رێبازی پارتیی کوردایەتییە، ئەو رێبازەش بارزانی نەمر دایناوە

Monday, 21/03/2016, 1:03

4504 بینراوە


رۆژی 10/3/2016  مەسعود بارزانی کۆنە سەرۆکی هەرێم، پاش ئەو هەموو تاوانەی بەرامبەر بە کوردە یەزیدییەکانی شەنگال کردی، لە بۆنەی دەرچوونی کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارتی بە چەند قسەیەک خۆی نمایشکرد، نازانم چی وام لێدەکات کە بینینی مەسعود  بە جلی کوردییەوە، زیاتر نیشانەی ساخەچیتی تێدا ببینم و بڵێم هەمیشە بۆ بازرگانیکردن بە کێشەی کوردەوە لەو کاتانەدا لەبەری دەکات، بەتایبەتی لەسەردانەکانی بۆ تورکیا.
سەرەتای قسەکانی مەسعود بەوە دەستی پێکرد گوایە ئەو پۆلە پارتیانەی  لەو خولەدا دەرچوون  خۆیان بە زانست  پڕچەک کردووە! مەسعودی کۆنە سەرۆکی هەرێم پێی وابوو هەرچی لەو خولە دەرچوو ئیتر کەسانی زانان و پڕبوون لە عیلم و مەعرفە، باشە خولێکی کەمخایەنی ئاوا، ئەگەر هەرچییەکی تێدا خوێنرابێت، چۆن بەو ماوە کورتە مرۆڤ دەکات بە پڕ لە زانست و مەعرفە؟، نەخوازە کەسەکانیش پارتی بن، ئەوانەش بن، کە دووربن لە رەوشت و نزیک بن لە هەڵسوکەوتی دزیی، داوێنپیسی، پیخسۆری؟ ئەمانە کە بە فلتەری دەزگای پاراستندا تێپەڕیبن، چ پیویستیان بە عەقڵ و شەهادە و قەلەم و کاغەزە!  گومانم لەوەشدا نییە کە لە کاتی خولی خوێندنیاندا چەند جارێکیش بە ملپێچ و پشتێنی زەردەوە بردویانن بۆ سەر گۆڕی مەلا مستەفا، ئەم خولەش باسی خەبات و کوردایەتییەکەی مەلا مستەفای تێدا بکرێت، رەنگە رێبوار سیوەیلی یان هاوشانێکی وەکو ئەویشیان هێنابێت دەرسی تێدا گوتبێتەوە، باسی تیوریی و کتێبە لاپەرە سپییەکانی مەلا مستەفای فەیلەسوفی کۆمەڵایەتی بۆ کردبن. مەسعود ئاوا بەو سوکییە لە زانست و مەعرفە گەیشتووە و هەڵیدەسەنگێنێت، ئەوەتا کۆنە سەرۆکی هەرێم دەڵێ: (ئەرک و رۆڵی پارتی زۆر گرنگە، ناحەزان ناتوانن ئەو رۆڵە نەهێڵن!) هەڵبەت من لەگەڵ ئەو قسەیەدام، چونکە مێژووی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەوەیان بۆ سەلماندووین، کە رۆڵەکەیان زۆر گرنگ بووە بۆ دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان، ئەویش هەمیشە رۆڵی خیانەت و جاسوسی و دزیی و پیاوکوشتن بووە، ئەمەش ماوەی زیاتر لە 70 ساڵە بەردەوامی هەیە، چونکە بەهۆی یارمەتیی و پشتگیری داگیرکەرانی کوردستانەوە، پارتی و بارزانی توانیویانە هەموو ئەو کارانەیان بە زیادەوە درێژە بە رۆڵی خۆیان بدەن، بەڵگەش ئەوەیە، کە تەماشای کۆمەڵگای کوردی باشوور بکە چۆن ئەمڕۆ بە دەست  پارتیی و حیزبەکانی دیکەی دەسەلاتەوە داڕزاوە و داوەشاوە.
چەند میتودێک هەیە بۆ کارکردنی مرۆڤ و هەلسەنگاندنی کەسێتیی، لەوێوە دەتوانین پێوەرێک دابنێین و بڕیار لەسەر سەنگین و قورسی مرۆڤەکان بدەین!لە پێش ئەوانەیشەوە پاراستن و سنوری شەرەف و کەرامەتە کە کەسێتیی پێهەلدەسەنگێنرێت!  هەڵبەت لێکدانەوەی من بۆ ئەو دوو وشەیە بە مانا کلاسیکییەکەی نا، بەڵکو بە مانا موڕاڵییەکەی، کە هەر کەسێک بە وشیارییەوە لە ماناکەی نەگەیشت، لای ئاسان دەبێت سنوری ماناکانیشی ببەزێنیت، کەسانی خائین و نشتیمانفرۆش، کەسێک نییە خاوەنی شەرەف و کەرامەت بێت، تەنانەت بە مانا کۆمەڵایەتییەکەش، لای پارتییەکان، سنورێک نەبوو بۆ پاریزگاری شەرەف، شەرم ناچێتە نێو روخساریان، کاتێکیش شەرم نەما، بێشەرەفی لە سنوری کەسێتی دەچێتە دەرێ و پەل دەکێشێت بۆ دەستدرێژیکردنە سەر شەرەفی نیشتیمان و نەتەوەش، ئەوەی بنەمالەی بارزانی دەستیان داوەتێ و پارتییەکان پیادەی دەکەن پێناسەی شەرەف و کەرامەت نایانگرێتەوە، بۆیە مەسعود بارزانی قۆناغی شەرم نەکردنی بڕیوە و بەردەوام بە درۆ رۆژانە خەبەری دەبێتەوە و بە درۆش لەگەڵ ماڵ و مندالەکانیدا دەخەوێت، ئەمانە نەک لە سیاسەتدا تەنانەت لەگەل خۆشیاندا درۆ و ساختەچێتیان لێدەچۆڕێت لەملاشەوە قسەکانی مەسعود کە بە درۆ باسی خەبات و پێشمەرگایەتیی و جەوامیری دەکات، ناتوانێت ببێت بە خاوەنی ئەمانە، تەنیا بە بەرگێکی کوردیی خاکییەوە خۆزگەی پیدەخوازێت، چونکە پێیان وایە بە درۆی زمان و جلەکانی دەتوانیت جوانی بۆ خۆی و بنەمالەکەی بکڕێت، ئەوانەی کە مەسعود قسەشیان بۆ دەکات، لە خوار ئاستی موڕاڵی خۆیەوەن، بۆیە زۆربە دانیشتوانەکانیش ئەو کەسانەن کە لە خۆی زیاتر ساختەچی و درۆزن و دزترن! رەنگە بە لۆگیکیانە ئەگەر ئەمە لێک بدەینەوە بۆ مەسعود بارزانیش راست بێت، چونکە مێژووی بنەماڵە ئەوەی پێ وتووین، کە بۆ ئەوە کاریان کردووە، ئەم رۆژەی تێدا ببینەوە و ئەوانەی کە لە ئاهەنگەکەدا دانیشتوون زۆربەیان هەر وەکو مەسعود بارزانی پەروەردەببن و دز و پیاوخراپ و جاسوس دەربچن،  بۆیە مەسعود بە بێ شەرم قسەیان بۆ دەکات و پێیان دەڵێت (پارتی حیزبیکی بەرچاوتەسک نییە، رێبازی پارتیی کوردایەتییە، ئەو رێبازەش بارزانی نەمر دایناوە،) هەر مرۆڤێک ئەگەرهەموو شتێکی دۆراند، هەڵبەت ئاسان دەبێت، قسەی ئاواش لە دەمی بێتە دەری و بە دوایدا بۆ ئەم قسە  پوچانە بکات! چەپڵەبارانیشی بکەن، کە لێرەدا مەسعود بوختان بۆ باوکیشی دەکات، گوایە مەلا مستەفا رێبازی تایبەت بە خۆی هەبووە، ئەویش ربازی کوردایەتیی بووە! هەموو ئەم قسانەی مەسعود، تەنیا قسەی دەمی بازرگانێکی سیاسییە. کە خۆی بنەمالە و عەشرەتەکەی بازرگانی بە چارەنووسی گەلێکەوە دەکەن، ئەو گەلەی کە بێدەنگە و نازانێت چۆن ئەم هەزار پیاوە جامانە جامانەسورانە کڕیار پەیدا دەکەن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە گەلی کورد سنورێک بۆ سوکایەتیی ئەم بنەماڵەیە دابنێت، دەنا ئەو فرسەتەشمان نامێنێت کە لە پاسەرۆژدا هاتنە سەر  ژن و کچەکانمان ئەم بازرگانە سیاسیانەی کورد بە ئاسانی  بۆ داگیرکەران بازرگانیشی  پیوەدەکەن، ئەوسا خەسرەوێکی قەشەنگیمان لێهەڵناکەوێت تا حەیا و ناموسمان بۆ بکڕێتەوە.
دەگێڕنەوە کە خه‌سره‌وی قه‌شه‌نگ یان خه‌سره‌وی گووڵی، کە یەکێک بوو لە کەسە ناسراو و روناکبیرەکانی ئێران، شەوێک لە تاران بە لای کەبارێیەکدا تێدەپەڕێت، دیمەێک کاری تیدەکات و قەرەباڵغی ئەو شەوەی بەردەم کەباریاکە سەرنجی رادەکێشێت، بۆیە دەچێتە ژوورێ و دەبینێت، کچێکی زۆر جوان کە لە ناخەوە بریندا و خەمبارە سەما بۆ خەڵکەکە دەکات،‌ ئەوانیش هاوار ده‌کەن پاره‌ به‌ سه‌ریدا هه‌ڵ دەبارێنن، بە قوربان و بەساقەی دەبن.
خه‌سره‌وی قه‌شه‌نگ، خۆی پێناگیرێت و لە پڕ  ئه‌چێته‌ سه‌ر شانۆکه‌ و‌ هاوار بۆ خه‌ڵکه‌که‌ ده‌کات ده‌ڵێ: کێ ئه‌م کچەی زۆر زۆر خۆش ده‌وێ؟ هه‌موو  بە یەک دەنگ‌ هاوار دەکەن: من من من .. .. ئه‌مجا ده‌ڵێت: ئەی کێ حەز دەکات لەگەڵ ئه‌م کچه‌ جوانەدا جووت بێت؟ هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ هاوار دەکەنەوە و دەڵێن: من من من ..
ئینجا بە دەنگێکی لەسەرخۆ و هێمنانەوە لێیان دەپرسێت: باشە ئەی کێ ئامادەیە بیهێنێت و  بیکات بە هاوسەری خۆی!؟
خه‌ڵکه‌که‌ هه‌موویان بێده‌نگ دەبن، که‌س نقه‌ی لێوه‌ نایەت، ئەوسا خه‌سره‌وی قه‌شه‌نگ دەڵێت ئەوە منم کە ئامادەم ئەم کچە بهێنم و لە دەست ئیوەی شەهوەتباز ق دڕندە لەم بازاڕی لەشفرۆشییەدا رزگار بکەم. 
مەسەلەی کورد و نیشتیمانەکەی بە دەست ئەم  سەرکردە و بەرپرسە خوێڕیانەی کوردەوە وەک ئەو کچە بەستەزمانە سووک بووە، لەبەر مەستی دۆلر و خۆدەولەمەندکردنیان کەسێکیان تێدا نەماوە، ئاوڕ لە مێژوو، لە رابردووی خۆی بداتەوە، ئاماده‌ بێت بەرگری له‌ نیشتیمان و خەڵکەکەی بکات، نەهێڵێت لەوە زیاتر بەرەو تالانی و فرۆشتن بڕوات، هەموو خۆیان بۆ ئەو رۆژە ئامادەکردووە، کە بە جانتاکانیان کوردستان جێبهێڵن.
تێبینی و سەرنج: فازیل بەشارەتی و هیوا ئەحمەد مستەفا کە هەردووکیان ئەندامی سەرکردایەتی پارتیین  لەو خولە  دەرنەچووبوون.
بۆ بینینی تەواوی قسەکانی کۆنە سەرۆکی هەرێم کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە