ئایا زلهێزانی سەرمایەداری خۆیان ڕێک دەخەنەوە یان بەرەو لێکترازان و قەیرانی زیاتر دەخزێن؟

Sunday, 29/05/2016, 9:56

3087 بینراوە


دوو جەنگی نێونەتەوەی بەسەرکردایەتی خودی زلهێزانی سەرمایەداری لە سەدەی بیستدا،بۆخۆی جەنگێکی ماڵ کاولکاری گشتی بوو بۆسەر کۆی بەهاو ئیرادەی مرۆڤایەتی لەم سەر زەمینەدا. ئەوەی لەوجەنگەدا لەدەست درا،تەنها بڕی ئەو ژمارە ملیۆنەیەی مرۆڤەکان نەبوو،بەڵکو،خۆبەخۆ،ئاستی کوشتنی هێزو ئیرادەی بزوتنەوە شۆڕشگێڕیە یەکسانیخواز و دژە کاپیتاڵیستیەکان بوو،واتە لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی ئاستی نێونەتەوەیی بونەوەی ڕێکخراو بوونی سیاسیانەی چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ بوو. لەبەرانبەردا،ئەو دوو جەنگە سەرمایەداریە،کۆی پێکهاتە نێونەتەوەیەکانی نێوان ڕێککەوتنەکانی بۆ دابەش کردنەوەی سەرزەمینی دەرەوەی وڵاتانی خۆیان،دابەش کردەوە،بەڵام هێشتا بەپێی دابەش کردنێکی یەکسانیخوازانەی نێوان خۆیشیان نا،بەڵکو بەپێی هەیمەنەی زلهێزی وکێ لەڕوی هێزەوە لەهەموانیان بەهێزترە.
لێرەدا ئەوەی دەردەکەوێت لەم نێوەندەدا،هەوڵدانێک نەبوە بۆ چارەسەری کێشمەکێش و ململانێکانی نێو خودی ماڵی زلهێزانی سەرمایەداری،بەپێچەوانەوە،هەمیشە ئەو کێشمەکێشانە،بوەتە هۆکارێک کە هەرساتێک بۆیان گونجاو بێت،دەست ببەنەوە بۆجەنگ و سەرقاڵ کردنی کۆمەڵگەکان،لەلایەکی تر،خودی ئەم سیستەمە قازانج خۆرە،هەمیشە بۆخۆی بەرهەمهێنەری هەژاری و بێکاری و بڕسێتی نێو چینەکانی خوارەوەی خۆی بوە. دوای کۆتای هاتنی جەنگی دوەمی جیهان لە ساڵی 1945دا،کێشمەکێشی زلهێزێکی وەک ئەمریکا بەدژی بلۆکی شورەوی،دیسان جیهان تا کۆتای ڕوخانی دیواری بەرلین و کۆتای بلۆکی شورەوی لە ساڵی 1989 1990،لەنێو جەنگێکی ساردا خۆی تەیار کردبوو،لەم ماوەیەشدا،هیچکات وەڵام بەداخوازی و دنیایەکی باشتر بۆ گشت،هیچ بونێکی نەبوو،بەڵکو هەردەم ململانێکانی نێوان زلهێزان لەبەرژەوەندی ئەو چینە دەسەڵاتدارەدا تەواو کراوە و لەبەرانبەریشدا چین و توێژە کرێ وەرگرەکان هەردەم بەرەو هەژارتر بوون و سەرلێشێواوی زیاتر براون لەلایەن خودی سەرانی قازانج خۆری سەرمایەداریەوە.
لەدوای تێک شکانی بلۆکی شورەوی،ئیتر بۆ سەرانی بازاڕی ئازادی سەرمایەداری وەک جەژنێکی بێکۆتای دەبینرا،کەچیتر خۆیان دەتوانن بەئازادانەی خۆیان چۆنیان دەوێت ئاوا بڕۆنە پێشەوە،دیارە ئەم هەنگاوەیشیان بۆچۆتە پێشەوە،بەڵام بەکام نرخ؟ بێگومان بەدرێژەدان بەجەنگ و برسی کردن و ماڵ وێران کردنی ملیۆنان لە مرۆڤەکان. جەنگی بەڵکان لەدەیەی دوای نەوەتەکانی سەدەی بیست،جەنگی کەنداو،جەنگی ئەفگانستان لەدوای 11/سێپتێمبەری/2001 بێجگە لەدرێژەدان بە ملکەچ پێکردنی هەر دەوڵەتێک ملەجەڕێیەکی کردبێت لەبەرانبەرئەم زلهێزە دڕندەیەی ئەمریکاو بازاڕی ئازادی نیولیبراڵیزم ڕابەرایەتی لێ دەکەن.
جیهان دیسان لەدوای بلۆکی شورەویەوە نەک ئارامی بەخۆیەوە دیوە،بەپێچەوانەوە بۆ چرکەیەکیش ئارام نەبوە،هەردەم گوێبیستی دەهۆڵی جەنگ بوین.ئەمە بۆچی و لەپێناو کام ئامانجدایە؟
بێگومان سیستەمی سەرمایەداری بەبێ قازانج لە زێدە بەرهەمی ڕەنجی بەرهەمهێنەرەکەی ناتوانێت بژی،ئاخۆ گەر جەنگ بەرپانەکرێت و لەڕێگای جەنگەوە دەست نەگیرێت بەسەر سەرزەمینەکانی تردا،ئەم سیستەمە دەتوانێت بەئاشتیانە هەر قازانج وەچنگ بخات؟ دیارە لەگەڵ ئاڵوگۆڕی هەلومەرجی کار و چونە پێشی ئاستی داهێنان لە ئامرازەکانی کاردا،ئاستی هوشیاری مرۆڤەکانیش لەگەڵ خۆیدا ئاڵوگۆڕ پێدەکات.بەو مانایەی چەندێک ئاستی بەرهەمهێنان بچێتە سەرەوە بەو ئاستەیش ئاستی داخوازیەکان و پێویستیەکانی مرۆڤیش دەچێتە پێشەوە،لێرەدا پێکدادان و ململانێکان زیاد دەکەن،هەم لەنێوان بەرەمهێنەران و سەرمایەداراندا وە لەلایەکیتر لەنێوان خودی وڵاتانی سەرمایەدارانیشدا،چونکە لەم نێوەدا پێشکەوتنەکان لەپێناو تەنها بەرژەوەندیەکانی ئاستی بژێوی و چونەسەری داخوازیەکانی کۆمەڵگەکان نیە،بەو ئەندازەی قازانجی ئەو چینە دەسەڵاتدارە سەرمایەداریە دەیخوازێت،کەلەکام ڕشتەدا زۆرترین قازانج وەدەست دەخرێت. تۆ ببینە هەرچ دەرمانێک دەدۆزرێتەوە لەڕێگای تاقیگا پزیشکیەکانەوە بۆ چارەسەری جۆرێک لەنەخۆشیەکان،لەبەرانبەردا کەرتی تایبەتی قازانج خۆر دەیان جۆری دیکەی نەخۆشی دەهێننە نێو کۆمەڵگاوە لەڕێی بەرپاکردنی جەنگ و پیس بونی ژینگەو جێوڕێی دوور لەتەندروستی بۆ خەڵکە هەژار کراوەکە. لێرەدا،چی ڕوو دەدات،بەردەوامی ململانێ و دژایەتیەکان. تا ئاستی چونە پێشی هۆشیاری سیاسی لەبرەودا بێت،بەو ئەندازەیەش ئاستی داواکاری و ڕیفۆرم و چونە سەری کرێی زیاتر لەبەرانبەر سەعات کاری کەمتر دەچێتە پێشەوە. بۆ چینی سەرمایەداریش ئەم کارە نابێتە مایەی دڵ خۆشی بۆی،لەبەرانبەر ئەو هاتنە مەیدانیەی هێزە کارکەرەکاندا،دیسان چارەسەر بۆ دەوڵەتی سەرمایەداران بەرپاکردنی جەنگە بەهەرچ هۆیەک بوە. وەک چۆن جەنگی یەکەمی جیهان،سەفەری ئەرشەدۆقی نەمسا بۆ سربیاو کوشتنی لەوێ کرا بەهۆکارێک بۆ بەرپاکردنی جەنگ و دواتر جەنگەکە بوە جەنگێکی نێونەتەوەی،دیارە پێشتر دەوڵەتانی خاوەن ئیمپراتۆر لەئەوروپادا لەنێو قەیرانێکدا بوون و بۆمانەوەیان دەبوا جەنگێک بەرپا بکەن،دواجار بێنیمان جەنگەکە بەکۆتای ئەو سیستەمە پاشایەتیانەیش کۆتای پێهات.
ئێستایش جەنگی ئەمریکا لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا،دیسان وەڵامە بەو قەیرانەی خودی ئەم سیستەمە دڕندەیە تێی کەوتوە،ئێستا ئیتر هیچ هێزێکیش نیە لەبەرانبەر ئەم دڕندایەتیەدا بوەستێتەوە،وەک چۆن شۆڕشی بۆلشەویک لەبەرانبەر جەنگی یەکەمی جیهاندا وەستایەوە. ئێستا قەیسەری ڕوخاوی ئیمپراتۆری پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر،جارێکی تر زیندوو بوەتەوەو خاوەنی هێزێکی زەبەلاحی سەربازیەو ململانێی زلهێزێکی وەک ئەمریکاو ئەوروپا دەکات. دابەش کردنەوەی کێکەکەی ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوینە،لەم نێوەدا ململانێکان بەرەو قوڵتر بونەوە دەبات. پێدەچێت ئەم جارەیش سەرزەمینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەڕێی جەنگە وێران کاریەکانیانەوە بۆ نێو بەرژەوەندیەکانی زلهێزان دابەش بکرێتەوە و بۆ خۆراک پەیدا کردنی ئەم سیستەمە دڕندەیە بەرنامەی ئەم سەدەیەش جێبەجێ کرابێت.
کۆبونەوەی وڵاتانی جی 7 لە وڵاتی یابان،یانی کۆبونەوەی هەرە دڕندەترینی دەوڵەتدارانی ئەم جیهانە.ئاخۆ دەبێت بەچ جۆرێک دیسانەوە پلانەکانیان تۆکمەتر بکەنەوە لەپێناو نەڕوخانی خۆیاندا؟ ئاخۆ دەکرێت مرۆڤایەتی بەکام ئومێدەوە لەکۆبونەوەکانی ئەو زلهێزانەی جیهان بڕوانێت؟ کوشتنی مرۆڤەکان لەوڵاتانی جەنگ گرتوی ڕۆژهەڵاتدا،هەروەک پلیشانەوەی شارە مێرولەیەک وایە،کێ بکەوێتە ژێر پێیەکانەوە دەمرێت و کێیش نەکەوێتە ژێر پێکانەوە بۆ ماوەیەک ڕزگاری دەبێت،بەهای مرۆڤایەتیش لەم سەدەی بیست و یەکەدا هەروای لێهاتوە. ئیتر دەڵێی بەشێکی مرۆڤایەتی زیادەو پێویستی مانەوەی هیچ بەهایەکی نیە.ئاوەرەی ملیۆنی و لەدەریادا خنکان بەبەرچاوی کامێراکانەوە،هەژاری زیاد لەدوو ملیارد مرۆڤ لەم سەدەیەدا،دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە سیستەمی سەرمایەداری نەک هەربوەتە بەڵا بەسەر ژیانی مرۆڤایەتیەوە،بەڵکو بوە بەڤایرۆسێکی کووشندەیش بۆخودی سروشتیش. ئەم سیستەمە دڕندەیە تەنها قەیران و جەنگ دەناسێت ،ئەویش بۆ مانەوەی خۆی وتا قازانجێکی زیاتر وەدەست بخات. بەبێ هاتنە مەیدانی نێونەتەوەییەکی دیکەی چینی کرێکاری پێشڕەوی جیهانی لەم سەدەیەدا بۆ لەنێو دانی ئەم دڕندە کێویە،تەنها فەوتاندنی مرۆڤایەتی چاوەڕوان دەکرێت!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە