لەبەردەوامی تیرۆردا دەبێت یەخەی کام لا بگیرێت؟

Friday, 17/06/2016, 22:40

2726 بینراوە


کارە تیرۆریستیەکان کاتێک ئەنجام دەدرێت دەڵێی ساتی هەورە تریشقەکانە کە نازانرێت بزیسکی لەکوێ دەدات.
مرۆڤایەتی لەم سەدەی بیستویەکی پڕ لەزانیاری و پێشوەچونی گلۆباڵیزەیشن و چونە سەری ئاستی تەکنەلۆژیاکان لەگشت بوارەکاندا،لەهەموو کاتێکی پێشتری زیاتر بواری بێ ئاسایشی و دڵەڕاوکێکانی زیاتر بوە. ڕۆژ نیە گوێ بیستی کاری دڕندانەی تیرۆریستان نەبین لەدژی خەڵکی سیڤیلی بێ تاوان لەم سەر تا ئەو سەری گۆی زەوی. زۆرترینی تاوان گەلێک کە ڕاستەوخۆ دژی خەڵکی سیڤیل ئەنجام دەدرێت لەلایەن گروپە توندڕەوە ئیسلامیە سیاسیەکانی وەک داعش و ئەل قاعیدەو بۆکۆ حەرامەوەیە. دەکرێت بپرسین بۆچی ئەم گروپە ئیسلامیانە ڕاستەوخۆ پەلاماری خەڵکی سیڤیل دەدەن،کەچی ناچن پەلاماری شوێنە هەستیارە گەورەکان بدەن کە سەرانی خاوەن سەرمایەدارەکان بەرهەمە جۆراو جۆرە سەربازیەکانیانی تێدا بەرهەم دەهێنن؟ لێرەدا دیسان دەکرێت بپرسین: ئەگەر تیرۆر وەک خۆی بەرهەمی نێو سیستەمی سەرمایەداری نەبێت بۆچی ناتوانرێت بنەبڕ بکرێت؟ ئاخۆ لەکاتێکدا تواناو ئیرادەی مرۆڤ هێندە گەشەی کردوە کە ژێر دەریاو بۆشای ئاسمانیشی داگیر کردوە،ئەوە چۆنە واناتوانێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ تیرۆر بدۆزێتەوەو کۆتای پێ بهێنێت؟دیسان دەکرێت بپرسین،ئاخۆ ئەوە مرۆڤایەتیە ناتوانێت کۆتایی بەتیرۆر بهێنێت یان ئەوە چینی سەرمایەداری قازانج پەرستە کە نایەوێت کۆتایی بەتیرۆر و کاری تیرۆریستی بهێنرێت؟بۆچی؟ چونکە سیستەمی سەرمایەداری  خۆی بەرهەمهێنەری قەیران و تەنگەژە ئابوری و سیاسیەکانە.ئەو سیستەمە ناتوانێت دەست لەقازانج هەڵبگرێت،لەبەرانبەر قازانجی گەورەیشیدا،چینی کرێکار و خەڵکی هەژاریش زیاتر هەژار دەکرێن و بێدەرەتانی زیاتر ڕویان تێ دەکات. لەم سەدەیەشدا،کۆی سنورەکان لەبەریەک هەڵوەشاونەتەوە بۆ خودی سیستەمەکە و شەریکاتە زەبەلاحەکانیان،لێرەدا ئەوان بەدوای داگیرکردن و دەست بەسەردا گرتنی سەرزەمینەکانن و ژیان و گوزەرانی خەڵکە هەژارەکە هێندەی تر بەرەو هەژارتر کردن دەبرێن. جەنگ هەمیشە وەک ئەلتەرناتیڤێکی واقعی بینراوە لەلایەن سیستەمی دڕندەی سەرمایەداریەوە،بۆیە هەمیشە لەبری گەڕان بەدوای ئاشتی بۆ چارەسەری کێشمەکێش و ململانێ قەومی و دینیەکان،پەنا براوەتە بەر جەنگ و لەو ڕێگایەوە، کۆمەڵگاکان خراونەتە نێو دژوارترین هەلومەرجەوە. ئاخۆ لەکاتی ڕودانی جەنگی نێوخۆی و جەنگی نێوان دوو وڵات چاوەڕێی چی دەکرێت بەغەیری کارەسات و ماڵ وێرانی؟
دروست بونی بزوتنەوە ئیسلامیەکانیش لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بۆخۆی مێژوەکەیان ڕونە کەکێ دەستی هەبوە لە پشتگیری کردنیان و لەپێناو کام ئامانج گەشەیان پێدرا.دواتر لەسەردەمی ئیخوان موسلیمین لەمیسر ساڵی ١٩٢٨ وە تا ئێستا،ئەم گروپە توند ڕەوە ئیسلامیانە،بێجگە لەوەی پێیەکیان لەنێو خودی ئاینی ئیسلامەوەیە پێیەکی تریان پەیوەستە بەو ئامانج و پرۆژانەوە کە دەوڵەتانی زلهێزی وەک بەریتانیا و ئەمریکا تا دەگات بەئیسرائیل لە ناوچەکە هەیان بوە. وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوین،وەک مەیدانی پێکدادانەکانی نێو بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز بینراوە. هەمیشە جەنگ بونی هەبوە لەو وڵاتانەداو لەم نێوەیشدا هەمیشە چینێکی دەسەڵاتداری دیکتاتۆر و دڕندە بەرهەم هاتوە و لەپاڵیشیدا چینێکی زۆر هەژار کراون چ لە ڕوی مادیەوە بوبێت چ لە ڕوی هۆشیاریەوە بووبێت. ژینگەیەکی ئاوایش بۆ گەشە کردنی گروپە ئیسلامیەکان هەمیشە لەبار بوە تا خۆیانی تێدا قایم بکەن و هێز پەیدا بکەن.گەشە کردنی ئەو بزوتنەوە ئیسلامیانە لەبنەڕەتدا بۆ تێکدانی هەرچ فەرهەنگێکی مرۆیی و کۆمەلگەیەکی سیکولار و ئازادی خوازی بوە،تا کۆمەڵگە لەڕێی بیروباوەڕی یەکسانیخواز و بەرەی سۆسیالیستیەوە نەچێتە پێشەوە. چونکە گەر کۆمەڵگەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات ئاشنا ببن بە توانا سیاسی و ئیرادە مەزنەکەی خۆیان لەوێدا دەشتوانن ببنە ڕێگر لەبەردەم ئەو پرۆژانەی زلهێزانی سەرمایەداری بەشوێنیەوەن لە ناوچەکەدا وە لەلایەکی تریش دەتوانن ڕێگر بن لەبەردەمی گەشە سەندنی گروپە ئیسلامیە سیاسیە توند ڕەوەکاندا. بەڵام،مەخابن،هێزو چالاکی بزوتنەوە چەپ و بزوتنەوە جەماوەریەکان لە ئاستێکدا نەبوون کە بتوانن لەلایەک (زاڵ بن بەسەر خودی ئەو پلان و پرۆژانەی زلهێزانی سەرمایەداری کە پرۆژەکانیان تەنها بۆ هەژارتر کردنی زۆرینەی گەلانی ڕۆژهەڵاتە تا لەوێوە بەئاسانی سەرمایەکانیان وەگەڕ بخەن و جەنگە کاول کاریەکانیان بەردەوامی پی بدەن بۆ سەرخستنی کەڵەکە کردنی زیاتری قازانجە مادیەکانیان،وە لەلایەکی ترنەیان توانی ببنە فریاد ڕەسێک بۆ  هۆشیار کردنەوەی گەلانی ناوچەکە(مەبەستم چین و توێژە هەژار کراوەکەیە لەووشەی گەلان،چونکە زۆرینە هەژار کراوە بۆیە چینێکی کەمایەتیش زۆر دەوڵەمەند بوون). دیارە ئەم بێ تواناییەیش ناکرێت کۆی خەتاکە بخریتە سەر ئەو بەرەیە،مەبەست بەرەی سیاسی چەپە،چونکە کۆی دەسەڵاتداران لە ناوچەکەدا بۆخۆیان هەڵگری ئەو چەمکە تاریک پەرستیەن بۆ گەلانی ناوچەکە تا خۆیان و چینەکەیان هەمیشە لە ڕیفاهیەتدا بژین و چین و توێژەکانی دیکەیش هەمیشە بەکوێرەوەری و ناڵینیان بێت بەدەست دواکەوتوی و نەداریانەوە).
لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە تیرۆر خودی دەسەڵاتداری چەوسێنەر بەرهەمهێنەریەتی. هەروەک چۆن مارکس ووتی،مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ململانێ چینایەتیەکانە،ئابەو ئەندازەیەیش،تیرۆریزمیش تەنها دەسەڵاتە چینایەتیە چەوسێنەرەکان بەرهەمهێنەرین. دەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری هەر لە دەوڵەتی ئەمریکاوە تا دەگات بە دواکەوتوترینی دەوڵەتە قازانج خۆرەکان،خۆیان بەشێکی سەرەکین لە درێژەدان بەتیرۆریزم و ئەو گروپانەی دەست بۆ کاری تیرۆریستی دەبەن. کەواتە لێرەدا هاوکێشەکە ڕون دەبێتەوە کە بۆچی ناخوازن کۆتایی بەتیرۆر و گروپە تیرۆریستیەکان بهێنن. ئاخۆ دەوڵەتێکی وەک دەوڵەتی کۆماری سێدارەی ئێران دەوڵەتێکی ترۆریستی نیە؟ ئاخۆ دەوڵەتێکی وەک دەوڵەتەکەی ئەردۆغان دەوڵەتێکی تیرۆریستی نیە؟ ئاخۆ کام دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی هەیە کە پێیەکی لەنێو قایم کردنی بنەماکانی تیرۆریستیدا نەبێت؟ کەواتە بۆچی زلهێزانی جیهان ڕێگا دەدەن بەگەشە کردنی ئەو دەوڵەتە تیرۆریستیانە ئەگەر ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بەتیرۆر بهێنن؟
سیستەمە چینایەتیەکان بەگشتی سیستەمێکن لەسەر چەوساندنەوەی چینایەتی و ململانێ چینایەتیەکان هەبون و پەیدا بوون. سیستەمی سەرمایەداری وەک دوا سیستەمی چینایەتی،لەم سەردەمەدا لەهەرچ کات زیاتر دەستی بردوە بۆ درێژەدان بەچەوساندنەوە و درێژەدان بەماڵ وێرانی لە کیشوەرەکاندا. دیارە لەبەرەو پێشچونی زانستی سەربازیدا،خودی زلهێزان هێندە جۆری چەکی کۆمەڵوکژیان بەرهەم هێناوە،کەمرۆڤایەتی لەهیچ سەردەمێکی تردا وێنەی نابینێت. دڕندایەتی ئەم سیستەمە لەوێدایە کە ئەو نەهیچ ئاینێک دەناسێت وە نەهیچ خودایەک بەهەند وەردەگرێت،بەڵکو ئەم سیستەمە تەنها ئەو ئاین و خودایە دەناسێت کە قازانجی بۆ مەیسەر دەکات. دیارە قازانجەکانیشیان تەنها لەڕێی چەوساندنەوەی چینی کرێکار و هەژار کردنی گەلانەوە مەیسەر دەبێت. خودی ئاینەکانیش لەم نێوەدا بێ بەری نین لەو چەوساندنەوەیە،چونکە پەیدا بونی ئاینەکانیش هەر هەڵقوڵاوی نێو هەلومەرجی بەرهەمهێنان و ئاستی ململانێی چیانەتیەکان بوون. خۆ ئەگەر ئاینەکانیش جیاوازی چینایەتیان وەک کارێکی ئافرێنراوی لەدەرەوەی توانایەکانی مرۆڤ وێنا نەکردایە،ئێستا ئاینەکان نەدەبوون بەسەرچاوەی قازانج بۆ چینێکی دڕندەو نەدەبوو بازرگانیان بەئاینەوە بکردایە. بەڵام ببینن،چۆن خودی ئاین تێکەڵاوە لەگەڵ بنەماکانی پارێزگاری کردن لە خاوەندارێتی تایبەت و پاراستنی سەروماڵی دەوڵەمەندەکان. ئاخۆ گەر ئاینەکان لەپێناو چینی دەوڵەمەند و نەجیب زادەو ئاریستۆکراتە فیوداڵەکاندا نەبوایە،چۆن دەبوو تا ئێستا دەسەڵاتداریەتیەکانی هەمیشە بەدەست ئەو چینە چەوسێنەرەوە بێت؟ کەواتە لێرەدا بۆمان ڕوون دەبیتەوە، کەتا ئەو کاتەی خاوەندارێتی تایبەت برەوی پێبدرێت و چینێکی کۆمەڵایەتی لەپێناویدا بچەوسێندرێتەوە،تا ئەو کاتەیش تیرۆر و تیرۆریزمیش بەردەوامی دەبێت. مەگەر تەنها کاتێک تریرۆرزم وەک چەمک لەناو بدرێت کە ئاستی هۆشیاری سیاسی چینی هەژارکراو گەشتبێتە ئاستێک کەچیتر تەسلیم بەخێڵی قازانج پەرستانی ئاینی و قەومی و سەرمایەداری نەبیت.
ئەم تیرۆریزمەی ئێستا وەک هەورە تریشقەی بەهارانە هەر ڕۆژەی لە چێگایەک دەدات،وەستاندنی پەیوەستە بەیەخە گرتنی خودی دەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانیەوە. ئەگەر چینی کرێکار و گەلانی ئازادیخواز و بزوتنەوە  مرۆڤ دۆستەکان و فیمینیستەکان،نەیەنە مەیدان و یەخەی خودی دەوڵەتەکانیان و سیستەمەکانیان نەگرن و ئیتر بەسەیەکیان لەگەڵدا نەڵێن،دەبێت دڵنیا بین ئەم تیرۆریزمە وەحشیە ئیسلامیە بەردەوامی دەبێت و هەر ڕۆژەی لەدەرگای وڵاتێک دەدات. سیستەمی کاپیتاڵیزم بۆخۆی منداڵدانی تیرۆریزمی جیهانیە،جا ئیتر قەومی بیت یان ئاینی یان هەرچ ناوێکی تری لی بنریت. ئەوە تەنها سۆسیالیزمە بتوانێت کۆتای بەدڕندایەتی دەسەڵاتدارێتی ئەو چینە کەمایەتیە بهێنێت و تیرۆریزم و فاشیزم و ڕەگەز پەرستی نێوان مرۆڤەکان کۆتای پێ بهێنێت. بۆ گەیشتن بۆسۆسیالیزمیش تەنها بە بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەکرێت.چونکە سیستەمی سەرمایەداری خۆبەخۆ لەناو ناچێت و تادێت هار و دڕندەتر دەردەکەوێت. مرۆڤایەتی لەم سەدەیەدا گەر نەتوانێت بەر بەدڕندایەتی پرۆژە نامرۆیەکانی قازانج خۆران بگریت، ڕەنگە دەیان بزوتنەوەی دڕندەی تری وەک داعشی ئیسلامی سونی دروست بکرێت وژیانی مرۆڤایەتیە بخرێتە نێو دڕندانەترین هەلومەرجەوە کەچیتر تروسکاییەک بۆ ئومێدی ژیانێکی هاوچەرخ و پێکەوە ژیانی نەهێڵێتەوە. ئایندە دەتوانێت وەڵامی ئەم شرۆڤەیەم بداتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە