کـــــــــوردبــــــــوون و ناســــــیۆنالیـزم (بەشی شەشەم)

Saturday, 12/08/2017, 17:37

2491 بینراوە


"پرۆسەی بە ئایدۆلۆجیاکردنی بیر، پرۆسەی گۆڕینی ئەوەیە کە بە سروشت هەیە بۆ ئەوەی کە بەدروستکردن هەیە، مەبەستمان لەوەی کە بەسروشت هەیە هەر شتێکی زیندووە کە یەکجار دیتە بوون و هاتنەبوونی شیانی دووپات بوونەوەی نییە،ئەوەش بەم رێگایە دێتەبوون تاکە بوونەوەرێکە کە شایانی ئەوەیە بوونەکەی بە بوونێکی مێژوویی بزانرێت".(٩٨)
مرۆڤ یەکجار لە دایک دەبێت، کە ماڵئاوایی کرد، جارێکی تر نایەتەوە نێو ژیانەوە. نەتەوەیەک کە مرد، یاخود فەوتێندرا، مەحاڵە دروست ببێتەوە. ئەوانەشی خۆیان لەناو دەبەن و دەسڕدڕێنەوە، هەڵسانەوەیان ئەستەم و دژوارە، چونکە هەردووکیان، بوویەکی سروشتیان هەیە. لە بونیاتنانی ئەمانەدا، کەس ڕۆڵی نەبووە و لە دروستبوونیشیاندا، هیچ تیۆری و ئایدۆلۆژییەک کاریگەرێتی نەبووە. ئیدی سروشت، یاخود خواوەند سازی دابن، بوونەکەیان، لەدەرەوەی ئیرادەی کەسەکانەوەیە و هاوکات بوونیان مەحکومی خەیاڵی خاوەن تیۆرییەکان نین.  مامۆستا مەسعوود محەمەد،  بەم وتەیە باسەکەمان دەوڵەمەند دەکات:
<< ئەگەر  بۆ جۆرێکی ئاسایی بەرژەوندیی گوزەران و خۆپاراستن و پەلەی ژیان هەڕەمی کۆمەڵایەتی بە مل کۆمەڵدا نەهێنابایە،نە زەوی و گاڕەش و گەنم و جۆ،نە قولاب و تۆڕ و نە ئاش،نە ئێستر و بارگیر و گوێزانەوە،نە بزن و مەڕ و گامێش،نە مازووچنین و کەتیرەگرتنەوە و پووش و کزرەداکردن،نە هەرچی جۆری بەرهەم و هۆی بەرهەم هێنانە لە خۆیەوە بێ تێ خوێندنەوەی پێویست بوونی سەرۆک و ناوبژی کەر و ریز ڕێکخەر و تانووتدەر و ناتوانێ لەسەرەتاوە دوو لینکەی تاکێک بەسەرشان و ملی (١٠٠)کەس و (١٠٠٠)کەسدا بهێنیت>>.
 نووسەر ژیرانە و بەکاوەخۆ لەسەر مژارەکە دەڕوات و چەند دێڕێک دواتر دەڵێ:
" ئەوەی بە سروشت هەیە و بوونی بوونێکی مێژووییە،لەناو مێژوودا بە پرۆسەیەکی مێژوودا دەڕوات و لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا کە خۆی هیچ لە بارەیەوە نازانێت دێتەبوون و دوای ئەوەش هاتە بوون، لەناو مێژوودا  پرۆسەی پەرەسەندنەکەی تەواو دەکات.بەڵام ئەوەی بە دروستکردن هەیە بوونێکی مێژوویی نییە، چوونکە دروستکەرەکەی هەر کاتێک بیەوێ دەتوانێت دروستی بکات و دروستکردنەکەشی دووپات بکاتەوە".(٩٩)
د. عرفان نموونەکەیی زیندوو بۆ زیاتر رۆشنکردنەوەی ئەم بۆچوونە دێنێتەوە بەرچاوی خوێنەر و  باس لە کارەکەی داڤینشی و وێنەکەی مۆنالیزا، دەکات. ئەم وێنەیە، بەرلەوەی بێتە ناو کارە هونەرییەکەوە، وەک ئایدیا و بیرۆکەکە سەرەتا لە هزری داڤینشیدا هەبوو، ئەوسا بەرجەستە بووە و لەوێدا پرۆسە مێژووەکە تێدەپەڕێنێ. بتهۆڤنیش بەرلەوەی کارەکانی لە سەمفۆنیا ١ـ٩ بەرهەم بهێنێ، لە بیری خۆیدا تاووتوێی کردوون. بە کورتی سەرەتا بیر و هۆش و دوایی مادە و ئامێر و وێنە...هتد. با بنۆڕین و بزانین مامۆستا مەسعوود محەمەد، لەم رووەوە چی بۆ تۆمار کردووین:
<< بەلای باوەڕی منەوە تەنها ئاغاێیک هەبێ لە گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا هەر مرۆڤە دەوجا بەهێز بێ یا بێهێز،سروشتیش لەو گۆڕانەدا عەبد و نۆکەرە ئەویش سەرکەش بێ یا هەموار. تاکە عامیلی ئیجابی لە گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا مرۆڤە،سروشت عاملی بێ تەرەفە،دەسەڵاتی نییە خۆ بکا بە عاملی ئیجابی،مردووە و جوکەی لەبەرەوە ناێی تا بگوترێ بە شێوەێیکی ئیجابی دەستێوەردان دەکات لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی .مرۆڤ فاعل و سروشت منفعلە مرۆڤ کارتێکەرە و سروشت کارتێکراوە>>. مەسعوود محەمەد.
ـ فەلسەفەی ئەڵمانی وەک نشینگەی راستەقینەی بیرۆکەی نەتەوە
د. عرفان، وەک خوێنەر و توێژەرێکی خاون بەهرە و لێهاتوو، گەشتێکی ورد بەناو فەلسەفەی ئەڵمانی و تێزەکانی هێگڵ دا دەکاتەوە. هەروەک  چۆن  لای ڕوانگە مۆدێرنیزمەکە، گێلنەر نوێنەرایەتی بەرەکە دەکات،لێرەشدا هێگل، دەبێتە سەرتۆپی باسی فەیلەسوفانی ئەڵمانی. "لای هێگل بیرۆکەکان وەک تۆوی هەر بوونەوەرێکی زیندوو بونێکی زیندوویان هەیە،زەمینەی دەرکەوتن و پەرەسەندنیان بیرە و بیریش بە هۆی بیرکردنەوەی فەلسەفییەوە پەرەدەسێنێ و بوونی خۆی دیاری دەکات"(١٠٥)
بیر داینەمۆی هەڵسوڕێنەری ژیانە و بیرمەندانیش ئاڵابەدەستی بزواندنەکەن. مرۆڤ سەرەتا بیری لە کورتکردنەوەی رێگای نێوان ئاوروپا و ئەمریکا کردۆتەوە، پێداویستی ژیانی مرۆڤ بۆ زوو گەیشتن و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، مرۆڤی ناچاری بیرکردنەوە کردووە،ئەویش لەوەدا، بە دوا ئاکامی بیرکردنەوە گەیشتووە، دروستکردنی فرۆکەی داهێناوە...ئەم خەسڵەتی بیر و هۆشە، تەنیا لای مرۆڤ شیاوی بوونە و کار لەسەر داهێنانی بەردەوام دەکات!. 
" بیرۆکە لەناو بیردا بوونەوەرێکی زیندووە و وەک هەر بونەوەرێکی زیندوو پێویستی بە زەمەنێکی دیاریکراوە،تا پەرەسەندنی خۆی تەواو بکات و بوونی لە بوونێکی هەمەکی و پەتییەوە ببێت بە بوونێکی دیاریکراو،هەر بیرۆکەیەکیش  لە سەردەمێکی مێژوودا لەناو زەمەندا دەردەکەوێت،لە لایەن بیرکەرەوەکانی میللەتێکەوە پەرەدەسێنێ و سوڕی ژیانی خۆی تەواو دەکات و دواتر لە سەردەمێکی تردا سەرهەڵدەداتەوە و بەرەو پەرەسەندنێکی باڵاتر هەنگاو دەنێت".(١٠٩)
سەرکەوتنەکانی سەرکردەیەکی وەک ناپلیۆن، کارە هونەرییەکانی پیکاسۆ، دەقە شانۆییەکانی شەکسپیر و شیعرەکانی نالی، سەرەتا بیرۆکە بوون و دواتر لە میانەی پرۆسەیەکی کردەیی سروشتیدا تەکانیان خواردووە، بەرەو بوون و بەرجەستەبوون. لە قاڵبی ئەو کارەی پێی ناسراون،  لە تەکنیکی شەڕ و تابلۆی هونەریی و کاریی ئەدەبی. 
بۆ گەیشتنی ئەم بیرۆکەیە بە پەرەسەندنی تەواوی خۆی و خۆئامادەکردنی لەناو بیردا وەک بیرۆکەی شتێکی دیاریکراو و هەستەکی، واتە بۆ چەکەرەکردن و پەرەسەندنی بیرۆکەیەکی دیاریکراو لە هۆشی مرۆدا، هێگڵ سێ قۆناغی دیاری کردوەوە: قۆناغی بیر و بیرۆکەی سەراپاگیر و دەرکەوتنی بیرۆکەکە بە تەواوی، وەک ئەوەی تۆو بڕوێنی، سەرەتا نەزانی چییە، دەیخەیتە ناو زەمینەی پەرەسەندنی سروشتی خۆی .زەوی دەکێڵی و تۆوەکە شین دەبێت. ئەوسا دەزانی بەرەکەت گیایە، یان درەختە و دواتریش کە بەری گرت، دەزانی چ جۆرە گیا یان درەختێکە. دوکتۆر عرفان بە وردی لەسەر ئەم نموونانە دەڕوات و بەرچاوی خوێنەر باش روون دەکاتەوە. چەند نموونەیەکی باش بۆ زیاتر روونکردنەوەی مەبەستەکەی هێگڵ دێنێتەوە.
ـ پەرەسەندنی بیرۆکەی نەتەوە لە فەلسەفەی ئەڵمانیدا
لای لابنیتز مۆنادەکان و پاشان دەگەینە لای تاکە کەسی ئاکاری کانت و  دواجار لای هێردەر و فیختە و هێگل،دەگەینە نەتەوە. بیرۆکەی هەمەکی لابنێتز، سەرەتا دیار نییە، چییە و بە چی دەگات ، تا دوای ئەو کانت درێژە بە پرۆسێسەکە دەدات و بیرۆکەکە لە ئاستە هەمەکییەکەیەوە تێدەپەڕێنێ بۆ خۆدیاریکردن. پاشان  هێردەر و فیختە و هیگڵ بە  دوا ویستگەی دەگەیەنن، کە نەتەوەیە. بیرۆکەکە لای لایبنێتز مۆنادەکانە و تەواو کۆنکرێتی نییە و سەروسیمای چ جۆرە کۆمەڵگایەکە. لای کانت نەتەوە خۆ دیاری دەکات، کە بە   تاکە کەسی ئاکاری ناوی دەبات.
"بیرۆکەکانی ناو بیر وەک تۆوە نەزانراوە بیرۆکەی هەمەکین و وەک ئەو بیرۆکەی پەتی نین کە بە هۆی داماڵینی ئەوەوە دەستمان دەکەوێت کە بیرۆکەی هەمەکی لە پەرەسەندنی خۆیدا دەستی خستووە".(١١٣)
ڕووەک بیرۆکەیەکی هەمەکی نادیارە، هەموو ڕووەکەکان دەگرێتەوە. بوونی هەمەکی و پەتی، وەک دارسێو و دار پرتەقاڵ،بوونی هەستەکین. لە بۆچونێکی نێزیکدا،مەسعوود محەمەد دەڵێ:
<< هەستی ژیوەری و کاریگەری غەریزە جانەوەری جودا کردەوە لە سروشتی مردوو، هەستی(هۆش)و سەرلەبەری سیفەتەکانی ئادەمیزادیش بوون بە هۆی پێشکەوتن و گەشەکردنی لێهاتوویی و خالقیەتی،دەوروبەریش هەر  ئەوەیە کە بێ ئیرادە خۆی گامەڵاس کردووە بۆ بەر ئیرادەی گیانلەبەران،ئیتر غەریزە تەنها ئامێری جانەوەرە و هۆش و غەریزەش ئامێری مرۆیە. هۆی بەرهەمهێنان لە مەڵبەندی "مرۆ"  نەدەگۆڕا،ئەگەر "هۆش" نەیگۆڕیبایە وەک کە غەریزە نەیتوانی ڕیسیی جاڵجاڵۆکە و هێلانەی لەکلەک و لانی بەراز بگۆڕێت وەیا جۆری نێچیر گرتن بەدەم ڕۆژگارەوە فرە بابەت بکات و بابەتەکان تێک ببەستێت و فەندی نوێی پێ پەیدا بکات بۆ خۆژیاندن و حەسانەوە>>. 
 خەریک بوونی نووسەر، بەم پرسە سەرەتایی و گرنگ و هەستیارانەوە، ئاماژەی قوڵی و سەنگینی کارەکە نیشان دەدات، تاوەکو تێڕوانینێکی گشتگر و ڕوون و قابیلی تێگەیشتنێکی زەلال،  بخاتە بەردەستی خوێنەر،بە مەبەستی ئەوەی لە ئاڵۆزییەکانی ئەم پرس و خواستە ڕزگارمان بکات.
"نەتەوە لەناو فەلسەفەی ئاڵمانیدا بەپێی تیۆرەکانی نەتەوە تیۆریزەکراوە،نەک بە پێی تیۆرەکانی نەتەوەخوازی "(١١٨.) 
واتە لای ئەڵمان،لەناو فەلسەفەکەیاندا  هیچ باس لە ناسیونالیزم نەکراوە، هێندەی لە کایەی پرسی نەتەوەدا خەستبوونەتەوە .
کاتێ خوێنەر، سەرقاڵی خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە دەبێت، باش تێدەگات، نووسەر چەند خۆی ماندووکردووە و تا چ ئەندازەیەک بەدوای دۆزینەوەی سەرەداوی بیرۆکەی نەتەوە، لە فەلسەفەی ئەڵمانیدا وێڵ بووە. دەستنیشان کردنی مۆنادەکانی لایبنێتز، کە نازانرێ بوونەوەری زیندوون یان مردوون، یان ئاقڵن، دواتر فەلسەفەی کانت ئاشکرای دەکات مۆنادەکان مرۆڤن و سیستەمی رێکخستنی پەیوەندی نێوانییان هی مرۆڤەکانە. پاشان کانیتیش دێتە سەر باسی تاکەکەسی ئاکاری، وەک تاکەکەسی نەتەوە لە کۆمەڵگاکەیدا. 
دەشێ گەڕانەوە بۆ لای لایبنیتز و تا ڕادەیەکیش کانت، کە بە فەیلەسوفێکی کۆسمۆپۆلەتیک ناسراوە، نیشانەی گرنگی دانی د. عرفانە، بۆ قوڵبوونەوە لە فەلسەفەدا،خاڵێکی سەرەکی و بەڵگەیەکی دیکەی حاشاهەڵنەگری بەهاداری کارەکەی د. عرفان بێت، بۆ دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی بیرۆکەی نەتەوە و رزگار کردنی خوێنەر لەو وێڵی و سەرلێشیواوی و کەم زانین و زانیارییەی لەم بوارەدا هەیەتی و بەخشینی مانا و ڕوانینێکی تر بەم پرسە هەستیارە. هاوکات ئەمە ئاماژەیە بۆ ماندوو بوون و پەرۆش خواردنێکی بێ هاوتای نووسەر، تا خوێنەری کورد، لەو گرێ کوێرەیە قوتار بکات، کە بە ڕواڵەت و سەرپێیانە، بەسەر ئەم پرسە گرنگەدا بازیان داوە. چونکە لە ڕێگەی تێگەیشتن لە ڕیشە و بنەمای ئەم چەمکەوە، دەکرێ داوە تیشکی رووناک کەرەوە بخەینە سەر شەوەزەنگی دۆزی کورد.  ئەمەش کرۆکی بنەڕەتی قورسایی کارەکەی نووسەرە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە