ئایا یەكێتی شەڕی سوپای عیراق لەوەكالەتی پارتی ئەكات ؟

Wednesday, 20/09/2017, 22:22

2119 بینراوە


بەهۆی عینادییەكانی مەسعود بارزانی و بێئیرادەیی بەشێك لەسەرانی یەكێتی وحزبەكانیتر، ئاماژەكان بەرەو هەڵگیرسانی شەڕێكی خوێناوی ماڵوێرانكەر ئەڕۆن. هەڕەشەكانی حەشدو عەسائیبو توركمانو عەرەبی ناوچەدابڕاوەكانو، بێئومیدبونی ئەمریكاو وڵاتە زلهێزەكان لەبارەی دواخستنی ریفراندۆمەكەی پارتی حەتمیەتی ئەو شەڕە چاوەڕوانكراوە ئەسەلمێنن.
ئەگەر سەیرێكی نەخشەی سیاسیو جوگرافی گۆڕەپانی شەڕەكەش بكەین ئەبینین كەوا شەڕەكە زیاتر ئەو زۆنە ئەگرێتەوە كە لەژێر نفوزی یەكێتیدایەو پێشمەرگەو هێزەكانی یەكێتی كۆنتڕۆلی ئەكەن، بەمەش هەر شەڕێكی نەخوازراو بەرپا ببێت سەرەتا ئەو ناوچانە ئەسوتێنێ. پرسیارە گەورەكەش لێرەدا ئەوەیە" ئایا پێشمەرگەو هێزەكانی یەكێتی ئامادەن بچنە ناو ئەو شەڕەی پارتییەوە لەگەڵ هێزە عیراقیەكان و تا چەند ئامادەن رۆڵەكانی خۆیان بەكوشت بدەن بۆ هێنانەدی ئاواتەكانی مەسعود بارزانی وحزبەكەی؟.
تا ئێستا بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی و مەكتەبی سیاسیەكەی بەئاشكرا مەیلی لای پارتییان نواندوەو،سڵیان نەكردۆتەوە لەبەدوكەوتنیان بۆ ریفراندۆمەكەی بارزانیو بەهەمو شێوەیەك ئامادەبونە ئەجینداكانی پارتی لەم بوارەدا جێبەجێ بكەنو ئیرادەی یەكێتیان بەتەواوەتی تەسلیم بەپارتی كردوە. راستە ئەم هەڵوێستەشیان كاری كردۆتە سەر یەكریزی ناو یەكێتیو، تار رادەیەك مایەی نیگەرانیو ناڕەزایی بنكە جەماوەرییەكەشی بوە، بەڵام سەرباری ئەمەش یەكێتی تا ئەمڕۆ توشی هەژانێكی وا نەبوە ریزەكانی بترازێ، تا ئێستا خۆی لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی جیابونەوە ولێكترازان راگرتوە، بەڵام كاتێك كار ئەگاتە سەر شەڕو خوێنبەخشین لەپێناو مەسەلەیەك كە لەلایەن زۆربەی بنكە جەماوەرییەكەی یەكێتیو میللەتیش بەگشتی رەتكراوەتەوە، مەترسییەكە زۆر گەورەترە لەوەی تەنها مەسەلەكە بەشداری كۆبونەوەو بانگەشەی ریفراندۆم بێت. هەر شەڕێك یەكێتی بچێتە ناویەوە مانای خوێنڕژانی دەیانو سەدانو هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانەن بەتایبەتیش رۆڵەكانی یەكێتی چونكە مەیدانی شەڕ لەناوچەكانی یەكێتیدایە.ئەمەش شەڕی روبەڕوبونەوەی داعشی دڕندە نیە كە میللەت بەگشتی ئامادە بێت لەپێناو پاراستنی عەرزو ناموسی خۆی چەك هەڵگرێو بچێتە بەرەكانی شەڕەوە، ئەمە شەڕێكی بێ ئامانجەو تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندی بەشێكی كەمی سەركردەكانی ئەم هەرێمەیە.
زەرەرو زیانی گەورەی هەر شەڕێكی چاوەڕوانكراویش ئەكەوێتە سەر شانی یەكێتیەكان، چونكە ئەگەر شەڕ دەستی پێكرد سەرەتا ناوچەكانی یەكێتی ئەگرێتەوە بەتایبەتیش كەركوكو خانەقین وجەلەولا، ئیدی هەر روبەروبونەوەیەك یەكەمجار زیانەكانی بەر پێشمەرگەكانی یەكێتی ئەكەون، هێشتا هێزەكانی پارتی ناوچەكانیان دوورە لەبەرەكانی شەڕ. بەپێی وتەی هەندێ لێپرسراوی سەربازی یەكێتیش بێت، ئەوپەڕی خۆڕاگری هێزەكانیان لەبەرەكانی شەڕدا لە دە رۆژ زیاتر ناخایەنی دواتر ئەبێ دەست بەكشانەوە بكەن لەو ناوچانەدا، كەواتە لەروی سیاسیشەوە یەكێتی زەرەرێكی زۆر ئەكات بەلەدەستدانی روبەرێكی فراوانی ناوچە دابڕاوەكانی وەك كەركوك وخانەقینو جەلەولاو ئەوانیتر.
ئەمە بێجگە لەوەی لەداهاتوشدا ئەمریكاو ئێرانو توركیاو عیراقیش كە ئیستا زۆر بەرونی دژی ئەو ریفراندۆمەی بارزانیین، هەمان حیسابی دوژمنكارانەش بۆ یەكێتی ئەكەن بەو ئیعتبارەی كەوا یەكێتیش شەریك بوە لەم بەزمەدا، جا ئەبێ حیسابی ئەوەش بكەین دژایەتی ئێران چ زەرەرێكی گەورە ئەگەیەنێ بە رۆڵی یەكێتیو دژایەتی ئەمریكاش لەلایەكیترەوە زیاتر رۆڵی یەكێتی لاوازتر ئەكات لەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا.
ئەگەر مەسعود بارزانیو پارتەكەی كێشەیان لەگەڵ شیعەكانی بەغدا هەبێ و، زۆربەی ئەو كێشانەش لەشەخسی مەسعود بارزانی و هوشیار زێباریدا كورتكرابنەوە، یەكێتی بەدەیەها ساڵە پەیوەندییەكی زۆر باشو باخەیداری لەگەڵ شیعەكاندا هەیەو هیچ كێشەیەكی ئەوتۆیان لەگەڵیاندا نەبوەو نیە.
ئەگەر مەسعود بارزانی بەتەواوی چوبێتە ناو ئەجنداكانی توركیاوەو ئیرادەو سەروەتو سامانی وڵاتیشی دابێتە دەست توركیای ئەردۆغانەوە، یەكێتی هیچ سودێك لەتوركیا نەبینیوە، ئەوەتا تەنانەت لەسەر دەسگییركردنی دو ئەندامی میت پەیوەندییەكانیشی لەگەڵدا پچڕاندوە، كەواتە لەهەر سەركەوتنێكی ئەجینداكانی توركیا لەناوچەكەدا یەكێتی هیچ پشكێكشی بەرناكەوێ.
ئێمە ئەزانین ئەو سەركردانەی یەكێتی كە ئێستا بەدوای سیاسەتەكانی پارتیەوەن بەرژەوەندی ئابورییان لەهەولێردایە، لەترسی دەركردنیان لەهەولێر بۆ پشتی دیگەڵەو دەستگرتن بەسەر پرۆژەو سەروەتو سامانەكانیان لەهەولێردا ئامادەی هەمو سازشێكن ئەگەر لەسەر حیسابی حزبەكەی خۆشیانەوە بێت، بەڵام ئایا پێشمەرگەو كادیرانی یەكێتی ئامادەن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی چوار پێنج سەركردەی یەكێتیو، لەپێناو بەردەوامیدان بەدزینی نەوتی كەركوكو بزركردنی داهاتەكانیو لەپێناو گەندەڵییەكانی پارتی بچنە بەرەكانی شەڕەوەو خوێنی خۆیان ببەخشن؟.
گەنجی سلێمانیو هەڵەبجەو رانیەو قەلادزی و كفری وكەلار چ خێرو خۆشیەكیان بەدەست پارتیو بنەماڵەی بارزانیو سەركردە ملشۆڕەكانی یەكێتییەوە بینیوە تا تفەنگ بكەنە شانیانو بچنە بەرەكانی شەڕ بۆ دیفاع كردن لەگەندەڵی وبێكاری و قوتو نانبڕین؟.
سەرەتای هەر پێكدادانێكی چاوەڕوانكراو هەڵبەت لەكەركوكەوە دەست پێدەكات، ئامانجی سەرەكی هێزە عیراقیەكانیش پێش هەر شتێك دەستگرتنە بەسەر كێڵگەكانی نەوتی كەركوك كە ئێستا داهاتەكەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەڕوات، ئەوسا بەداگییركردنی ئەم كێڵگانە حكومەتی هەرێم ئەم داهاتەشی لەدەست ئەدات ناتوانێ روبعە موچەكەش بداتە  فەرمانبەران.
هێزەكانی داعش ئەوەی ماون ئێستا لەحەویجەو نزیك كەركوك خۆیان حەشار داوە، بەپێی وتەكانی كاك لاهوری شێخ جەنگیش بێت، وا خەریكن لەناوچەی مەندەلو جەلەولاو حەمرینیش دەست بەجموجۆل ئەكەن، واتە گشت ناوچەكانی نفوزی یەكێتی لەژێر هەڕەشەدان، هەڵبەت لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان پێشمەرگەو عیراق ئەوانیش ئەكەونەوە جوڵەو دەست بەهێرشەكانیان ئەكەن كە زۆربەیان ناوچەكانی یەكێتی ئەگرنەوە.ئەمانە بەگشتی هەڕەشەی سەربازی زۆر ترسناكن بەسەر ناوچەكانی یەكێتی لەكاتی هەر روبەڕوبونەوەیەكی پارتی لەگەڵ بەغدا.
لەكۆتاییدا پێویستە سەركرایەتی یەكێتی زۆر بەوردی بیر لەوە بكاتەوە ئایا بەرژەوەندی كوردستان لەو شەڕەدایە كە ئەنجامەكەی لەئێستاوە دیارە، یاخود ئەبێ كارێك بكا لەگەڵ بەغدا رێكبكەون و بودجەو موچەی هاوڵاتیان بگێڕنەوە وپرۆژەكان بكەونەوە كارو لەمافی ئێستای كوردیش زیاتر بخەنە ناو رێكەوتنێكی سیاسییەوە كە ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتوەكان زامنی جێبەجێكردنی بن.
بژاردەكان لەبەرامبەر سەركرایەتی یەكێتیدا زۆر كەمن، با بریاری خۆیان بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە