قەیرانی دارایی هەرێم، یان سزادانی گەل لەلایەن دەسەڵاتەوە

Monday, 18/01/2016, 18:30

2683 بینراوە


هەموو کەسێک بنەماکانی قەیران و هەلوومەرجی خوڵقاندنی قەیران و هەڵاوسانی ئابووری، کەم و زۆر دەزانێت. چ هۆکارگەلێک دەبنە هۆی دەرکەوتنی قەیرانەکان، بۆیە دەبێت بپرسین ئایا بە ڕاستی ئەو قۆناغەیی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بە مانای سیاسی شتێک بە ناوی قەیران هەیە؟! ئەگەر هەیە هۆکاری قەیرانەکان چین بۆئەوەی بزانین و تێبگەین؟! ئەمە قەیران نەبێت، دەبێت ئەم ڕەوشەیی خەڵکی باشووری تێدا تێدەپەڕێت بە چی ناولێبکەین؟! ئایا پارتە سیاسیەکان لە ڕاستەوە بۆ چەپ لە سکۆلارەکان تاکوو ئیسلامییەکان چەندە تیوەگلاون لە خوڵقاندنی ئەم هەلومەرجەیی ئێستا بۆ بەرژەوەندی سیاسی و مادیی خۆیان، ئەگەر هەموو لەشینی ئەم خەڵکەن بۆ هیچ لایەک ئامادە نییە سازشبکات لە پێناوی خەڵک و سیستەمی حوکمڕانی بەجێبێلێت؟! ئایا دەزگاکانی ڕاگەیاند و میدیاکان لە حزبیی و ناحزبی و سەربەخۆ و ئازادەکان، تاکوو کۆیلەکانی بن سێبەر، چەندە خاوەن پرەنسیپ و ئەدایی ڕۆژنامەوانی و کارێکتەرێکی ئازادن، لەسەر چ بنامەیەک ئەم دۆخە بە قەیرانی دارایی دەچێووێنن، چ بنەمایەکی ڕۆژنامەوانی دەکەنە بنەمایی کارەکانیان؟! لە کاتێک کە هیچ بنەمایەک و ئاڕاستەیەک بەردەست و ئاشکرا نییە، کە ئیشارە بکات بە  قەیرانی دارایی!  خاوەن چ وویژدانێک لە نەخشە کێشانی ئەم باکگراوەندەی بەناو قەیرانی دارایی، کە کۆمەڵگایی باشووری کوردستانی تووشی ئازار و بێباوەڕی و بێ هیوایی کردووە، مانشێتی هەموو سەرە کاتژمێرێک بۆتە سەرئێشە، کە لەبنەماشدا شتێک بە ناوی قەیرانی دارایی نییە بەڵکوو سزادانە. بەڵام جێگای داخە کە میدیاکانیش نانیان لەسەرئەم هەواڵە بێ بنەمایانەیە بەدەست دەهێنن. کە هەموو دەزانن ئەم دەسەڵاتە ٢٤ساڵە بۆتە مۆتەکەی ژیانی هاوڵاتیان و ئەو کیانەی ئەمڕۆ بەرەو نادیاری و تاریکی هەنگاو دەنێت. تایبەت قۆناغێکی زێڕین سەدساڵە بۆ کورد خوڵقاوە و هیوایەکی زۆر هەیە کورد لە داڕشتنەوەی سیاسەتی هەرێمیدا کورد بە ناسنامەی خۆی لە داڕشتنەوەدا جێگای خۆی بگرێت،  ببێتە خاوەن ستاتۆیی نەتەوەیی خۆی و دینامیکی وەرچەرخان بێت بۆ مۆدێلێکی دیموکراتیک بۆ گەلانی ناوچەکە. بەڵام باشوور بەهۆی دەسەڵاتی قۆرخکار و گەندەڵەکانەوە بێ هیوایی دروستکردووە بۆتە گۆڕستانی کەسانی نەتەوەیی و بەوویژدان و خاوەن ناسنامەی دیموکراتیک و ئازاد خەڵکانی هەژار و کەمدەرامەت.
 لەسەرئەم بنەمایە بە خاڵبەندی هەوڵدەدەم شێکارێک بکەم بۆ ئەوەی کە ئەوەی دەگوزەرێت لە ڕاستیدا هیچ  بنەما و ڕێسایەک نییە کە پێوەریی پێبکرێت بۆ ئەوەی قەیران هەیە!  تەنیا لە فەلسەفەی نۆێی سیاسی و ئابووری دەسەڵاتدارانی باشووردا جێگایی پێبدرێت و قسەیی لەسەر دەکەن و خۆیان وەک سواڵکەرێک نیشان دەدەن و گیرفانەکانیان هەموو بانکەکانی جیهانی پڕکردۆتەوە، ئەمە بە ئاشکرا لە سزادانی گەل هیچ ڕاستیەکی ترنییە و هیچ شتێکی تری لەخۆناگرێت! لە مێژوویی شارستانیەت و مرۆڤایەتیدا هۆکارەکانی قەیرانە داراییەکان هەمیشە دیاریکراون، ئەو هۆکارانەیی دەبنە بنەمایی قەیرانەکان، دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجە سروشتیەکان و کارەساتی شەڕ و کاولکاری و گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان، یان دەرئەنجامی داڕمانی ئابووری جیهانی و ناوچەیی.
یەکەم:_ لە مێژوودا قەیرانی دارایی و ئابووری بە هۆکارە سروشتیەکان بە چەندین قۆناغی دژوار و سامناکدا گوزەرەی کردووە، برسێتی و قاتووقڕی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بۆتە هۆی مردنی ملوێنان مرۆڤ، چونکە ئاستی خۆپاراستنی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی دژی کارەساتە سروشتیەکان سنووردار بووە، توانای زانستی و تەکنالۆژی و پێووستی خەزنەدارکردن و گواستنەوە و پەیوەندیەکان لاواز و کەم مەودابووە، هەرچەند ئەمەی باسمکرد نابێتە هێزێک تاکوو بتوانێت ڕێگر بێت لە کارەساتە سروشتیەکان، بەڵام بۆ هاوکاری و فریاکەوتن بۆ کەمترین زیان جێگەی بایەخی خۆیەتی. کارەساتی ووشکە ساڵی و سارماوسۆڵە بەهێز و تۆفان و لافا و نەخۆشیە کوشندەکان...هتد، پەیوەندی بە سروشتەوە هەیە. کە دەبێتە هۆکاری کێشەی دارای و ئابووری و برسێتی لەسەروو تواناکانی مرۆڤەوە سەرهەڵدەدات و توانایی مرۆڤیش تاکوو ئەمڕۆش لەبەرامبەر بە کارەساتە سروشتیەکان بێچارەیە تاکوو ئاستێکی زۆر. لەم هەلومەرجانەش هەمیشە دەسەڵاتداران و بازرگانە بێ وویژدان و خوێنمژەکان هەوڵیان بۆ بەدەست هێنانی زیاتری سەرمایە و قازانجە،  هەمیشە بازاڕیان قۆرخکردووە و بوونەتە هۆکاری زیاتر بۆ لەناوچوونی خەڵکانی هەژار و کەمدەرامەت، لەم هەلومەرجانەشدا ئەو دەسەڵات و حوکمڕانانەی هەمیشە لەسەروو خەڵکەوە خۆیان پەسەند کردووە، بە هۆکاری ڕافاهیەت و خۆشگوزەرانی خۆیان بێ ئاگابوون لە نەهامەتی و کێشەی خەڵکی خۆیان، بەردەوام لە ڕوانگەی کۆشکەکانی خۆیان بۆدەرەوە ڕوانیووە، کاتێک هەست دەکەن کە خەڵکەکەیان لەبەر گوشاریی برسێتی و نەداریی، هێرشیان کردۆتە سەرکۆش و  باڵاخانەکانیان و  کۆتاییان پێهێناون.
دووەم:-  سەرهەڵدانی قەیرانەکان بەهۆی تێکچوونی باریی ئاسیشی و ناسەقامگیری ناوخۆی سەرهەڵدات، یان دەتوانین ئەمە وەک هۆکارێک بۆ هاڵئاوسانی ئابووری و گرانیەکی زەمەنێکی دیاریکرا و کاریگەری لەسەر ژیان و سیستەمی حوکمڕانی هەبێت، بەڵام ئەم دۆخە دەرئەنجام دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی یان بەچاکسازی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمی ئیداریی و دارایی تاکوو بتوانێت کێشە و گرفتەکانی کە بوونەتە هۆکاریی قەیرانی دارایی و ئابووری دەست نیشان بکرێت و بە پێی پێوویست چاسەرەی گوونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، دەبێت ئەم کێشەیە پابەندبێت بە کێشەیی سیاسی و ناوخۆی کە فاکتۆرێکی بەرچاون، بەڵام بەشێوەیەکی هەمەلایەن و گەشتن بە چارەسەریی کێشەکە و گەڕانەوە بۆ دۆخی سەقامگیر، چونکە لە ووڵاتێکدا کێشەی ئاسایشی هەبێت بێگومان بازرگانە ناوخۆی و دەرەکیەکان هەموو ئیمکانی خۆیان بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکان دەكێشنەوە و بە شێوەیەکی ڕؤژانەیی هەڵسوکەوت لە گەڵ پێشهاتەکان دەکەن، بۆئەمەش هەمیشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان دوورگیرن لەو شوێنەی کێشەیی ئاسایشی تێدا بیت.
یان لە کاتێکدا ڕەوشی ئاسایش سەقامگیرنەبێت، زەمینەی پەرتەوازەیی دێتە گۆڕێ و لێرەوەش کۆمەڵە کەسانێک و بازرگانەکان ئەمە وەک دەرفەتێک دەبین، بۆیە کەسانی بێ پرانسیپ و کەم ئەخلاق وەک شاچێنک بۆ قازانجی خۆیان معامەلە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکەن، ئەم کەسانەش زیاتر ئەو بازرگان و کەسایەتیانە کاریی لەسەردەکەن کە نزیکن لەناوەندی دەسەڵات، کەسایەتی بۆژوازن و هەموو دادۆشین و ڕووتانەوەیەکی خەڵک دەکەنە ئامانج، بێگومان ئەم گروپە لەلایەن دەسەڵاتەوە پشگیری دەکرێن و سڵ لە هیچ شتێک ناکەنەوە، بۆئەوەی سەرمایەی خۆیان زیاتربکەن. هەوڵ دەدەن هەموو جوومگەکانی بازاڕ قۆرخ بکەن، بە ئارەزوویی خۆیان تەسەروف بە ژیانی خەڵکەوە بکەن. نموونەی زۆر هەیە لە ساڵەکانی نەوەدەکان و تاکوو ئەمڕۆ  یاریی کردن بە بازاڕ لە ووڵاتی ئێمەدا دیارە کە کۆمەڵانێک بەهەموو شێوەیەک تێوەگلاون و خۆیان شۆڕکردۆتەوە بۆ هەموو جومگەکانی بازاڕ و لەسەرەوەش بۆ ناو دەسەڵات، بێگومان ئەم کەسانە نووخبەیی گەندەڵی و زەمینەیی خوڵقاندی گەندەڵیشن لەناو سیستەمی حوکمڕانی و لەگەڵ ئەوەش دەسەڵاتدارەکان پشتووپەنایی ئەم کەسانەن بۆیە لەهەرشوێنێک خاوەن قسە و هێزی خۆیانن.
سێهەمین:- هۆکاری شەڕێک کە زلهێزەکان لەناو شەڕێکی درێژخایەندابن و لەهەر شوێنێک گۆڕەپانەکان بوونەتە مەیدانی شەڕ و بۆنی خوێنی لێبێت، تایبەت ئەو هەرێمانەی کە بۆتە ناوەندی ململانێ خوێناویەکان و کوشتارگە و برسێتی جێگایی باسە، بێگومان لەم هەرێمانەدا کێشەی برسێتی و قەیران و گرانی بەشێوەیەکی  گشتی باڵدەکێشێت بەسەر ئەو هەرێمانەدا، چونکە هەموو داهاتاکانی ووڵات دەکەوێتە خزمەتی چەک و پێداوویستیەکانی شەڕ، شەڕێک لەپێناو سەرکەوتنێک کە هیچ ماهیەت و مانایی نییە لە کاتێکدا مرۆڤەکان دەبنە قووربانی شەڕ و برسێتی. ئەم شەڕانە لە مێژوویی نزیکدا کاولکاری زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوە، نموونەیی هەردوو شەڕی جیهانی یەکەمین و دووهەمین. چۆن شەڕ و کوشتارگە هەموو هەرێمەکانی ئەوروپا و ڕووسیا و قەفقاس و بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوین گرتەوە و دەرئەنجام برسێتی و قاتووقڕی و هەژاری بۆ ساڵانێک باڵی کێشابوو بەسەریدا.
چوارەمین:- ئەو ووڵاتانەی بە هۆکاری نەبوونی ژێرخانی ئابووری ووڵاتەکەیان تووشی قەیرانی دارایی دەبن، یان داڕمانی ژێرخانی ئابووری کەوتوونەتە ژێرباری قەرزیی سندووقی دراویی نێودەوڵەتی، لەلایەکی تر ئەگەر حوکمەتێک تازە و خاوەن کیانێکی سەربەخۆ ڕابگەیەنێت کە هێچ پشتگیری نەبێت و خاوەن هیچ بنەمایەکی پیشەسازیی و دامەزراوە نەبیت، کە نەتوانێت سیستەمی  ئیداری هەڵسووڕێنێ، هەمیشە خەرجیەکانی لە داهاتی زیاتر بێت و شوێنی جیۆپۆلتیکی توانایی بەرهەمێکی بەهێزوو کاریگەر نەبێت، یان خاوەن کانزاو ژێرخانێکی سامانی سروشتی بێت بەڵام بەهۆکاری نەبوونی کەرەسە و پێداوویستیەکانی بەرهەم هێنان نەتوانێت  سامانەکەی لە بازاڕ بخاتەگەر، یان بەهۆکاری نەبوونی کاریزمەیەکی سیاسی بازاڕ نەبێت و خوڵقاندنی بازاڕیی نەبێت. یان تووشی گەمارۆیی نیوودەوڵەتی و هەرێمی هاتبێت، یان ئەو وولات و حوکمەتانەیی لەژێر باریی شەڕ و ململانێیەکی ناوخۆی خوێناوی هاتوون و سیستەمی حوکمڕانی شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە و دەسەڵات کەوتۆتە دەست چەند گروپ و ئەحزابێک، هەموو ژێرخانی ئابووری دەکەنە ئامانج تاکوو دەسەڵات ملکەچی داخوازیەکانی خۆیان بکەن، دەبێت ئەم گروپ و ئەحزابانە زیاتر بزوتنەوەی ئایدۆلۆژیک، مەزهەبی، ئاینی، یان جەماوەریی بێت دژیی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و ستەمکار هەوڵی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی بدەن.  ئەو کاتە جومگەکانی حوکمڕانی تووشی کێشەیی بەڕێوەبردن دەبێتەوە، لێرەوەش کێشەی دارایی و ئابووریی لەگەڵ خۆیدا دێنێت، چۆن هەموو ئاگادارین لەسەردەمی عێراقی سەردەمی بەعس و ئەمڕۆی سوریا و تاکوو زۆر ووڵاتی تریش تووشی ئەم کێشانە بوونەتەوە ئەفریقا و چەندین وولاتی ئاسیا لە ناو گێژاویی سیستەمی حوکمڕانیدان، گرفت و کێشەی زۆریان لەگەڵ خۆیاندا دروستکردووە دەسەڵاتی دەستپۆتیش بۆ مانەوەی خۆی هەموو هەوڵێکی سەربازیی و ئابووریی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بە هەموو جۆرەکانی بەکاردەهێنێت. تاکوو ڕاوایەتی و مەشروعیەتی دەسەڵاتی خۆی لەدەست نەدات، بێگومان ئەمڕۆی باشووریش زۆر نزیکی ئەم چەمکەی شەڕیی تایبەتەیە کە بەرامبەر بە گەل پەیڕەودەکرێت.
دەرئەنجام:-  بەشێوەیەکی کوورت ئەوەی ڕوونە کە حوکمەتی هەرێم خاوەن هیچ لەم کێشە و گرفتانە نییە، کە ئەزمەیی دارایی بەشێوەیەک بەرۆکی گرتبین، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەموو ئاگادارین کە ئیمکان و دەرفەتی مادیی زۆر زیاتر هەیە کە دەسەڵاتدارەکان و حزبەکان قۆرخیان کردووە، بەڵکوو زیاتر لە داهاتی ٢٤ ساڵ لە ژێرزەمینەکاندا کۆکراوەتەوە و بەشێکی زۆریش براوەتە بانکەکانی ئەورۆپا و ئەمریکا، زۆریش کراوە بە بەرتیل بۆئەوەی دەسەلاتی خۆیان وەک قەدەرێکی ڕەش بەسەر ئەم گەلەدا بسەپێنن، هەموو دەزانین و ئاگادارین کە بازرگانی بێ وویژدانی و دوور لە ئەخلاقیش لەگەڵ چەتاکانی داعش زۆر بە ئاسانی لەم هەرێمەدا دەکرێت و لەلایەکیش کوڕ و گەنجی ئەم ووڵاتە دەبێتە قوربانی دژیی تیرۆرستانی داعش تاکوو ئەم ووڵاتە پارێزراو بێت. لەگەڵ ئەوەش هەموو دەزانین نان بڕین و ئەم قەیرانەی سزادانەی لەسەر گەل پەیڕەویی دەکەن لەلایەن دەوڵەتی توورکیا و بە بەڕێوبەرایەتی بنەماڵەی بارزانی و پارتی پەیڕەو دەکرێت تاکوو هەموو هەرێمی کوردستان پێشکەشی ئاغا ئەردۆغانی بکەن و لەلایەکیش بە موزایدەیی دەوڵەتی کوردیی هەوڵ بدەن خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک، وەک ئەوەی نەزانین پارەیی بانکەکانی توورکیا بۆ کۆمەڵکوژوی خەڵکی باکووری ووڵات و لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوایی کوردستان تەرخانکراوە، چونکە ئەو شۆڕشەیی لەسەر دەستی بزوتنەوەی ئازادیخواز بەڕێوەدەچێت لەناوبچێت و جاش و خائینەکانی وەک خۆیان بکەنە سەروەسێتی پارچەکانی تریی کوردستان و ئەوانیش وەک ئێمە هەمیشە لە ئازاردا ژیان بەسەربەرن، لەلایەکیش هەر هەوڵێک بۆ چارەسەریی لە باشوور و تایبەت لە زۆنی سەوز کاریی لەسەر بکرێت بێگومان وەک بەکرێگیراوی ئێران و بەغداد بەناوی دەکەن. تاکوو ئەو کاتەیی چۆک بە هەموو کەسێک و لایەنێک دابدەن و ئەم ووڵاتەش بکەنە مووڵکی خۆیان و بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێنی تێدا بکەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە