ئەگەر پارتی شەڕی پەکەکە بکات؟

Wednesday, 28/12/2016, 1:14

4953 بینراوە


نێچیرڤان بارزانی بە ئاشکرا رایگەیاند ئامادەی شەڕین لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەنگال ، تورکیاش پاڵپشتی خۆی بۆ پارتی راگەیاند تا ئێرە ئاساییە چونکە وا دەردەکەوێت جگە لە رێکەوتن لەبواری نەوت پارتی رێکەوتنی تریشی هەیە لەگەڵ تورکیا دژی پەکەکە.
بەهۆی بەرژەوەندییەکانی پارتی لەگەڵ تورکیای دوژمنی پەکەکە و مانەوەی ئاسەوارەکانی شەڕی ساڵانی نەوەتەکانی نێوانیان شەڕی پارتی و پەکەکە هەموو کات ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە بەتایبەت لەم کاتەدا پارتی بەحیسابی خۆی بیانوویەکی بەدەستەوەیە ئەویش بوونی گەریلای پەکەکەیە لە شەنگال وە تورکیاش ئامادەی خۆی نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی پارتی ئەمەش بۆ پارتی دەسکەوتە چونکە دەزانێ بەتەنها خۆی شەڕی پەکەکەی پێ ناکرێت بۆیە پێم وانییە ئەم دەرفەتە لەدەستی خۆی بدات ئەوەی تورکیاش بۆی دەکات کەس بۆی ناکات لەهاوکاریکردنی دژی پەکەکە ئەمەش کارێکی نۆڕماڵە چونکە پارتی و تورکیا دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە ئەویش پەکەکەیە.
گریمان سبەی شەڕ لە شەنگال دژی پەکەکە دەستی پێکرد ئایا پەکەکە دەسەوەستان دەوەسێت؟ بێگومان نەخێر .
 لەوانەیە لە شەنگال پەکەکە شکست بهێنێت چونکە ناهەوسەنگی هێز هەیە تورکیا بە فرۆکە و تانک و تۆپ بەشدار دەبێت پارتیش بەهێزی زەمینی بۆیە تاڕادەیەک سەختە بۆ پەکەکە خۆی رابگرێت لەبەرامبەر ئەم هێرشە فراوانە.
پەکەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستەی شەنگال بەسەری دێت بەرەی تری شەڕ دەکاتەوە لە نێو شارەکانەوە گورزی خۆی لە پارتی دەوەشێت بەتایبەت لەم کاتەدا ژینگەکە لەبارە خەڵک ناڕازییە قەیرانی دارایی و سیاسی هەیه هەموو ئەمانەش بەسەر پارتیدا شکاونەتەوە میللەتیش پارتی بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانێت ، بۆیە هەر زوو لە ناوچەی سەوز و کەرکوک شتێک نامینێت بەناوی بارەگای پارتی گەر یەکێتی کادرەکانی پارتی رزگار نەکات ئەوا پارتی تەرمەکانیشیانی دەسناکەوێتەوە.
لە ناو هەولێریش پەکەکە لایەنگری زۆری هەیه وە نزیکی کەمپی مەخمور لە هەولێر کە ژمارەیەک خانەوادەی گەریلای لێیه وە لەقۆڵی پردێ  و دووبزەوە  گەریلاکان دەتوانن بچنە شاری هەولێرەوە ئیتر شەڕە سەختەکە دەست پێدەکات ، هەر کاتێکیش شەڕ هاتە ناوشارەوە جگە لە دارمانی شارەکە قوربانییەکانیش زۆر دەبن.
لەوەها رووداوێکیشدا بێ گومان فرۆکەکانی تورکیا هەموو ئەو باڵەخانانە بۆردوومان دەکەن کە گەریلای تێدەچێت سەرئەنجام حەلەبێکی تر لە هەولێر دەخوڵقێت.
ئەوکاتە نوێنەرایەتی و کونسۆڵخانەی وڵاتان و کۆمپانیا بیانییەکان دەکشێنەوە دۆخی کورد بۆ سەد ساڵ دەگەڕێتە دواوە .
جگەلەوەی  تەواوی کورد زەرمەند دەبێت بەڵام زیانەکان بۆ پارتی زۆرگەورەتر دەبن ئەزموونی هێزی سەربازی پارتی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ناتوانێ بەرامبەر هیچ هێزێکی چەکدار خۆی رابگرێت چ جای هێزێکی تۆمەکمەو شەڕکەری وەک پەکەکە ئەمە لەلایەک ، لەلایەکی تریشەوە پارتی شەرمەزاری مێژوو دەبێت بەوەی ئەوان دەسپێشخەری شەری براکوژی بوون.
بۆ ئەوەی ئەو ماڵوێرانییه روونەدات پێویستە سرکردایەەی پارتی دوورتربیربکاتەوە شەڕی بەوەکالەت نەکات بۆ رەزامەندی ئەردۆگان شەڕی براکەی خۆی نەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە