ناڕەزایەتی ناوەندی سێکولار لە کوردستان

Monday, 11/01/2016, 19:05

3286 بینراوە


ناڕەزایەتی ناوەندی سێکولار لە کوردستان لە بەرامبەر بە پشتیوانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان لە مەلا سەلیم شوشکەیی ! 
ئالا تالەبانى سەرۆکی فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و وشیار عبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی حیزبەکانیان دووپات کردۆتەوە بۆ مەلا سەلیم شوشکەیی لە بەرامبەر بە بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف کە ئەم مەلایەی لە بانگخوازی لابردوە بە چەند هۆکارێک ، کە یەکێکیان هەبوونی بەڵگە یە لەلایەن دەستگیر کراوانی باندێکی تیرۆرسی لە هەولێر لە ناوەراستی ساڵی ٢٠١٥ دا لەسەر ئەوەی کە ووتارەکانی مەلا سەلیم شوشکەیی بووەتە هۆی گۆڕینی فکری گەنجان بە توندڕەویی و پاڵپێوەنانیان بۆ دەستبردن بۆ کاری تیرۆریستی لە هەرێمی کورستان و پەیوەست بون بە داعش و دەوڵەتە ئیسلامیەکەیەوە.
چەند ساڵێکە ووتاری توندڕەوی ووتاربێژانی هەینی و سوکایەتی کردن بە ماف و ئازادیەکانی خەڵک لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بووتە دیاردەیەکی بەر فراوان و بە تایبەت هێرشیان بۆ سەر هەڵس و کەوت و ڕێز و حورمەتی ژنان کاریگەری زۆری داناوە بە جۆرێک کە بواری گشتی نێو کۆمەڵگەی بۆ ژنان زۆر بەرتەسک کردۆتەوە . کەچی سەرباری ناڕەزایەتی بەردەوامی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و کۆمەڵی مەدەنی ، حکومەتی هەرێم و دام و دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و سەرکردایەتی حیزبەکان هەمیشە بێ باک بوون لە بەرامبەریدا . بە پێچەوانەوە ئیستاش دەبینین یەکێتی و گۆڕان کەوتونەتە دژایەتی کردنی بڕیاری دەرکردنی یەکێک لەو دەیان مەلایەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا ووتارەکانیان بووەتە هۆی بلاوکردنەوە ئایدیۆلۆژی توندڕەوی دینی و تەنانەت هەڵخراندنی فکر و زەینی گەنجان بۆ پشتگیری کردن لە داعش و پەیوەست بوون بە دەوڵەتەکەیەوە . ئاشکرایە کە گۆڕان و یەکێتی خەریکی مامەڵەی سیاسین بەم مەسەلەیەوە و بەناوی پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی خەریکن پشتیوانی لە مەلا شوشکەیی دەکەن ، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو خۆی بەبانگەشەی بۆ توندوتیژی ئاسایشی خەڵکی کوردستان تێک دەدا. ئەمە لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان وا لە نێو جەرگەی شەڕێکی ناوچەیی مەزهەبی کە مەترسیەکانی شەڕی داعش و تەشەنە کردنی فکری توندڕەوی دینی لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستاندا مەترسی گەورەی دروست کردوە بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی کوردستان ، وە پیویستە لەسەر هەموو لایەک کە لە هەوڵی رێگرتندا بن لەم مەترسیانە نەک بە پێچەوانەوە .  
ناوەندی سێکولار لە کوردستان ناڕەزایەتی توندی خۆی دەردەبڕێ بەرامبەر ئەم پشتیوانیەی یەکێتی و گۆڕان لە بانگخوازێکی توندڕەوی ئیسلامی ،کە هانی توندوتیژی داوە و سوکایەتی بە هاوڵاتیانی کوردستان کردوە. ناڕەزایەتی ئێمە بەرامبەر بە پشتیوانیکردنی    لەو کەس و لایەنانەی وەک مەلا شوشکەییە  کە فەزای گشتی کۆمەڵگەدا دژ بە ئازادیە فەردی و مەدەنیەکان و دژ بە ژنان  هەڵدەخرێنن و دۆخی کۆنەپەرستی لە کۆمەڵگەدا زاڵ دەکەن و بانگەشە بۆ فکر و کردەوەی داعشیانە لە کوردستاندا دەکەن.
ناوەندی سێکولار لە کوردستان داوای "قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی‌و تەکفیر لەڕێگەی بەکارهێنانی هەر دام ودەزگایەک بێت بە دام ودەزگا ئاینیی‌و شوێنە ئاینیەکانیشەوە" دەکا وکاردەکا لە پێناو ڕێگاگرتن لە هەر کەس و لایەنێک کە بانگەشەی سوکایەتی کردن بە ئازادی و مافی هاوڵاتیان بکا. 
١٠/٠١/٢٠١٦

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە