سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترامپ

Wednesday, 07/12/2016, 23:28

29132 بینراوە


ئەوەی ئۆباما لەسیاسەتی دەرەوەیدا سەرکەوتوو نەبووە ،شتێکی ئاشکرایە.لە بەر نەرم و نیانیی ئوباما ،روسیا گیانێکی تازەی هاتەوەبەرو کەوتەوە ڕمبازێن لە هێندێک شوێنی ئوروپا و ئاسیا و وەک زلهێزێکی هاوشانی ئەمریکا خۆی نواند.داگیرکردنی (crimea)وبەشداری ڕاستەوخۆ لە شەڕی سوریا لە لایەن سوپای روسیا،نیشانیاندا کە هاوسەنگی هێز وەکوو پێشوو نەماوە.هەرچەند لە شەڕ و کاولکاریی سوریا دا بە پلەی یەکەم ڕژیمی ئەسەد و ئێران وڕوسیا بەرپرسیارن،بەڵام تورکیا و سعودیە وقەتەر و ئەمریکاش دەستیان لەو تاوانە گەورەی سەردەمدا هەیە.لە سایەی بێدەربەستی و سیاسەتی هەڵەی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا،زیاتر لە نیو میلیۆن کەس لە سوریا بوونە قوربانی و میلۆنان کەس ئاوارە بوون و ئەو وەڵاتە کاول بووە.سوریا بۆتە پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی سیاسی دەسەڵاتە جیهانی وناوچەییەکان!
کشاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق،لەو هەڵە گەورانە بوو کە ئوباما کردی.ئەو بۆشاییە سەربازییە لە عێراق بوو بەهۆی درووست بوون و پەرەستاندنی داعش لە لایەک وبەهێزبوونی هێژموونی ئێران لە عێراق بەتایبەت و تا ڕادەیەک ناوچەکەش.وای لێهات کە ئێران بە شێوەیەک لە بیری دامەزراندنی ئیمپراتۆریەکی تازەی سەفەویدا بێ وبێجگە لە تاران لە سێ پایەتەختی کە دەسەڵاتی هەبێ(بەغدا،دمشق،سەنعا)بێجگە لە بەشێک لە لوبنان و شوێنەکانی تر.
تورکیەش لەو هاڵۆزیەی سوریا وعێراق ،کە خۆشی دەستێکی باڵای تێدا هەبوو ،کەڵکی وەرگرت و لاسای ئێرانی کردەوە و بیری درووستکردنی ئیمراتۆریەکی نوێی عوسمانی بۆپەیدابوو و بە چوونی سوپای تورکیا بۆناو خاکی عێراق و سوریا،ڕاستەوخۆ کەوتە مەیدان.
ئەو کێشە قووڵ و هاڵۆزانە میراتی ئۆبامان کە بۆ ترامپ بەجێ ماون!
هەڵبژاردنی ترامپ لە لایەن ئەمریکیەکانەوە ،نیشانەی توڕەیی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەمریکایە بە ناکارایی ئەمریکا لە یاریە سیاسییە جیهانیەکان وسەرنەکەوتنی ئەمریکا لە شەڕی دژی تیرۆر و زۆر بابەتی تر...
ترامپ کە نوێنەرایەتی لوتکەی ئەمرۆی سەرمایەداریی ئەمریکایی دەکا،بە پرۆژەیەکی تازە و زۆر جیاواز دێتە ناو کایەکەوە!
لە لایەک کەسایەتی ترامپ ،کەسایەتیەکی خۆسەپێن وپەلاماردەرە، ولە لایەکی تریش ترامپ سۆپێرسەرمەیەدارێکی کارامە و بەئەزموونە.ئەوە وادەکا کە ترامپ لە سەر دوو پەت هاوکات یاری بکا،لە هێدێک شوێن زۆر و لە هێندێک شوێن پارە بەکار بێنێ و بەربەستەکان لە سەر ڕێ لاببا.
ترامپ ،ڕوسیا کە گەورەترین حەریفی سەربازییەتی بەدانی هێندێک پۆینگ و بەشە قازانج ڕازی دەکا.بەوشیوە دەیهەوی لە لایەن رووسیاوە دڵنیابێ.ترامپ دەیهەوێ چین کە گەورەترین ڕەقیبی سنعەتی و بازرگانی ئەمریکایە تەریک بکاتەوە و بیخاتە ژێر گوشار.بەو شێوە دەیهەوی بازنەی بەرفراوانی بازرگانی و فرۆشیاری چین چووک بکاتەوە.
سەبارەت بە سوریا ،ترامپ ڕازیە بە مانەوەی ئەسەد و دەیهەوی ئەو کێشەیە لە گەڵ ڕوسیا چارەسەربکا.بۆ چارەسەری کێشەی سوریا دوو ڕێگا هەیە،یان دەبێ دەوڵەتێکی فیدراڵی بۆ سوونە و عەلەویەکان و کورد دروست بکرێ ،یان سێ دەوڵەتی جیاواز.
سەبارەت بە عێراق ،هەموو کەس ئەوە دەزانێ کە شیعە و سوننەی عێراق بەیەکەوە هەڵناکەن و کوردیش وەڵاتی خۆی دەوێ ،عێراقێکی یەکپارچە تازە درووست نابێتەوە وسێ دەوڵەتی تازە لەوێ دروست دەبن.
سەبارەت بە تورکیا، ترامپ تورکیا ڕادەکێشێتەوە بۆبەرەی خۆی و هەوڵدەدا تورکیا چالاک بێ لە ناتۆدا.هاوکات هەوڵدەدا سەرەرۆییەکانی تورکیە نەهێلێ و ئەگەر بۆی بکرێ بە لێنیزیکبوونەوە لە سوپای تورکیە،سەقامگیریی و هەواڵبەندی پەرە پێبدا.
سەبارەت بە ئێران ،ترامپ نییەتی خێری نیە.دەستینشانکردنی وەزیری بەرگری (ناسراو بە سەگە هارەکە)و سەرۆکی CIA
کە بە دژمنانی ڕژیمی ئێران لە قەڵەم دەدرێن،زەنگیکی خەتەرە بۆ ڕژێمی تاران.
ترامپ بە نیزیکی لە سعودیە و تۆرکیا ومیسر،جێگە و پێگەی خۆی لە جیهانی ئیسلامدا پتەوە دەکا
و لەو نێوەدا ڕژیمی ئێران توشی زەرەر دەبێ.
ترامپ ئەگەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی گەڵ ئێرانیش هەڵ نەوشێنێتەوە، ئاوا مەیدان بۆ ئێران چۆل ناکا و دەستی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کورت دەکاتەوە.دوور نیە لەو پێوەندییەدا لە گەڵ ئێران توشی ڕووبەرووبوونەوەی سەربازییش ببێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە