جیگری سەرەک کۆمار " عادل عەبدول مەهدی" لە پاریس چۆن لە قاوەخانەیەکدا باسکرا

Wednesday, 05/04/2017, 18:49

4482 بینراوە


پاریس جۆزەردانی ٢٠١٥
دوای نیوەرۆیەکی سەرەتای مانگی جۆزەردانی (نیسان)ی پارساڵ بوو، بەهۆی کارەکەمەوە رێمکەوتە یەکێ لە گەرەکە بازار گەرمە ناودارە کۆنەکانی پاریسەوە، "مۆنترۆ"ی ناوە. 
پاش تەواوکردنی کارەکەم، لەونزیکانە بەدوای پۆست ئۆفیسێکدا دەگەرام، نامە وەڵامێکی تاکس و زەریبە لە گرفان بوو، گەرەکم بوو پۆستی کەم. 
نامەکەم پۆستکرد.
مانگی جۆزەردان، لەپاریس خۆرسکی زۆربەی رۆژەکانی هەتاون، بەدڵی سەوزی وگیا گوڵ بەدەمەکان وگوڵەباخەکانن. هەتاو لەم مانگەدا لەپاریس شەقەی باڵی زەوی گەرمکردنی تێ، بێ دڵی ناکات. زۆربەی رۆژەکانی درێژووهەتاوین. 
هەتاو دڵ ئەگەشێنێتەوە، مرۆڤ ئارەزوی فێنک خواردنەوە دەکات. هەر لە پۆست ئۆفیسەکە ترازام دیتم قاوەخانەیەکی سونەتی شێوە پاریسی، بە لووتما تەقێوە.
لەو کاتەدا لە ناخی خودی خۆمدا خواخوای قاوەخانەیەکی لەو شێوەیە بووم.
بە بێ بیرکردنەوە، لە ژوورەوەی قاوەخانەکەدا خۆمم بینییەوە، خۆم لە بەردەم کۆنتوارەکەیدا لە سەنگەرگرت.
رۆژباشێکی گەرمی فەرەنسییانە شێوە، بەزمانی خۆیان لەبارمەندەکە کرد وچاوم بەجۆری خواردنەوەکانیاندا گێرا، نەم توانی چ خواردنەوەیەک دەست نیشان بکەم. ناو قاوەخانەکەی چۆڵبوو هاوکات، یەک دوو رمی، بۆرۆژئاوابوون مابوو. هەنوکە خەڵکی لەکارکردن ئازاد نەببوون. خاڵەی بارمان کەمێک بە چاوی چاوچونۆکی خێرای دەوروخولێکی شێوە وسیمای کردم، 
- بۆنجوخ موسێۆیەکی لێکردم.
دیار بوو! کەیفی پێم دەهات، هەوایی بێزەوقی و چۆڵیی ناو قاوەخانەکەم شڵەقاند بوو. بەزەوق و جۆشییەوە وەڵامی سڵاوەکەم دایەوە. فەرموویەکی گەرمی بەدەم پێ کەنینەوە لێکردم.
لەسەر هەمان ریتم و بە هەمان خەندەوە گووتم:
خواردنەوەیەک لە دەمدا فێنک و بەدڵ گەرم بێت !! بە یارمەتیتان بە ئارەزوی خۆتان بۆم هەڵبژێرن ویەک ودووی لێ مەکەن، پێشکەشمانیکەن.
بێ ئەوەی سەیری لای منەوە بکات، بەخێرای گووتی:
بەرێزتان خەڵکی کوێن؟
دیاربوو، گەرەکی چیرۆکی ژیانی خۆی وخۆم بۆ یەکتری بگێرینەوەی بوو. هەستمکرد وەک من دڵبرینداری ئاوارەی وناڵەی جوداییە.
لەو جۆرە پرسیارانە هێند لێم کراوە، بەلای کەمەوە حەوتەی دووکەرت پێویست بوو، زیارەتی کن پزشکی پسۆلۆگ بمکردایە، تا برینداری دەروونی تیری پرسیاری"برام خەڵکی کوێندەرێی" دەرمان بکردایە.
رۆژێکی فرە خۆشبوو، هەتاوێکی بە تین و گەش بوو، دڵ ودەرونی دەکردەوە. نەم ئەتوانی دڵشاد وهێمن نەبم. پرسیارێکبوو دەتوام بڵێم: لە ماوەی چل ساڵەی ئاوارەیمدا دەهەزارکەرت و بەهەزار شێوە پرسیارەکە لێمکرابوو.
بە پێچەوانەی جارانەوە، لەسەر خۆ و بەپێکەنینەوە گووتم:
گەر بزانی خەڵکی کوێم داوەتی قاوەیەک تان دەکەم.
پێکەنی گووتی ئاسانە، بەرێزتان لە پورتوغالی دەچن.
لە دڵی خۆمدا گوتم: بە قژی سپی و دەموچاوی سوتاوی کارکردنما بە پورتوغالیم حیساب دەکات.
گووتم: 
نەخێر، دوو وەڵامی ترتان ماوە، هاوکات گووتی کرێکین. هەژارە بەوە هەڵخەڵاتا بوو، پێش رەمەزان قومی قورس وپێداگریم لە بیرەکەم ئەدا، ئەو لەپەنجەرەیەکەوە پرسیاری خەڵکی کوێندەرەی لێ دەکردم، من سەدەها کەرەت لە هەمان پەنجەرەوە شەرە ویژدانم لە گەڵ پرسیارە دڵشکێنەکەیان کردوە.
گووتم مسێۆ: 
با ئاسان کارییەکتان بۆبکەم، خۆتان زۆر هیلاک نەکەن. بۆ کڵۆڵیم نە لە ئەوروپا، نە لە ئەفریکا لەدایک بووم، بگرە لە ئاسیادا لەدایک بووم.
- گووتی لەسەرەتاوە دەمزانی خەڵکی لوبنانی، نازانم بۆ لوبنان نەمگووت.
گووتم نە خێر کوردم و لە عێراق لەدایک بووم.
هەر گوێی لە وشەی عێراق بوو، لە هەمان کاتدا بانگی وەستاکەیکرد.
بەرێز پاترۆن! وەرن میوانێکی عێراقی لەلامانە.
وەستاکەی لە ژوورێکی پشتەوەی قاوەخانەکە بوو، بەپەلە هات و سڵاوی لێکردم.
گووتی برادەری زۆری عێراقیم هەبوون، ئێستا گەرەکەیان بەجێ هێشتووە، هەندێ لە بەساڵاچووەکانیان نەماون ولاوەکانیان پەرەوازەبوون.
- راست ئەفەرموون:
من لە ساڵەکانی هەشتاکاندا لە یەکێ لەدوکانەکانی سەر شەقامە سەرەکێکەی بە بەردەم شارەوانیدا تێدەپەرێت لەدوکانی کۆنتووار ئەلەکترۆنیک کارم دەکرد تەکنیسییان بووم 
- ناوی شەقامەکەم بیرنەماوە.
پاترۆن گوتی: 
ئا ناوی " روو دو پاریس"ە.
- راستە کۆمەڵێ عەرەبی عێراقی لەو کۆلانەی پشت قاوەخانەکەی جەنابتانەوە ناسیمن، هەموو لە ترسی پارتی بەعس عێراق یان بە چیهێشتبوو. 
پاترۆن بەدەنگی نزم وەڵامی دامەوە،
- کۆمۆنیست بوون وڵاتیەیان بەجێهێشتبوو
گووتم:
- بە حوکمی ئاوەرەی و کورد وعەرەبی عێراقی برادەرایەتی مان لەگەڵ یەکدا پەیدا کرد بوو. بیرم دێت سەرەتای ساڵەکانی هەشتاکان بوو، داوەتی ئێوارە خوانی یەکێکیان بووم. هاوکات ساوایەکەیان، تەمەنی یەک دوومانگ بوو.
هەرکە باسی مناڵە ساواکەم کرد، کوتووپر پاترۆنەکە گووتی:
- ئەو ساوایەی بەرێزتان دی بووتان ئێستا تەمەنی زیاد لە ٣٤ ساڵە، بابی لە خۆشی نەمانی سەدام بۆ وڵاتەکەی گەرایەوە.
بەڵام کاتێکی کەم لە بەغداد ژیا لە خەفەتی ناخۆشی ژیانی خەڵکیدا دڵی لەلێدان وەستاو کۆچی دوایکرد، تەمەنی نە گەیشتبووە شەشتەکان. 
کورەکەی هەنووکە لە فەرنسا لە شاری لیێۆن دەژی، بۆ بەشداریکردن لە تازییەی ناشتنی جەنازەکەی باوکیدا بۆ بەغداد گەرایەوە. 
باوکی هەمیشەکاری دەکرد، لەمنداڵێوە خەریکی کاری چاپەمەنی بوو،
- باش دەزانم کاتێک لەکۆڵانی پشتەوە ناسیمن، چاپەمەنییەکی گەورەیان هەبوو.
پاترۆن کەیفی پێدەهات لەسەر باسەکەی بروات بە پەلە دەستی بە ئاخافتنی کردەوە.
- کورە نەگبەتەکەی باوکی فرەخۆش ئەویست، بە خەفەتێکی زۆرەوە بۆ بەغداد گەرایەوە.
هەرچەندە لەپاریس لەدایک ببوو، کەچی دڵی زۆر بە نیشتمانی زێدی باو باپیرانیدا دەکرایەوە.
لە درێژەی گفتەکانیدا گووتی جێگری سەرک کۆمار برادەری باوکی بوو، ناوی ئادل مەغدید بوو.
نەیدەزانی ناوەکە دەرببرێت. زۆرم لێکرد پێم بڵێت، وەلێ ناوەکانی دیگووت نەم دەزانی باسی کێ ئەکات.
لە کۆتایدا گووتم:
مەبەستان عادل عەبدل مەهدییە؟
گووتی:
دەمتانخۆش خۆیەتی. ئەو زاتەیە.
لەو کاتەدا ژنێکی گەنجی جوانی فەرەنسی هاتە نێو قاوەخانەکەوە. سڵاوی کرد.
خانمێکی فرە قەشەنگ و جوان بوو. هەردووکمان من و پاترۆن بە یەک دەنگ سڵاوێکی گەرمان بەدەنگەوە سەندەوە.
پاترۆن پاش سڵاو هەواڵ پرسینی، منی بە خانمە نازدارەکە ناساند. گوایە کوردم و خەڵکی ئێراکم، لە پاریس کاردەکەم وهەر لێرە دەژیم.
هەروەها گوتی پاترۆنی چاپخانەکەی بەرێزتان کارتان تێدادەکرد، برادەریان بووە.
بیرەی سەر کۆنتوارەکە چووم هاوردم، پێش ئەوەی قومێکی لێبدەم، گووتم:
داوەتی من بن، فەرموون چ دەخۆنەوە.
پاترۆن روی دەمی لە خانمە نازدارەکە کرد:
چی دەفەرموون:
خانم گووتی:
کەیفم بە شوکلاتەیەکی گەرم دێت، کەمێک برسیمە.
پاترۆن (بە بارمەندەکەی گووت).
- شکۆلاتەیەکی گەرم وکۆنیاکێک بهێنە. 
پاترۆن بە ئاخێک و هەناسەیەی قوڵەوە، رووی دەمی لە خانم کرد و گووتی:
- چ پیاوێکی باش بوو، لەگەڵ هاوەلانی کارگەکەیاندا بە خۆشی پێکەنینەوە کاتی پشوی نیوەروانیان بەسەر ئەبرد.
خانم دیاربوو خەفەتی دەخوارد، سەرێکی باداو گووتی چ دەسەڵات نەماوە، دنیا و ژیان بە کەیفی ئێمە وەرناچەرخێت.
پاترۆن لەسەر گفتەکانی بەردەوام بوو.
گووتی:
کورە تاقنەکەی و جێنیشینی کارخانەکەی بەخەفەت وچاو پرفرمێسکەوە بۆ تازییەی باوکی بۆ بەغداد گەرایەوە.
پاترۆن نەی دەزانی ناوی جێگری سەرەک کۆمار دیسانەوە بڵێتەوە. 
پێشی کەوتم، گووتم:
- عادل عەبدول مەهدی
- لە ساڵەکانی پێش هەشتاکانی سەدەی پێشۆوە برادەر بوون، کۆمۆنیست بوون.
برادەرەکەمان تا دواهەناسەی، باوەری بەخۆی وبەکارکردن وراستگۆی هەبوو. وەلێ برادەرە عێراقییەکەی هەر زوو تەماعی پارە ودەسەڵات سیما ورەشتی گۆری بوو. هاورێی کۆچکردوو پێش مردنی جار جار باسی جێگری سەرەک کۆماری بۆدەکردم بۆی دەگێرامەوە وێنەی نیشان ئەدام، 
- هەموو گیانی بۆ پارە و دەسەڵت گۆریبوو، ریش، جڵ لەبەرکردن، شێوەی گفتوگۆ و تاکوو چووبوو بۆ حەج.
پاترۆن درێژەی بە چیرۆکەکەیدا ولەمن فرەتر کەیفی بە بابەتەکەی ئە هات بیگێرێتەوە:
- من گووتم:
هەرگیز نەم دیووە، کۆمۆنیستەکان بۆ حەج بچن.
بەڵام پاترۆن لەسەر گێرانەوەکەی بەردەوام بوو. 
- لە هەمووی سەرنج راکێشەرتر، کاتێک کورەتاقانەی هاورێکەم بۆ تازییەی بابی دەگاتە بەغدا، جێگری سەرەک کۆمار شوێنی تایبەتی بۆ ئامادە دەکات، پاش تازییەی باوکی 
پێیدەڵێت:
- نایەڵم بۆ پاریس بگەرێیتەوە. لە بەغداد چاپخانەیەکی گەورەی هاوچەرخیت بۆ دەکرم، چاپخانەکەی پاریس بفرۆشن، لێرە کاربکەن.
بە قەولی جێگری سەرک کۆمار، کورەی داماو و بەدبەخت بە پەلە بۆ پاریس دەگەرێتەوە، چاپخانەکەی بابی دەفرۆشێت، کرێکارەکان دەخاتە سەر ساجی بەلدییە و بە پەلە بۆ بەغداد دەگەرێتەوە.
پاترۆن فرە بە حماسەوە، بە نەزم تەرتیب گفتەکانی هەوای نیوانمانی قەشار قەشار ئەکرد. من گوێی دڵم لە شمشێر وەشاندنەکەی پاترۆن فرەتر ئەبردە پێشێ.
- گەرایەوە!! بە پەلە بۆ بەغداد گەرایەوە، نەم ئەتوانی دەست ودڵی بگرم، نەهێڵم بچێت بۆ بەغداد. چونکە ئەیویست نزیک گۆری بابی بێتەوە، تا جار جار زیارەتی گۆرەکەی بکات.
جێگری سەرکۆمار عادل عەبدول مەهدی چاپخانەیەکیگەورە وگران بەهای دەخاتە بندەستەوە، کارکردن، ولیپرسیاری رەهای دەخاتە ژێر دەستێوە، تەنیا پارە و هاتوچۆی پارەی لێدەشارێتەوە. لاوی خوێن گەرمی کارکردن بۆ وڵاتەکەی ئاوەدان بکاتەوە، شەو دەخاتە سەر رۆژ وکاردەکات. پاش چەند مانگێک هەستدەکات چ دەکات بووە بە مۆمیایەکی دزی و فزی داپۆشەر. 
جێگری سەرک کۆمار وکۆمەڵەکەی چواردەوری بە ملیار لەسەر حیسابی درۆ و دزی ئەم ئەخەنە بانکی وڵاتان وکۆشک کرینەوە. ئاخر فاتورەی چاپەمەنییەکان حوکوومەت و دەڵەمەندەکان ئەیدەن، چ کەسێکیان بەدڵ نەبێت بەرۆژی نیوەرۆ بۆ ناو گۆر ساردی دەکەنەوە.
پاترۆن لە سیمایا دیار بوو، زۆر تورەببوو، دەست ولێوی ئەلەرزین، وەستا لە گفت کردن. پیکە کۆنیاکەکەی بۆ بەرزکردینەو. گووتی:
- قیرسیا چارە نییە !! هاورێیان نۆشمان بێت.Mes amis à notre santé
ئێمە، کچە جوان وقەشەنگەکە، نەمان ویست خەیاڵی بیرکردنەوی پاترۆن بئالۆسکێنین بە ئەسپای گووتمان:
- پاترۆن نۆشی گیانت بێت. Patron à votre santé 
کەمێک وەستا، هەموومان خامۆش بوین، چاوەروان بووین، کارەساتێکی ناخۆشتر رووبدات. پاترۆن هەستیکرد، ئێمە لەم ساتە خامۆشە، دڵمان ئەلەرزی، گووتی:
- باش بوو، کوری لاوی هاوەڵەکەم، بە خاو خێزانەوە بەپەلە بۆ پاریس گەرایەوە. درێژەی بە قسەکانی دا و گووتی.
- لاوە شێرەکەمان هەنووکە بێ کارە و بەدوای کاردا دەگەرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە