دێرتر له‌دێڕ

Tuesday, 02/08/2016, 20:03

2067 بینراوە


بەختەوەرترین مردووەکانی ئەم جیهانه بێ‌دەرەتانه
به میچی ئاسمانی ئەم شارەوه هەڵواسراون
پێکەنینه ڕەنگ هەڵپڕووکاوەکانیش
له‌گیرفانی ژنێکدا قۆتماخەی بەستووه و
خۆڵەمێشی ئەسپەنەر سووتاوەکانی ڕۆژەکانی هەینی و
خەفەته تۆزاوییەکانی داوێنی کراسەكەی
تابڵوکانی شاری داپۆشاوه
له‌هەموو دێره بێ‌نەهایەت خەت‌ خەتیتەکانەوه
له‌بێ‌نەهایەتی چاوەکانتەوه
بێ‌نەهایەت حەز له‌خەڵوەتی پەنجێرەکاندا نووستوون
چەنێ دێرتر له‌دێر ئەم هاتنه
ویستنمان نابیستن
ئەو بەرماڵانەی
وا چۆلەکەکان لەسەری نوێژیان ئەخوێند
ڕووحیان نەماوه
لاشەی شەقامه لاڵەکان له‌هەموومان عاشق‌ترن
چەنێ پیادەڕەوی بێ‌پیاده
چەنێ پیادەی بێ‌پیادەڕەو قژەکانم ئاڵۆز و ڕووحم بێزار
لەم هەموو هاتن‌وچوونانەیه‌
لەچکه ڕەشەکانی پەژاره لەسەر
هەموو تاقەته بێ‌تاقەتیەکانم لا ئەده‌م و
ئەیفرۆشم به‌تۆفانی چاوەکانی با
هەر ئەڕۆم و ئه‌ڕؤم سێبەرەکەم له‌خۆم درێژتر ئەبێ
ئاخرین بزەی مەرگیش
بەزەیی بەم تابۆته بێ‌مردووەی لەشم نایه‌
پێڵاوەکانیشم کەوتنه هەناسەبڕكێ
لەم ڕۆیشتنەدا چرکەی سەعاتەکەم
گرێ ئەدەم
به‌تریفەی مانگەوه
با شاره بێ‌چراکانی ئەم ئاسمانه
له‌خەڵوەتی پەنجێره‌ درۆزنەکانا
دەرکەون.

سنه

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە