هەڵۆ برایم ئەحمەد، تۆ كێیت؟

Monday, 06/02/2017, 8:12

5574 بینراوە


ئەم سەروتارەی رۆژنامەی هەولێر وەڵامی پارتییە بۆ هەڵۆی برایم ئەحمەد، لە کۆتاییدا پەلاماری کوردستانپۆستیش دەدات. ئێمە تەواویی سەروتارەکە لە خوارەوە بڵاودەکەینەوە و ئەرشیفێکی تابەتیشمان بۆ رۆژنامەکە کردەوە، تا بۆ پاشەڕۆژ پاریزراو بێت.
-----------------------------------
سه‌روتارى رۆژنامەی هەولێر ژماره‌ (2544)ى رۆژى دووشه‌ممه‌ 6ى شوبات/ فێبرايه‌رى 2017
هەڵۆی كوڕی برایم ئەحمەد لە نوسینێكدا پەلاماری جێگری سەرۆكی حكومەتی داوە و بە ناوی داكۆكی لە یەكێتی و خەڵكەوە، كاك قوباد بە شەریكی بەهەدەردانی سامانی كوردستان تۆمەتبار دەكات. 
هەڵۆ ئازادە چۆن رێز لە خزمایەتی و (خاڵو خوارزایی) خۆی و بەڕێز كاك قوباد دەگرێت و ئەوەیان بۆ پەروەردەی خۆی دەگەڕێتەوە.
بەڵام دەپرسین هەڵۆ كییە و چ كارەیە و چ سیفەتێكی رەسمیی هەیە و چی بۆ ئەم وڵاتەكردووە و كێ سەرپشكی كردووە تا بۆی هەبێ بەم شێوە سنوربەزێن و ناشرینە پەلاماری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و دامەزراوەكانی ئەم وڵاتە بدات. ئەو ئەگەر ناكۆكی لەگەڵ خزمانی خۆی هەیە، ئەدی پارتی بۆ تێكەڵ دەكا، پارتی چ پەیوەندییەكی بەو كێشانەوە هەیە، ئایا پارتی گوتوویەتی ناكۆكیتان هەبێ و بكەونە گیانی یەك؟؟. 
هەڵۆیەكی گومناو گەر كوڕی برایم ئەحمەد نەبێ لە چ پێگەیەكەوە رێپێدراوە بەم جۆرە پەلامار بدات، برایم ئەحمەدیش خەزوری جەنابی مام جەلال نەبێت، خاوەنی كامە تەجروبەیە كە شایانی كەمترین شانازی پێوەكردن بێت و مایەی دەمگەرمیی كوڕەكەی بێت!. 
مەگەر برایم ئەحمەد نەبوو كە تۆوی دووبەرەكی و تەفرەقەی لەنێو بزوتنەوەی سیاسیی كوردستاندا چاند و مەدرەسەیەكی دامەزراند كە خەڵكانی وەك هەڵۆ و شانازی خوشكی تێدا پەیروەردە بوون كە جگە لە حیقد و دڵڕەشی و فیتنەگێڕی، هیچ خێرێكی دیكەیان بۆ ئەم وڵاتە نییە؟.
هەڵۆ بە چ شانازییەكی مێژووی برایم ئەحمەدەوە خۆی هەڵدەكێشێ و دەڵێ گوایە كاك قوباد لەو شانازییە بێبەش بووە؟ ئەگەر ریعایەت كردنی بارودۆخی ئێستای كوردستان نەبایە، لەگەڵ رێزێكی زۆر بۆ كاك قوباد تاڵەبانی و دایكی و هەموو ئەو تێكۆشەرانەی یەكێتی كە دەیانەوێ رۆڵێكی ئیجابی بگێڕن، تەنیا گوزەرێكی سەرپێیی بە نێو ژیانی ئەو پیاوەدا بەسە بۆ ئەوەی هەڵۆ و مامۆستاكانی تێبگەیەنین كە ئەو مێژووەی پێوەی دەنازێ، جگە لە بەڵا بۆ بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان، هیچی دیكە نییە.
هەڵۆ و شاناز كە تێكۆشەرانی یەكێتی لەهەموو كەس باشتر دەزانن لە چ ناز و نیعمەت و مشەخۆری و ژیانێكی شاهانەی مافیایی پڕ خەدەم و حەشەمدا دەژین و بە درێژایی ژیانیان كەمترین ئەرك و زەحمەتییان بۆ ئەم وڵاتە نەچێشتووە، بە چ حەقێك رێگە بە خۆیان دەدەن تۆمەت ببەخشنەوە و قسە لە كاروباری وڵاتێك بكەن كە بە حەیاتیان عارەقەیان بۆ نەڕشتووە و كارێكیان بۆ نەكردووە. 
دۆسییەی نەوتی كوردستان وەك هەر وڵاتێكی جیهان لەلایەن حكومەت و دەزگا پەیوەنددارەكانەوە بەڕێوەدەبرێ و تەنیا دەزگا سەرپشك و پەیوەنددارەكانی راسپێردراوی گەل بۆیان هەیە لێیبپێچنەوە و حكومەتیش تەنیا لەبەردەمی ئەواندا لێپرسراوە. هەڵۆ و خوشكەكەی چ كارەن لە سامانی وڵات بپرسنەوە و چییان بۆ ئەو وڵاتەكردووە تا ئێستا ببنە خەمخۆری!. 
هەڵۆ ئەگەر پرسیارییشی لەو بابەتە هەیە، دەكرێ نەك لە كاك قوباد، لە هێرۆ خانیش بپرسێ چونكە ئەویش ئاگاداری هەموو وردەكارییەكانی نەوتە، ئیتر وتار هۆنینەوەی بۆ چییە؟ 
پەلاماری هەڵۆ بۆ سەر دامەزراوەكانی كوردستان و سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، لەسنووردەرچوونێكی ئەوەندە قێزەونە كە وەڵامدانەوەی دەخواست. باشتریش وایە ئەو گومناوە لەمەوپاش ووتارە رقاوییەكانی خۆی لە جنێوخانەكانی وەك (كوردستان پۆست) و هاوشێوەكانیدا بڵاوبكاتەوە كە هاوئاست و هاوپێگەی ئەون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە