مەرگی هێلموت کول و پەیڤێک

Sunday, 25/06/2017, 22:40

2542 بینراوە


ئەڵمان ئەو نەتەوە زیندووەیە،کە دەتوانێ وەچە بە وەچە، لە هەموو بوارەکاندا رٶڵە و سەرکردە و تاکی هەڵکەوتوو دروست بکات و لەم رێگایەشەوە ببێتە جێی سەرنجی دنیا و سەرمەشقی نەتەوە و گەلانی دنیا.مێژووی ئەڵمان تژییە بە پیاوی  زانا و هەڵکەوتوو و ناودار،ئەگەرچی شەڕامنگێزێکی وەک هیتلەریشی بەرهەم هێناوە. بەس وەک دەڵێن چەم بێ چەقەڵ نابێت. سەروبەری ئەم خەسڵەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیهانبینییە عەقڵانییەی،لای ئەڵمان  بۆ ژیان هەیە.
ئەڵمانیا وڵاتێکە دەکەوێتە ناو جەرگەی ئەوروپاوە و سنووری لەگەڵ  ٩ وڵاتدا پێکەوە بەستراوە. پێگە و هەڵکەوتی ئەڵمانیا بایەخی ستراتیژی گەورەی هەیە. ئەم وڵاتە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی دووەم،دابەش بوو بەسەر دوو دەوڵەت داو هەیەک لەم دەوڵەتانەش  سەر بە  دوو بلۆک و بەرەی  سیاسی، سەرمایەداریی و سۆسیالیستی جیاواز و ناکۆک بە یەک بوون.
سیمبۆلی هەرە دیاری ئەم دابەشکراوی و رووبەرووبوونەوەی ئەم ئۆردۆگایە، بە درێژایی  دیوارێکی ١٣٧٨ کم،کە بەناو  دڵی  نیشتمانی ئەڵماندا رایان کێشا و دوو دەوڵەتەکەی لێ کەوتەوە و بە دیوارەکەی بەرلین ناوزەد کراوە کە بە تەنیا درێژایی١٥٦کم هەبوو . دوو دەوڵەتی بەهێز و پێشکەوتوو،هەژمار بۆ کرا و دەوڵەمەند لە هەردوو بەرەکەدا،کە بە ئەڵمانیا رۆژئاوا و ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەناسران.
مانگی ئازاری ١٩٨٥، پارتی کۆمەنیستی شورەوی ، گۆرباتشۆفی وەک گەنجترین سکرتێر لە مێژووی خۆیدا هەڵبژارد.لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم سکرتێرە نوێێەدا،سەرەتای رەخنە و گازندەیی لە سیاسەتی حیزب و سکرتێرەکانی پێشووتر دەستی پێکرد. زۆری نەخایاند،سیاسەتی پلان و نەخشە/ ڤیزیۆنی گۆرباتشۆف،کە بە ( گلاسنۆست و پێرۆسترۆیکا) ناسراوە، راگەیاند و سیاسەتی وڵاتەکەی بە رووی جیهانی دەرەوە و بە تایبەت ئەمەریکا و رۆژئاوای سەرمایەداریدا کردەوە. ئەم کزەبایە،هێشتا بەتەواوی هەڵی نەکرد بوو، دەوڵەتانی بلۆکی رۆژهەڵات کەوتنە لەرزە و شلۆق بوون و وڵاتانی بەڵتیک هەرر زوو داوای جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان کرد و بە زووییش ئەنجامیان دا.
دەوڵەتی ئەلمانیای رۆژهەڵات/DDR، ، هەر زوو دانیشتوانەکەی هۆشیار و زیت بوونەوە،کە لە مێژوو بوو  بەدوای دەرفەتێکی گونجاودا،دەگەڕان دیواری ناوزڕاو داڕمێنن و بە دیداری نەتەوە و خاکەکەیان،لە بەشی رۆژئاوا شاد بنەوە و یەکبگرنەوە.
سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیای رۆژئاواش، زۆر لێوەشاوانە و لێزانانە و ئەقلانی دەرفەتەکەیان قۆزتەوە، لە هەلومەرجێکی ئالۆز و پڕ لە کێشمەکێشی ناوچەیی و جیهانیدا، لە نێوان وڵاتانی زلهێز و خاوەن بڕیاری وەک ئەمریکا و فەرەنسا و ئینگلتەرا و شورەویدا،دەستیان کرد بە کارکردن لە سەر چەند تەوەر و بە چەند شێوازێکی جیاواز.
هونەری یاریکردن لەنێو ئەم هەموو لایەنەدا،دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێواز و میتۆدانەی ئەڵمان بۆ یەکگرتنەوە هەڵیان بژارد بوو. هەر زوو لە ئەڵمانیای رۆژهەڵاتەوە،خەڵکێکی لە رێگای سەفارەتەکانی ئەڵمانیا لە پۆلۆنیا و چیکۆسلۆڤاکیاوە، هەڵاتن بەرەو رۆژئاوا و لە رۆژئاوا، بەوپەڕی خۆشەویستی و دڵفراوانییەوە باوەشیان بۆ کردنەوە. هاوکات  لە شارەکانی ئەڵمانیای رۆژهەڵات،بە تایبەت شاری لایپزیک، بەردەوام 
خۆپیشاندان رێک دەخرا، لە ژێر دروشمی "ئێمەین گەل". بە سەدان هەزار رۆژانە دەچوونە سەرشەقام و دڵی دەسەڵاتدارانیان دەهەژاند.
ئەڵمانیای رۆژئاواش،بەسەرکردایەتی هێلموت کۆلی راوێژکار (٣/٤/١٩٣٠ـ ١٦/٦/٢٠١٧)،خەریکی کاری دبلۆماسی و رازیکردنی لەندەنی ماگرێت تاتچەر و پاریسی فرانس میتەراند و واشنتۆنی رێگان و بۆش بوون. لەملاشەوە خەریکی دنەدانی گۆرباشۆف و دەم چەور کردنی بوون،بە کۆمەڵی ئیمتیاز. باشترین پێوەندی گۆرباتشۆڤ لەگەڵ سەرانی ئەڵمانیای رۆژئاوادا ساز بوو و خۆشەویستی گۆرباتشۆڤ هێندە گەورە گەورە بوو،خەڵکی ناویان نا گۆربی و لەسەر دیوارەکەی بەرلین دروشمێکیان هەڵواسی "سوپاس بۆ گۆربی". وەزیری دەرەوەی سەردەمی گۆرباتشۆڤ، ئێدوارد شیڤاردنادزە،سەروەختێ لە وڵاتی جۆرجیا لێی قەوما بەرەو ئەڵمانیا هەڵات لێرە ژیانی بۆ دابین کرا و ڤیلای پێ بەخشرا،وەک پاداشتێک بۆ ئەو رۆڵە نەرم و ئەرێنییەی لە پرسی یەکگرتنەوەی ئەڵمانیادا،لەتەک گۆرباتشۆڤی سەرۆکی گێڕای. لە نموونەیەکی بەراورد بەمەم حاڵەتەدا، ساڵانێک پێش ئێستا، پارتی یەکێتی شەڕ و پێشبڕکێیان بوو لەسەر،لەخۆ نزیکردنەوەی تارق هاشمی و مەحمود مەشهەدانی، بە هەریەکەیان لە دوکان و هەولێر باشترین جێگاوڕێگا بەخشرا،کەچی تا ئێستاش هەر دژی خواستەکانی کوردن.
ساڵی ١٩٨٨،ڕۆنالد رێگانی سەرەکی ئەمەریکا هاتە بەرلین و لە وتارێکی لەبەردەم دیوارەکەدا، روو لە بەرلینی رۆژهەڵات،داوای لە دەسەڵاتداران کرد، دیوارەکە بروخێنن و میللەتەکەیان ئازاد بکەن. وەرامی DDR،لە رێگای سەرۆکەکەیانەوە ئێریش هۆنیکەر، بریتی بوو لەوەی ئەو: دیوارە تا سەد ساڵی تر دەمێنێتەوە.
بەدوای ئەم پێشهاتانەدا، لەگەرمەی کاری بێوچانی کۆل و حکومەت و وڵات و حیزبەکەی، توانیان ئیرادەی یەکگرتنەوە لەسەر ئەرزی واقیع بچەسپێین و نەیار و دۆستەکانیان ناچار بکەن، مل بدەن و پاسیڤ راوەستن و نەتوانن رێگری لە یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا بگرن. بە مەرجێ تاتچەر تا سەر ئێسک دژ و فەرەنسا نا بەدڵ و ئەمریکا بە گومان بوو لە یەکگرتنەوەی ئەڵمان.هەر بۆیە مێژووناسێکیان وتی: ئەڵمان بیر لە ئایندەی خۆی دەکاتەوە و ئێمەش  بیر لە ڕابووردوویان دەکەینەوە.
رۆژی ٩/١١/١٩٨٩،ئیرادەی ئەڵمانی دیوارەکەی رووخان و نەتەوەی ئەڵمان بە یەکتر شاد بوونەوە و دەوڵەت هەنگاوی کردەیی بەرەو یەکگرتنەوە هەڵنا. لە ئامادەکاری بۆ یەکگرنەوەدا ،سالێکی نەخایان،رۆژی ٣/١٠/١٩٩٠ یان وەک جەژن و رۆژی یەکگرتنەوە ئەڵمانیا دیاری کرد و بە رەسمی بوونەوە بە یەک دەوڵەت و کۆلی راوێژکاریش،دوای ئەوەی ٨ ساڵ بوو لەسەر کار بوو، بۆ خولێکی تری چوارساڵی وەک راوێژکار و پاڵەوانی یەکگرتنەوە هەڵبژێردرایەوە.  
ئیدی ژیان و شوێن و پێگەیەکی مانادار و گرنگ و شایستەی بۆ ئەڵمانیا لەناو چەقی ئەوروپا دا بەدەستهێنا و جارێکی دیکە ئەڵمان بە وزە و گوژمێکی تازەوە هاتنەوە سەر شانۆی جیهان.
شایانی باسە، لە سات و کات و  چرکەساتی یەکگرتنەوەدا، لە نێو ئەڵمانیشدا، هەندەک دەنگی ناڕازی و "نەخێر" هەبوو بۆ یەکگرتنەوە. بۆ نموونە ئۆسکار لاڤۆنتینی سەرکردەی سۆسیال دیموکرات، کە لە بنچینەدا لەگەڵ یەکگتنەوە بوو، داوای یەکگرتنەوەی دەکرد، لێ بە مەرجێ لە پرۆسەیەکی ١٠ ساڵیدا ئەنجام بدرێ.
بەڵام کۆل ئەو سیاسەتمەدار و سەرکردەیە بوو، چاوی نەخڵافاند و بۆ تاکە خولەکێکیش ئەو پرسەی نەدایە دواوە. هەر بۆیە لە پرۆسەیەکی گورجوگۆڵانەدا و لە ماوەیەکی کورتدا بێ خوێن ڕشتن و کوشت و کوشتار، زۆر شارستانی و دبلۆماسی و هێمنانە، توانی یەکگرتنەوە بکات.   کۆل لەسەر ئەم هەڵوێستەی، ئەو رۆژگارە بەر ڕەخنەی بڕەک کەسایەتی و نووسەر بۆوە، لێ تەواو لە تەواوی ئەوانە، هەر زوو بە هەڵەدا چوون و  ئێستا ستایش و پەسنی دەکەن. کەواتە کۆل کوڕی مێژووی نەتەوەی خۆی بوو،با چەند دەنگێکی لەرزۆکی ناڕەزایش هەبوو،ئەو توانی مێژووی نوێ بخوڵقێنێ و بنووسێتەوە.
کەواتە قۆستنەوەی ئەو چرکەساتە مێژووییە گەلێ گرنگ بوو،شیاوی قونەقونکردن و فەرامۆشکاری نەبوو. ئەمەش تەنیا سیاسەتمەداری زیت و خاوەن ئەزموون و بە ئیرادە،دەتوانێ کار لەم کایە دا بکات و رۆژی مێژوویی بخولقێنێ.
هەر بۆ ئەوەی لە کایەی مێژوودا بمێنینەوە،ئاماژە  بۆ نموونەیەکی تر دەکەین. ساڵی ١٩٩٠،گۆرباشۆف بوو،بەسەرەک کۆماری روسیا و لە مانگی ١/١٩٩١، هەوڵی کودەتایەک لە دژی لەلایەن کۆمەنیستەکانەوەدرا، ئەوە بوو گیرا و خرایە زیندانەوە،لێ  بە ئازایەتی بۆریس یەلسنی سەرۆک کۆماری تازە هەلبژێردراو، کودەتاچییەکان گیران و هەوڵەکەیان شکستی خوارد. واتە گەر بهاتایە و ئەم دەستە و تاقمە، جڵەوی دەسەڵاتیان لە کرملین بکەوتایەتەوە دەست، ئەوا ڕەوتی رووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی تردا دەڕۆیشتن و ئەگەری بەهێزیش ئەوە بوو، ڕەەنگە ئەڵمانیا نەیتوانیبایە،بەو شێوەیە یەکگرتنەوە ئەنجام بدات.
کەواتە مێژوو،ئەو چرکەساتەیە،چەشنی ئەسپە شێیەک دێ و دەڕوا. هونەر و ئازایەتی و کارزانی ئەوەیە، بیگری و ڕامی بکەیت و سواری بیت و لەگەڵیدا بکەویتە غارەوە. نەک خەیاڵبازانە هەلسوکەوت بکەیت و خەونی ئەوە ببینی، بۆت بوەستێ و تۆش بە کەماڵی ئیسراحەت باری خۆتی لێ بنێی و لێی خوڕیت. نەخێر کە شەمەندەفەر کەوتە گەڕ،ئیدی کەس ناتوانێ سواری بێت،چونکە ڕەوڕەوەی ژیان بەرەو پێشەوە هەڵدەسوڕی، نەک بەرەوە دواوە. ئەم ڕاستییەش مێژووی سەرجەم مرۆڤایەتی نەخشاندووە.
کۆل ئەو سەرکردەیە،کە توانی گێژاو و ئاگربارانێکی شەڕی ئەتۆمی چاوەڕوانکراو و کۆمەڵێ هەڕەشە و گرفتی دیکەی گەمارۆی ئەڵمانیا و ئەوروپا و بگرە جیهانیشی دابوو، بە هونەرەوە دەربازی بوو و کەشتی یەکگرتنەوەی ئەڵمانیای بە کەناری ئارام گەیاند. کۆل سەرکردەی یەکگرتنەوە و ئەندازیاری یەکێتی ئەوروپا ئەو کەسەی کۆتایی بە شەڕی سارد هێنا و دوای بسمارک بۆ جاری دووەم پارچەپارچەیی ئەڵمانیا نەهێشت و لە هەلومەرجێکی سەخت و هەستیاردا، لە نێو دوو بەرەی رۆژئاوای(ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا)ی دۆست و شورەوی رۆژهەڵاتی  نەیاردا بە ئاکام بگەیەنێ. کۆل لەدوای بسمارک دووەم سەکردەیە، لە سەردەمێکی ناسک و تایبەتدا توانی سەرکردایەتی یەکگرتنەوەی ئەڵمان بکات. ئاخر کۆل هەمیشە خەون و خەیال و کۆنسێپتی یەکگرتنەوەی لە دڵ و مێشکدا بوو.
 کۆل ئەو سەرکردە لێهاتووەش بوو،لە هێز و توانا و هەژموونی ئەڵمان باش گەیشتبوو،هەر بۆیە لەتەک یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا کاری لەسەر ئەوەرێکی تری هەستیار،کرد ئەویش یەکگرتنی ئەوروپا بوو.بەڵێ ئایندەی ئەوروپای بە یەکگرتوویی دەویست،چونکە لە نەتەوەی خۆی ڕادەفەرموو،کە دەتوانن ببنە شاسوار لە گۆڕەپانێکی پان و بەرین و پێشکەوتوو و خاوەن پێگەی پیشەسازی و ئابووری و دەستکەوتەکانی تری مرۆڤایەتیدا،لە ئەوروپای یەکگرتوودا.
هەر ئەم هەوڵ و تایبەتمەندییەی کۆل وا کردووە،ئەوا ئیمڕۆ بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، رێوڕەسمی مردنەکەت / سەرامۆنی لەسەر ئاستی ئەوروپا لە بری بەرلین لە پەرلەمانی ئەوروپا،لە ستراسبۆرگ بۆ ساز دەکرێ.
گەر لەم کورتە ئەزموونەوە سەرنجێ لە سیاسەت و ئەقڵێتی سەرکردایەتی کورد بگرین، وا دەزانی هەر لەم یەک دوو دەیەی رابووردا،چەندین دەرفەتی وەک جەنگەکانی کەنداو و رووخانی رژێم و دەوڵەتی عێراقی لە ٢٠٠٣ دا،بە هەدەر لەدەست چووە،چونکە خاوەنی پرۆژە و نەخشە رێگای سەربەخۆیی نەبوو.
لە هەنووکەشدا،دوای دەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش،و شەڕ و کردەوە نامرۆیی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هاتنە پێشەوەی دەوڵەتانی جیهان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە، دەرەتانێکی نوێ بۆ کورد رەخساوە،خۆی لە قەفەزی دیلی رزگار بکات و بێتە خاوەنی قەوارە و ئازادی و سەربەخۆیی خۆی. 
ئیدی ئەو چرکەساتە دەمێکە زەنگ لێدەدات، شەمەندەفەر کەوتۆتە گەڕ، کەچی دیکە نابێت، هیچ دەرفەتێ لەبار بدەین و زوو هەوڵی سواربوونی ڕووداوەکان بین و پێویستە ئامادەییمان لەناو رووداوەکاندا هەبێت، هەروەک لە ئێستادا، بە هۆی ئازایەتی رۆڵە قارەمانەکانی نەتەوەکەمان، پێشمەرگە و شەڕڤانانی دڵسۆز و بە روومەتەکانەوە، بوونێکی ئامادەی بەهێزمان هەیە و جیهانیش سۆز و خۆشەویستی بۆ کورد جوڵاوە و راستەوخۆ هاوکار و پشتیوانی لە کورد دەکەن.
ئیمڕۆ جگە لە رێگای سەربەخۆیی و هێنانەدی خەونی ملیۆنەها گەشمردەی رێی رزگاری کوردستان و سەرفرازکردنی ملیۆنەها مرۆڤی کورد،چ رێگا و چارەسەرێکی دیکە لەبەردەم سەرانی کورد دا نەماوە. هەرچی بکەن و بڵێن، گەر بۆ سەربەخۆیی نەبێت، نرخی کاڵەکێکی تەپیوی نابێت و جەماوەر و نەتەوە بەر نەفرەتیان دەدات و مێژووش حوکمی قورس و گرانی خۆی دەدات بەسەریان دا.
هەر کەس و حیزب و هێزێک، کاری بێ مەرج و بێ نیاز بۆ سەربەخۆیی نەکات، خۆی دەفلیقێنێتەوە رووبەرووی بەرپرسیارێتی مێژوویی دەبێتەوە.چونکە گرتنەبەری رێگایەکی پێچەوانەوەی سەربەخۆیی واتە خۆکوژی و هەڵبژاردنی بژاردەی ئەنفال و کیمیاوی و تعریب و راگوێزان و ئەو هەموو کوێرەوەرییانەی بە درێژایی مێژوو، داگیرکەران بەسەرماندا هێناویانە.
لەسەر هەموو لایەک پێویستە بێ دوودڵی،بەیەک دڵ و گیان،بەرژەوەندی باڵای کوردستان بکاتە دوا دروشمی سەرەکی و چەسپاوی خۆی. ئەمەش بەو مانایە نایەت،کە چیدیکە خەبات نەکەن و واز لە ویست و داخوازییەکان لە دادی کۆمەڵاتی و مافی هاوڵاتێتی و دروشمەکانی تر بهێنن. نەخێر سەرلەبەری ئەو دروشم و داخوازیانە دەکەونە دوای قۆناخی سەربەخۆییەوە. هەروەک گوتراوە،لە گرنگ گرنگتر هەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە