کورتەیەک لە مێژووی رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە (بەشی سێیەم)

Wednesday, 12/07/2017, 0:43

2306 بینراوە


هەڵبەت، دابڕان و لێکجودابوونەوە لە هەر حیزب و رێکخراوێکدا ڕوو بدات،زیان و کاریگەرێتی نەرێنی خۆی هەیە. ئەوەی لە دەروونی سۆکسەشدا دەکوڵا،شەڕی دەسەڵات و پلە و پایە نەبوو، بەڵکو نەدۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی بێ زیان و هەڵنەبژاردنی میکانیزمێکی گونجاو و پراکتیکی بوو بۆ کێشەکان. ئەم بارەش ژینگەیەکی دروست کردبوو،  بارگاوی بە توڕەیی هاوبیرانی کوردستان، کە لە شاخ بوون و بارەگایان هەبوو،بەرپرس بوون لە ژیانی پێشمەرگە و چارەنووسی حیزب و ئاڵای بیروباوەڕی کوردایەتی. هاوبیرانی کوردستان خۆیان بە نەخشەکێشی سەرەکی و ئاڵا بەدەست و سەرچاوەی سیاسەتەکە دەزانی،چونکە لەسەر زەمینی واقیعدا بوون، گیانبازیشیان بە کردەوە بۆ دەکرد. هەموو لق و پۆپەکانی تریش بە ئەوروپاشەوە، بە جۆگەلە دەزانی. ڕاستیش هەروایە،بە چاوی ئەوسا و ئەقڵێتی ئێستاشەوە هەمیشە،هەر کوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەبات و تێکۆشانە. ئەم حاڵەتە ڕەوایەتی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی ڕەهای پێ بەخشی بوون. بەس دەبوو هەنگاوەکەیان بە شێوزێکی وا تەواو بەرپرسانە هەڵبگرتایە،ئەو گورزە قورسە لەو کاتەدا لە سۆکسە و هاوبیران نەدرێ. مخابن ئەم حاڵەتی ڕەوایەتی وەرگرتن و تووڕەییە توندەی کاک ئازاد نوێنەرایەتی دەکرد،بووە پەردەیەکی ئەستوور و ڕێگەی لە بیرکردنەوەیەکی عەقلانی و چارەسەرێکی حەکیمانە گرت. بۆیەکا ئەو زیانەی بەر پەیکەر و جەستەی سۆکسە و هاوبیران کەوت، هی کۆی گشتی هەمووانە و سەد ئەفسووس، نەدەبوو کارەساتی وا، لە پای هیچ ڕووی بدات. دەبێ ئەوەش بگووترێ هیچ لایەک، پلانی بۆ ئەم دەرئەنجامە دڵتەزێنە دانەڕشت بوو، بەڵکو ڕووداوەکە بەرهەمی ناڕاستەخۆی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی نالەبار و ناسروشتی و ئاڵۆزی ناوەوەی کوردستان بوو. شیاوی ئاماژە پێدانە، ئەگەرچی باس لە جیابوونەوە و کەرتبوونی رێکخراوێک و بەرەیەکی هاوبیران دەکەین، لێ جیابوونەوەکە بە چاوپۆشی لە هەندێ پێشهاتی بچووک، بە ئاشتی و هێمنی و ژیوەری بە ئەنجام گەیشت. ئەمەش نموونەیەکی دەگمەنی دنیای سیاسەت و حیزبی کوردی و کوردستانییە.
ئەو چەند هاوبیرەی ئەوروپا،بە هەموو شێوازێک مام سەلمێنیان دەکرد و نەیان دەویست، ددان بەم ڕاستییەدا حاشاهەڵنەگرەدا بنێن و واقیعەکە، ئەگەرچی تاڵیش بێت، تا دەرەتان و قۆناخێکی باشتر قبوڵی بکەن. ڕەنگە هاوبیرانی ئەوروپاش،ئەوانەی لەم نێوەندا بوون و لە نزیکەوە ئاگاداری هەڵوێستی  ئەوروپا و کوردستان بوون، وەک پێویست نەیان توانیبێ لە نێوان ئەم دوو دیدە جیاوازەی ـ نەک دژ بەیەکە ـ هاوبیران دا کاک ئازاد مستەفا و جەمال دا، ژینگەیەکی ئارام و تەندروست بۆ گفتوگۆ ساز بکەن و توانایەکی زیات بۆ لێک نزیکبوونەوەان خەرج بکەن.یان بۆیان نەکرابێت میانگیرییەکی ئەرێنی لەم میانەدا بگێڕن.
بە سەرنجدان لەم باسە، بۆمان دەردەکەوێ، بۆ سۆکسە و ئێمەی سەرجەم هاوبیرانیش،سەخت و گران بوو،کەسێکی وەک مامۆستا جەمال نەبەز،کارمان لە تەکدا نەکات و ماڵمان لەیەکتر بترازێ. مامۆستا جەمال  جیا لەوەی وەک یەکێ لە  دامەزرێنەران و برا گەورەی هەمووان تەماشا دەکرا، هەمان کات، قورسایی خۆی لە گشت مەیدانەکاندا هەبوو. خزمەتە بێشومارەکانیشی شتگەلێک نین نادیدە بگیرێن. هەروەها جیابوونەوە بۆ سۆکسە و هاوبیران، شتێکی چاوەڕوان نەکراو و نەگونجاو بوو،ئاخر بیر و فەلسەفە و رێبازی کوردایەتی، بۆ خۆی کاری بەردەوام لەسەر یەکخستن و تەبایی دەکات، ئیدی چۆن دەکرێ هەڵگرەکانی لێک دڕندوگ و ناتەبا بن.بەڕاستی شتێکی ناقۆڵا و جێی پرسیارە!.
 بۆیەکا  گەرەکە پێ لەو ڕاستییە بابەتییە بنێین: بەڵێ  ئەم ماڵ جیاییە، گورزێکی گران و زیانی گەورەی بە سۆکسە گەیاند، لێ بەو مانایە کوشندە نەبوو، هاوبیرانی سۆکسە گۆڕ بۆ خۆیان هەڵکەندن و مەیدانەکە چۆڵ بکەن.
 دوای ئەو ئالۆزی و ناخۆشییانە، هاوبیران بە پەرۆشی و هەوڵی بێوچانەوە، درێژەیان  بە تێکۆشان و چالاکییەکان دا و سۆکسە پشوو درێژانە، بەردەوامی  بە تەمەنی خۆی لە قۆناغێکی سەختدا بەجێگەیاند و بە زوویی تێی پەڕاند.     
شایانی دووپاتکردنەوەیە،ڕەنگە لە ڕووی تیورییەوە هەندێ قسە و هەڵوێستی ئەو کەمە هاوبیرە، لە چەند خاڵ و قۆناخێکدا ڕاست بووبێ. بۆ نموونە  لە ڕێی سۆکسەوە، وەک چەکێک کاریگەر هەندێ گوشار ، بۆ سەر ئەو لایەنانە دروست بکەین، واز لە سیاسەتی نادۆستانە و ناکوردانەی دژایەتی و پەلاماری هاوبیرانی نەتەوەیی بهێنن. یان پتر بە لای کوردایەتیدا وەرچەرخێن و وابەستەی دوژمنانی کوردستان نەبن. لێ ڕادەی مەترسییەکانی سەر هاوبیرانی کوردستان و هەڵگیرسانی شەڕێکی نێوخۆی دیکەی براکوژی، یاخود قوڵبوونەوە و دڕێژەکێشانی براکوژی ئەگەرێکی گەورەتر بوو. چونکە ئەو هێزانەی تر،هەر ناحەزی فیکری پاسۆک نەبوون، بەڵکە لە زۆر هەڵوێستدا، دوژمنکارانەش ڕەفتاریان دەکرد و بە دوای بیانووی پووچەڵدا دەگەڕان، هەڵسوکەوتیان توندوتیژتر بکەن بەرامبەر  بە هاوبیرانی کوردستان. 
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، پاسۆک بە هەموو جۆرە میتۆدێک دژایەتی دەکرا و هەوڵ دەدرا لە مەیدانەکەدا گۆشەگیر بکرێ. لەمەش بڤەتر ئەوە بوو،  ئەو هێزانە چەک بەدەست بوون، نە سڵیان لە پەلامار و کوشتن دەکردەوە و نە لە پلان و ئاژاوەگێری خۆیان وازیان دەهێنا. داگیرکەرانیش فیتنەگێڕی بێبڕانەوەیان لە کاردابوو. 
ئیدی تۆ لە ئەوروپا هەزاران بەیاننامەت دەکردایە و سەدان ناڕەزاییت دەرببڕییایە و چەندین خۆپیشاندانت ساز بکردایە، چارەسەری ئەو کێشانەی پێ نەدەکرا و نەدەبووە فریادڕەسی، پاسۆک و پرسە نەتەوەییەکە. ئەوەیشی نابێ لە بیرمان بچێ ئەوەیە، لەو قۆناخەدا، زیاتر ئەقڵێتی کەڵەگایەتی و ملهوڕی و قبوڵنەکردنی یەکتر و بانگاشەی حاکم و قارەمانی گۆڕەپان لە نێو هێزەکان دا زاڵ بوو، نەک پرنسیپ و باوەڕی هاوچارەنووسی و هاوخەباتی ڕاستەقینە و هاوتا و تەندروست. 
هەقیقەتی مەسەلەکەش ئەوە بوو،بەڵێ ئەوان/ لایەنەکانی دیکە، زۆرجاران زیاد لە ناحەز و هاوپەیمانی ڕەفتاری خراپیان بەرامبەر بە پاسۆک دەکرد، لێ هەر  نەدەکرا، ئێمە لە ژێر پەردەی هاوپەیمانیدا بەو شێوە زبر و زەقە، هێرش بکەینە سەریان و دەبێ ددان بەو ڕاستییەشدا بنێین، لەگەڵ ئەوەشدا کە پاسۆک باوەڕی پێی بەو دۆخە نەبوو، هاوزەمانیش هەر  پێشی  نەدەکرا. 
 دەرئەنجامی ئەم ململانێ هێمنانە، هاوبیرانی دیکەش،کە  زێتر لە ٥/٦ی پێکدەهێنا و زۆرایەتی ڕەهابووین،لە ئاکامی خوێندنەوەیەکی بەدیقەتی بابەت و مەسەلەکان، لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستانەدا، هەڵوێستمان بەلای هاوبیرانی کوردستاندا شکایەوە. ئەم بڕیار و هەڵوێستەش، بە پێی هیچ پلان و فڕوفێڵ و ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی یان ڕک لەم یان لەو نەبوو، یاخود گوێڕایەڵی کوێرانە نەبوو، بۆ هیچ کەس و لایەک. بەڵکو کتومت لەگەڵ واقیعی دۆخە سەپاوەکەدا، جووت دەهاتەوە و ئەوسا و ئێستاشی لەسەر بێت، هەر خەباتی ناوەوەی وڵات،لەبەرتر و گرنگتر و سەنگینترە، لەوەی لەدەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێ. ئەمەش مانای کەمکردنەوەی بایەخی چالاکی و تێکۆشانی دەرەوەی کوردستان نییە. 
بەهەرحاڵ ئەوەی نەدەبوو ڕوو بدات، لەدەست دەرچوو و قەوما، گەر سینەفراوانی و ئاوەزێکی زرنگانەتر و پشوودرێژتر و ڕۆحێکی گەورەتری بەرپرسیارێتی و وردبینی و ئایندە خوێندنەوەیەکی باشتر لە ئارادابوایە،ئاکام بەوە نەدەچوو کە پێی گەشت .
 خۆ هەر نەبێت دەکرا، ئەو کێشەیە، لەسەر بنچینەی کارسازییەک یان جۆرە رێکەوتنێکی ژێربەژێر و تاکتیکئامێز، چارەسەر بکرایە،تا هەلومەرجێکی باشتر سەری هەڵدەدا. بۆ نموونە دەکرا:

١ـ پاسۆک،بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆی لەبەرهەم و بۆچوونەکانی جەمال نەبەز دوورەپەرێز بکات. ئەوانەی تێبینییان لەسەر دروست دەبوو.
٢ـ مامۆستا جەمال نەبەز ڕازی بوایە، ئەو بەرهەمانە بە ناوی خۆیەوە بڵاوبکاتەوە، نەک بە ناوی سۆکسەوە. بە واتایەکی دیکە لەمەیدانی دیکەدا ـ ڕۆشنبیریی و فکری ئازاد داـ ، کار بکات بۆ بیروباوەڕی کوردایەتی. بەمەش هاوسەنگێتی خەباتی ناوەوە و دەرەوە دەهاتە کایەوە و هەر لایەک دەیتوانی بڕەک سەربەستر کارەکانی بکات.
٣ـ هەر بۆ ڕای گشتی نادڵخوازانەش بوایە ،ڕوونکردنەوەیەک لەم بارەوە بڵاوبکرایەتەوە.
 بەڵام لێک تێنەگەیشتن و دەرنەچوون لەو کوێرە ڕێیە، بەو دەرئەنجامە گەیشت  بیروبۆچوونی جیاواز هاتە کایەوە و گرژییەکان تا دەهات زەق دەبۆوە، دوا وێستگە گەیشتە ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٥ دا کێشەکە بەم جۆرە یەکاڵا بکرێتەوە:
ـ داوا لەو دەستەیە کرا، بچنەوە/ بێنەوە کوردستان و ئەوان چی بە باش دەزانن، لە بیروبۆچوون و شێوازی سیاسەتکردن بیکەن و بیڵێن، سەرکردایەتی و بنکردایەتی پاسۆک لە خزمەتی بۆچوونەکانیان دا دەبن.  لێ ئەمان بە هیچ شێوەیەک بەم داوایە ڕازی نەبوون و خۆیان خستە نێو لێکدانەوەی سەیروسەمەرە و کەوتنە هۆنینەوەی چیرۆکی نادروستەوە.
ـ یان ئەوەتا، سۆکسە، دەبێت ڕەنگدەرەوەی سیاسەتی گشتی پاسۆک بێت. ناکرێ پاسۆک لە بەرە و هاوپەیمانێتی دا بێت، لەگەڵ لایەنەکانی کورد و کوردستانیدا، کە فەرزی قۆناخ و گۆڕەپانەکە بوو. بەڵام سۆکسە لە ئەوروپاوە هێرش و قسەی توند بەرامبەر بەو لایەنانە بکات و سەروبەری گوتاری خۆی تەرخانی دژایەتی لایەنەکان بکات. ئاخر هاوپەیمانێتی و هاوچارەنووسیش پرنسیب و نەریتی خۆی هەیە.ڕاستە هەندێ لایەن پێڕەوی لێ ناکەن و هەر سات و کاتێ بەپێی بەرژەوەندی خۆیان هەڵیدەسووڕێنن،بەڵام بۆ پارتێکی نەتەوەیی وەک پاسۆک، نەدەکرا بە پێودانگی ئەوان هەڵسوکەوت بکات و وەک لایەنەکانی دیکە خەمسارد و تاکتیکباز بێت، لەگەڵ ئەم داوا ژیاریی و هەستیارە. پاسۆک ناچار بوو، بە پێی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی، لە مەیدانی هەوڵ بۆ یەکێتی و تەبایی بزاڤی کوردایەتی کار بکات. لە کاتێکدا،وەک مێژوو بۆی تۆمار کردووین و نیشانمان دەدات، بە درێژایی دووهەزارساڵەی ڕابردوومان، ناتەبایی و نا یەکگرتوویی هۆکارێکی بەرهەست و بەرچاوی نێگەتیڤی تێشکان و نسکۆکانمان بووە.
دواجار،ئەو هاوبیرانە ریزەکانی سۆکسەیان جێهێشت و سەرەتا ویسترا بە ناوی سۆکسەوە کار بکەن، لێ بۆیان مەیسەر نەبوو. هاوکات بۆ ماوەیەک دژی سۆکسەی دایک وەستانەوە. ئەوەشیان بۆ نەچووە سەر.
 بەڵام سۆکسەی زۆرینەی رەها، هەرماو و بەردەوام بوو لەسەر چالاکییەکانی و کۆنفرانسێک لە وڵاتی سوید، لە رۆژانی ٤ و ٥ ی کانوونی دووەمی ١٩٨٦ دا گیرا و بەدوورودرێژی باس لە کێشەکان کرا بە ڕێزەوە ئاماژە بە نابەرپرسیارێتی خۆی لە بەرهەمەکانی مامۆستا جەمال ڕاگەیاند. دواتر لە رۆژانی ٢٥ـ٢٧/٧/١٩٨٦ دا، ئەو کەمە هاوبیرە لە هانۆڤەر کۆنگرەیەکیان بە ئامادەبوونی چەند کەسێ گرت و بە بەیاننامەیەک لای خۆیانەوە سۆکسەیان هەڵوەشاندەوە. بەڵام سۆکسە تا نزیکی بیست ساڵ دوای ئەوەش هەر مایەوە و درێژەی بە چالاکییەکانی دا.
شایانی ئاماژە پێدانە،هەر ئەم دەستەیە،پاشان رێکخراوێکی تریان بە ناوی "کۆمەڵەی یەکسانی و ئازادیی کورد(کۆیاک)،لە ٤/٤/١٩٨٧ دا ڕاگەیاند. لە کاتێکدا ئێمە ئەم هەنگاوەمان گەلێ پێ باش بوو، لێ هەر ئەو ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی پێڕەو و پرۆگرامەکەیان بوو، دەنا لە مەیداندا  بە مردوویی هاتە ژیانەوە و هیچی دیکەی بەدوادا نەهات.
جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدەین،خودی پاسۆکیش لە تەک سیاسەتی، هاو بەرە و هاوپەیمانەکی، لە هەموو کاروبارەکاندا تەواو هاوڕا و هاوستراتیژ نەبوو. پاسۆک  هەردەم لە پرسە ستراتیژی و بنەما گشتییەکانی کوردایەتیدا پێداگری خۆی،لەسەر ئامانج و دروشمەکانی  دەکرد و بەڵگەش لەم ڕووەوە زۆرن. بەڵام سەرباری ئەم ڕاستیانەش دیسان هەر  نەدەکرا، لەو قۆناخە هەستیارەدا، ململانێکانیان لەگەڵدا قوڵتر بکەینەوە،ستراتیژ و تاکتیک جێگۆڕکێیان پێ بکرێ و  داگیرکەر و دوژمنە سەرەکییەکەمان  لەبیر خۆمان ببردایەتەوە و هەر شەڕی لایەنە کوردییەکانمان بکردایەتە ئامانج . ئاخر بەڕاستی ،ڕاگوێزان و گەمارۆدان،کە پاشان هەڵەبجە و ئەنفالی بەدوادا هات کورد و کوردستان، لەبەردەم قڕبوون و سووتماککردندا بوون  و هەڕەشەی مەترسیدار بەسەر چارەنووسی کوردەوە بوو. 
  هەڵبەت هەموو ئەوەش دەزانین، ئەو لایەنانە بەوشێوەیەی خۆیان باوەڕیان پێی بوو، خەباتی چەکدارییان دەکرد.  بە باش و خراپ خۆیان لەو مێژووە بەرپرسن. واقیعەکەش وابوو،هەر دەبوو پێوەندی بە شوێنێکەوە بکرێت.ئێران لەشەڕی خوێناویدا لە دژی عێراق تێوەگلا بوو، هێزی پێشمەرگە لەسەر سنوورەکان گیرسابووەوە، ئیدی تەواوی لایەنەکان، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، ببوونە دۆستی ئێران و لە ئێران نێزیک بوون،وەک دەڵێن : دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە.. ئەمەش وای کردبوو، هێزەکان بۆیان هەڵنەدەسوڕا، بەهەمان زمان و سیاسەت، رووبەرووی ئێرانیش ببنەوە. شەڕی سەرەکیش لەدژی هەڕەشە و مەترسییەکانی دەوڵەتی عێراق بوو. کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بە رۆژهەڵات و رۆژئاواوە،لە ئاست مەرگەساتی کورد، بێدەنگی و چاونووقاندن و گوێ قەپاتکردنیان هەڵبژارد بوو.
ماویەتی...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە