لە ڕێکەوتنەکەى گۆڕان و یەکێتى پەنجەکان یەکتر دەشکێننەوە یان برینەکان ساڕێژدەکەن؟!

Saturday, 21/05/2016, 22:04

2281 بینراوە


لەباشورى کوردستاندا واى لێهاتوە خەڵک گەشبین نیە بە قسەى بریقەدار و تەنانەت پەیڕەو و پڕۆگرامى حزبەکان و خاڵەبندى ڕێکەوتننامەکانیش!، چونکە کاتێک چاوێک دەخشێنیت بەو نوسینانەدا وەک ئەوە وایە وشەکان بە ئاڵتون نوسرابن، لەسەر ئەرزى واقعیش کارى پێناکرێت!!، خاڵى جەوهەرى نیەتى کار و جێبەجێکردنە، ئەم قسەیەش تەواو بۆڕێکەوتنەکەى (گۆڕان و یەکێتى) شیاوە، هەرلەبەر ئەمەش بوو کاک نەوشیروان لەوتارەکەیدا لەبەردەم سەرکردەکانى هەردوولا وتى(عیبرەت لەقسەکردن نیە، بەڵکولە جێبەجێکردنە)!. 
ڕاستینەى کورد بەهۆى دابەشکارى و داگیرکاریە، یەک لەدواى یەکەکانەوە، گەر بێت و تەنانەت دوو کەسى ئاسایى نێوانیان خۆش بێت و پەیوەندیەکى تەندروستیان هەبێت چوار دەورەکەى قازانجى لێ دەکات، تابلۆکە گەورەتر بکەین لەباشورى کوردستانیشدا بمانەوێت یان نا ڕاستیەکى هاشاهەڵنەگرە  (بزوتنەوەى گۆڕان. یەکێتى نیشتمانى)، دووهێزى کاریگەرى نێو پڕۆسەى سیاسین یەکێکیان شەرعیەتى شۆڕش و ئەویتریان شەرعیەتى جەماوەرى هەیە، گەربێت و نیەتى چاکسازى و خزمەتى گەلى باشور لە زهنیەتى سەرکردایەتى ئەم دوو حزبەدا هەبێت گومانى تیانیە لە ئایندەیەکى نزیکدا دەتوانن هەرەس بەقەیرانەکان بێنن و ئاهێک بە بەر حکومەت و گەلدا بکەنەوە، لەهەمان کاتدا ببنە جێگەى ئومێد بۆ شۆڕشى پارچەکانیترى کوردستان، بەهاوکارى سەرجەم هێز و لایەنەکانیترى باشورى کوردستان.
هۆکارگەلێکى زۆرهەن تا وا لەبزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتمانى بکەن هەنگاو بەرە و ڕێکەوتن و لەداهاتوشدا یەکگرتنەوەبکەن، ئاشکرایە لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوودا یادى سەدساڵەى پەیماننامەى (سایکس بیکۆ)بو، لەوەش ڕوونتر ئەوەیە کە لەداهاتودا بەندەکانى ئەم پەیماننامەیە وەک خۆى نامێنێت، کوردیش پێکهاتەیەکى سەرەکیە بۆگۆڕانکارى لەنێو نەخشەى نوێى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، گەربێت و نێوماڵى کورد بەم بارو دۆخەى ئێستا و فرەکوێخاییە بمێنێتەەوە ئەوا زەرەرمەندى یەکەم تەنها هەرکورد خۆیەتى وەک چۆن لە ڕابردودا هەبوە، لەلایەکیتر بەهۆى ناکۆکى هێزەکانەوە بەگشتى و بەتایبەت گۆڕان و یەکێتى دەمێک ساڵە هاوسەنگى هێز لەباشورى کوردستاندا نەماوە و بەقازانجى پارتى دیموکراتى کوردستان یەکلایى بۆتەوە کە ئەمە خەتەرە، بەتایبەت لەم ماوانەى ڕابردوودا هەم یەکێتى و هەم گۆڕان لەلایەک و لەلایەکیتر حزبەکانیتر هەریەکە بەجۆرێک لەلایەن پارتى یەوە گۆشەگیرکرابون و دوورخرابونەوە لە ناوەندى بڕیارى سیاسى لەباشورى کوردستاندا، بەهۆى ئەم ڕێکەتنەوە گەربیانەوێت دەتوانن هاوسەنگى هێز ڕاگرن و ململانێى سیاسى خۆیان بکەن لەگەڵ سەرجەم هێز و گروپەکانى کوردستاندا لەچوارچێوەیەکى تەندروستدا، بەمەش لەلایەک گەل قازانج دەکات لەلایەکیتر هەموو لایەنەسیاسیەکان خۆشیان قازانج دەکەن. 
بەڵام ئەوەى کە جێگەى نیگەرانیە ئەوەیە ئەم ڕێکەوتنە بۆدژایەتى پارتى بێت، دووبارە ململانێى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو لەگەڵ پارتى بکەنەوە، کە لێکەوتەى دووئیدارەیى جارێکیتر بەسەرگەلدا پەیڕەودەکەنەوە، لەچرکەساتەکانى دواى ئاهەنگى ڕێکەوتنەکەوە قسەى پارتى  مان لەزارى(هێمن هەوارمی)ەوە بیست دواتر لەڕۆژى دوایدا بەیاننامەکەى پارتى شمان بینى، کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەم ڕێکەوتنە نیە، چونکە بە گەلە کۆمەى دەزانێ بۆسەرخۆى!!، لەبەرامبەریشدا یەکێتى و گۆڕان هەرچەندە بەفەڕمى ڕایان نەگەیاندوە بەڵام مەیلى دووئیدارەیى لە زهنیەتیاندا هەیە گەر بێت و پارتى ڕێک نەکەوێت لەگەڵیان!!، بۆ ئەمەش پارتى و یەکێتى هەریەکە ئەزمونى مێژوویى و تاقەیەکى باشى ئەو ململانێیەى هەیە کەدواجار زەرەرمەندى یەکەم گەلەکەمان دەبێت لەم شەڕەدا کە هیوادارین ڕوونەدات.
دواجارپێویستە هەریەکە بەئەرکى مێژوویى خۆى هەستێت، باوەڕناکەم جارێکیتر گەل قبوڵى ئەوەبکات سەرکردەکانمان لەسەر شاشەى تیڤى یەوە دووبارە ئەستۆپاکیمان پآ بفرۆشنەوە و  ململانێى خوێناوى لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە، چونکە وەک پێشتر باسمکرد ئەمڕۆ ناوچەکە لەلایەک لەجەنگێکى خوێناوى دایە، پڕیشکى گەورەى ئەو جەنگەش بەرکورد کەوتوە، لەلایەکیتر لەبەردەم گۆڕانکارى جدیداین نەپێویستمان بە ململانێى ناشەریفانەهەیە نەتەحەمولیشى دەکەین، بۆئەوەى لەکاروانەکە دانەبڕێین!. 
لەکۆتاییدا دەمەوێت ئەوەش بخەمە ڕوو کە ڕاى سێ یەمیش لەسەر ئەم ڕێکەوتنە هەیە، بەهۆى چارەسەرنەکردنى کێشە و ئاڵۆزى و قەیرانەکانى هەرێمى کوردستانەوە، بەتایبەت قەیرانى دارایى و نەبونى موچە کە کاریگەرى ڕاستەوخۆى بەسەر ڕۆژانەى تاک بەتاکى هاوڵاتیانەوە هەیە، ترسى دروست بونى حزبێکى نوێ لەسەر هێڵێک کە دژى باگگراوندى سیاسى ئەم حزبانەى ئێستابێت، هانى سەرکردایەتى گۆڕان و یەکێتى داوە بۆنزیک بونەوە بەئاگادارى خودى (بارزانى)!!، ئیدى من کارم بەوەنیە لەڕاگەیاندنەوە چى دەگوزەرێت، گەر ئەمە ڕاست بێت ئەم دژایەتیەى پارتى بۆ زیاتر هاندانى ئەندام و لایەنگرانى گۆڕان و یەکێتى یە تا هیچ حساباتێکیتر لەگەڵ سەرکردەکانى خۆیان نەکەن کە بزوتنەوەى گۆڕان بۆ لەیەکێتى جیابۆیەوە؟ وەئێستاش بۆڕێک دەکەونەوە؟، گەورەکردنى ئەم ڕێکەوتنە و دژایەتى پارتیش بەجۆرێک لەمیدیاکاندا ڕەنگى داوەتەوە ئەندامانى هەردوو لا تەنها بیریان لاى دژایەتیەکانى پارتیە بۆئەم ڕێککەوتنە!!.
ئایندە باشترین وەڵام دەبێت بۆدەرکەوتنى نیەتى سەرکردەکانى ئەم دوو هێزە لەوەش گرنگتر پێویستە ئەندامانى هەردوولا، توێکى ڕابردوو فڕێ بدەن و تەنها لەوە تێبگەن کە (حزب وەسیلەیە بۆبەدەست هێنانى ئامانج)، ئەو ئامانجەش بەخزمەتى خەڵک بێت نەک پێچەوانە. 
تێبینى/ پەنجەکان یەکتر دەشکێنن، ناونیشانى کتێبێکى کاک نەوشیروان مستەفایە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە