بانگەوازێک بۆ خەڵکی سلێمانی

Wednesday, 09/12/2015, 17:56

5157 بینراوە


برادەرێکی هەولێری دانیشتوى شاری سلێمانی خۆشەویست چیرۆکێکی دڵتەزینی خۆی بۆم گێڕایەوە کە پێویست ئەکات هەمومان هەڵوەستەیەکی لەبەرامبەردا بکەین،بەتایبەتیش لەم هەلومەرجە دژوارو نەهاتەی ئەمرۆدا کە ریزەکانی میللەتەکەمان تادێت پەرتەوازەتر ئەبێتو، سنوری وەهمی لەنێوان خاکی یەک نیشتماندا بە حوکمی ملمڵانێی سیاسی ئەکێشرێت.
با درێژەی پێنەدەم گوێ لەم چیرۆکە خەمناکەی ئەم برادەرە بگرن:
لەدوای خیانەتە گەورەکەی مەسعود بارزانی وحزبەکەی لە 31 ئای 1996دا وەکو یەکێک لەو هەزاران هەزار نیشتمانپەروەرانەی کە هەڵویستیان وەرگرت بەرامبەر بەم خیانەتە منیش نەمویست خرم و خێزانەکەشم بکەوێنە ژێر پۆستاڵی بەعسەوە، بۆیە شارە خۆشەویستەکەی خۆمان بەجێهێشت و رومان لەشاری سلێمانی کرد وەکو پەناگەیەک بۆ خێزانەکەم..ساڵانێکی درێژ لەم شارەدا ژیانمان بەسەربرد،خوای گەورەش کورێکی پێبەخشین کە هەر لەوشارەدا لەدایکبو..برادەرەکەم دەڵێ: لەساڵی 2005دا گەڕامەوە شارەکەی خۆمان ودوای ماوەیەکی کەم کاتێک هەستمکرد دەسەڵاتەکەمان بەرەو گەندەڵی وناعەدالەتی لەحوکمدا هەنگاو دەنێت رەخنەی زۆرم لەو دەسەڵاتە گەندەڵە گرت،تا دواجار کاتێک دڵنیابوم لەوەی پارتی وسەرۆکەکەی دەستبەرداری دەسەڵاتە مافیاکەیان نابن و، وڵاتەکەم بەرەو دیکتاتۆرییەت ئەبەن، زانیم جێگام لەشارەکەی خۆمدا نەماوە جارێکیتر هانام بۆ سلێمانی هێنا کەشاری ئازادی وسەقامگییری،وخەڵکەکەشی خاوەن هەڵویستی نیشتمانپەروەرانەو دلێرانەن،ئیستاش مێوانی ئەم شارە بەرێزەم..
چیرۆکە دڵتەزێنەکەی ئەم برادەرە لێرەوە دەستپێئەکات، کاتێک کوڕە بچکۆڵانە سلێمانییەکەی لەمەکتەبێکی هەولێرەوە ئەگوازێتەوە یەکێک لەمەکتەبەکانی سلێمانی بۆ ئەوەی لەخوێندن دوا نەکەوێت،سەرباری ئەوەی کوڕەکەی لەدایکبوی سلێمانیە ئەگەر وەکو وڵاتانی دونیا مامەڵەی لەگەڵ بکرایە ئێستا مافی رەگەزنامەی ئەم شارەشی پێئەدرا.بەڵام وەکو باوکی ئەڵی"دوای تەنها مانگێگ لەخوێندن ئەم کوڕەمیان بێزار کرد..بەخەمێکی قوڵەوە رۆژێ هاتەڵام و داوای کرد ئەگەر بەتەنهاش بێت بیگەرێنمەوە هەولێر،بەبیانوی ئەوەی گوایە هاوەڵەکانی لەمەکتەب رۆژانە دەیانو سەدان جار گاڵتە بەزمانەکەی ئەکەنو پێی رائەبوێرن!!!..کاتێک شکاتم بردە ڵای بەرێز بەرێوەبەری مەکتەبەکە زۆر بەرێزەوە هەوڵیدا کەوا ئەم خوێندکارانە دەمکوت بکات کە سوکایەتیان بەکوڕەکەم ئەکرد، ئەمەش ئەنجامێکی باشی هەبو، بەڵام هەر ئەم بەرێوەبەرە قسەیەکی کرد کە زۆر کاریگەری هەبو بەسەرمەوە،ئەو وتی"ئەوەی لەسەر ئێمە بێت لێرە ئەو تەلەبانەی خۆمان وشیار بکەینەوە،بەڵام ئەرکی سەرەکی ئەکەوێتە ئەستوی خودی خێزانەکانەوە کە ئەبێ کۆتایی بەم گاڵتەجاڕییە بێنن و رێز لەمیوانەکانیان بگرن.بەڵی راستە خوێندنگا بنچیینەی پێگەیاندنی مرۆڤە،بەواتایەکیتر ئەتوانم بڵێم مەڵبەندی دروستکردنی کەسێتی مرۆڤە،بەڵام هێشتا خێزان رۆڵی سەرەکی هەیە لەتەربیەتدان وهوشیارکردنەوەی تاکەکان،چونکە لێرەدا خێزان کاریگەری زیاترە.
چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی هات بە گێرانەوەی برادەرەکەم..
سەیرم پێدێت بەرێزان خەڵکی ئەم شارە پڕ رۆشنبیرەو پایتەختی رۆشنبیری کوردستان،کەمیوانداری ملیۆنێک عەرەب ئەکەن،بەڵام رۆژێ لەرۆژان نەمانزانی گاڵتە بەزمانیان بکرێت..تورکمانیش کەیەنە ئێرە رێزیان ئەگیرێت، بەڵام کە هەولێریەک بێتە ئێرە وەکو نێچیرێکیان دەست کەوتبێت ئەکەونەسوکایەتی پێکردنی.. 
با واز لەوە بێنین کەوا خەڵکی ئەم سلێمانییە یەک ملیۆن نوکتەیان بەهەقو ناهەق بەسەر هەولێرییان دروست کردوە، با باسی ئەو زمانەی هەولێریان بکەین کە هەمیشە گاڵتەی پێئەکرێت،خۆ ئەویش زمانی کوردییە بە شێوەزارێکی جیاوە وەکو هەمو شێوەزارەکانی تری وەکو هەورامی وخانەقینی وبادینانی وتەنانەت کەرکوکیش، بۆچی ئەبێت تەنها شێوەزاری هەولێری گاڵتەی پێبکرێت؟.رەنگە لەقاموسی زمانی کوردیدا زۆر وشەی لەناو هەولێریان باوە لەشێوەکانیتر رەسەنتر بێت..
بەرێزان: ئێمەی میللەتی کورد کە گیرۆدەی چەندین هێزو حیزبی سیاسیین و دوای دەیان ساڵ لەخەباتی شاخ و شار قوربانیمانداوە بۆ سەربەخۆییو سەرخستنی میللەتەکەمان، یەکێک لەگەورەترین کێشەی نەبونی دەوڵەتی سەربەخۆشمان ئەگەرێتەوە بۆ یەکنەبونمان،ئیدی تاکەی لەسەر شێوەی قسەکردنێک میللەتەکەمان لەوە زیاتر پەرتەوازە بکەینو ریزەکانی تێکبدەین،بەس نیە لەو ملمڵانێی سیاسییە ناسروشتییەی ئێستادا دابەشبونی هەریمَەکەمان بەسەر دو زۆنی سەوزو زەردو دابڕاندنی ناوچەکانی بادینان لەناوچەکانی سۆران ببێتە ئەمری واقیعێکی تاڵ،هەر ئەوە ماوە واقیعێکی تاڵتر بسەپینین بەسەر ئەم ناوچەیەماندا بە جیاکردنەوەی خەڵکی هەولێر لەخەڵکی سلێمانی،ئەگەر کار وابروات دور نیە گەڕەکەکانیشمان دابەشبکرینو ئیتر  بۆ هەتا هەتا جارێکیتر بیر لەیەکگرتویی نەکەینەوە..بەڵی ئەمەش بونی هەبوە ،چۆن لەهەولێر هەمیشە ملمڵانێ لەنێوان گەڕەکە شارنشینو ڵادێیەکاندا هەبوە،لێرەش لەسلێمانی وەکو بیستومە ملمڵانێ لەنێوان گەرەکی عەقاریو گەڕەکەکانی تردا هەبوە..
دوا وتەم وەکو تکایەک لەهەمو خەڵکی سلێمانی بەرێز داواتان لێئەگەم ئیتر بەسە ئەم گاڵتەکردنە،بەسە پەرتەوازەبونو لێکترازاندن، بابەیەکەوە هەوڵی سڕینەوەی ئەم کلتورە قێزەونە بدەین ئەگەر وەکو کوردیش رێز لەیەکتر ناگرین ،با وەکو مرۆڤێک مامەڵە لەگەڵا یەکتردا بکەین.
تکاتان لێئەکەم حەمەی کوڕی ئەم برادەرەم بگرنە ئامێزی خۆتانەوە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە