ئامانجەکانی پشت پیلانی هەڵکردنی ئاڵا

Sunday, 02/04/2017, 12:40

6376 بینراوە


پیلانی ریفراندۆمیش هەمان پیلانی ئاکەپە-پارتییە.. ئیمڕۆ پارتییەکانی ناو یەکێتی گەرمتر لە ئاکەپە-پارتی بەرگری لێدەکەن..
لە شارۆچکەی سێرت، قایمقامی ئاکەپە موختارەکانی کۆکردۆتەوە ، پێیراگەیاندوون ئەگەر گوندەکانتان دەنگ بەبەڵێ نەدەن ، مۆڕەکانتان لێوەردەگرینەوە.
دەوڵەتێک پیلان و زۆرداری لە رێگای قایمقامێکیەوە بەسەر خەڵکیدا بە هەڕەشە بەرێوەببات ، لە بچووکترین یەکەی ئیداریدا ، چۆن پیلانی گەورە و کاریگەرتر لە رێگای پارتی کە بەشێکە لە ماکینەی ئیداری و سیاسی وئابوری ومیدیای ،بەسەر باشور ناخاتە واری جێبەجێکردنەوە.
هەڵکردنی ئاڵا لە هەلومەرجی ئیمڕۆ کوردستان وعێراق ، سەد لە سەد پیلانی ئاکەپە-پارتییە ، بەتایبەتی دوای ئەوە هەموو پیلانەکانیان فەشەلیان پێهات ، هەربەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و داگیرکردنەوەی کەرکوک لەلایەن داعشەوە و کۆمەڵکوژیی شنگالییەکان، بۆیە دەبوو پیلانێکی دیکە بخەنە واری کردرای، هەڵکردنی ئالا باشترین پیلان بوو کە ئامانجەگەڵیکی بەدوای خۆیدا بۆ ئاکەپە-پارتی هێنا. 
ئەم پیلانە ، پیلانی هەڵکردنی ئاڵا بە سواربوونی هەستوسۆزی خەڵکی لە کەرکوک لە رێگای پارتییەکانی ناو یەکێتی بەڕێوەچوو ، ئامانجەگەلێکی پێکا کە بە کورتی دەیانخەمەروو:
١- توانی دابڕانی نێوان رێزەکانی سەرکردایەتی یەکێتی زیاتر و زیاتر قوڵتر بکاتەوە، ئاگادارم بەشی هەرە زۆری سەرکردایەتی یەکێتی وەک ئێمە ئاگاداری هەڵکردنی ئالاکە بوون ، تا هەڵنەکرا ئاگایان لە هیچ نەبوو.
٢- توانی گیانی ناتەبایی و هەستی شۆڤینی لە نێوان هەموو پێکهاتەکان گوڕێکی باشی پێ بدات ، بۆ ئەوەی ئاژاوەیەک دورست بێت ، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی حەویجە دوابکەوێت ، یا لانی کەم زەمینەیەک خۆش بکات کە داعش بتوانێت لە ناو کەرکوک وەک پارێزەری عارەب و تورکمان لەدژی کورد نیشان بدرێت.
٣-توانی ئەو نزیکبوونەوەی لە نێوان ناوەند و یەکێتی وگۆران و کۆمەڵ هەبوو ، تیکی بدات ، دەنگدانی پەرلەمانی عێراق لە دژ دەرکەوتن بە هەڵکردنی ئالا ، ئەو هەولانەی پێشوو درابوو بۆ نزیکبوونەوەی نێوان شیعە وکورد بە بێ پارتی، ریسەکە بۆوە خوری.
٤- گۆڕان دووبارە بۆ پارتی تەئکیدی کردەوە کە هەمیشە پاشکۆیی پارتییە ، ناتوانێت بڕیاری لە دەرەوەی سیاسەتەکانی پارتی سەربەخۆیان بدات. دەرچوونی فراکسێۆنی گۆڕان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی ئەو راستییە سەلماند.
٥-لە هەمووشی گرنگتر ، کە ئەوە ئامانجە سەرەکییەکەیە ، جۆریک لە نزیک بوونەوە لە نێوان حکومەتی ناوەند وتورکیا دورست بوو ، بە هۆی ئەوەی بە سیناریۆ ئاکەپە دژی ئەو هەڵکردنەی ئالا لە کەرکوک وەستایەوە کە پیلانەکە ئەسڵەن هی خۆی بووە. لەوەدا لەگەڵ حکومەتی عێراقی هاوئاهەنگ بوون ، ئاکەپە بۆ عێراقییەکانی سەلماند کە یەک خەمیان هەیە. سەفیری تورکیا یەک بەیەک لەگەڵ فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لە هەوڵدابووە بۆ وەستانەوە لە دژی ئەو هەڵکردنە!.ئەم هەڵوێستەی تورکیا لە مامەڵەکردن لە دەرچوونی هێزەکانی لە عێراق بەکاری دەهێنێت.
٦- بەلای تورکیا گرنگ نییە پارتی چۆن دەبینرێت و چۆن زیان دەکات ، بەڵکو پارتی وەک بەشێک لەخۆی دەبینێت ، کە لەم کردەودا خۆی براوەیە، پارتیش براوەیە، ئەگەرچی لە بەرامبەر عێراقدا هەڵکردنی ئالاکە لە پەرلەمان فەشەلی هێنا ، بەڵام دیسان هێزە لاواز و بێ مبادەرەکانی یەکێتی وگۆڕان وئەوانی دیکە کردەوە پاشکۆ بۆ پارتی . 
٧- توانیان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەگەر کاتیش بێت مەلەفی تالانکردنی زیاتر لە ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە کە پارتی تالانی دەکات دوای بخەن و پرۆسەی بەتاڵانبردن بەردەوام بێت. 
٨- ئاکەپە- پارتی ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان ، هەموو قەیرانەکانی زۆنی زەرد کە داگیرکراوە لەلایەن سوپای ئاکەپەوە ، فرێ بداتە دەرەوەی ئەم زۆنە ، بەتایبەتی بۆ کەرکوک و سلێمانی.
یەکێتی بە هۆی پارتیەکانی ناوی ، گەورەترین بەڵان بۆ سەر حازر و ئایندەی خەڵکی کوردستان ، چونکە هەمیشە ئەوانە باقی یەکێتی وەک مێگەل ناچار دەکەن مل کەچ بکەن بۆ پیلان و داواکارییەکانی پارتی.
ئیمڕۆ کۆبوونەوە هەیە ، لە نێوان یەکێتی وپارتی ، لە راستیدا پارتی لەگەڵ خۆیدا کۆدەبێتەوە ، چونکە یەکێتی هێزێکی بێ ئیرادەیە ، بێ مبادەرەیە و بێ پرۆژەیە ، پارتی تێوەی گلاندووە لە تاوانی مەزن لەتالانکردن ولە نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان ، بۆیە دەبێنین ئیمرۆ دیسان دەکەوێتەوە ژێر پیلانی رێفراندۆم کە ئەوەش ئەڵقەی دووەمە دوای ئەڵقەی یەکەم کە پیلانی ئالا بوو لە کەرکوک ، دەبینریت ئیمڕۆ پارتییەکانی ناو یەکێتی زۆر لە پارتی گەرمتر بانگەشە بۆ ریفراندۆمی درۆینە دەکەن.
پیلانی ریفراندۆمیش ، هەمان ناوەندی بڕیار لە ئەنقەرە ئیمزای لەسەر کردووە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە