سبەینێش هەمان تۆمەت

Friday, 18/08/2017, 22:46

2653 بینراوە


لەماوەی رابردوو سەرانی پارتی درووشمی مالیکی دووژمنی کوردە، ئەوانەی دژی پارتین جاشی مالیکین و خائین و خۆفرۆشن. ئەمانە ئەو درووشمانە بوون کە پارتی شەو و رۆژ دەیخستە پاڵ نەیارەسیاسیەکانی و ئەوانەی دژی بەرژەوەندیەکانی پارتی بوون، بەڵام ئەمرۆ بە پێچەوانەی هەموو پێش بینیەکان دوای ئەم هەموو زوورناژەنیەی خەڵکی پارتی بۆسەر هەموو ئەوانەی دژی سیستەمی حوکمی بازرگانی پارتی و هاوئاوازەکانی دەوەستانەوە، بەتایبەتیش دژی هەڵسوراوانی گۆران کاتێک داوای چاک کردنی بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان دەکرد. بە سەرانی پارت و تاقمی ریفراندۆم لە گەڵ مالیکی دەست لە ناودەست بێ ئەوەی یەک زەرە شەرم لە قسەکانی  خۆیان بکەن.
پارتی هەرزوو لەگەڵ مالیکی رێکەوتون، لەوکاتەی بارزانی پرۆژەی چاکسازی راگەیاند لەساڵی ۲۰۱۱ بەڵام یەک خاڵی جێ بەجێ نەکرد. بەڵکو لەبری چاکسازی شەری لەگەڵ مالیکی راگەیاند ئەمە بەپلان نەوەک لەسەر مافی رەوای میللەت، تەنها بۆ ئەوەی خۆی لەکێشەکانی رۆژانی دوای ۱۷ی شووبات رزگار بکات. گومانم نیە برینی بوجەی هەرێم لە لایەن مالیکی پلانی پێشوەختەی مالیکی و پارتی بوە بۆ ئەوەی هەردووکیان لە ساحەی سیاسی بمێنەوە لەسەر بەدووژمن کردنی هەردوو گەلی کورد و گەلانی عیراق بۆئەوەی هەردولا یەکتری بکەن بەکابوسی گیانی ئەویتر، هەردوولاش گەلانی خۆیان توشی سزادان بکەن، سەرەنجام شیعە مالیکیان دورخستەوە، بەڵام لەهەرێم پلانی سزای هاوڵاتیان جێ بەجێ کرا، لەولاشەوە جێبەجێ کردنی پلانی داگیرکەرانە بۆ ئەوەی گەلی کورد بەردەوام لەژێر هەرەشەدابێ و بەیانیەک بەئاسوودەی رۆژ نەکاتەوە.
کەچی دوای هەزاران تۆمەت، هەزاران قسەی نەشیاو سەرۆکی وەفدی ریفراندۆم خۆیان کردەوە بە ماڵی نەیاری میللەتی کورد(مالیکی) و دۆستی خۆیان، بەناوی رێگەدان بە بەرێوەچونی ریفراندۆم، ئەگەر مالیکی دووژمنتانە چۆن پرس بە دووژمن دەکرێ کە دەتەوێ بژی؟!!! چۆن توانیتان بچنەلای و شەرمتان لەم هەموو تۆمەتە نەکرد؟ یان لاتان وایە مالیکی و تەواوی گەلانی ناوچەکە لەزمانی کوردی ناگەن، دەتانەوێ بە ئارەزووی خۆتان قسەبکەن و میللەت بکەنە دووژمنی یەکتری لە پێناو ئاسوودەی ئێوە و سەلامەتی بازرگانیتان.
کورد دەڵێ: (بەری خۆر بەبێژنگ ناگیرێ) یان خۆر تا ئێوارە لە پاڵ لوتکە نامێنێتەوە. ئەمرۆ پێویستە خەڵکی پارتی لەخۆیان و سەرانی بپرسن و بڵێن وەفدی پارتی بۆ هێندە لەگەڵ مالیکی گەرمن و دەست لەناودەست بۆ دیواخانی مالیکی غەرەیانە!! ئەم غارەیە غاردانی دینار و دۆلارە، لەکوێ کلیلی قاسەیان بکرێتەوە لەوێ لادەدەن. لەکوێش بەرژەوەندیەکانیان مەترسی کەوتەسەر لەوێ دوژمنێکی وەهمی بۆ دادەتاشن، ئەم دووژمنە دەبێتە مەڵبەندنی گەوجاندنی لایانگرانی، دواجاریش وەک قارچک لەباوەشیدا هەڵ دەتۆقن.
بۆیە سبەینێش کاتێک هەردولا کارە خراپەکانیان رووی راستەقینەی ئەوانی بە ناحەزی دەرخست دەست بەجێ  دەبنەوە دووژمن و خەڵکی پێدەگەوجێنەوە، بەڵام لەکاتی پێویست دەست دەخەنەوە ناودەستی یەک، وەک هاتنەوەی مالیکی دوای شەری چەندمانگەیان دواتر بارزانی فەرشی سوری بۆراخست، زۆری نەبرد کەوتنەوە بازرگانی بەناوی دژایەتی و دووژمنی گەلی کورد ،  خۆشبەختانە گەل هۆشیار ترە لەوەی ئەوان درێژەی پێدەدن، دڵنیاشم سبەی وەک جاری جاران کۆمەڵێک گەوجێنراو مەقاش جارێکیتر دەکەونەوە لاوانەوەی دووژمنایەتی. بێ ئەوەی تۆزقاڵێک شەرم بیانگرێ، دوایش ئەوان دەست دەخەنەوە ناودەست. مەقاشەکانیش وەک جاری جاران بەرووی رەش و سەری کزیان تابەلاغێکیتری بەدووژمنکردنی یەکێکیتر خۆیان مات دەدەن. هەموو ئەمانە بەرەنجامی نەبوونی رێبەرێکی هۆشیارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە