بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان و پرسی قەيرانی سەرۆکايەتی هەرێم ..

Saturday, 30/07/2016, 20:51

3419 بینراوە


لە دوو بابەتی ياسايی و سياسی، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت بەرێز دکتۆر یوسف محمد پێگەيەکی سياسی بەهێزی نەبوو لەناوەندی بڕيارو ڕاوێژی بزوتنەوەی گۆڕان بۆيە ناوبەناو وەسفی دەکرێت بە کەم ئەزموون و لاوازی سياسی، هەر بۆيێش بەشێوەيەکی راددە بەدەری پەستراو لەگردەکەوە سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستان دەکرا بەشێوەی وەکالەتێکی تەواو سنوردار دکتۆر یوسف سپێردرابێت بۆ هەڵسوڕاندنی کاروباری ئیداری رۆژانەی پەڕلەمان، لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ کەسايەتی خۆی وەك مرۆڤێکی ڕەوشت بەرزو ئەکاديمی، بەشێوەيەکی چڕو ووردی بابەتە سیاسی و یاساییە گرنگەکانی پەڕلەمان خودی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دایدەڕشت و د. یوسفیش وەك سەرکارێکی دلسۆزو ئەمین و بێڕاوێژ جێبەجێیانی دەکرد، ديارترين بەڵگە تا ئەو کاتەی کاك نۆشێروان پەيوەندی لەگەل پارتی و سەرۆکی پارتی باش بوو، ئەوا پەڕلەمان لە خەوێکی قوڵدابوو. یەك جولەی نەدەکرد لەدەرەوی ئارەزوی پارتی و سەرۆکەکەی و یەك هەڵوێستی نەتەوەیی و ناوخۆیی نەبوو لەگەڵ حەزو ئارەزوەکانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حوکمەتە شکستخواردوەکە بەناوی ' بنکە فراوانەکە ' چياواز بێت، بە پێچەوانەوە، هەمو کەموکوڕيەکانی دەسەڵاتی دادەپۆشی و پشتگیری سیاسەتەکانی بوو لە مەسەلەی نەوت و هەلوێستی سەرۆکی هەرێم بەرامبەر رۆژئاوا و بێدەنگی لە قۆرخکاری سیاسەتەکانی دەرەوەی پارتی و ناعەدالەتيە فراوانەکانی زۆرينەی ڕەهای جومگەکانی دەسەڵات، بۆ نمونە، کاك عەلی حەمە سالح هەمو لێدوانەکانی پشتگیریکردن بوو لە قسەکانی ئاشتی هەورامی و پشتڕاستکردنەوەی لێدوانەکانی ئەو زاتە بوو لەوکات، لە سەر سەربەخۆی فرۆشتنی نەوت و دابینکردنی بودجەی کوردستان و خودکەفایی بودجەی کوردستان، يەکێکيتر پێداگری کاك ڕێباز حەمەلانی وەزيری دارايیان لەسەر ئەوەی فرۆشتن و داهاتی نەفت شەفافە ! کاك مستەفای سەید قادری وەزيری پێشمەرگە، وەزیرێکی پێشمەرگەی گوێڕایەڵ و بێئاگاو موتیعی سەرۆکی پارتی و حیزبەکەی بوو. هەموو لەياديانە دکتۆر یوسف واژۆی ٦٧ پەڕلەمانتاری کوردستانی پشتگوێ خست و نەیهێشت پرسی باسکردنی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە پەڕلەمان باس بکرێت چونکە سەرۆکی هەرێم ئەوکات ڕازی نەبوو ئەو باسە بێتە مەيدانی گفتوگۆی پەرلەمانی، سەرۆکی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە گۆتی: " باسکردن و ئیعترافکردن بە کانتۆنەکان لە دەسەڵاتی پەڕلەمانی کوردستان نییە و سەلاحیەتی ئێمە ڕێنادات ئەو پرسە لە پەڕلەمانی کوردستان باس بکرێت " ! بەڵام کاتێك ئەمریکا فشارەکان دروست بوو بۆ ناردنی پێشمەرگە وەك پشتیوانی بۆ کۆبانێ هەمان پرس لە پەڕلەمانی کوردستان هاتە گۆڕێ و ئیعترافیشیان بە کانتۆنەکان کرد. وەك عورفی پەرلەمانی زانراوە پەڕلەمان سێ کاری هەیە، یەك: یاسادانان ، دوو: چاودێریکردن و لێپێچینەوە ، سێ: گفتوگۆکردن وتەسدیقکردنی بودجە. با تەنها باسی خاڵی دووەم بکەیین چاودێری و لێپێچینەوە؛ ئەرێ کەس گوێی لە سەرۆکی ئەوسای فیعلی پەڕلەمان بوو باسی لێپێچنەوە لە بەرپرسانی ئیداری و چەکداری و بەرگری شەنگاڵ و ئەو ناوچانە بکات و ڕاستيەکان بخاتەڕوو لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی شەنگال لە ٣/٨/٢٠١٤، وەزارەتی پێشمەرگەش، کە وەزیرەکەی گۆڕان بوو، بێدەنگیان لە لێکۆڵينەوە لەو پرسەکرد و یەك کەس لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرا ؟ بەشی زۆری ئامانجی گۆڕان بەکارهێنانی کاری سەرۆکی پەرلەمانی تەنها بۆ گرنگيدان بوو بۆ چەند دەسکەوتێکی سیاسی و حزبی، لەلايەکی ترەوە بەرامبەر یەکێتی و دامەزراندنی چەند مرید و دەربارێك بوو لەو پۆستانەی پێیان درابوو کە هەر هەموویان خەلکی سلێمانی بوون ( لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ خەڵکی سلێمانی )، تەنها چەند کەسێکی هەولێریان دانا بۆ تاموو بۆن لەگەڵیان، وە کوا لێدوان و ديداروو کۆڕو کۆبوونەوەکانی کاك مستەفا سەید قادری بەرپرسی مەلەفی حوکومەتی گۆران؟! کاتێ گۆڕان بێئومێد بوو بۆ ئەو پۆستانەی داوای دەکەن وپارتيش پێ يانی نەدەدا ! وە زیاتریش لەوە، کاتێ کاك مەسعود بارزانی چووە سلێمانی و سەردانی مام جەلالی کرد پێش ئەوەی بچێتە ئەمریکاو نەچوە لای کاك نٶشێروان، ئەم بابەتە وەك ئیهانە وەرگیرا لای گۆڕان و خودی کاك نۆشێروان، وەئەو هەڵوێستە وەك موەکەی معاوییە وابوو پشتی حوشتری شەق کرد ! پێش ئەم رووداوە گۆڕان هەر هەمویان، بە سەرکردەکانیانەوە، بارزانیان وەك سەرۆکی کورد و هەرێم قبول کردبوو و لەناو خەڵك بانگەشەشیان بۆ دەکرد و دەشیان وت بارزانی بە پشتیوانی تورکیا دەولەتی کوردی دادەمەزرێنێ ! واپێدەچێت ئەو بابەتە بوبێت کە سەرۆکی پەرلەمانی خستە گێژاوێکەوە توانای مەلەکردنی تێدا نەمابێت. ئەوە بوو مەسەلەی هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هاتە گۆڕ وەك کارتێکی تۆڵە سەندنەوە لە پرسی ويلايەتی سەرۆکايەتی هەرێم، کە ئەو هەمو چاکەیەی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانی لەبەر چاو نەبوو بێجگە لە هەڵسوکەوتی پارتیانەی فراکسیۆنی گۆڕان. ئەی بۆ ناپرسرێت: دوو ساڵ بوو پەڕلەمان دەست بەکاربوو بۆ کەس باسی هەموارکردنی ئەو یاسایەی سەرۆکایەتی هەرێمی نەدەکرد لەو ماوەیەدا ؟! بۆ پاش چونەکەی بارزانی بۆلای مام جەلال و خۆ دزینەوەی لە سەردانیکردنی کاك نۆشێروان ئەم مەسەلە هاتە گۆڕو زەقکرايەوە ؟!
لەپاش ئەو هەموو پرس و بابەتانەی باسکرا، دەبێت باس لە کۆتا دوو شکستی گەورەی ياسايی و سياسيەی تری سەرۆکی پەرلەمان بەنوێنەرايەتی بزوتنەوەی گۆڕان بکرێت:
يەکەم: بەو بانگەشەيەی دەکرا لەکاتی کۆتايی هاتنی وادەی سەرۆکی هەرێم، کە بەپێ ی ياسا لەکاتی کۆتايی هاتنی ويلايەتی سەرۆکايەتی هەرێم کە ئاماژەی پێکراوە نابێت نوێ بکرێتەوە، ئەوا سەرۆکی پەرلەمان وەك سەرۆکی هەرێم ئيعلانی دەست بەکاربونی و خۆی ڕابگەيەنێت و مامەلەی سەلاحيەتەکانی سەرۆکی هەرێميش بکات تا هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کە دەبوا دوو مانگ پێش کۆتايی وادەکە هەڵبژاردنی نوێ دياری بکرابوايە، باشە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بە یاسا کارکەرو کارامەو بە جورئەت بوو بۆ خۆی ئيعلان نەکرد وەك کاربەرێکەر لە پۆستی سەرۆکی هەرێم ؟! کێ دەستی ئەوو حیزبەکەی گرتبوو یاسا بەکاربەرەکانی رۆژ جێبەجێ بکات؟! يان ئەو برادەرانەی گۆڕان لە چەندین ساڵەی کارکردنیان لە ناو يەکێتی فێرببوون لە شکستی ئيدارەدانی گەمەی سياسی و ياسايی پاساوی سەيرو سەمەرە بێننەوە، وەك ئەوەی يەکێتيەکان خەڵکيان پێ چەواشە دەکرد کە ئەگەر سەرکردايەتی يەکیتی سازشی نەکردبا بۆ پارتی ئەوا شەرێکی گەورە دەقەوماو دۆخی کوردستان تێکدەچوو! لەبەر بەرژەوەندی گشتی سازشـمان دەکردو بێدەنگ دەبووين ..!
دووەم: سەرۆکی پەرلەمان ئەوکاتەی ڕێگری لێکرا لە بازگەی پردێ وەك سەزادانێك و سەروی خۆی ئاگادارکردبۆوەو پێ يان ڕاگەياند بگەڕێوە بۆ سلێمانی، بەو بانگەشە ميديايە توندەی کە پێ ی ناسرابون چاوەرێ ی هەڵوێست وەرگرتنی چياوازتريان لێدەکرا، کە پێويست بوو هەر ئەوکات و لەشوێنی خۆی لە نزيك بازگەکە هەڵوێستی بنواندباو بمابایەوەو خەيمەيەکی هەڵبداباو بەوشێوەيە سۆزی ناوخۆو دەرەکيشی بۆخۆی و گۆڕانيش ڕادەکێشا، بەڵام ئەوەشيان لەباردا نەبوو ! 
ناوبەناويش بەناڕاستەوخۆ هانی خەڵکی خێر لەخۆ نەديوی هەولێر دەدەن کە برژێنە سەر شەقامەکان و چيتر ئەو دۆخە قبوڵ نەکەن و تاڕاددەی تۆمەتبارکردنی هەولێرو هەولێريەکان بە ترسنۆك و بێ هەڵوێست ! تا خۆيان و دارودەستە گوێرايەلەکانيان بێننە سەر حازری و ببنە برا گەورە، بەبەردەوامبون بەو ئەزمونە تاڵەی خەڵکە ڕەسەنەکەی هەولێر کە زيتر لە ٢٥ بيست و پێنج ساڵە خەڵکێك لەدەرەوەی هەولێر ئيستراد دەکرێن و دەبنە براگەورە ! لەگەڵ ئەوە دەبێت سيستەمی لا مەرکەزيەت دەستەبەربکرێت و کارا بکرێت نەك هەر لەپارێزگاکان بەڵکوو لە هەموو قەزاو ناحيەکانی هەرێم و خەڵکی ئەو ناوچانە لەشوێنی خۆيان براگەورەو حاکمی خۆيان وکەس وکاريان بن، وە هەولێر و هەولێریەکان دەبێ و پێويستە لە حالەتی پاشکۆيی دەربچن و خۆیان ببنە پێشەنگە نەتەوایەتیەکە، چونکە بەدڵنيايەوە کەس لە هەولێر و هەولێریەکان نەتەوەیی ترو دلسۆزتری گەلی کوردستان نیە بەهەمان ئاستی هەموو کوردێکی دڵسۆز لە هەموو کوون وکەلەبەرێکی ئەو کوردستانە. وە هەموو بەڕنامە ناوچەگەریەکان دەبێ بە بەڕنامەی گشتگيری کوردستانی هەولێریەکان بشکێندرێن، نەوەك خەونی ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان دەرفەتی بەدیهاتنی نابێت. هەر بۆيێش هەولێر پێشەنگ و چارەسەرە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە