بۆئێوە پۆست وبووجە بۆ ئێمە کۆچ و ئیجە!

Saturday, 03/10/2015, 20:46

2300 بینراوە


لەم هەلومەرجە دژوارو نالەبارەى کوردستاندا ناڕاستەوخۆخەڵکى کوردستان بەگشتى و گەنجان بەتایبەتى ئەو مەسجەى سەرەوە دەدەن بەگوێ ى دەسەڵاتى کوردى دا دەسەڵاتێک کەماوەى 24ساڵە لەخەمى هاولاتیاندا نەبووە بەڵکو تەنیا لەخەمى دەسەڵات وکورسى وبووجەدابووە  ئێستاش لەم هەلومەرجەو ژیانەپڕقەیران و سەختى و نالەبارى ودژوارەدا کە ئەم دەسەڵاتە بۆخەڵکى کوردستانى خولقاندوە ئەم دەسەڵاتە زۆر بێ باکە دەڵێ ى نەباى دیوە و نەباران بچووکترین ئاڵوگۆڕى لەژیانى ئەو خەڵکەدا ناکات وخۆتێ ناگەیەنێ لەئازارو موعاناتى خەڵکى نەک هەرئەوە بەڵکو ڕۆژ بەڕۆژنەهامەتى وبێ مافى وقەیرانى زیاتر تر دەخاتە سەر ژیانیان ئەم دەسەڵاتە بە عەمەلى سەلماندى کەنرخى کورسیەک ونرخى بەرمیلێک نەوت لەم هەرێمەدا زۆرگرانترو گەورەترو بەنرخترە لە نرخى هاوڵاتى لە نرخى ئینسان ئەم دەسەڵاتە باکى نیە لەکۆچى گەنجان وهاوڵاتیانى کوردستان کەبەخێزانى کۆچ دەکەن ئەو تەنها لەخەمى پۆست وکورس ودەسەڵات وبووجەدایە ئەو تەنها لەخەمى بنەماڵە وخێزان وماڵ ومنداڵە پۆشتە وپەرداخەکەى خۆیدایە کەلەهیچیان کەم نیەو خۆشترو جوانتر لە مناڵى پاشاکانى کەنداو دەژین پێیەکیان لەهەرێمەو پێیەکیان لە هەندەران ئیتر خەڵکى ئەم هەرێمە چۆن دەژى وچى لێ دێ باکیان نیە.
 بەڕاستى ئەم دەسەڵاتە بەلایەوە خەم و گرنگ نیە کە هەموو هاوڵاتیانى کوردستان بەتایبەتى گەنجان کۆچ بکەن و ئەم هەرێمە جێ هێڵن وچۆڵ بکەن  بەپێچەوانەوە ئەو پێ ى خۆشە وپێ ى باشە و لەبەرژەوەندى ئەودایە ئەو خەمى دەسەڵاتیەتى نەک هاوڵاتى وخەڵکى ئەو کورسى دەسەڵاتى بۆ بمێنێتەوە بەسیەتى ئەو باش دەزانى ئەو خەڵکانە ناڕازین وتوڕەن مانەوەیان هەڕەشەیە بۆسەر کورسى وبەرژەوەندى و دەسەڵاتیان  بۆیەحەزدەکات بڕۆن ئەم دەسەڵاتە خەڵکى بێ دەنگ وڕازى دەوێ  لەگەڵ ڕێزمدا وەک مێگەل سەیرى خەڵکى دەکات بەداخەوە ئەوە حەقیقەتێکى زۆر تاڵە گەر هەموومان لەدەریاى ئیجەدا بخنکێین ..گەرهەموومان لەشاحینەدا بمرین وگورچیلە و چاوەکانمان دەرهێنن ..گەر مناڵەکانى هەموومان  وەک ئایلان بەخنکاوى بێنە قەراخ وگوێ دەریا  ئەم دەسەڵاتە خەم و باکى نیە ئەو بەتەنیا لەخەمى دەسەڵات وبنەماڵە و خاوخێزانى خۆیدایە و هیچى ترئەم دەسەڵاتە هەمان دەسەڵاتە کەلەشەڕى ناوخۆدا بێ باکانە بەهەزان کوڕى هەژارو زەحمەتکێشى ئەم هەرێمەیان  دابە کوشت لە سەر گردو کەپک وبەسەدانى تریان بێ سەروو شوێن کرد لەپێناو پاراستنى دەسەڵاتى خۆیاندا .
هەموو دونیا هەژاو گریا بۆ ئایلان وئازارى کۆچبەران تەنها دەسەڵاتى کوردى نەبێت کەباکى نەبوو سەرقاڵى کۆبوونەوەى  پێنج قۆِڵى بوو لەپێناو یەکلاى کردنەوەى کورسەیکدا ،شەرمەزاریە بۆدەسەڵاتى کوردى کە(مێرگڵ لەئەڵمانیا) بۆ ئایلاان و کۆچبەران دەگرى ودەست لەملى کۆچبەران دەکات و لەگەڵ ئازارەکانیاندا دەژى کەچى دەسەڵاتى کوردى بەخەندەوپێکەنینەوە هەرخەریکى خواردنى مۆزو سێوپرتەقاڵى کۆبوونەوەکانە لەپێناو کورسى دەسەڵاتدا..لەگەڵ ئەو پەڕى ڕێزو حورمەتم دا بۆ شاعیرکانى کورد کەلەڕابوردوودا لەهەستێکى خۆشەویستى وئینسانى وشۆڕشگێڕیەوە بەباڵاى کوردستان ونیشتماندا شیعریان هەڵداوەوەک  (کوردستان نیشتمانى جوان)   (چەندشیرینەلام دارو بەردى وەتەنم ) (زەڕڕەیەک خاکى وەتەن نادەم بەقەسرى قەیسەرى)  (چەند دڵگیرو شیرینە)  وهتد  بەڵێ کوردستان جوان ودڵگیرشیرینە بەڵام بۆ هاوڵاتیانى نا بۆخەڵکەکەى نا بەڵکو بۆ سەرۆک وسەرکردە وبەرپرس و دەسەڵاداران و بنەماڵە وخاوخێزانیان دەبێت ئەوان داروبەردوخاکى نەدەن بەقەسرى قەیسەرى نەک خەڵکى .
باشە خەڵکى کوردستان چى بکات لەدارو بەردو خاکى کوردستان کەدەسەڵاتدارانى ئەم هەرێمە حسابى دارو بەردى بۆدەکەن وکردویاننەتە داروبەرد وبێ بەشیان کردووە لەهەموو مافێکى ئینسانى ولەخۆشگوزەرانى و خزمەتگوزارى نمونەیەکى زیندوو بۆئەم قسەیەم ئەوەتا کەهەزارەها گەنج وخێزان ئەم کوردستان وهەرێمە جێ دەهێڵن  ئەگەر کوردستان جوان ودڵگیرو شیرین بوایە جێ یان نەدەهێشت  ئەوەتا نەک هەر زەڕەیەک خاکى وەتەن بەڵکو هەموو خاکەکەى وەتەن دەگۆڕنەوە بەکەمپێک وشوقەیەکى  هەندەران لەفەیسبووک وێنەى چەند گەنجێکم دی کەتازەگەیشتبوونە ئەڵمانیا لەژێر وێنەکەدا نوسیبویان (ئەڵمانیا ماڵە گەورەکەى کورد!!!!)  ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گەنجان و هاوڵاتیانى کوردستان ..کوردستان بەماڵ ونیشتمانى خۆیان نازانن وکوردستان بۆ ئەوان جوان ودڵگیرو شیرین نیە بۆ یە بەجێ ى دێڵن وشوێنێکى کە دەکەنە ماڵ ونیشتمانى خۆیان کەتیایدا وەک ئینسان بژین چونکە لەنیشتیمانەکەى خۆیاندا وەک ئینسان ناژین وبەهرەمەند نین لە مافەئینسانیەکان.
 بەڕاستى جوانى ودڵگیرى وشیرینى نیشتیمان بە سەوزایى وسەیرانگا و ئاو وکۆشک وتەلارى بەرزنیە بەڵکو بەئازادى و یەکسانى و مافى مرۆیی وخۆشگوزەرانى وخزمەتگوزاریى  وپاراستنى کەسایەتى وکەرامەتى ئینسانیەوەیە لەکوردستان هیچ کام لەمانە بوونى نیە بۆیە ئیرە نیشتمان نیە..ماڵ نیە بەڵکو زیندانە بۆیە هەربستێ زەمینێ لەسەر ئەم گۆى زەویە ئەم شتانەى تیابێ ئەم مافانەى تیابێ بۆ ئینسان ئەوە ماڵ و نیشتیمانى ئینسانەکانە من لەگەڵ ئەوەدا نیم هەموومان ئێرە جێ هێڵین  کۆچ و سەفەر مافێکى ئاسایى هەر ئینسانێکە بەڵام ئەم کۆچ و سەفەرە کۆچ و سەفەرێکى ئاسایى ئینسانەکان نیە بەڵکو کۆچ و سەفەرێکى نائاساییە ڕاکردنە لە قەیران و نەهامەتى و بێ مافى و نەبوونى ئازادى و پێشێلکردنى مافەکانى ئینسان وبێ خزمەتگوزارى وناخۆشگوزەرانى ونائەمنى و بێ ڕیزى کردن بەکەرامەت و شەخسیەتى ئینسان وهتد.
دەبێت ئێمە هەموومان لەم هەرێمەدا دەست بدەینە بەر خەبات وفشارى جەماوەرى مەدەنیانە و شارستانیانەى سەرتا سەرى دەبێت ئەم دەسەڵاتە وحیزبەکانى فێرکەین کە ڕێز لە ئیرادەى خەڵکى بگرن وهەموو مافێکى ئینسانى بۆدەستەبەر بکەن دەبێت فێریان کەین کەوەک ئینسان بڕواننە ئێمە دەبێت فێریان کەین کەسەروەت و سامان ونەوتى ئەم هەرێمە هى ئەم دەسەڵات وئەو دەسەڵات وئەم حیزب و ئەو حیزب و ئەو بنەماڵە و ئەم بناماڵەیە نیە بەڵکو هى خەڵکیە و دەبێت خەڵک بەهرەمەند بێت لە پشکى خۆى و بخرێتە بوارى خزمەتگوزری و خۆشگوزەرانى خەڵکیەوەتەنیا ئەوخەباتە جەماوەریە سەرتاسەریەیە کەخەڵکى کوردستان ڕزگار دەکات لەم نەهامەتى و قەیرانانە ئەمە ئەڵتەرناتیفى واقیعى و گونجاوە نابێت ئیتر چاوەڕوانى ئەم دەسەڵاتە بین کەگۆڕانکارى لەژیان وگوزەرانماندا بکات ونابێت هیچ ئومێدو هیوایەکمان بە کۆبوونەوە پێنج قۆڵیەکان وسازان وچاکسازى هەبێت وخەونەکانمانى پێوە گرێ دەین نابێ  بەتەماى پەرلەمان وپەرلەمانتاران بین نابێ چاوەڕێ ى ئەم حیزب و ئەوحیزب بین نابێ چاوەڕێ ى ئەم سەرۆک وئەو سەرکردەبین  نابێ چاوەڕێ ى ئەم وەزیرو ئەو وەزیروئەو بەرپرس بین ئەمانە لەماوەى بیست وچوار ساڵى ڕابووردوودا سەلماندیان کەهیچیان بۆخەڵکى پێ نیەو نوێنەرى بەرژەوەندیە حیزبیەکانیانن وناتوانن هیچ ئاڵوگۆڕێکى جدى و ڕیشەیی لەژیان وگوزەرانى خەڵکیدا بکەن.
 باشە خۆ ئەوە ساڵێکە قەیرانى دارایی هەیە کەهەرخۆیان دروستیان کردووە ودەشتوانن بەئاسانى چارەسەرى بکەن لەشەو رۆژێکداباشە خۆ ئەوە ساڵێکە شەڕى داعش هەیە  ئەى ئەو 23ساڵەى ڕابووردوو ئەمانە چیان کردووە و لەکوێ بوون و کێ دەستى گرتبوون بۆ بارو گوزەرانى خەڵکیان باش نەکرد؟!! یانى ئەو خەڵکە 24 ساڵى تر لەچاوەڕوانى ئەمانەدابێت وتەمەنى هەمووى بڕواو کۆتایی بێت نا نەخێر ئەو خەڵکە تەنها خۆى بەیەک ڕیزى و بەیەک ئیرادەیى وبەخەباتى جەماوەرى بێ ووچان وڕۆژانەى جەماوەرى دەتوانێت ئاڵوگۆڕى جدى و ڕیشەیى لەژیانى خۆیدا بکات ئەم دەسەڵاتە ئیجبار بکات کە تەسلیم بە ئیرادەو داواکارى ومافەکانى خەڵکى بێت لەهەموو دونیادا وابووە ماف بەخەبات سەندراوە هەرگیزنەدراوە هەموو ئەو ووڵاتانەى ئێمە کۆچى بۆ دەکەین وئێرەى بۆ بەجێ دێڵین  ئینسان تیایدا خۆشگوزەرانە و مافەکانى پارێزراوە هیچ کام لە دەسەڵات وحیزب و حکومەتى ئەو ووڵاتانە لە باشى و پیاوەتى و ئینسانى خۆیان  وەک خێرو سەدەقە ئەو مافانەیان بە هاوڵاتیانى خۆیان نەداوە بەڵکو هاوڵاتیانى ئەو ووڵاتانە خۆیان بەخەبات و فشارى جەماوەرى ئەو دەسکەوتانەیان وەدەست هێناوە وکردویانەتە یاساو دەستور لە وڵاتەکانیاندا ئەو مافانەیان کردۆتەهێڵى سوور و هەزاران قوربانیان بۆداوە ئێمەش لێرەوە کەدەچینە ئەوێ لەو دەست کەوتانە دەخوێن وبەهرەمەند دەبین لە بەرى ڕەنج وخەباتى ئەوان .
دەبێت ئێمەش لێرە ئەو مافانە بە خەباتى جەماوەرى بکەینە یاساو دەستووروهێڵى سوورونەوەکانى دوای ئێمەش لەبەرى ڕەنج وخەباتى ئێمە بخۆن دەبێت و دەتوانین ئەوە بکەین ئەگەر ئیرادە ى سەرتاسەرى  بنوێنین نابێت ئیتر بێ دەنگ بیت وقبوڵى کەین نابێت شارى دهۆک و هەولێر بێ دەنگ بن وچاوەڕێ ى دەست ودەم وهیمەتى شارى سلیمانى وهەڵەبجە بن نابێ فەرمانەبەران وهاوڵاتیان وکربَکاران چاوەڕوانى مامۆستایان بن  دەبێت هەموو مان  هەرلە زاخۆوە تاهەڵەبجە هەرلە مامۆستایانەوە تاهەموو فەرمانبەران وکرێکاران و هاوڵاتیان وهونەرمەندان وئەدیبان وڕوناکبیران وهتد یەک ڕیزو یەک ئیرادەو یەک دەنگ و یەک هاواربین ئێمە لەزاخۆوە تاهەڵەبجە وەک یەک مافەکانمان پێشێل دەکرێت وەک یەک ستەممان لێ دەکرێت وەک یەک سووکایەتى بەکەرامەتى ئینسانیمان دەکرێت وەک یەک سێ مانگ جارێ مووچە وەردەگرین وەک یەکە خشتەى کارەباو ئاوەکەمان وەک یەکە ژیان و نەهامەتیەکانمان بەکورتى هاوبەشین لە موعانات و نەهامەتیەکانمانداهەربۆیە دەبێت خەباتەکەشمان هاوبەشبێت ئەگەر ئەم دەسەڵاتە هەموومان دەگرێ بابمانگرێت هەموومان دەکوژێت بابمانکوژێت  دڵنیابن ئەگەر دەسەڵاتێک ئەوە بکات لە گەڵ  هاوڵاتیانى خۆیدا ئەوە بێ گومان چارەنووسى ئەویش وەک چارەنوسى سەدام وقەزافى وموبارەک وشاى ئێران وهتد دەبێت ئەوە بێ دەنگى وبێ ئیرادەیی ئێمەیە کەئەم دەسەڵاتە وابێ باکە لەئاستماندا دەسەڵاتێک حکومەتێک نەتوانێ خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیانى دابین بکات تاوانە وستەمە ناوى حکومەت بێت بەسیە چیتر بێ دەنگى وچاوەڕوانى سەردەمى بێ دەنگى و چاوەڕوانى بەسەر چوو سەردەم سەردەمى خەباتى جەماوەرى  قۆناغى دروست بوونى ئۆپۆزیسیۆن و حیزبى تازە بەسەر چوو ئەم قۆناغە قۆناغى خەباتى جەماوەریەبۆپێشەوە بەرەو خەباتى جەماوەرى سەرتاسەرى. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە