با كۆنگرەی نەتەوەیی بایكۆتی پارتی بكات

Thursday, 09/03/2017, 2:28

2669 بینراوە


ھەوڵی زۆردرا بۆ پێكھێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی، دەیان كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان ئەنجام درا، تاكە پرس كە لەسەری ڕێك نەكەوتن سەرۆكایەتی كردنی كۆنگرەكە بوو، پارتەكان ھەمویان ھەوڵی پۆستی سەرۆكایەتی كۆنگرەیان دەدا، بەشێكیان ڕازی بوون بە نیزامی ھاوسەرۆكایەتی، زۆربەیان داوای سەرۆكایەتی خولیان دەكرد، تەنھا ئەوانە نەبێت كەوەكو سێبەری پارتی دیموكڕاتی كوردستان دەبینرێن.
ھەرچی پ د ك بوو دەیویست تەنھاوتنھا خۆی لوتكەی كۆنگرە بگرێت و لەوێش خودی مەسعود بەرزانی لەترۆپكیدابێت.
پارتی كرێكارانی كوردستانیش دەیویست یەكەم خول بەدەست ئەوەوە بێت، بەڵام داوای سەرۆكایەتی ھەمیشەیی نەدەكرد، كەواتە تاكە ھۆكار كە بووە ڕێگر لەبەردەم فەشەلھاتنی كۆنگرەی نەتەوەیی پۆستی سەرۆك بوو، كەئەمەش پارتی بە دەرەجە یەك لێی بەرپرسیارە.
وەك بەرپرسیارێتی ئیفلیجكردنی پەرلەمان و گەندەڵی ئیداری و ئابوری و سەپاندنی تاكڕەوی بەسەر حوكمداو گرێبەستی فرۆشتنی نیشتمانی باشوری كوردستان بەتوركیا.
گۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئیفلیج كرا؟
ئەگەر نیەتی ڕاست لەبەستنی كۆنگرە ھەبوایە ئەوا بێگومان پارتێك نەیدەتوانی خواستە ناشەرعیەكانی بەشەرعی بناسێنێت و بەبێ گوێدانە پرێنسیپە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بڕیارەكانی فەڕز بكات.
ئەگەر ئەم كۆنگرەیە سەری بگرتبوایە، ئەوا:
نە كێشەكانی نێوان عێڕاق و ھەرێم بەم دۆخە دەگەیشتن.
نە پەرلەمان كودەتای بەسەردا دەكرا.
نە دەرگای سێمالكا دادەخرا.
نە شەنگال و مەخمور دەخرانە دەستی داعش.
نە شەڕی نێوان پەكەكە و حزبی دیموكرات دروست دەبوو.
نە شەڕی ئێستای ھێزەكانی پەكەكە لەشەنگال و ھێزەكانی پ د ك ڕووی دەدا.
چونكە ئەوكات گشت ھێزو پارتەكانی ناو كۆنگرەی نەتەوەی دەنگیان دەبوو، بۆ پرسی گەورەی لەمجۆرەی باسم كردن دەبوایە بگەڕێنەوە بۆ دەستوری كۆنگرەی نەتەوەیی، ھەرلەبەر ئەم ھۆكارەش بوو كەدروست نەبوو، چونكە پ د ك بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنكەرە ھیچ ھەنگاوێك ناوێ، ھەربۆیەش دەیویست كۆنگرە بەڕەھایی لەدەستی خۆی بێت تاكو بەھەماشێوەی خۆی لەڕێگای كۆنگرەكەوە گشت پارتەكانیتریش بخاتە خزمەتی ئەجێندای توركیا.
كۆنگرە سەری نەگرت چونكە پ د ك ڕازی بە قەراری حزبە گەورەكانیتر نەبوو، كەواتە ھەموو حزبەكانیتر ڕازی بەقەراری پ د ك بوون و كۆنگرە نەبەسترا، چونكە پ د ك تەنھا ئەمەی دەویست، چونكە توركیا ئەمەی دەویست.
توركیا لەڕێگەی میتەوە بە بەرزانی ڕاگەیاندبوو;
دەبێت گشت شێوازەكان تاقی بكەیتەوە بۆئەوی ئەم كۆنگرەیە فەشەل بھێنێت و سەرنەگرێت،
وە ئەگەر كۆنگرە سەریش بگرێت دەبێت تۆ جەمسەری كۆنگرەكە بیت بۆئەوەی مامەڵەی ڕاستەوخۆمان ھەبێت و ئاگاداری تەواوی بارودۆخ بین.
مادام سەری نەگرت كەواتە خواستی یەكەمینی توركیا بەجێگەیشت.
كەواتە پارتەكان وایان بۆ یەكتری نیشانداوە كەبەبێ پ د ك ھیچ كۆمبوونێك دروست نابێت ھیچ ھەنگاوێ نانرێت، ئەمە ھەڵەیەكی گەورەیە چونكە بەمجۆرە دادێت پارتی بەھێزدەبێت، بەھێزبوونی پارتیش ڕاستەوخۆ فراوانبوونی نفوزی دەوڵەتی توركیایە لەھەرێم و كاریگەری بەسەر وەدیھاتنی خواستی گەلی كوردەوەیە.
وەكو پێشینان دەڵێن: نەچووە بچێت.
ئێستا باشترین كاتی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەییە، دۆخەكە زۆرلەبارە بۆ خستەدەرەوەی پارتی لەكۆنگرەكە، چونكە بۆھەموان ڕوون بۆتەوە كەسیاسەتی پ د ك ھەڵقوڵاوی دەزگای موخابەراتی میت و ژووری سەرۆك كۆماری توركیایە.
بۆیە بابەس بێت شەرمنی لەئاست پ د ك، مادام بۆماوەی ٢٦ ساڵ ئەم حزبە لەحكومڕانیدا خزمەتی بێگانە دەكات و ڕاستەوخۆ ئامرازی بەجێھێنانی ئەجێندای دەوڵەتی داگیركارە ئیتر كاتی ئەوە ھاتووە بیكەنە دەرەوەی ھاوكێشە سیاسیەكانی خواستە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان.
بەبێ پارتی دەتوانرێت بەھێزترین جەپھەی كوردی دروست بكرێت، كەتوانای بڕیاری چارەنووس سازی دەبێت، تەنانەت لەتوانایدا دەبێت وەرچەرخان لەسیستەمی حوكمی باشوردا بكات، دەتوانێت دونیای دەرەوە بھێنتە ژێرباری پشتیوانی لەداخوازیە شەرعیەكانی كورد لەھەرچوارپارچەی كوردستان.
با ھەموو شتێ بەبێ پ د ك بكرێت، چونكە بوونی پ د ك لەھەر مەوقیفێكدا دەری خستووە كە فەشەل ھاتووە بەر لەدەست پێك، ئەمەش بەھۆی كاریگەری توركیا بەسەر ئەم ھێزەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە