ماڵپەڕەکانی سەر بەدەسەڵاتی باشوور، نووسینەکانم مەبەن!

Saturday, 08/04/2017, 16:22

4091 بینراوە


لەلایەن هەندێک دۆست، هاورێ و ناسیاو ئاگادار کراومەتەوە کە بابەتەکانم لە هەندێک ماڵپەڕی گوماناوی سەر بە دەسەڵات بڵاوکراوەتەوە، کە بووە بە جێگە پرسیار کە ئایا من بۆ ماڵپەرە دەوڵەمەندەکانی سەر بەدەسەڵات بابەت دەنێرم و پەیوەندیم لەگەڵیان هەیە؟  وەڵامی من نەخێر.
 بەو هۆیەوە بە پێویستم زانی ئەو روون کردنەوەیە بڵاوبکەمەوە بۆ ئەوەی کەس بە هەڵە حاڵی نەبێت، وا تێنەگات کە من بۆ ئەو جۆرە ماڵپەڕانەی کە بە فشاری دۆلار کار دەکەن، پێنووس و توانا و بەهرەکانیان لە خزمەت سەرانی پارتەکانی باشوور بەکار دەهێنن، ویژدانیان لە چاڵ ناوەو بوون بە زوورناژەنی ئەو لێپرسراو و ئەم پارەدار، یان ئەو دەزگای پارستن و ئەم دەزگای دژە تیرۆر.
وەک هەر نووسەرێکی کورد هەقم داوە بە خۆم بۆ ماڵپەڕەکانی کە بە ماڵپەڕی سەربەخۆ ناسراو بوون لە نێو وڵات بابەت بنێرم لەوانە " هاووڵاتی"، "ئاوێنە" و "شارپرێس" لە شاری سلێمانی، بەڵام هەر سێک لەو ماڵپەڕانە ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک بابەتەکانی من بڵاوبکەنەوە، ئیتر منیش بڕیارم دا بابەتیان بۆ نەنێرم.
تەنیا ماڵپەڕێکی سەربەخۆ لە نێو وڵات کە ئامادە بووبێت بابەتی من بڵاو بکاتەوە ماڵپەڕی "ستاندەر" بووە، لەگەڵ ئەوەی کە لە نێو دڵی هەولێردا کار دەکات،  هیچ کاتێک یەک ووشەیان لە بابەتەکانم سانسۆر نەکردوە. هەروها ماڵپەری سبەی بزوتنەوەی گۆڕان کاتێک کە ئۆپۆزسیۆن بوو، بابەتم بۆیان دەنارد و بڵاویان دەکردەوە، بەڵام دوای ئەوەی سەرانی بزونتەوەی گۆڕان کەوتنە ماستاو کردن بۆ هێرۆ و جەلال، بڕیاریاندا لەگەڵ مەسعود بەشداری دەسەڵاتی کرمێ بووی هەرێم بکەن, لە سەرەتای نانی ئەو دوو هەنگاوەدا کەوتنە سانسۆر کردنی بابەتەکانم ئیتر منیش بڕیارم دا پەیوەندییان لەگەڵدا بپچرێنم و بابەتیان بۆ نەنێرم. 
 تا ئیمرۆ، بەردەوامم و بە دەستی خۆم بابەت دەنێرم بۆ ماڵپەڕی (ستاندەر، دەنگەکان، پێنووسەکان و کوردستانپۆست).
"لە سێبەری شاخ" یادەوەرییەکانم، تەنیا بۆ ماڵپەڕی "کوردستانپۆست" دەنێرم و ئەو تێبینیەم لە ژێر هەموو زنجیرەیەک تۆمار کردوە، کەچی هەندێک ماڵپەڕی سەر بەدەسەڵات بەبی لەبەر چاوگرتنی رێورەسمی دنیای میدیا و بەبێ پرسیار کردن، یادەوەرییەکان و بابەتەکانی تریان لە "کوردستانپۆست"ەوە کۆپی کردوە، بڵاویان کردۆتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکە بدەن.  دەیانەوێت لە خەڵک بگەیەنن کە من بە رەزامەندی خۆم  ئەو بابەتانەم بۆیان ناردووە.  
ئەمە جێگەی دڵخۆشیم نییە نووسینەکانم لەو جۆرە ماڵپەرانە بڵاوبکرێنەوە کە سەر بە دەزگا جاسوسییەکانی وەک " دژە تێڕۆڕ"، "هەوڵگری" و" پاراستن" یان ئەو ماڵپەڕانەی کە پەیوەندیدارن بە لێپرسراوەکان و سەرچاوەی بودجە و مووچەیان دزینی قوتی خەڵک و سامانی گشتییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە