بنبەستی دیالۆگ و ڕێگای ئاشتیخوازانە

Thursday, 25/05/2017, 11:18

2573 بینراوە


توندوتیژی وبەکارهێنانی چەك لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵگا یان خەڵکی ناڕازیەوە لە کۆمەڵگا شارستانیەکان و لە دەوڵەتی یاساسەروەریدا تابووە و تاوانە. تەنها توندوتیژیەك ڕێگا پێدراو بێت توندوتیژی دەزگا تایبەتمەندەکانی دەسەڵاتە بۆ پاراستنی وڵات لە ڕێگای سوپاوە یان بۆ چەسپاندنی یاساکان و ڕێگری لە تاوان و ناڕەوایی لە ڕێگای پۆلیس و دەزگاکانی پارێزەرانی ئاساییشی وڵاتەوە .ئەوەش تەنها توندوتیژیەکی ڕیگەپێدراوی یاساییە و لە سنوری یاسادا پەیڕەو دەکرێت و بە توندوتیژی ئەرێنی(پۆزەتیف) پێناسەی دەکرێت. توندوتیژی ئەرێنی تەنها ڕێگایەکی ناچاریە کە لەلایەن کەس و دەزگا فەرمیەکانەوە بەکاربهێنرێت بۆ پاراستی ئاسایشی وڵات و سەلامەتی هاوڵاتیان.
توندوتیژی لە هەمو هەلومەرجێکدا نەخوازراوە و دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە هەمیشە ڕێگای مرۆڤانە و مۆڕالیە. گرتنەبەری توندوتیژی لەلایەن زۆرلێکراوانەوە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا و بەتایبەتی لە مێژوی ڕزگاری خوازانە و ئازادیخوازانەی گەلانی دونیادا هەرگیز ویست و ئارەزوی زۆرلێکراوان نەبووە، بەڵکو ئەنجامی گەیشتن بووە بە بنبەستی چارەسەر لە ڕێگای دیالۆگ و شێوازی ئاشتیخوازانەوە.
هەلومەرجی بە بنبەست گەیشتن بۆ وەرگرتنی ماف و ئازادیەکان بە ڕێگای ئاشتیخوازانە و وەرگرتنەوەی وەڵامی داواکاریەکان بە ڕێگای زەبروزەنگ لە لایەن دەسەڵاتەوە، لە هەمانکاتدا پێداگری لەسەر خستنەدواوەی ڕێگای توندوتیژی دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە ئیتر ئامادەین بۆ سەرشۆڕی و پەسەندکردنی ناڕەوایی و وازهێنان لە مافەکانمان و دابەزین بۆ ئاستی نامرۆڤ بون و خۆداماڵین لە مۆرال و ئێتیکی مرۆڤایەتی. 
ئەمڕۆ ئەو هەلومەرجەیە کە لە هەرێمی کوردستانداهاتۆتە دی . خەڵکی کوردستان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بێسود لە ڕێگای ئاشتیخوازانەو لە ڕێگای ڕیفۆرمخوازی لە سیستەمی فەرمانڕەوایی و سەرجەم دیاردە دزێوەکاندا نەك هیچیان بەدەست نەهێنا بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕۆژانە بەرەو لەدەستدانی ئەو دەسکەوتانەش دەچن کەلەسەردەمانێکدا دەستەبەر بوبون. لەبەرچاوترینیان، سەرکوتکردنەوەی زیاتری دەنگە ئازادەکان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کە نوێنەرایەتی خەڵك دەکات و گەڕانەدواوە لە بەدەزگاییکردنی دەسەڵات و برسی کردنی زیاتری خەڵك و ساماندارکردنی زیاتری بنەماڵەکان و تاکەکانی ناو دەسەڵات.
بە بنبەست گەیشتنی هەوڵە ئاشتیخوازەکان و ڕیفۆڕم، خەڵکانێکی زۆری بە ئاراستەی بیرکردنەوە لە پرۆژەی گۆڕانکاری بنەڕەتیانە و ڕاماڵینی دەسەڵاتداران بردووە. ئەوەش بەهەمان ئەو شێوازی توندوتیژیانەی کە دەسەڵات دژ بە خەڵك بەکاریدەهێنێت، نەك تەنها لە ڕێگای نارەزایی دەربڕین و کۆبونەوە بێشومار و بێئەنجامەکانی پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.
ئەو پارت و بزوتنەوە و ڕێکخراوانەی هێشتا بەردەوامن لەسەر بەرزکردنەوەی لۆگۆی تفەنگی شکاوە و بەرزکردنەوەی نوکی پێنوسەکانیان و دەیانەوێت بڵێن : (ئێمە تەنها ڕێگای نوسین دەگرین و بێبەرین لە توندوتیژی شۆڕشگێرانە). ئەوانەن کە بێباوەڕن بە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵك بۆ ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە و نایانەوێت خەڵکی کوردستان بەو ئاراستەیەدا بچێت. ئەوەش خەڵکی بەو ئاراستەیەدا بردووە بگەنە ئەو باوەرەی کە ئەوانە بە ئاگا یان بێئاگا، چونەتە پاڵ بەرەی دەسەڵات و خزمەتکردن بە دەسەڵات و وەستانەوە دژ بە بەرەی خەڵك و جەماوەر .
پاش زیاتر لە چارەکە سەدەیەك لە نەهامەتی و زۆرداری و برسیکردنی خەڵك، ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بەرامبەر دەسەڵاتداران و بنەماڵەکانیان و دادگایی کردن و سزادانی فەرمانڕەوایانی تاوانبارلەلایەن خەڵکەوە شتێکی حەتمیە و بەهاری کوردی مەسەلەی کاتە. ، ئەمڕۆ تەنها ڕێگاچارەیەكلەبەردەم ئازادیخوازان و دەنگە ئازادەکاندا مابێت ئەوەیە کە کاری جدی و بەبەرنامە بکرێت بۆ ئامادەکاری و خۆڕێکخستن بۆ ئەو بەهارەی کە دەسەڵاتداران ڕادەماڵێت و لە دوائەنجام دا ئازادیەکان و دیموکراسی و دەسەڵاتی خەڵك و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و یاساسەروەری و کۆمەڵگا و فەرمانڕەواییەکی سیکولێر فەراهەم دەکات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە