کـــــــــوردبــــــــوون و ناســــــیۆنالیـزم (بەشی پێنجەم)

Thursday, 10/08/2017, 21:31

2376 بینراوە


"عەقڵی یاسادۆز لەناو مرۆڤی ئەوروپاییدا چالاک دەبێت و دەست دەکات بە دۆزینەوەی ئەو یاسا سروشتی و ئاکاریانەی کە لەناو عەقڵی مرۆڤدا بوونێکی پێشینەیان هەیە و ئەمەش لە کارەکانی دیکارت و لایبێنتزدا بە روونی دەردەکەوێت".(٧٧)
 بۆ دەوڵەمەندکردنی باسەکە ، واباشە بۆ بەرچو ڕوونی زیاتر، نموونەیەکی دیکە بخەینە بەرچاو، مەسعوود محەمەد دەڵێ:
<< تۆ سەیری ، هەر پێش کەوتنێک و گۆڕانێکی بەرەو چاکتریەوە لەو ئامێرە خوێڕوانەدا کرا بێ مێشکێکی غەیری مێشکی فەللاح و شەوان و گا بە دەلەوان کردووەیەتی! هەرگیزاو هەرگیز داهێنەری تراکتۆر و ئاشی ئاگر و فڕۆک فەلاح و ئاشەوان و کاروانچی نەبوون..خەڕەک لە بلیمەتی خەڕەک ڕێسەوە نەبوو بە فابریقەی قوماش..کابانی ماڵ مەنجەڵە ڕەشی نەگۆڕی بە مەنجەڵی کارەبا،ئاگردانیشی نەگێڕا بە تەباخی غاز و کارەبا:هەمیشە فکری بەرەژوورتر لە ڕێکاری جووت و ئاش و ئاگردان و خەڕەک تەپکە و چەکوچ زەفەری بردووە بە داهێنان و گۆڕین و بەرەوپێش چوون>>.
بە کورتی کەلتووری پیشەسازی، کەلتوورێکی ئامێرییە و ئامانجی نەهێشتن و سڕینەوەی، جیاوازییە کەلتوورییە سروشتییەکانی گرووپە جیاوازەکانە، بەرەو ستانداردکردنی زۆربەی لێک نەچووەکان و کەمکردنەوەی رێژەی جیاوازییەکان. هەر وەک کارخانەی کۆکاکۆلا، دەیانەوێ مرۆڤ و نەتەوە و خاسێت و کولتورەکەیان، بەیەک شێوە و بارستایی و ڕەنگ دروست بکەن. ئەمەش لەبەرئەوەی کەلتورەکە،بۆ یەک شوناس تێدەکۆشێ و تەقلید و دروستکراوە و ئامانج و مەبەستێکی ئیدیۆلۆژی سیاسی لە پشتەوەیە و مرۆڤ دەکاتە، بەشێک لە میکانیزمی ئیش پێکردنی ئامێرەکان و بورغوویەک لەو سیستەمە پێکدێنێ و کەوڵ دەکرێت، لە هەموو بەها رۆحی و سروشتییەکان. ئاخر چونکە کەلتوورێکی عەقڵی نییە.
شەڕی کەلتووری پیشەیی، بەرهەمی ئامێرەکانی نێو کۆمەڵگای پیشەسازییە، لەگەڵ کەلتوورە جیاوازەکاندایە. ئامانج لێی لەناوبردن و سڕینەوە و وەک یەک لێکردنی کەلتوورە جیاوازەکانە، بەرامبەر بە کەلتوورە دروستکراوە دەستکردەکان. ئەم کەلتوورە دروستکراو و دەستکردانە، بۆ ئەو نەتەوە و قەوارە و چوارچێوانە ساز دەکرێت، کە هاو مانا و هاوشێوە خۆشیان دەستکرد و دروستکراون و قوتکراونەتەوە. لە گەلێ باریشدا،ڕەنگە خاوەن کولتوور و فەرهەنگێکی ڕەسەن نەبن،وەک تورک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بێ ڕەگوڕیشەیە.
 ئەم دنیای مۆدێرنە خاوەن مەبەستە، لەتەک هەژموون و باڵادەستیان و ئەو هەموو دامودەزگا و خەرجییە زەبەلاحەی بۆی تەرخان کراوە، دیسان نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێکێ و فرە کەلتوورەکان بۆ هەتا هەتایە سەرەونگوم بکات. بۆ نموونە تورکیا و عێراق و ئێران و سوریا، کە خۆیان دەستکرد و دەستنێژی ئیمپریالیزم و بێگانەن، بەو هەموو دامودەزگا تۆقێنەرەی هەیان بوو و هەیانە، نەیانتوانیوە کەلتووری ڕەسەنی نەتەوەی کورد، بە کەلتوورە دروستکراوەکەی خۆیان لەناو بەرن، کە یاسا و فەرمانی فەرمیشی لە پشتەوە بووە. کەواتە مەحاڵە بە زۆردارەکی فرەکەلتوور لە دەوڵەتێکدا، بکرێتە کەلتوورێکی یەک رەنگ و یەک دەنگ و یەک قاڵبی داسەپێنراو.  لە مێژوودا گەلێ نموونەی تریش لەم رووەوە بەرچاو دەکەون، وەک لە ئیسپانیا، شورەویی و یوگسلاڤیا و هتد.
"کورد بەهێزترینی ئەو میللەتانەیە کە بەرگری لەم پرۆسەیە کردووە و لەگەڵ ئەو هەموو سەرکوتکردنەش لەناو بەرگریکردندا ماوەتەوە و تا ئێستاش لەژێر هەڕەشەی چوار دەوڵەتی نەتەوەیی جیاوازدا دەستبەرداری بوونی خۆی نابێت و بەرگری لە بوون و جیاوازییەکانی خۆی دەکات"(.٨٥ ـ٨٦)
لەم بوارەدا رەنگبێ مێژوویی خوێناوی چەندین سەدەی کورد، لەسەرتاسەری کوردستان دا، کە مێژووی بەرگریی و داکۆکییە لە بوون و هەبوون و ناسنامەی کوردی، بەڵگەی نەبەزین و جێی سەرسوڕمانی جیهان بێت.باشترین دیکۆمێنت بێت بۆ بۆچوونەکەی د. عرفان.
 پێش کۆتایی هاتن بەم سەرباسە، نووسەر بەم پەرەگرافە، پوختەیەکی قسەکانی، لەسەر بیرۆکەی نەتەوە دەخاتە بەردەست:
"بیرۆکەی نەتەوە سەر بە کەلتورێکە کە توانای ئەوەی تیابێت ئەو یەکبوونەی کە ویستی مرۆڤ دەیخوازێت لەگەڵ جیاوازبوونەوەی کە سروشتی مرۆڤ دەیخوازێت پێکەوە کۆ بکاتەوە، واتە کەلتوورێک بێت لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرابێت کە یەکبوون لەناو جیاوازیدا بهێنێتە ئاراوە،ئەو کەلتوورەش کە ئامانجی کۆکردنەوەی جیاوازییەکانە لەناو یەکبووندا کەلتووری عەقڵی ئەوجۆرە لە کۆمەڵگایە کە فەیلەسوفە ئەڵمانەکان لە لایبێنتزGotthold Ephraim Leibniz(1646-1716)ەوە تا هێگڵ Georg Wilhelm Friedrich Hegel(1770-1831),وەک کۆمەڵگایەکی عەقڵی لە رووی تیۆرییەوە پەرەیان پێداوە و لە لایەن فیختەJohann Gottlieb Fichte(1762-1879) و هێردەرJohann Gottfried Herder(1744-1803) و هێگڵەوە بە نەتەوە ناوبراوە"( ٨٩)
نەتەوە، لە نێو هەناوی کولتورێکدا، شیاوی هەبوونە،کە یەکبوونێکی بیەوێ، کە ویست و خواستی مرۆڤ بیخوازێ و هاوکات،ئەو جیاوازییانە بپارێزێ، کە سروشتی نەتەوە دەیخوازێ. تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە و راگرتنی ئەم هاوسەنگییە، ئەرک و فەرمانێک.هەروا بە سانایی بێتە دی بە تایبەت، لە لایەن کولتوری پیشەییەوە. بیروبۆچوونی ئەم چەند فەیلەسوفە ئەڵمانییە، لە لاپەڕەکانی داهاتوودا، بەدوورودرێژی دەخرێتە بەرباس و نموونەگەلێکی زۆری بۆچوونەکانیان،شی دەکرێتەوە.
ـ بیرۆکەی نەتەوە لە نێوان ئایدۆلۆجیا و فەلسەفەدا
جارێکی دیکە هۆش و دەوروبەر/ واقیع دەبێتە زەمینەی گفتوگۆکردن لە سەر بیرۆکەی نەتەوە و توخمە پێکهێنەرەکانی و ئایا بەر لە مۆدێرنە/ پێش سەدەی ١٨ یەم و سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی، بوونەوەرێک  هەبووە ناوی نەتەوە بێت ؟!. قەدووری و گێلنەر و هۆبزباوم و ئەندەرسۆن و دۆیچ ، کە بە باوکی ئەم قوتابخانەیە دادەنرێن، لەتەک ئەوەشدا کە هاوقوتابخانەن، لێ لە ووردەکارییەکاندا بیروڕای جیاوازیان هەیە. بەڵام سەرجەمیان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، بزوتنەوە نەتەوەخوازەکان/ ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم، دروستکەری نەتەوەیە. واتە بێ ناسیونالیزم، نەتەوە لە زەمینەی واقعدا بوونی نابێت و پێش مۆدێرنەش ئەم فۆڕمە نەبووە. 
هاوشانی ئەم بۆچوونە، قوتابخانەی ئەڵمانی و فەیلەسوفەکانی، بە پێچەوانەی ئەمە پێیان وایە، ئایدیای نەتەوە، وەک توخمێکی بەرهەست لە فکردا هەیە. کانتImmanuel Kant(1724-1804) و لایبنێتز و هێردەر و فیختە و هێگل و چەندانی, دیکە رابەرایەتی ئەم قوتابخانەیە دەکەن. بەدرێژایی دوو سەدەی رابووردوو، مشتومڕی گەرم و جۆراوجۆر، لەسەر ئەم دوو روانگەیە، سەری هەڵداوە. (دەوڵەت نەتەوە) یاخود( نەتەوە کولتور)، دوو چەمکی دیاری  ئەم پرسگەلەن. ئەگەرچی چەمکی نەتەوە، چەندین سەدە پێش مۆدێرنە، لە ئەدەبیاتی وڵاتە ئەوروپاییەکاندا بەکارهاتووە. دوای چەندین سەدە ئەوجا، قۆناخی پیشەسازی دێ و مۆدێرنە بەدوایدا سەرهەڵدەدات و چەمک و بیرۆکەی نەتەوە، دەکەوێتە بەرباس. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە