ئایا یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ئێستادا ، شەریکى دەسەڵاتەتە ، هاوبەشى دەسەڵاتە یان پاشکۆى دەسەڵاتە؟

Saturday, 25/03/2017, 21:34

2639 بینراوە


لە 11ى ئایلولى ساڵى 1961 شۆڕشى میللەتى کورد بە ڕابەرایەتى پارتى  دێموکراتى کوردستان و سەرۆکایەتى مەلا مستەفاى بارزانى دەستى دایە خەباتى چەکدارى دژى ڕژیمى حکومەتى عێراقى.  ئەو کات  تەنها  پارتى و حیزبى شیوعى لە کوردستانى عێراقدا بونیان هەبوو ، زۆرینەى هەرە زۆرى خەڵکى کوردستان لەگەڵ پارتى بوون .
دواجار ئەم شۆڕشە کە خاوەنى 150 هەزار چەکدار  زیاتر بوو  لە ساڵى 1975 بە بڕیارێکى مەلا مستەفاى بارزانى ئاشبەتاڵى پێکراو خەڵکى کوردستان دووچارى خرابترین کارەسات بونەوە و  بەشێکى زۆرى پێشمەرگەکان ئاوارەى  وڵاتى ئێران و هەندەران بون و ئەوانى تر بە ناچارى تەسلیم بە ڕژێمى عێراق بونەوە  و توشى سزاو ئەشکەنجەو دورخستنەوەى خواروى عێراق بون .
بەڵام خۆشبەختانە زۆرى نەخایاندو دواى ساڵێک و 3 مانگ لە مانگى 6  ى ساڵى 1976 و لە بارو دۆخێکى زۆر دژواردا  کە خەڵکى کوردستان زۆر بێ ئومید بون ،  شۆڕشى  نوێی گەلەکەمان بەڕابەرایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەسەر دەستى کۆمەڵێک تێکۆشەرى گەلەکەمان  دەستى بە خەبات و تێکۆشان کردەوەو ئومێدیان بۆ خەڵکى کوردستان گەڕاندەوە .  پارتى دێموکراتى کوردستان دوور و نزیک دەستی نەبوە لە دەست پێکردنەوەى ئەم شۆڕە نوێیە . کاتێک زانیان شۆڕ دەستى پێکردۆتەوەو ئەوانى تێدا نین ، هەنگاوى یەکەمیان بە دۆزمنایەتى ئەم شۆڕە نوێیە دەستى پێکردوو لە سنورەکانى ئێرانەوە خەڵکانى خۆیان ئەناردەوە ناو کوردستان و ڕاوى پێشمەرگەکانى یەکێتیان ئەکرد .
باشترین نمونە شەهید کردنى  حەسەن خۆشناو  شێخ حوسەینى یەزیدى و هاوڕێکانیان  لە سنورى بادینان   و کەسیش نییە ئاگادارى کارەساتى هەکارى ساڵى 1979 نەبێت کە چەند خیانەتێکى گەورەى پارتى بوو .
لە ناوەوەى کوردستانیش هەرچى ئەندامى خۆیان بوو  فەرمانیان پێدەکردن دەچونە ناو جاشەکان و بە دواى پێشمەرگەدا دەگەڕان  و شەهیدیان دەکردن . باشترین نمونە شەهید کردنى ئارام و ڕیشەن.
لە ساڵى  1986 دا یەکێتى و پارتى پەیمانى ئاشتیان بەست و دواى ئەوە پێشمەرگەى پارتى بە ئاشکرا لەو ناوچانە ئەگەڕان کە بە خوێنى شەهیدانى یەکێتى ئازاد کرابوو ، ژمارەى پێشمەرگەکانیشیان زۆر کەم بون .  
 تا ساڵى 1984 کە ئەو کات بەندە  ئەندامى مەڵەبەندى یەکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بەرپرسى مالیەى مەڵبەند بوم  ئاگادارى ئەوە بوم کە 4000 هەزار پێشمەرگەى قارەمانمان شەهید کرابون  کە زۆرینەیان گەنج بون جگە لە هەزاران  ئەندامى یەکێتى کە لە بەندیخانەکانى بەعسدا زیندانى کرابون و  ئەبرانە بەردەمى قەنارەکان و  چاوەڕوانى لە سێدارەدان بون . 
ئەوەى مەبەستمە لێرەدا ئاماژەى بۆ بکەم  قسە کردنە لەسەر ئێستا  نەک ڕابوردو. بە پێی هەموو پێوەرکان و هەمو عەقڵ و مەنتیقێک بێت  دەبوو لە ئێستادا یەکێتى نیشتمانى کوردستان  زۆرینەى جومگە هەستیارەکانى دەسەڵاتى لە دەستدابوایە ، یان لانى کەم شەریکى ڕاستەقینەى دەسەڵات بوایە . بەڵام بە پێچەوانەوە  لە ئێستادا  پارتى حیزبى یەکەمەو هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى لە دەستدایە.  
لێرەدا دەبێ بگەڕێمەوە  بۆ سەرەتاى پرسیارەکەم : ئایا لە ئێستادا یەکێتى  شەریکى ڕاستەقینەى دەسەڵاتە یان هاوبەشى دەسەڵاتە یان پاشکۆى دەسەڵاتەو فەرمان جێبەجى دەکات ودواى بڕیارەکانى پارتى دەکەوێت . ئەگەر بەرپرسانى یەکێتى  ڕاستگۆبن لەگەڵ خۆیان و ئەندام و لایەنگرانیان  لەبەر دەم  کۆى جەماوەرى خەڵکى کوردستان وخانەوادەى شەهیدان و خۆیان نەخەڵەتینن ، یەکێتى لە ئێستادا بە تەواوى بۆتە پاشکۆى دەسەڵات  .
دیارە هۆکارەکانى ئەمەش زۆرەو باسکردنى ئەم هۆکارانە چەندین کتێب و ڕاپۆرت و ڕونکردنەوەى پێویستەو لێرەدا جێگاى نابێتەوە . بەڵام من تەنها هۆکارێکى گرینگى ئەم پاشە کشەو تێشکانەى بەردەوامى یەکێتى لەبەرامبەر پارتیدا باس دەکەم  و ڕاستییەکى تاڵەو هیوادارم  بە دڵى فراوانەوە وەرى بگرن .
هۆکارى یەکەمى شکستى یەکێتى دەگەڕێتەوە  بۆ ئەوەى کە بەڕێز مامجەلال ڕازى بوو ببێتە سەرۆکى کۆمارى عێراق . لە ڕاستیدا ئەو پۆستە پۆستێکى تەشریفاتیەو هیچ بڕیارێکى چارەنوسسازى پێنادرێت  تەنها پۆستێکى مەعنەویە. گرنگترین کار کە دەبوو لەسەردەمى سەرۆکایەتى ئەودا جێبەجێبکرایا ، مادەى 140  بو کە بەداخەوە هەر لەبیر چۆتەوە .
 بۆیە وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى کۆمار  لە لایەن تاڵەبانییەوە ، هەڵەیەکى زۆر گەورەبوو .  لە پێناوى ئەو پۆستەدا هەرێمى کوردستانى تەسلیم بە مەسعود بارزانى کرد ، کە لەمیژ بوو خەونى بەو هەلە زێڕینەوە دەبینى و ئەوەتا ئێستا بە ئارەزوى خۆى وەک تاکە سوارەى مەیدان ئەسپى خۆى تێدا تاودەدا و حساب بۆ کەس ناکات . هەڵەى دووەم : ئەوەبوو کە بەڕێزیان ئەو پۆستەى وەرگرت ، دەستبەردارى پۆستى سکرتیرى گشتى نەبوو . لەوەش خرابتر کەسێکى دەستنیشان نەکرد  کە لە غیابى خۆیدا سەرپەرشتى یەکێتى بکات و  لە بەغداوە  خۆى سەرپەرشتى دەکرد .  بە هۆى ئەوەوە کاک نەوشیروان وازى لە یەکێتى هێناو بزوتنەوەى گۆڕانى دروست کرد و گومانى تێدا نییە کاریگەرى نەرێنى لەسەر یەکێتى هەبوو .
دواى ئەوەى بەڕێز مامجەلال توشى ئەو نەخۆشیە بوو ، بارودۆخى ناو یەکێتى بەردەوام بەرەو خراپى دەچێت ئێستاشى پێوەبێت . بۆ ئاگادارى هەموو لایەک  هۆکارى نەخۆشبونەکەى بەڕێز مامجەلال دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکیانەى  بەردەوام لە نێوان مەسعود بارزانى و  عەبادیدا هەبوو . 
مەسعود بارزانى بەردەوام کێشەى بۆ مامجەلال دروست دەکرد  لە ڕێگاى لێدوانە بێ بنەماکانى ئەویش بۆ موزایەدەى سیاسى وەکو دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى و سەربەخۆیی ئابورى هەرێمى کوردستان و مامجەلال دەبوو پاساو بۆقسەکانى مەسعود بارزانى بهێنێتەوە  و خۆى توشى ئیحراجى بکات . 
وەکو ئەڵێن ئەو شەوەى توشى جەڵتەکە بوە تا بەرە بەیان  هەر خەرێکى ناو بژیوانى بوە لە نێوان مەسعود بارزانیى و عەبادیداو لە ئەنجامى ئەوەى نەگەیشتونە یەک توشى ئەو نەخۆشیە بوەو بەداخەوە تا ئێستا چاک نەبۆتەوەو هیواى چاک بونەوەى هەرچى زوترى بۆ دەخوازین .
هەتا مامجەلال تەندروستى باش بوو ، توشى ئەم نەخۆشیە نەببو ، بڕیاردەرى یەکەم  بوو بۆ یەکلایی کردنەوەى هەموو پرسە گرنگەکانى ناو یەکێتى . بەڵام بەداخەوە دواى نەخۆشکەوتنەکەى، ناوەندى بڕیار لەناو یەکێتیدا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ  بەرەو لاوازى ڕۆیشت و کار گەیشتۆتە ئەوەى  لەناو مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتیدا کەس کەسێکى تر بە مەسئول نازانێت و فرە کوێخایی بۆتە نەریت  و بەو هۆیەوە شیرازەى بڕیاردان تێک چوو ، تا کار گەیشتە ئەوەى یەکێتى بەسەر دوو بەرەى  زۆرینەى مەکتەبى سیاسى و باڵى ناوەندى بڕیاردا بەشبون و  بارودۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێکى مەترسیدار لەسەر ئایندەى یەکێتى بە تایبەتى و هەریمى کوردستان بە گشتى .
لە بیرمان نەچێت لەو کاتەوە بەڕێز مامجەل پۆستى سەرۆکى کۆمارى وەرگرتوە ، مەسعود بارزانى منەت بەسەر یەکێتیدا دەکات  گوایە ئەو ڕازى نەبوایا ، مامجەلال ئەو پۆستەى وەر نەدەگرت . بەو هۆیەوە  لەو کاتەوە بە بەردەوامى هەتا ئێستا  یەکێتى تەنازول بۆ پارتى دەکات  و دەستبەردارى زۆر پۆستى هەستیار بوە  بۆ پارتى .
دواى دوور کەوتنەوەى مامجەل لە  گۆڕەپانى سیاسى و بڕیارداندا  پارتى بەردەوام کارى لەسەر ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى و بەرپرسە باڵاسەربازیەکانى  ناو یەکێتى کردوەو بە تاک تاک و گروپ و هەوڵى داوە زەمینەیان بۆ خۆشبکات ببنە خاوەنى سەرمایەى خۆیان و بەو هۆیەوە پێگەى ئەم سەرکردانەى لاى ئەندامانى خوارەوەى حیزبەکەیان و جەماوەر  لاواز کردوە
ئەم حیزبەى شەرەفى هەڵگیرسانەوەى شۆرشى هەبوو کە دەبوو  لە ئێستادا  حیزبى یەکەم  یان لانى کەم خاوەنى  زرینەى  جومگە هەستیارەکانى  دەسەڵات بوایە ،  بەڵام  بە پێچەوانەوە  هەموو جومگە هەستیارەکانى دەسەڵات لە دەستى پارتیدایەو  بەرپرسانى  یەکێتى خاوەنى هیچ بڕیارێکى چارەنوسساز نین و  چاوەڕوانى مەرحەمەتى پارتین .  کار گەیشتۆتە ئەوەى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى  یەکێتى کەوتونە وێزەى یەکترى و لە سایت و ڕۆژنامەکاندا یەکترى تۆمەتبار دەکەن بە خیانەت و گەندەڵى . ئەوەتا بە ئاشکرا هەندێک لە ئەندامانى سەرکردایەتى داوا ئەکەن  لێپرسراوى دەستەى کارگێڕی مەکتەبى سیاسى لە پۆستەکەى دوور بخەنەوە چونکە پێیان وایە سەرچاوەى زوربەى کێشەکانە .  هەندێکى تریان  مەرایی و مامە حەمەیی بۆ پارتى ئەکەن و  ئەوەتا کەسانێک لە ئاستى باڵادا واز لە یەکێتى دێن و بە شان و باڵى پارتیدا هەڵ دەدەن . 
زۆر جار هەر لەناو یەکێتى خۆیاندا باس لەوە دەکرێ فڵانە کەس هەر لە مێژە  پارتییە. زۆر جار بە یەکترى دەڵێن  یەکێتیەکانى ناو پارتى . کێشەى گەورەى زۆرینەى  ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى  یەکێتى لەسەر بەرژەوەندى خودى یەکێتى و جەماوەرى یەکێتى و زونى سەوز نییە ، بەڵکو لەسەر بەرژەوەندى پارەو سامانە بۆ خۆیان .
کێشەکە لەسەر ئەوەیە کە من بەقەدەر تۆم نییە . هەموشیان هەریەکە بە پێی خۆى دەسکەوتى باشى هەبوە بۆیە لە کاتى کۆبونەوەکاندا کەسیان ناتوانێت پێداگرى لەبەرژەوەندى هاوڵاتیان بکات  و ڕەخنە لە بەرامبەرەکەى بگرێت  چونکە خۆشى  لە گەندەڵیەوە گلاوەو پەرێزى پاک نییە . بۆیە هەموو کۆبونەوەکانیان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و نەهێشتنى گەندەڵى بێ ئەنجام دەبێت .
لە سایەى ئەم بارودۆخەوە پارتى بۆتە بڕیاردەرى یەکەم و دەستى گرتوە بەسەر سامانى ئەم وڵاتەداو زونى سەوزى پەراوێز خستوەو  ڕێگاش نادات سەرمایە گوزارى لە سنورى یەکێتیدا بکرێت  . باشترین نمونە : لە ئەلقوش کە سنورى پارتییە بیرێکى نەوت  هەڵدەکەندرێت ، بە 176 ملیۆن دۆلار کە لەوانەیە بایی ئەو پارەیەى نەوت  تێدا نەبێت ، بەڵام لە چەمچەماڵ غاز خۆى دێتە دەرەوە  پارتى ڕێگا نادات  داناغاز پەرە بەکارەکانى بدات بۆ ئەوەى زونى سەوز نەبێتە خاوەنى ئابورى  سەربە خۆى خۆی  و پێویستى بە پارتى نەمێنێت .  هەر لێرەوە دەمەوێت  زۆر ڕاشکاوانەو ڕاستگۆیانەو بێ پێچ و پەناو بێ پەردە بڵێم : هۆکارى یەکەمى باڵادەستى پارتى  لە بێ هەڵوێستى یەکێتییەوە سەرچاوە دەگرێت .   پارتى چەند هەوڵى داوە  سنورى سەوز پەراوێز بخرێت  هیچ پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى تێدا ئەنجام نەدرێت ،  تاوانى یەکێتى لە هى پارتى کەمتر نییە .
بە بۆچونى من دانا غاز  چەند هەرێمى کوردستان قەرزدار بار بکات  لەسەر ڕێگە پێنەدانى  بۆ فراوانکردنى چالاکیەکانى  لە سنورى زونى سەوزدا هەموى یەکێتى لێی بەرپرسیارە . لە پێناوى وەرگرتنى 200 ملیۆن دۆلارى شیرینى چاوپۆشى کرد لەوەى کارگەیەکى پیترۆکیمیاوى لە دەڤەرى چەمچەماڵ دروست بکرێت . 
داناغاز بە نیاز بوو ئەوەندە یەکەى کارەبای دروست بکات بشى هەموو عێراق کارەبا بەرهەم بهێنێت  وئەو کات یەکێتى بەم شێوەیەى ئێستا تەسلیمى بڕیارەکانى پارتى نەدەبوو ، زونى سەوز وێران نەدەبوو . ئێستاش ئەگەر یەکێتى دەیەوێت وەکو جاران  لەسەر پێی خۆى بوەستێتەوەو ببێتەوە بە جێگەى متمانەى جەماوەر و چیتر  پاشکۆیەتى پارتى قبوڵ نەکات و ئەگەر ناتوانێت لەم حکومەتەدا خاوەن بڕیاربێت ،با هەرچى زوترە لێی بکشێتەوەو چیتر پاساوى ئەوە نەگەڕێنێتەوە بۆ دروستبونى دوو ئیدارەیی و دنیا وێران نابێت و گورگ نامانخوات و گۆڕانکارى گەورە لە ناوچەکەدا بەڕێوەیەو  وەکو دەڵێن ئەگەر دەرگایەک داخراچاوەڕوانبن دەرگایەکى تر دەکرێتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە