تەڵەی بریکاری کوردی

Sunday, 01/01/2017, 18:15

2897 بینراوە


وه‌رگێڕانی: نزار گزالی
کوردستانپۆست: لەبەر گرنگی ناوەرۆکی بابەتەکە، ئەم وتارەمان لە ئاوێنەوە وەرگرتووە
------------------------------
ئایا شەڕی بریکارانه‌ی کورد لەدژی داعش لەداهاتودا بەدژی ویستی نەتەوەییانەوە دەوەستێتەوە؟
لەساڵی٢٠١٣ وە باراک ئۆباما ئەوە دوپات دەکاتەوە کە نابێت پۆستاڵی ئەمریکی لەسەر خاکی سوریا بونی هەبێت، رونی دەکاتەوە، ”ئێمە دەبێت  هاوبەشیی کاریگەرمان لەوێ هەبێت کە لەبەرامبەر داعش بوەستن”. گومان لەوەدا نییە کوردەکان توانیویانە بیسەلمێنن کە شەڕکەری کاریگەرن لەسوریاو عێراقدا، بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئایا ئەوان بەڕاستی هاوبەشن یان تەنها بەکاردەهێنرێن وەک بریکارێک لەشەڕداو کەی شەڕ تەواوبو بەلاوە دەنرێن.
کوردەکان زۆر بەباشی ناسراون بەوەی رۆڵی بریکارییان هەبوە بۆ لایەنە شەڕکەرە جیاوازەکان، چ ئیمپراتۆرە کۆنەکان یاخود دەوڵەتە هاوچەرخەکان. ئەم مێژوە پرسیار دروست دەکات، بۆ نمونە: چ بارودۆخێک وایلێکردون کە بەم شێوەیە رۆڵ ببینن؟ بۆچی رازی بون واکار بکەن؟ پێشبینی دەکەن چۆن سود لەمە ببینن‌و ئایا باڵانسی سودو زیانەکانیان لەماوەی ساڵانی رابردودا، لەم روەوە چی بوە؟
بەگەڕانەوە بەمێژودا، ئەو شەڕانەی کورد وەک بریکار تیایاندا رۆڵی بینیوە سێ شێوازی لەخۆگرتوە. کوردەکان وەک بریکار جەنگاون: بۆ حکومەتی خۆیان لەدژی دوژمنێکی ناوەکی یان دەرەکی؛ بۆ حکومەتێکی دراوسێیان لەدژی حکومەتەکەی خۆیان؛ یان بۆ لایەنێکی هەرێمی یان نێودەوڵەتی لەدژی دژی حکومەتەکەیان یان لایەنی جیاوازی نادەوڵەتی. هەرچەندە بارەکان جیاواز بون، بەڵام دەرەنجامەکان بەشێوەیەکی بێزارکەر لەیەک چون.
نمونەیەکی کۆن بۆ باری یەکەم بریتییە لەسوپای سوارەی حەمیدییە، کە لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمید دامەزرا لەساڵی١٨٩٠ و چالاک بو تاکاتی  شۆڕشی نوێی تورک لەساڵی ١٩٠٨. کاتێک ئیمپراتۆریەتی عوسمانی  لەبەرامبەر زیادەڕەوی ناحەزەکانیدا لاوازبو، سوڵتان پێویستی بەم سوپایە بو، کە پێهاتبو لەهۆزه‌ کوردییه‌ جیاوازه‌كان، بۆ ئەوەی لەدژی ڕوسیا بجەنگێت‌و ئەرمەنیشیان لەناودا بو. لەڕاستیدا رۆڵی حامیدییە لەکوشتارگەی ئەرمەنیەکان لە١٨٩٤-٩٦ کەم نەبو. دەرەنجام‌و ئەزمونی بەشداریکردنی کورد لەحامیدییەدا چەند لایەنەبو. لەلایەکەوە فێری کردن چۆن سوپا رێکبخەن، راهێنان ئەنجام بدەن‌و بجەنگن؛ لەلایەکی دیكه‌وه‌ بەربەرەکانێی نێوان هۆزەکان‌و سەرکردەکانیانی قوڵ کردەوە. ئەمە بەتەنها کاردانەوەی بەشداریکردنیان نییە لەو کوشتارگەیەدا. ئەتاتورک بەڵێنی سەربەخۆیی بەکوردەکان دابو لەبەر پشتگیرییان لەشەڕەکەدا، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردە سەر.
شوێنی هاوچەرخی حامیدییە ‘کۆروکولار’ە – کە سیستەمێکی پاسەوانی گوندییە کە لەدوای١٠٠ ساڵ لەلایەن حکومەتی تورکییەوە دامەزرا (١٩٨٥) بۆ شەڕکردنی لەدژی بەهێزبونی پەکەکە. وەک تورکەکان دەڵێن، بەشێوەیەک دیزاین کرابو هەتا ”کوردەکان کوردەکان بکوژن”. بونی ژمارەی ٥٠،٠٠٠ بۆ ٩٠،٠٠٠ پاسەوانی چالاک سودی تاکتیکی گرنگی هەیە چونکە ئەوان ئاشنان بەزمان‌و خەڵک‌و جوگرافیای ناوچەکە، ئەوان بەهەمان پلەی کاری سوپا دامەزراون‌و کاردەکەن. مەبەستێکی شاراوەی دروستکردنی کۆروکولار ئەوەبو کە سیستەمی کەتیبەی هۆزەکان زیندو بکاتەوە لەپێناو کۆنترۆڵکردنی هۆزەکانی ترو پێکهێنانی پێکهاتەی هاوشێوەی حامیدییە. لەڕاستیدا، سەرەڕای ئەو موچەو سودە زۆرەی لەحکومەتی تورکیایان وەردەگرت، کۆروکولارەکان نەیانتوانی بەسەر پەکەکەدا زاڵبن. بەڵام ئەمە کۆمەڵگای کوردی زیاتر بەرەو دابەشبون برد.
نمونەیەکی تری شەڕی بریکاری کە بەمەبەستی ”دابەشی بکەو بەڕێوەی ببە” دروستبوە، هێزی یاریدەدەری کوردی بوە کە رژێمی عێراقی دروستی کردو ڕژێمی بەعسی بوژاندەوە لەژێر ناوی گاڵتەجاڕی ”هێزی سەڵاحەدین” بۆ بەگژداچونەوەی هێزی گەریلای مەلامستەفا بارزانی، پێشمەرگە. ئەو هێزە کە پێی دەگوترا جاش (گوێدرێژ)، نەیتوانی دڵسۆزی خۆی بۆ بەعس بسەلمێنێت‌و لەهەندێک باردا لەدژی بوە، بەتایبەت لەساڵی١٩٩١ کاتێک کوردەکان راپەڕین لەدوای ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی بیابان.
شێوازی دوەم ئەو پشتگیرییە پچڕپچڕەی ئێران دەگرێتەوە (١٩٦٠—٩٠) کە ئێران هەیبوە بۆ هەردو حزبی دەسەڵاتداری کوردی لەعێراق- پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان- لەپێناو ناجێگیرکردنی حکومەتی ناوەندی عێراق لەبەغدا. بۆ ئەمەش بەغدا پشتگیری پارتی دیموکراتی ئێرانی کردوە تاکۆماری ئیسلامی ناجێگیر بکات.
نمونەیەکی تر ئەو پشتگیرییە بوە کە سەرۆکی سوریا حافیز ئەسەد داویەتی بەپارتی‌و یەکێتی لەساڵانی١٩٧٠ کاندا تاڕژێمی بەعسی لەبەغدا لاواز بکەن. ماوەیەک دواتر ئەسەد پشتگیری مافی پەنابەری‌و بنکەی بۆ عەبدوڵا ئۆجالانی سەرۆکی پەکەکە دوپاتکردەوە تادەست وەربداتە سوپای تورکیا. بەڵام لەهەمو ئەم بارانەدا، یارمەتی وڵاتانی دراوسێ وەک شمشێرێکی دوسەر وابوە بۆ کورد. هەرکە پشتگیرییەکە لەسودی ئێران نەبوە کوردی پشتگوێخستوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەساڵی ١٩٧٥. بەهەمان شێوە، ئەسەد لەژێر فشاری تورکیادا لەئۆکتۆبەری ١٩٩٨ ئۆجالانی لەسوریا دەرکردو پاش ماوەیەکی کەم سوریاو تورکیا پەیمانی ئەدەنەیان واژوکرد ”لەدژی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە”، رێگایان خۆشکرد بۆ ”پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەهەمو بوارەکاندا”.
حکومەتە هەرێمی‌و دەرەکییەکان بەشێوەیەکی فراوان کوردیان بەکارهێناوە لەکاتی پێویست لەدژی حکومەتێکی دیاریکراو یان گروپی ناحکومی. زەقترین نمونە پشتگیری سێ لایەنەی نهێنی بو بۆ کوردەکانی عێراق لەشەڕیاندا لەدژی بەعس لەنێوان ساڵەکانی١٩٧٢و ١٩٧٥. ئێران‌و ئیسرائیل‌و نەتەوە یەکگرتوەکان، هاوبەشەکانی ئەم پلانە یەک ئامانجیان هەبو، ئەویش ناجێگیرکردنی رژێمی بەعس بو. بەڵام لەنەورۆزی١٩٧٥دا بەرژەوەندیان وایان خواست کە ئاشتەوایی کاتی لەگەڵ بەغدادا بسەپێنن، هەریەک لەئێران‌و نەتەوە یەکگرتوەکان پشتگیرییان بۆ کوردەکان وەستاند. ( ئیسرائیل زۆر ئارەزوی هەبو لەسەرکەوتنەکانی کورد، نەک تەنها لەلاوازبونی بەغدا، بەڵام چیتر نەیتوانی بەردەوام بێت چونکە دەبو بەناو ئێراندا تێپەڕێت).
نوێترین بارودۆخ کە تیایدا کورد بەشداری دەکات لەشەڕی بریکاریدا بەگژداچونەوەی داعشە لەدو لاوە، سوریاو عێراق. لەسەرەتاوە ئاشکرابوە کە نەتەوە یەکگرتوەکان‌و ئەوروپا نەیانویستوە هێزی وشکانی بنێرن بۆ بەڕەنگاربونەوەی داعش. بەڵام نەیانتوانیوە خۆیان بەدوربگرن لەهەندێ کاردانەوەی ئەم جەنگە: هاوڵاتیانی خۆیان لەلایەن داعشەوە هێرشیان دەکرایە سەر، ئەوروپیەکان روبەڕوی لێشاوی پەنابەران بونەوە کە دەیانەوێت ناوچەکانی جەنگ بەجێبهێڵن. لەنەبونی بژاردەیەکی گەشەسەندوی تورکی، بۆ نەهێشتنی توندوتیژی لەسوریا، دوەم باشترین چارەسەرو بژاردە ئەوەیە کورد بەکاربهێنرێت لەشەڕی بریکاریدا.
لەسەنگەرێکیانەوە هێزی کوردی –پێشمەرگە- کاریگەرترین پۆستاڵیان هەبوە لەخاکەکەدا. لەکاتێکدا سوپای عێراق روخا لەحوزەیرانی٢٠١٤و پێش بڵاوەپێکردنی هێزە بچوکەکانی داعش لەموسڵ، پێشمەرگە توانی پەلاماری داعش بوەستێنێت‌و کۆنترۆڵی هەندێک ناوچەی گرنگ بکات لەدەوری کەرکوک. ماوەیەکی کورت دوای ئەمە داعش ویستی پەلاماری ناوچە کوردییەکان بدات، بەڵام هێزە کوردییەکان رێگەیان نەدان بچنە ناو هەولێرەوە. ئەوان لەشنگالدا زۆر سەرکەتو نەبون، کە پێشڕەویەک بو بۆ کوشتارگەی یەزیدییەکان لەئابی ٢٠١٤. لەوکاتەوە پێشمەرگە بەهاوکاری هێزە کوردییەکانی سوریا توانییان شنگال بگرنەوەو هێڵێکی بەرگری بەدرێژایی١٠٠٠ کم لەبەرامبەری داعش بنیاتبنێن. نهێنی سەرکەوتنیان بەندە بەڕێکخستن لەنێوان هێزی وشکانی پێشمەرگەو هاوکاری ئاسمانی نەتەوە یەکگرتوەکان‌و هەوپەیمانەکانیان. ئەم پەیوەندییە دو لایەنە سودبەخشە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی عێراق لەساڵی٢٠٠٣. لەکاتێکدا تورکیا بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی ئینجه‌رلیکی رەتکردەوە، پێشمەرگە رۆڵی بریکاری بینی بەدەست بەسەرداگرتنی سەرجەم باکوری عێراق. ئەم دەستکەوتەی پێشمەرگە بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان زۆر دیاربو، کە پێویستی بەهێزی وشکانی نەبو بۆ ئەو ناوچەیە. ژمارەکان بۆ خۆیان دەدوێن: لەکاتێکدا زیاتر لە٤ هه‌زار سەربازی ئەمریکی لەعێراق ژیانیان لەدەستداوە لە٢٠٠٣ وە، هیچ کەسیان لەناوچە کوردییەکان گیانیان لەدەست نەداوە.
شەڕی بریکاری کورد لەسوریا زۆر ئاڵۆزترە لەوەی عێراق. بەپێچەوانەی کوردەکانی عێراق، کە ئەمریکا ناسیاوی دورودرێژی هەبوە لەگەڵیان لەکاتی شەڕی کەنداوەوە لەساڵی١٩٩١، کوردەکانی سوریا لەلایەن واشنتۆنەوە نەناسرابون. پەیەدەو ئۆرگانە سەربازییەکانی، یەپەگەو یەپەجە، لەساڵی٢٠١٢دا هاتنە پێشەوە کاتێک سێ کانتۆنی کوردییان کۆنترۆڵ کرد لەباکوری سوریاو هەرێمێکی سەربەخۆیان دامەزراند کە ناسرا بەڕۆژاڤا. هەروەها پەیەدە لقێکی پەکەکەیە؛ سیستەمە فێرکاریەکانی مارکسیست-لێنینیستیان لەگەڵ رۆژئاوادا ناگونجێت.
لەکاتێکدا سیاسەتی نەتەوە یەکگرتوەکان هیواکانیان هەڵواسیبو بە بەرهەڵستکارەکانی سوریا، کە هاوکاربو لەدامەزراندنیدا (تاچەند لەشەڕدا گرنگ دەمێنێتەوە) لەپێناو روخانی رژێمی ئەسەد. بەڵام زو دەرکەوت کە ئەم بەرهەڵستکارانە هاوتای هیچکام لەڕژێمی ئەسەدییه‌ جیهادیەکان نەبون، بەدڵنیاییەوە داعش نەبون‌و بەرەی نوسرە نەبون‌و لەدواییدا بریکاری قاعیدە لەشەڕدا. ئەوانەی بەڕەنگاری داعش بونەوە تەنها یەپەگەو یەپەجە بون. بەڵام بەکارهێنانیان لەشەڕێکی بریکاریدا لەسوریا کێشەی روبەڕوی ئۆباماو هاوپەیمانەکانی کردەوە: ئەوان ویستیان لەڕوی هێزەوە یارمەتیان بدەن، بەڵام لەدژی کارنامەی سیاسییان وەستا بەتێکدان‌و وێرانکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا.
تورکیا تەماشای چاوی هاوپەیمانەکانی لەناتۆ ناکات. رابەری تورکیا پێیوایە، بەبێ هیچ پاساوێک، کە ئەو نەوتەی داعش بەکاری دەهێنێت بۆ سوتانی ناوچەکەو دەوروبەری لەلایەن رژێمی خوێنڕێژی ئەسەدەوە هاتوە؛ ئەمە پاڵپشتێکی زۆرباش بوە بۆ داعش لەسوریاو عێراقدا لەقۆناغێک لەقۆناغەکانی شەڕەکەدا. گرنگتر لەمە تورکیا پەیەدەو باڵەکانی بەدوژمنی بکوژ دادەنێت بەهۆی پەیوەندی بەستراوەیان لەگەڵ پەکەکە. ئەوە دوایین ویستی تورکیابو کە قەوارەیەکی کوردی دروست ببێت لەسنورەکانی باشوریدا کە ببێتە مۆدێلێک بۆ کوردانی تورکیا، کە لەوانەیە ببێتە هۆی یەکگرتنی هێزە کوردییەکان لەدژی لەماوەی داهاتودا.
کەواتە رۆژئاوا دەبو پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە کوردییەکان باش بکات کە دژی رێگەپێدانی تورکیابو بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی ئینجیرلیک لەهێرشەکانی دژە داعشدا. رێنماییەکە ئەوەبو کە دەبو بوەستێت لەناساندنی پەیەدە وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی‌و یارمەتی بەردەوامی یەپەگە بکات سەرەڕای ناڕەزایی تورکیا، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبو تورکیا رازی بکات بەچاوداخستن لەئاستی هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە لەعێراق‌و تورکیادا. ئەمە بۆماوەی دو مانگ کاری کرد- لەتەموز بۆ ئەیلولی ٢٠١٥- تائەوکاتەی لایەنێکی دیار سەریهەڵدایەوە لەبارودۆخێکی ئاڵۆزدا: رژێمی روسیا بڕیاریدا رژێمی ئەسەد رزگار بکات بە بەڕەنگاربونەوەی هەوایی لەدژی رکابەرەکانی. ئەمە سوریای کرد بەمەیدانێکی جەنگی بەرفراوانی سیاسی‌و سەربازی کە تیایدا هێزە ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەکان لەپێشبڕکێدان بۆ ئەوەی کاریگەری خۆیان بسەلمێنن. بەهەمان شێوە شەڕە بریکاریەکە رێچکەیەکی نوێی گرت. مەبەستی راگەیەندراوی روسیا ئەوەبو لەدژی داعش بجەنگێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەنجامی ئەو هێزە بەرهەڵستکارەکان‌و جیهادیەکانی تر بو، بەڕەنگاربونەوەی داعشی بۆ کوردەکان جێهێشتبو.
کەواتە هەریەک لەنەتەوە یەکگرتوەکان‌و روسیا ویستیان یەپەگە لەدژی داعش بەکاربهێنن. پەیەدە بەباشی ئەم بارەی بەکارهێنا بۆ سەلماندنی خۆی لەگۆڕەپانی نێودەڵەتیدا. بەپێچەوانەی پەکەکە کە تائێستا لەلیستی تیرۆریستیدایە لەلای نەتەوە یەکگرتوەکان‌و ئەوروپا، پەیەدە تاڕادەیەک رەزامەندی پێوانەیی بەدەستهێنا. هەروەها کوردەکانی سوریا توانییان نوسینگەی نوێنەری خۆیان لەمۆسکۆو هەندێک لەوڵاتە ئەوروپییەکاندا بکەنەوە. تورکەکان حەز بەمە ناکەن، بەڵام بەلای ئەوانەوە تاکەڕێگا بۆ لاوازکردنی پەیەدەو تێکشکاندنی رۆژاڤا ئەوەیە کە خۆیان شەڕی دژی داعش بکەن.
بەگەڕانەوە بەمێژودا بۆمان دەردەکەوێت کە پاداشتی شەڕی بریکاری بۆ کورد کورتخایەن بوەو بۆماوەیەکی درێژ کارەسات بوە. کوردەکان توانیویانە بەباشترین جۆر لەبەرامبەر زۆرێکدا بوەستن‌و کارامەیی خۆیان لەجەنگدا نیشان بدەن، بەڵام لەسەر حسابی سەقامگیری ناوخۆیی‌و ئاگادارکردنەوەی زنجیرەیی وڵاتانی دراوسێ لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی کاریان بۆ دەکەن. کەواتە، بۆ تائێستا بەردەوامن لەبینین‌و نواندنی ئەم رۆڵە؟ ئەو وانانە چییە کە دەبێت لێوەی فێر بوبن؟  ئایا ئەمجارە بەقازانجی کورد دەشکێتەوە؟
لەدیوی دەرەوە ئەم جەنگە بریکاریەی ئێستا جیاوازە لەوانەی رابردو بەوەی پێدەچێت قازانجی هەردو لایەنی شەڕکەرو ئەوەی شەڕی بۆ دەکەن زیاتر لەیەک نزیک بێت. بەشێکیشی هەر لەبەرئەمەیە کە پشتگیریەکان ئاشکران نەک شاراوە. بەنیسبەت کوردەکان، ئێستا ئاستێکی هۆشیاری نەتەوەیی‌و پێکەوەمانەوەیەکی زیاتر پیشان دەدەن، کە یارمەتیان دەدات بۆ بەدەستهێنانی خۆ بەڕێوەبردن‌و تەنانەت سەربەخۆیی. پێدەچێت دەسەڵاتدارەکانیش هەڵوێستی خۆیان گۆڕیبێت. ئەو پاڵپشتییە هێزە ئاسمانیەی کە نەتەوە یەکگرتوەکان بەگره‌نتی داویەتی بەهێزە کوردیەکان لەعێراق‌و سوریا ئەوەندە گرنگە کە بەبێ ئەوە کۆبانی‌و هەولێر لەناو دەچو. بەهەمان شێوە راهێنان‌و پێدانی هاوکاری سەربازی پێیان زۆر جێگای بایەخ بو. کەواتە ئەو پشتبەستە دولایەنەیە بەیەکتر ئەوەندە گرنگە کە سەرجەم پەیوەندیەکانی پێشو تێدەپەڕێنێت.
بەڵام بەربەستەکە ئەمەیە: سەرەڕای ئەم بارودۆخەی شەڕی بریکاری لەئێستادا، نەتەوە یەکگرتوەکان‌و ئەوروپا رێگەیان نەداوە نوێنەری کوردەکان بەشداری بکەن لەکۆبونەوە نێودەوڵەتییەکاندا سەبارەت بەباسکردنی ستراتیجییەکانی بەرەنگاربونەوەی داعش‌و دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ شەڕی مەدەنی لەسوریا. بەهەمان شێوە ئەو چەکانەی دەدرێنە پێشمەرگە وەک پێویست نین‌و بەشیان ناکات بەتەواوی؛ ئامێری وەک تانک‌و فڕۆکەیان نادەنێ- ئەو ئامێرانەی کە عێراق لەموسڵ لەدەستی دان لەکاتی گیرانی موسڵ لەلایەن داعش. هەروەها بۆ ماوەیەکی درێژ ئەو هاوکاریانەی بۆ پێشمەرگە دەنێردران دەبو لەڕێگەی بەغداوە بنێردرانایە کە دەکرا راستەوخۆ بنێردرێنە هەولێر. لەسوریاش بەهەمان شێوە ئەو هاوکاریانەی دەدرێن زۆر کەمترن لەوەی هێزە کوردییەکان پێویستییانە.
تازەترین گۆڕانکاری لەڕوداوەکانی جەنگی سوریادا لەوانەیە نیشانەبن بۆ سەرهەڵدانی شتەکان. لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەکەوە، بۆ یەکەم جار تورکیا هێزی ناردە ناو سوریا لەمانگی ئابدا تاڕێگە بگرێت لەیەپەگە لەئازادکردنی شارۆچکەی جەرەبلوسی سنوری لەدەستی داعش. ئامانجی سەرەکی تورکیا رێگەگرتنی کوردەکانە لەپێشەوەچون بەرەو سەربەخۆیی، بەتایبەت دەیەوێت رێگە بگرێت لە لەیەکدانی هەرسێ کانتۆنە کوردیەکەی سنوری تورکیا. ئەم بابەتە ئەوەندە بۆ ئەنقەرە مەترسیداربو کە بەخێرایی پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیادا چاککردەوە، کە لەدوای هێرشێکی فڕۆکەی جێتی روسیا بۆ سەر خاکی تورکیا لەتشرینی دوەمی٢٠١٥دا بەرەو خراپی چوبو. یەکێک لەئامانجە شاراوەکانی پشتی ئەم ئاشتبونەوەیە بۆ ئەوەبو کە هاوکاریەکانی روسیا بۆ هێزە کوردیەکانی سوریا بوەستێنێت.
جگە لەمە ئەنقەرە داوای لەنەتەوە یەکگرتوەکان کرد تافشار بخاتە سەر یەپەگە بۆ ئەوەی هێزەکانیان لەخاکی مەنبەج بکشێننەوە دوای ئەوەی لەوێ خوێنی خۆیان رشت لەدژی داعش. دەکرێت ئەمە روبەڕوی بارودۆخێکی کردبنەوە کە دەبێت بڕیاربدەن لەنێوان بریکاری شەڕدا یاخود راگەیاندنی دەوڵەت. هەر چۆنێک بێت بانكی مۆن ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان بەخێرایی ئەم گرفتەی چارەسەر کرد. داوای لەیەپەگە کرد بەخێرایی مەنبەج بەجێبهێڵن. تاکە دەرەنجامی ئەمە بۆ کوردەکان دەرەنجامێکی کۆن بو: دەوڵەتە خەرجیدەرەکان دەگۆڕێن. ئەوان دەبێت تەنها بەدرێژایی شەڕی داعش پشتیان پێ ببەستن‌و ئەوەندەی کە یارمەتیەکانیان لەدژی دەوڵەتانی ناوچەکە نەبێت. هەروەها، زلهێزەکان- بەنەتەوە یەکگرتوەکانیشەوە- بەرداوامن لەهێشتنەوەی عێراق‌و سوریا وەک دو دەوڵەت ، لەسەر حسابی کورد.
ئایا کورد دەتوانێت جارێکی تر نەکەوێتە ناو تەڵەیەکی تری شەڕی بریکاری؟ ئەم پرسیارە لەکاتێکدایە کە لەئێستادا پێشمەرگەو یەپەگە بەهەماهەنگی لەڕزگارکردنی موسڵ‌و رەققەدان لەدەستی داعش. لەکاتێکدا کە بەناسەربەخۆیی دەمێننەوە، دەبێت بیسەلمێنن بۆ هاوبەشەکانیان کە ئەوان نەک تەنها لەتاکتیکە جەنگییە کەمخایەنەکاندا گرنگن، بەڵکو لەپلانە ستراتیجیە درێژخایەنەکانیشدا- بەتایبەت، ئەوەی کە ئەوان هاوبەشێکن کە پشتیان پێ دەبەسترێت‌و بەربەستێکن لەناوچەکەدا لەدژی هێزە جیهادییەکان.
لەکۆتاییدا کوردەکان تەنها کاتێک دەتوانن بوەستێن لەهەڵخەڵەتاندن لەلایەن دەوڵەتە هەلقۆزەرەوەو بێهیواکانەوە کە چارەنوسی خۆیان بخەنە ناو دەستی خۆیان. ئەمە مانای ئەوەیە بەیەکەوە بمێننەوە بەیەکگرتویی‌و بیسەلمێنن کە دەتوانن حوکمی خەڵک‌و شوێن بکەن بەکاریگەرییەوە. لەم بارەیەوە، کێشەکانی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر نین. هاوپەیمانەکان تەنها چاکەکارنین بۆ ئەندامەکانیان؛ قەرز وەردەگیرێتەوە، سواڵی بۆ ناکرێت. پێویستە کورد یان بۆنەیەک بگێڕێت، یان جارێکی تر شایستەی دێڕێکی ناسراو دەبن لەشانۆگەری ساڵی ١٧٨٣ی  فریدریک شیلەر، فیەسکۆ (کردار ٣، دیمەنی ٤): ” مەغریبییەکە ئیشەکەی تەواو کرد، مەغریبیەکە لەوانەیە بڕوات”.
 
*عوفرە بینجۆ، پرۆفیسۆر‌و توێژەری كارا لەسەنتەری توێژینەوەی (مۆشێ دایان) لەئیسرائیل‌، مامۆستای بەشی مێژوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەزانكۆی تەلئەبیب‌، پسپۆڕ لەمەسەلەی كورد و توركیاناسیدا‌.
خاوەنی كتێبی “كوردی عێراق: بنیاتنانی دەوڵەت لەنێو دەوڵەتدا” كە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی كوردی‌ و چه‌ندین كتێب‌و بڵاوكراوه‌ی دیكه‌ی هه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌ نوسه‌ره‌ دیاره‌كانی ئیسرائیل‌ و جگه‌ له‌كتێبه‌كانی چه‌ندین وتاری له‌سه‌ر دۆزی كورد نوسیوه‌.
 
سەرچاوەكان:
Ofra Bengio is professor emerita at the Department of History of the
Middle East and Africa and head of Kurdish Studies Program at the
Moshe Dayan Center, Tel Aviv University.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە