کورد و هونەری سیاسەت

Monday, 02/10/2017, 23:47

5645 بینراوە


ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی زۆر سوک و ئاسان پێناسەی سیاسەت بکەین ، ئەوا دەڵێین :  (سیاسەت بریتییە لە توانای لایەنێک بۆ سەپاندنی هەژمۆن و داواکانی  خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەردا ) . دیارە ئەمەش پێویستی بە بیری تیژ و مێشکێکی زیرەکی کراوەیە ، کە بتوانێت ژیرانە  هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکات و بە وریاییەکی زۆر  و چاوێکی کراوەوە  ڕووداوەکانی دەوروپشتی وەک خۆی ( واقعی )  ببینێت ،  تا لە کۆتایی دا بە باشترین شێوە و کەمترین زیان  ئامانجەکانی بپێکێت  .  بێگومان بە درێژایی مێژوو ، کورد جەنگاوەرێکی  ئازای  بێ وێنە بووە ،  جگە لە خوای گەورە هەرگیز  سەری بۆ هیچ داگیرکەر و زاڵمێک  دانەنەواندووە ،  کەچی لەگەڵ ئەم ئازایەتییەشدا  وڵاتی پارچە پارچە کراوە و دووچاری قڕکردن و دەربەدەری و نەهامەتی و ئاشبەتاڵ و ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزی  بۆتەوە ، کە دیارە ئەمەش نیشانەیە ئەگەر ئازایەتی بیری تیژ و هونەری سیاسەتی لەگەڵدا نەبێ ،  ئەوا مەحاڵە جگە لە قوربانی و ماڵوێرانی  هیچ  ئەنجامێکی تری  لێبکەوێتەوە .   بێگومان  بێ بەختی و نەگبەتی میللەتەکەشمان لە وەدایە ،  سەرکردەکانی  توانیویانە زیرەکانە کۆشک و تەلار بەرەو  ئاسمان بەرزبکەنەوە ،  بەڵام بە داخەوە  نە فێری سیاسەت دەبن ، نە وانەیەک لە مێژووی پڕ لە کارەساتە خوێناوییەکانمان  وەردەگرن ،  نە دەست لە تەخت و بەختی خۆشیان هەڵدەگرن  ، نە لەو جۆرە لووتانەشیان هەیە ، کە بۆنی مەترسی  پێش ڕوودانی بکەن . 
ئاشکرایە بە درێژایی ساڵانی شۆڕشی ئەیلول ئێران بە چەک و بە پارە گەورەترین پاڵپشتی ئەو شۆڕشەی کردووە .  سەرکردەکانی کورد بیرێکی تیژیان  نەبووە  تا  ڕۆژێک لە ڕۆژان پرسیارێک لە خۆیان بکەن :  ئێرانێک ڕێگا بە کوردی وڵاتەکەی خۆی نەدا بە زمانی دایکیان بخوێنن ، دەی باشە چۆن وا بەو گەرموگوڕییەوە پشیگیری لەو شۆڕشە دەکات ، کە مەترسییە بۆ سەر خۆی ؟ .   دیارە  ئێران هونەری سیاسەتی زانیوە و توانیویەتی کڵاو بکاتە سەرمان و  خوێن و خەباتی  ئێمە بەکاربهێنێت  بۆ گەیشتن بە  ئامانجەکانی خۆی .  ئێمەش بە سەد هەزار پێشمەرگەی ئازاوە  ئاشبەتاڵێکی بێ وێنە دەکەین  و  ئاواتەکانمان ئاوێتەی گڵ دەبن  ...  پاشان  لە دوای ڕاپەڕینەوە بە گشتی ئێران و بە تایبەتیش تورکیا  لە بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵاتەکەماندا سودمەندی سەرەکیی بوون و تورکیا گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوتی لەگەڵدا کراوە و وەک برا گەورە سەیری کراوە و  بە بێ بیرکردنەوە ڕێگامان پێداون هێزی سەربازییان  بارگە و بنکە لەسەر سنگی وڵاتەکەمان دابنێن ، لە بیرخۆمان بردۆتەوە ، کە ئەم داگیرکەرانە چەپییان نییە لە یەک و  هەموو بە خوێنی سەرمان تینون و دوژمنی سەرسەختی نەتەوەکەمانن ، ئەوەتا  کاتێک ڕاپرسیی بۆ دەوڵەت دەکەین ، ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆیانمان بۆ دەردەخەن و  سنورەکانمان بە ڕوودا  دادەخەن و دەبن بە  باوەشێنی ئاگری ئاژاوە و دنەدانی عیراق بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانمان و وڵاتەکەمان  بکەنەوە بە گۆمی خوێن .  بێگومان ئەوان بۆ  بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت دەکەن  ،  ئێمەش بەبێ ئەوەی سوودمان لە مێژووی پڕ کارەساتی خۆمان وەرگرتبێت دەستەوەسان بەرامبەریان  دەوەستین و سەرلەنوێ  هەڵەکانی ڕابوردوومان   دووبارە دەکەینەوە .  
لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥ دا و ڕاستەوخۆ لە لایەن میللەتەوە ڕاپرسییەکی پاکوبێگەرد  بۆ سەربەخۆی کوردستان کرا . میللەت بە ڕێژەی (  ٩٨،٨٨% )  بە بەڵی دەنگیاندا .  ئەو سەردەمەش  عیراق وڵاتێکی لاوازی  پڕ ئاژاوەی  بێ سوپا بوو  . سەرباری ئەمەش زوربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیا  پشتگیرییاندەکردین ،  وەک ئەمڕۆش کۆمەڵگاکەمان  ئەوەندە پەرتوبڵاو نەبوو ،  باشترین فرسەتیش  بوو  ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە بکەین بە ئامرازێک بۆ داوای سەربەخۆییمان .  بەڵام  چونکە سەرکردەکانمان ئەم  ڕۆژەیان لەبەر چاو نەبوو ،  لە هونەری سیاسەتیش نەگەیشتبوون و تەنها  مەستی  پۆست و پارە بوون ،  بۆیە  ئەو هەلە مێژوویەیان لە دەستدا ، هەتا ئەوەشیان لە بیرچوو لە دەستوری عیراقدا ئاماژە بۆ خواستی سەربەخۆیی میللەتەکەمان  بکەن  . بەڵام لەم  ساڵانەی دواییدا  ، کاتێک  چەند پۆستێکی گرنگ لە حکومەتی  عیراقدا لە دەستدەدەین  ، بە تایبەتی  دەرکردن و تاوانبارکردنی هوشیار زێباری خاڵی کاک مەسعود بارزانی و لاوازبوونی پێگەی سەرۆکی پارتی بەهۆی کێشەکانی ناوخۆوە و بەسەرچوونی ماوەی پۆستەکەیەوە  ،  بیر لە ڕاپرسیی دەکەینەوە .  پاشان بە بێ بوونی پایەکانی دروستبوونی دەوڵەت  و بە بێ  هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوەوە و دەرەوە و  بە بێ  گویێ گرتن لە وڵاتە زلهێزەکانی دنیا ،  ڕاپرسیی دەکەین .  ئەوجا وڵاتانی گرنگی وەک ئەمەریکا و ئەوروپا  و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامۆژگاریمان دەکەن و دەستپێشخەری  ناوبژیمان  پێشکەش دەکەن . جا  ئەگەر سەرکردەکانی کورد یەک تۆز  لە هونەری سیاسەتیان بزانیایە  ،  ئەوا  دەبوو گورج بە دەنگ ئەو  دەستپێشخەرییە جیهانییەوە  بچوونایە  ،   نەک بە داوای  کۆنە  بەعسییەکی وەک ئەیاد عەلاوی قایل بن  ، کە جگە لە مووچە وەرگرتن هیچ سەنگ و قورساییەکی لە ناو حکومەتی عیراقدا نییە و کەس هیچ بە کڵاوی ناپێوێ و  حسابی چڵە پووشێکی بۆ ناکەن  و ئەنجامەکەشی گرەوە لەسەر ئەسپی دۆڕاو  و  گەڕانەوەشە  بۆ سەر بای بەڕە کۆن ،  کە دیارە ئەمەش دەرمانی دەردی کورد ناکات . 
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم کورد مافی ڕەوای خۆیەتی لەسەر خاکی سورڕەنگی  باوباپیرانی دەوڵەتی سەربەخۆ  دابمەزرێنێت  ، بەڵام دەبێ زۆر چاکیش ئەوە بزانێ ، کە  بە بێ بوونی پایەکانی دامەزراندنی دەوڵەت و سوپایەکی یەکگرتووی  بەهێز  و بە بێ تێگەیشتن لە هونەری سیاسەتی ناوەوە و دەرەوە و  وازهێنان لە بەرژەوەندی تایبەت ،  ئەوا مەحاڵە تەنها بە  ئازایەتی و سەنگەرگرتن و پشتبەستن بە داگیرکەران بتوانێت  بە ئامانجە پیرۆزەکانی بگات ، کە سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەکات   و هەزاران هەزار شەهید و کەسانی پایەبەرزی  وەک حاجی قادری کۆیی  بە داخی نەبوونی دەوڵەتی کوردستانەوە سەریان ناوەتەوە :

قوڕی کویێ کەم بەسەر خۆما لە غوربەت
خەوم نایێ لە داخی موڵک و دەوڵەت
ئەگەر وەک من خەبەردابن لە دەوڵەت
لە حەیفان خۆ دەخنکێنن بە بێ پەت
٢ / ١٠ / ٢٠١٧

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە