه‌له‌ خێر له‌ خۆنه‌دیوه‌ بووه‌! چونکه‌ مێژوو زۆر کۆن نه‌بووه‌، کاتێک شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌ سینگی خۆی ده‌دا به‌ر گوله‌، ئێوه‌ پارێزگاریتان له‌ مانه‌وه‌ی خۆتان ده‌کرد جا به‌هه‌ر جۆره‌ خیانه‌تێک بێت، گه‌لیش باجی ده‌داو مالی ده‌سوتاو ئاواره‌ ده‌بوو!
سه‌یدا مسعود وه‌ره‌ خوارێ…!
ئه‌زانی تۆ زۆر غروری! که‌مێک ده‌ست به‌رداری ئه‌و غروریه‌تبه‌ چونکه‌ نه‌ مێژووت و نه‌ پێگه‌که‌ت شایه‌نی ئه‌و غروریه‌ته‌ نیه‌!
مێژووه‌که‌ت پڕه‌ له‌ خیانه‌ت! باسی ئه‌و هه‌موو خوێن ڕێژیه‌ت ناکه‌م له‌ شه‌ڕی ناوه‌خۆی پێش ڕاپه‌ڕین، دوای ڕاپه‌ڕین!  که‌ خوێنی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌و گه‌له‌و به‌فیڕۆدا‘ با له‌وه‌ گه‌ڕێین، چونکه‌ ئه‌وه‌ خیانه‌تێکی حزبی بوو! ئه‌و کاته‌ تۆ سه‌رۆکی ته‌نها حزبێک بووی، به‌ڵام بابێینه‌ سه‌ر ئه‌و ده‌ساڵه‌ی که‌تۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی به‌یاسایی و به‌نا یاسایی، چونکه‌ ئستا سه‌رۆکی پارچه‌یه‌کی کوردستانی، له‌ خۆت ده‌پرسم کوا به‌رهه‌می ده‌ساڵ سه‌رۆکایه‌تیت؟ چیت کرد چی؟ کوا ده‌وڵه‌تت؟ کوا ده‌ستورت؟ کوا ناوچه‌ دابڕاوه‌ کوردستانیه‌کان؟ کوا پێگه‌و مه‌کان و ناو نیشانت له‌عراقی فیدراڵ؟ کوا به‌رهه‌می ناوخۆ؟ کوا داهاتت؟ کوا کاره‌باو ئاو و سوته‌مه‌نی و خزمه‌ت گوزاریه‌کانی وڵاتت؟ ئه‌ی پێگه‌که‌ت ئاگات لێیه‌ ده‌ساڵه‌ سه‌رۆکی یه‌ک پارێزگاو نیوی که‌ له‌چه‌ند کیلۆمه‌ترێک تێپه‌ڕ ناکات، ئه‌گه‌ر سه‌یاره‌ حه‌ڤده‌ ده‌فته‌ر بوواییه‌که‌ی نه‌وه‌که‌تم پێ بێت به‌ حه‌وت سه‌عات هه‌موو سنوری ژێر ده‌سته‌ڵاته‌که‌ت ده‌گه‌ڕێم! ئه‌ی ئه‌و غرور بوونه‌ت له‌چی؟ده‌ڵێی قه‌یسه‌ری ڕۆمی!
سه‌یدا مسعود وه‌ره‌ خوارێ…!
له‌ سه‌ری ڕه‌ش وه‌ره‌ خوارێ سه‌رێک بده‌ له‌ شاره‌ بێ کاره‌باکان له‌ ته‌ونی جاڵ جاڵۆکه‌ی وه‌یاره‌کانی کاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌کان، له‌لادێ چۆڵه‌کان له‌ترسی فڕۆکه‌کانی تورکیای دۆست و هاو په‌یمانت، وه‌ره‌ خوارێ و سه‌رێک بده‌ له‌ هه‌ژاران، سه‌رێک بده‌ له‌ناو گه‌نجان لانی که‌م به‌راوردێکی ژیانیان بکه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ورو به‌رتن، که‌مێک ئاگات له‌ژیانی هه‌ژارانبێت ئه‌وجا تێده‌گه‌ی که‌ خۆت له‌ چ ئاستێکدای! وه‌ره‌ خوارێ و سه‌رێک بده‌ له‌ زه‌ویه‌ داگیر کراوه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتت، سه‌رێک بده‌ له‌ بانقه‌ بێ پاره‌کان، له‌بازاڕه‌ قۆرخ کراوه‌کان له‌لایه‌ن که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆت! سه‌یدا سه‌رێک بده‌ له‌ خانوه‌ چوارسه‌د دۆنمه‌که‌ی برازاکه‌ت که‌ کچه‌که‌ت تێیدا دێت و ده‌چێ له‌ناو جه‌رگه‌ی هه‌ولێر بزانه‌ چ جیاوازیه‌که‌؟ بۆ ئێوه‌ کێن؟ ئه‌گه‌ر به‌خه‌باتبێت سه‌دان هه‌زار جار ئه‌وه‌نده‌ی قه‌باره‌ی خه‌باتی خۆتان بردتان و به‌تاڵانتان برد به‌س نه‌بێ؟ به‌شی حه‌وت پشتی دیکه‌ت له‌ بانقه‌کانی ئه‌وروپاو ئه‌مریکا داتانناوه‌ ئه‌گه‌ر خۆشت حسابه‌که‌ نازانی له‌ کوڕ و برازابازرگانه‌که‌ت بپرسه‌!
سه‌یدا وه‌ره‌ خوارێ…!
ئه‌رێ به‌ڕاست تاکه‌ی ده‌ته‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و کورسیه‌ نه‌گبه‌ته‌ نه‌یه‌یته‌ خوارێ؟ تاکه‌ی ده‌ته‌وێ نه‌گبه‌تی خۆتمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنی؟ چونکه‌ خۆت و کورسیه‌که‌ت له‌ نه‌گبه‌تی زیاتر هیچی تر نین بۆ ئه‌و میله‌ته‌! وامه‌زانه‌ خه‌ڵکێک له‌ ده‌وره‌تن و به‌ شان و باڵت هه‌ڵده‌ده‌ن وا وێنایان کردووه‌ که‌ تۆ تاکه‌ فریاد ڕه‌سی گه‌لی کوردی جگه‌ له‌ تۆ که‌س شایه‌ن نیه‌! نا ئه‌وانه‌ کۆمه‌ڵێکی مشه‌خۆری به‌رژه‌وه‌ند خوازن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان وێنه‌ی تۆشیان ناشیرن کردووه‌ تۆیان کردووه‌ به‌ فیرعه‌ونێکی دزێو! وه‌ره‌ خوارێ به‌چاوی خۆت سه‌یری دوای خۆت بکه‌! سه‌یری خوار خۆت بکه‌، سه‌یری ئه‌ولاولا و ده‌وروبه‌رت بکه‌، بزانه‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی که‌تۆ تێیدا سه‌رۆکی چ ده‌گوزه‌رێ؟ چ نا داد په‌روه‌ریه‌ک هه‌یه‌؟ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ خۆتی ئاره‌زوی مانه‌وه‌ ده‌که‌ی و گوێناده‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵات!
سه‌یدا مسعود وه‌ره‌ خوارێ…!
وه‌ره‌ خوارێ پێ له‌ سه‌ر که‌ڵی شه‌یتان بێنه‌ خوارێ!  چیتر خۆت مه‌خه‌ سه‌روی یاساکان چونکه‌ تۆ به‌پێی هه‌موو یاسایه‌ک ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ت ته‌واو بووه‌و ناتوانیت جارێکی تر ببیته‌وه‌ به‌سه‌رۆک! ئه‌ی ئه‌و بێده‌نگیه‌ت له‌چی؟ وا خه‌ریکه‌ له‌سه‌ر تۆ خوێن ده‌ڕژێ! یان پێت خۆشه‌؟ دڵنیام که‌ وایه‌! به‌نیازی جارێکی تر ده‌ستت سورکه‌یته‌وه‌ به‌ خوێنی کورد؟ له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆت له‌ سه‌ر ئه‌و کورسیه‌؟
سه‌یدا وه‌ره‌ خوارێ…! 
شه‌رم ناتگرێ ئه‌و هه‌موو حزب و که‌سایه‌تیه،‌ خه‌ریکی سوڵحی عه‌شایه‌ری ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی تۆن، کاناوتان ناوه‌ سازان، ماوه‌ی دوومانگه‌ له‌ناو ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌دا له‌جیاتی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌کان، میلله‌تێکت به‌خۆوه‌ سه‌ر قاڵ کردووه،‌ ئاوا خه‌می وڵاتم بۆ ده‌خۆی؟ ئه‌و سه‌رۆکایه‌تیه‌ت بۆ چیه‌؟چ سودێکی هه‌یه‌؟ ئه‌زانی تازه‌ ئه‌و سه‌رۆکایه‌تیه‌ هیچ سود و به‌هایه‌کی نه‌ماوه‌؟ به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوی ئاغاکانیشت لێمانت هانداون پشتیوانیت ده‌که‌ن، قوڕ به‌سه‌ر سه‌ری ئه‌و گه‌له‌ ده‌بێ له‌به‌رامبه‌ردا چ جۆره‌ به‌ڵێنێکت به‌ئاغای قاسم سلێمانی دابێ له‌کاتێکدا ‌تا ئێستا نه‌یاربوون، خه‌ڵکی که‌تان تۆمه‌ت بارده‌کرد به‌دۆستایه‌تی ئه‌وه‌ خێره‌ ئه‌وڕۆ هه‌موویان بوونه‌ته‌‌ پارێزه‌رت؟ یان شاره‌زات بوون و ده‌زانن هیچت ده‌باراندا نیه‌!
سه‌یدا وه‌ره‌ خوارێ!
تا ده‌رفه‌تت له‌ده‌ست ماوه‌ واز له‌و سه‌ر ڕه‌قی و عینادیه‌ بێنه‌، ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی له‌به‌رده‌ممان ماوه‌ بیکه‌ به‌ ڕۆژانی خۆت، جوامێری مه‌ردایه‌تیت تێدا بنوێنه‌، وه‌ره‌ یاداشتێک بنوسه‌و بیده‌ به‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان، ده‌ست به‌رداری پۆسته‌که‌تبه‌، بزانه‌ چۆن به‌وکاره‌ به‌شێک له‌لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شه‌کانی مێژووت سپی ده‌که‌یته‌وه‌! سه‌یرکه‌ بزانه‌ چۆن له‌دوای تۆ کوردستان ده‌که‌وێته‌ که‌ناری ئارامی! ئه‌گه‌رنا مێژوو ڕه‌حم به‌که‌س ناکات.