میدیای چەواشەکار لە باشوری کوردستان مەڵتی میلیۆنێرمان لێ دەکاتە فەیلەسوف

Tuesday, 01/09/2015, 21:05

4993 بینراوە


ئیتر مەلا بەختیار و سیروان بارزانی تاقەتیان چو لە بڵاوکردنەوەی سێڵفی لە بەرەکانی جەنگەوە ، لەمەودوا نۆرەی فەیلەسوفەکانی فەرەنسایە
                       
لە ئاوێنەدا ئەم نوسینە بڵاوکراوەتەوە:
فەیلەسوفێكی فەڕەنسی بەشداری هێرشەكانی پێشمەرگە دەكات     
28 ئاب, کوردستانی که‌رکوک - ر ن - 
لەهێرشەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگە‌ بۆ سەر چەكدارەكانی داعش‌و ئازادكردنی گوندەكانی باشوری خۆهەڵاتی شاری كەركوك، فەیلەسوفێكی فەڕەنسی بەشداری کردوه‌.
سەرچاوە :

بۆ ئەوەی بزانی ئەم فەیلەسوفە کێیە تکایە بڕوانە ئەم لینکە:
وەک لە لینکەکەی سەرەوەدا هاتوە:
- سەرەتای کاری ئەم کەسایەتیە ڕۆژنامەنوسی جەنگ بوە لە بەرەکانی شەڕ لە نێوان پاکستان و بەنگلادیش، دەبو هەر لەوێوە ڕقی لە توند و تیژیەکانی جەنگ بێت ، دەنا فەیلەسوف و خوێن ڕشتن کوجا مەرحەبا؟!
- بە ڕەچەڵەک خەڵکی جەزائیرە و باوکی میلیۆنێر بوە و پاش مردنی  سەروەت و سامانەکەی وەک میرات بۆ ماوەتەوە، سوبحانەڵا لە دنیای مۆدرێنە و دیجیتاڵی سەرمایەداریدا فەیلەسوفەکانیش دەبێ میلیۆنێر بن!
- لە گەرمەی بڵاوبونەوەی هەڵمەتی سوککردنی ئایینی ئیسلام لە ڕێگەی بە کاریکاتێر نیشاندانی پەیامبەری موسڵمانان، ئەم فەیلەسوفە تەنها ئەوەندە لە فەلسەفە گەيشتوە کە ئەو کارەی بە باش زانیوە و ئیمزای خۆی لەسەر یەکێ لە چالاکیەکان کردوە.
وا دیارە یەکێتی و پارتی گوێ گرێکی باشن بۆ سکاڵاکانی خەڵک بەڵام لە جیاتی ئەوەی بە دڵی خەڵک بکەن و خەم و ناڕەزاییەکانیان کەم بکەنەوە دێن شەریک و هاوبەش بۆ خۆیان پەیدا دەکەن تاوەکو جامی غەزەبی خەڵکی تەنها  بەسەر ئەواندا قڵپ نەبێتەوە و ئەگەر قەوما خەڵکی تریش بە خۆیانەوە توش کەن!
باشە لە سەرەتای داگیرکردنی شنگال لە لایەن سوننە و بەعسیەکانەوە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پڕ پڕ بون لە توڕەیی خەڵک کاتێک سێڵفی ئەم فس فس پاڵەوانانە لە پشت بەرەکانی جەنگەوە پەخش دەکرا و بە نرخی بەرەکانی پێشەوە دەفرۆشرانەوە ، ئەی ئێستا خێرە وا وەزیرەکەی گۆڕانیش هاتە سەر قەناعەتی مەلا بەختیارەکان و سیروان بارزانیەکان و تەنها بەوەوە نەوەستا کە وێنەی خۆی بڵاوکاتەوە بەڵکو هانا بۆ مەڵتی ملیۆنێرەکانی فەرەنسا دەبات و بە نرخی فەیلەسوف پێمان دەفرۆشێتەوە!
سڵاوت لێ بێت گۆڕان و بەرهەڵست کارەکانی دوێنێ! چما دوێنێ بۆ ڕەخنەتان لە وانی دی دەگرت؟ ئەوە نییە خۆتان هەمان کار دەکەن! 
 ئەگەر بڵاوکردنەوەی وێنە و سێڵفیەکان لە لایەن بەرپرسە زۆر و زەبەنەکانی کوردەوە کارێکی ناشرین بێ، بۆ دەبێ لە لایەن فەرەنسیەکەوە هەمان حوکمی بەسەردا نەدرێ؟ خۆ ئەگەر بە قەولی خۆشتان فەیلەسوفیش بێ، ئەوە خراپتر!

خوا کەریمە گەر سێلفیتان پێ عەیب نەبێ ، سبەینێ تاڵان کردنی نەوت و تاپۆ کردنی کورسیش زۆر ئاسانە، چی زۆرە مەڵتی میلیۆنێر و کارداشیانەکان و هەیفا وەهبیەکان زۆرن، لە کوێ تێتان گیرا پەلی یەکێکیان بگرن و ئێوەش وەک بوکە بە بارانە خۆتان بە باڵایاندا هەڵواسن، ئیتر دایکی شەهیدە تاقانەکان و پێشمەرگە بێسەر و شوێنەکان با بۆ خۆیان هەر بڵێن: ئێمە فەلسەفەی کوردیمان دەویست نەک فەرەنسی!
لە سەرەتای داگیرکردنی عێراقەوە هەندێک عەقڵی پاک و بە ویژدانی کوردی هەبون ویستیان بەشە پاکەکەی کۆمەڵگەی کوردی بە حیزبی و ناحیزبیەوە لە مەترسی ئەو عەقڵەیەتە وریا بکەنەوە کە لە مێشک و ویژدانی هەندێ بەرپرسی نابەرپرسی کوردا هەیە بەڵام داخەکەم پێ دەچێ ئەو هەندە زۆر کەم بن و لە بەرامبەر سوپایەک لە کاسە لێس و خۆفرۆش و ویژدان دۆڕاودا خەریکە لەناودەچن.
مەترسی ئەو عەقڵیەتەی کە خەریکە هەمو کونج و کەلەبەرێکی باشوری کوردستان دەتەنێتەوە لەوەدایە:
- کە تاکی کورد بە خوێنەوار و نەخوێنەواریەوە بە سوک و چروک تەماشا دەکات
- ئامادەیە دەست بەرداری کلتور و جوگرافیا و ناسنامە و خاک و ئاو و سامانی کوردستان ببێ لە بەرامبەر دەست خۆشی کردنێک لە هەر کەسێکی غەیرە کوردەوە بێ جا خوای دەکرد بێڕێزترین کەسایەتی هەبێ لە وڵات و کۆمەڵگەی خۆیدا
- یەکێکی تر لە خاسیەتی ئەم عەقڵیەتە ئەوەیە کە ئەگەر قسەیەکی حەق لە کوردێک ببیستێ گاڵتەی پێ دێ و دەکەوێتە پەلاماردانی ئەو کوردەی ئەو قسەیەی کردوە و هەزاران تۆمەتی بۆ دروست دەکا و لە پەناوە ئەگەر بۆی بکرێ تەسفییەی خۆی یان خاو و خێزانی دەکا ، بەڵام ئەگەر هەمان قسە لە چومسکی و مایکڵ ڕۆبن و پیتەر گالبرێس و زاڵمای خەلیل زادەوە بیست دەیانکاتە شەریکە نەوت و بۆی بکرێ ئەرز و ئاسمانی کوردستانی لەسەر تاپۆ دەکا، ئەمە ئەگەر عەقڵیەتی جاش و خۆفرۆش نەبێ لە کوێی دنیادا عەقڵیەتی ئاوا لاواز و خۆبەدەستەوەدەر و خۆفرۆش دەست دەکەوێ؟!!
- ئەم عەقڵیەتە پێی وایە لەبەرئەوەی لە کوردستان کارەبا نییە دەبێ لە ئێران و لە توران و لە غەرب و شەرقی دنیاوە کارەبا بهێنرێتە کوردستان و هێندەی پوشێک متمانەی بە توانای خۆماڵی نییە کە بتوانن تەنها گڵۆپێ داگیرسێنن.
- ئەم عەقڵیەتە پێی وایە لەبەر ئەوەی لە کوردستان ئەندازیاری نەوتمان کەمە بۆیە دەبێ لە هەمو دنیاوە کرێکار و تەکنیکی بهێنیت و بە نرخی ئەندازیار بە خەڵکی بفرۆشیتەوە و هەرچی پارە و خزمەت گوزاری هەیە بۆ ئەوانی دابین کەیت و خەڵکی خۆشت با موچەیان نەبێ! یەک تۆز گوێش بەو ڕاستیە نەدەی کە سەرەتای دەرهێنانی نەوت ئەگەر لە شيواشۆکەوە دەست پێبکەین لەسەر دەستی هەندێ توانا و عەقڵ و وزەی خۆماڵی بو.
- تێگەیشتنی ئەم عەقڵیەتە ئەوەندە لاوازە کە ناتوانێ کاری سەربازی و موخابەراتی وڵاتانی دنیا لە فەلسەفە و ئەدەب جیاکاتەوە و لە ئەتەکێتی دپلۆماتی تێناگا، دەنا هاوتای وەزیری پێشمەرگە وەزیری دیفاعە و هەر کاتێ لە فەرەنسا و لە هەر وڵاتێکی تر ئامادە نەبون بە پێی ئەو پڕۆتۆکۆڵە جیهانی و نێودەوڵەتیە مامەڵەت لەگەڵ کەن بە ڕيشی کێ ڕەوایە وەزیری دیفاعی کوردستان بنێریتە پێشوازی کەسێ هیچ پۆست و مەقامێکی دپلۆماتی و سیاسی و عەسکەری نییە و تەنها ئەوەندە نەبێ فەرەنسیەکە و ملێاردێرە و مەگەر خوا بزانێ ژێر بە ژێر چی تریشە! 

لە کۆتاییشدا بۆ ئەوەی نرخێک بۆ فەلسەفە و ویژدانی مرۆڤەکان دابنێین ئەم داواکاریە دەخەمە بەردەم مەڵتی ملیۆنێرە فەیلەسوفەکەی فەرەنسا ، ئەگەر هێندەی چارەکی پارەکانت ویژدانت هەیە سبەینێ بچۆرە ئەو گەڕەکەی پاریس کە سێ ژنە کوردەکەی تێدا بە ناحەق تیرۆر کراو و سێڵفیەک بنێرە بۆ سەرۆکی فەرەنسا بزانە بۆچی لە فەرەنسا گەر بیانەوێ ڕێگری لە چالاکیەکانی پەکەکە بکەن زۆر بە ئاسانی بۆیان دەچێتە سەر بەڵام نەیانویست و نایانەوێ بزانن کێ بو ئەو سێ ژنەی تیرۆر کرد؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە