چەپکی لە پۆستەکانم، بۆ ڕیفەڕاندۆمی" سەربەخۆیی"

Monday, 30/10/2017, 1:36

2836 بینراوە


هاوشانی بەرەوپێشچوونی پرسی ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی و نزیک بوونەوەی وادەی بە ئەنجام گەیاندنی لە ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧، منیش وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و هەڵوێستی تاکێکی خەمخۆر و بە پەرۆشی کوردبوون،پێویستی بەشادرابوونم بە گرنگ زانی تا وەک بەشدارێک ، بیروڕای خۆم لە واڵەکەی خۆمدا بە پێی توانا ڕۆژانە بەچەند وتەیەک دەربڕم.
 هەندێ لە پۆستەکانم ڕەنگانەوەی هەواڵە گەرم و پڕوپاگەندەی ناحەزانە، بەرامبەر بەو پرسە گرنگ و هەستیارە. دیارە خوێنەری زرنگ زوو هەست بە چرکەساتەکان و ڕەنگانەوەی هەواڵە جۆراوجۆرەکان لەسەر وتەکانم دەکات.
دیارە ئەم وتانە زۆربەیان بوونەتە جیی گفتوگۆی جۆراوجۆر،لە ڕێی ئەو کۆمێنتانەی هاوڕێیان لەسەریان نوسیووە. دەرفەت نییە،ئەوەتان بۆ ڕاگوێزم،ئەگەر ئارەزوو بکەن دەتوانن لە واڵەکەم/دیواری فەیسبووکەکەمدا بییان خوێننەوە. 
بە چاکم زانی کۆی ئەو وتانە، بکەمە چەپک و لێرەدا بیخەمە بەردەست خوێنەری ئازیز. 
٢٨/٨/٢٠١٧
١ـ کوردستان تەنها موڵکی کوردە.
٢ـ کەسێکی کۆسمۆپۆلیتی و ئەنارشیست، دژی دەوڵەت بێت، ئاساییە، لێ گەر بەناوی کوردبوون و شۆڕشگێڕییەوە، دژ بێت، خۆی دەسڕێتەوە و دەچێتە ژێر سفرەوە.
ـ کەمە نەتەوەکانی کوردستان، کە هاوچارەنوسی کوردن، مافی سیاسی و کولتوورییان پاڕێزراوە، بەس هاوبەش نین لە خاکی کوردستان دا.
ـ گۆڕینی ئاڵای کوردستان و سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، بۆ هەر مەبەستێک بێت تاوانە. چونکە ئەوانە بەشێکن لە سیمبۆلە نەتەوەییەکانی هەموو کورد.
ـ دەسەڵاتی کوردیی لەژێر پەردەی ڕیفەڕاندۆم و سەربەخۆیی دا، دەیەوێ بنەمای کوردبوون و سیمبۆڵە نەتەوەییەکانی بشێوێنێ ئەم کارە بڤەیە.
٢٩/٨/٢٠١٧
ـ سڵاو لە ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکووک و هەڵوێست و بڕیارە بەرزەکەیان بەم هەنگاوە،کوردایەتی سەنگەریی مەحکەمتر و باسکی بەهێزتر بوو.
ـ دەسەڵاتی کوردی! گەر ویستتان ئاڵا و سروود بگۆڕن، وا ریفەراندۆم بۆ شەهیدەکان ساز بکەن. لەبیرتان نەچێ، سندوقی دەنگدان لە ئامەد و مەهاباد و قامیشلۆش دانێن.
٥/٩/٢٠١٧
ـ دژایەتی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بۆ پرسی ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی، نیشانەی بێ مۆڕاڵی ئەوان و شکستخواردوویی دیبلۆماسێتی دەسەڵاتی کوردییە.
ـ سەربەخۆیی کوردستان، بە درێژایی مێژوو ئامانجە پیرۆزەکەی بزاڤی کوردایەتی و کوردستانی بووە. بۆیە هەر دەبێ بڵێین "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی.
ـ "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی، بەڵێیە بۆ ئایندەیەکی دوور لە بندەستی و ژیانێکی ئارام و شایستە، بۆ ئێستا و نەوەکانی ئایندە.
ـ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، لە ئێستادا گرفتار و گەمارۆدراو و هەلاهەلابوو و داڕزاون، بۆیەکا پێویستە ئەم دەرفەتە زێڕینە بقۆزینەوە.
ـ هاوبیرانی نەتەوەیی نیو سەدە بەر لە ئێستا داوای سەربەخۆییمان کردووە. ئێستا بە چ ویژدان و هەقێکی کوردبوون ڕەوایە بڵێین "نەخێر".
ـ ئەنوەری مەجید سوڵتان، تایەری عەلی والی بەگ، بێستونی مەلا عومەر، مامە ڕیشە، جەلالی حسە کەلۆش گیانیان بۆ "سەربەخۆیی" بەخت کرد.
ـ پڕ بە دەنگ بانگ دەکەم سەربەخۆییم دەوێ...کوردستانە جێی شێرانە دەبێ سەرکەوێ. ع.ع.شەونم
ـ بە تین و تاوی بزاڤەکانی کورد، بە هەناسەی گەرمی شەهیدان، بە هەڵمەتی شێرانەی پێشمەرگە، بە خوێنی هەڵەبجە و گەرمیان بنووسن بەڵێ" سەربەخۆیی".
٦/٩/٢٠١٧
ـ دواخستنی ڕیفەراندۆم لەژێر هەر گوشار و بەڵێنێکدا بێت، هەمان چارەنووسی ڕێکەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠ دەبێ، کە بۆ ١٩٧٤ دوا خرا و دوایی شەڕیان بەسەردا داسەپاندینەوە.
ـ سەربەخۆیی باشووری کوردستان، دەبێتە جێی هیوای بەشە داگیرکراوەکانی تر و چرای ڕووناککردنەوەی ڕێگای سەربەخۆییان .
٧/٩/٢٠١٧
ـ هاوڕێم: لە تۆ باشتر دەزانم دەسەڵاتی کوردیی، نوقمی چ گەندەڵی و...،بەس مەرگەموشی ئەم ڕاستییە ناتوانێ شیرینی/ هەنگوینی سەربەخۆییم، لێ تاڵ بکات.
ـ تەنیا دەزگای دەوڵەت دەتوانێ کۆتایی بەم پێکهاتە سەقەتەی حیزبی و مۆدێلە شێواوەی دەسەڵاتی کوردیی بهێنێ. دەوڵەت بۆتەی تواندنەوەیە.
ـ سەری خۆت کز مەکە، خۆت مەڵاس مەدە، وەرە مەیدان، لەیەک کات دا سروود بچڕە بۆ سەربەخۆیی و نەعرەتەش بکێشە بە ڕووی گەندەڵکاران دا.
ـ من لە هیچ زیندانییەکم نەدیوە و نەبیستووە بگری بۆ زیندانەکەی و هیچ بولبولێکم نەدیوە بجریوێنێ بۆ قەفەزەکەی.
ـ کاتێ دەچمە حزوری گیانی بەرزی شێخی بارزان و پیران و سەید ڕەزا و شێخ شەهاب و مەزڵوم دۆغان و.. دەڵێم بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ـ دادپەروەریی بۆ کورد: کاتی ئەوەیە جیهان لەگەڵ کورد ڕاستگۆ بێ، هەروەک چۆن ئەوان لەگەڵمان ڕاستگۆبوون... فەیلەسووف بێرنارد هێنری لێڤی.
٨/٩/٢٠١٧
ـ ئەگەر "سەربەخۆیی"ت نەویست!!،بڕۆ دیسان چیرۆکە دڵتەزێنەکانی مێژووی ٢٧١٧، ساڵەی خوێناوی نەتەوەکەت، جارێکی تر بخوێنەرەوە.
 پاسۆک دەڵێ: شەرمە بێگانە حوکمی کورد بکات.
ـ بۆ ئەوەی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و کەسی زات کوێر و ویژدان مردوو و هەست تاساومان نەکات، پێویستە بە چەمکی "کوردبوون" هۆشیار بین.
ـ بەڵێ بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ، چونکە لەم چوارچێوەیەدا زیاتر خەونە کاڵ و پەمەییەکانمان شیاوی هێنانە دین.
ـ سەربەخۆیی واتە بوونە خاوەنی: کەسایەتی،کەرامەت و ڕوومەت، هەڵمژینی هەوای ئازادی و بوونە خاوەن شوناس و بوونە مرۆڤ لە کۆمەڵگای جیهان دا .
ـ لە چوارچێوەی دەوڵەت دا،خەبات بۆ گۆڕینی سیاسی و دادی کۆمەڵایەتی و سەروەریی یاسا و کۆمەڵگای مەدەنی، گەلێ ئاسانتر و بە بەرەکەت ترە لە...!!.
ـ خۆشەویستانم: وەک بە جێگەیاندنی ئەرکیکی نەتەوەیی سەرشانم، هاوشانی بانگاشەی ڕیفەراندۆمی سەربەخۆیی ناوبەناو پۆستێک دەخەمە بەرچاوتان.
ـ بە لای باوەڕی کوردبوون و کوردایەتی کردنمەوە زۆر گرنگ نییە، کێ دەوڵەت دادەمەزرێنێ و کام دەبێتە سەرۆک! گرنگتر لام سەربەخۆیی کوردستانە.
ـ پاسۆک دەڵێ: ـ ئەوەی پشت لە نەتەوەکەی خۆی بکات سواری کەڵەکی پەڕۆ دەبێ.
 ـ پارووی بێگانە تێرت دەکات، بەڵام لە برسێتی ڕزگارت ناکات.
ـ پاسۆک دەڵێ: تا چرات دەست نەکەوێ، نابێ قوتیلەکەت بشکێنی و تا کارەباشت نەبێ، نابێ 
 دەستبەرداری فتیلەی خۆت بیت.
ـ پاسۆک دەڵێ: ـ چرای درواسێ لانەی تاریکی تۆ ڕۆشن ناکاتەوە.
 ـ قوتیلەی ماڵەکەی خۆت لە چراخانی درواسێ بۆت ڕووناک ترە.
پاسۆک دەڵێ : ـ دەتوانی هەموو کەس بە هەڵەدا بەری، بەڵام ویژدانی خۆت نا.
 ـ کە ویژدان مرد، مرۆڤ لە بەین دەچێ.
ـ پاسۆک دەڵێ: ـ بەسکە خشکێ بڕۆیت لە دارشەقی بێگانە باشترە.
 ـ کۆیلەی هاوزمانەکەی خۆت بی، چاکترە لە پیاوی بێگانە.
ـ مرۆڤایەتی کورد، کوردایەتییە. ئەوەی لە کورد... سڵ دەکاتەوە ناپاکە،
 شەرمی دێ، بێ ئابڕووە،
 بەلەسە دەبێ، دوژمنە،
 خۆش ناوێ سپڵەیە پاسۆک
ـ پاسۆک دەڵێ: ـ ئەوەی کوردبوونی لا لەنگە، زۆڵە!.
 ـ ئەوەی خزمەتی کورد نەکا، نەزۆکە! زڕە.
٩/٩/٢٠١٧
سلێمانی: شاری هەڵمەت و قوربانی،بزاڤی ڕۆشنبیریی،مەکۆی کوردایەتی، زێدی پیرەمێرد، بێکەسی باوک و کوڕ و گۆڕان. بۆ کورد هەر بە پێوە دەژی و دەمرێ.
ـ سلێمانی بەر لە سەدەیەک، لە مەیدانی کوردایەتی دا، مێژووی پڕ لە سەروەریی تۆمار کردووە،ئێستاش بۆ سەربەخۆیی هەر بە گەورەیی دەچێتە مێژووەوە.
ـ سلێمانی: بە چەند کەسێکی توڕە،مەغدور،ناڕازی،دڵشکاو و.. مێژووی تژی لە سەروەریی خۆی ناڕوشێنێ و لە ڕاستە شەقامی کوردایەتی لانادات.
ـ سلێمانی: سەرباری ئەو گەمارۆدراوییەی! هەر ئاڵا بەدەست و پێشڕەو و سەربڵند دەمێنێتەوە و هەرگیز لە کوردایەتی دواناکەوێ.
ـ کۆمەڵێ پۆست لەژێر سەرناوی، ئەی ڕۆشنبیران: هونەرمەندان و کەسایەتییە بە پەڕۆشەکان،ئێوە دەبێ ڕۆڵەی سەردەمە مێژوووییەکەی خۆتان بن بڵاو دەکەمەوە.
ـ بەڕێزان: ڕووی بانگەوازم لە دەستەبژێر و کەسایەتییە بە پەڕۆشەکانە. ئەو شتەی حیزب و سەرۆک و بەرپرس ناشیرینی کردووە، ئێوە جوانی بکەنەوە.
ـ بەڕیزان: ئەوەی دەسەڵات و حیزب بێ بەهای کردووە، ئەرکی ئێوەیە بەهای بۆ بگێڕنەوە.
ـ بەڕیزان: ئەوەی دەسەڵات و حیزب و بەرپرس شێواندوویانە،پێویستە ئێوە بە جوانی ڕێکی بخەنەوە.
ـ بەڕێزان: ئەوەی دەسەڵات و حیزب و بەرپرس لە گرێژنەیان بردووە،کاری ئێوەیە نەهێڵن و بیهێننەوە سەر ڕێچکەی ئاسایی خۆی.
ـ بەڕێزان: ئەرکی ئێوەیە ئەوەی لێمان وونکراوە و وون بووە،ئێوە هاوکارمان بن بۆ دۆزینەوەیان و بۆمان بدۆزنەوە.
ـ بەڕێزان: ئەوەی دەسەڵات و حیزب و بەرپرس لیی تاریک کردووین ،چاوەڕێ دەکەین ئێوە بۆمان ڕووناک بکەنەوە.
ـ بەڕیزان: ئەوەی ئەو وانەکانە! لێیان خراپ و سەقەت کردووین، فەرمانی سەرشانی ئێوەیە بۆمان چاک بکەنەوە.
ـ بەڕێزان: ئەوەی ئەوان باوەڕیان پێی نەماوە، ئێوە باوەڕ و جوانی پێ ببەخشنەوە.
ـ بەڕێزان: ئەوەی ئەوان سڕیان کردووە و کوژاندوویانەتەوە،ئێوە چالاکی بکەن و بۆمان داگیرسێننەوە.
ـ بەڕێزان: ئەوەی دەسەڵات و حیزب و بەرپرس لێمانی خستووە، ئێوە بۆمان هەڵگرنەوە.
ـ بەڕیزان: ئەوەی دەسەڵات و حیزب و بەرپرس تێکی شکاندووە،گەرەکە بە حیکمەتی خۆتان بۆمان چاک بکەنەوە.
ـبەڕیزان: ئەوەی دەسەڵات و حیزبایەتی لە دەست کوردی داوە، ئێوە ڕەخنەیان لێ بگرن و باسی بکەن و بۆمان تێبهێننەوە.
ـ بەڕیزان: ئەوەی حیزبایەتی و ناکوردستانی بوون بە فیڕۆی داوە، ئەرکی نەتەوەیی و مۆڕاڵی ئێوەیە بۆمان بگێڕنەوە.
بەڕێزەکانمان: مامۆستاکانمان، بیرمەند و ڕابەرەکانمان،گەورەکانمان،خەمخۆرەکانمان،وەرن بەهانای کوێرەوەرییەکانی نەتەوەوە. ئێوە دەبێ مەزن بن.
ـ دنیایەک لە گەوجاندنی سەیر و دیماگۆگێتی عەیارە ٢٤: بە ئاڵای کوردستان و سروودی ئەی ڕەقیبەوە بڵێ نەخێر بۆ "سەربەخۆیی" کوردستان.
١٠/٩/٢٠١٧
ـ شاری سلێمانی: سەرچاوەی کانیاوی ڕوون و سازگاری کوردایەتییە،بۆیە هەرگیز بە کۆمەڵێ قەوزە و ژەهر ،لیخن و پیس نابێت.
ـ ئەگەر سیاسەتی سەقەت و بەرژەوەندی حیزبی ناموبارەکیش، لەیەکترمان دڕندوگ بکات،کوردبوون بە خۆیی و چارەنووسییەوە نایەڵێ لە یەکتر بترازێین.
ـ نە تفی ڕۆکراو هەڵدەگیرێتەوە و نە هەلی لەدەست چوو دەگەڕێتەوە. جا بۆ ئەوەی مۆری نەخێر بەر ناوچاوانت نەکەوێ، دڕۆ لەگەڵ ناخی خۆتدا مەکە.
ـ بڕیارێکی دەرەوەی بەڵێ و رێگەیەکی پێچەوانەی ئامانجی سەربەخۆیی، واتە خۆکوژی و گۆڕ بۆ مەرگی خۆ هەڵکەندن.
ـ هیچ دروشمێکی دیموکراسی و پەڕەگرافێکی دەستووری، وەک پێویست پێش هەبوونی دەوڵەت نامەێیت و ناچەسپێ، تەنیا لە دەوڵەت دا، سەقامگیر دەبن.
ـ هەتا دنیا دنیای حیزبایەتی بێت، ئەو مۆدێلەی لە باشووری کوردستان دا بەرقەرارە، لەسەر پارە و ڕەشەخەڵک پەکی ناکەوێ. بەس دەوڵەت ڕایان دەماڵێ.
ـ هاوڕێ: خۆت لە مۆتەکە و جەنگی دەروونی و کێشمەکێشی نێوان بەڵێ و نەخێر ڕزگار بکە. دڵنیام سبەی تۆ زیاتر سنگ دەردەپەڕێنی و سوودمەندتر دەبی.
١١/٩/٢٠١٧
ـ١١/٩.ڕۆژی ڕسکانی پاسۆک و درێژەی شۆڕسی ئەیلوولی پیرۆزە.
 کوردستانێکی ئازاد...گەلێکی یەکسان. دروشمی ناوەندی پاسۆک.
ـ ١١/٩ ڕۆژی ڕسکانی پاسۆک و درێژەدان بە شۆڕشی ئەیلوول پیرۆز بێت. 
پێش ئەوەی هەر شتێ بین..دەبێ کورد بین. لەدروشمەکانی پاسۆک
ـ جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە. لە دروشمە سەرەکییەکانی پاسۆک.١١/٩/١٩٧٥ یادی ڕسکانی بەخێر
ـ سەدەیەک لەمەوبەر "نەخێر"مان گوت و بە زۆرەملێی لە عێراقی عەرەبییان مارە کردین. ئێستا "بەڵێ" دەچڕین و داوای کەوتنی تەڵاقی سیاسی دەکەین. 
ـ بیرمەندانی : وەک بێشکچی و چۆمسکی و تۆرین و لێڤی.."بەڵێ" بۆ دەوڵەتی کوردی دەکەن. ئەی هاوڕێ! تۆ خەریکی داتاشینی کام تیوری و فەلسەفەیت؟!.
١٢/٩/٢٠١٧
ـ دیموکراتیش،چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی پێ ناکرێ. بنۆڕە سکۆتی و ئیری لە بەریتانیا و کاتالانی و باسکی لە ئیسپانیا و کیوبیکی لە کەنەدا.
ـ دەوڵەتی ئیسپانیای دیموکراس!! بڕیاری داوە ڕۆژی ڕیفەڕاندۆمی کاتالۆنییەکان، سندوقەکان لابات و بانگاشەکەران سزا بدات و زیندانی بکات.
ـ چ ریسواییەکە بۆ جیهان، بەتایبەتی ئەوروپای دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پێشکەوتن و شارستانێتی، میللەتێکی وەک کاتالۆنی نەتوانێ سەربەخۆ بێت.
ـ سڵاو لە سەنگ و بەهای چەمکی "کوردبوون" کە دەتوانێت هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان لەژێر ئاڵای خۆی دا،کۆبکاتەوە.
ـ چەمکی"کوردبوون" هەوێنی یەکبوونی ریزەکانی کورد و کۆکەرەوەی جیاوازییەکانە، بۆ یەک شوناسی،بە لۆژیکی عەقڵ.
ـ سەدان هەزار کوردی لە سێدارە دراو لە زیندانەکانی کەرکووک و موسڵ و بەغدا، لەبەردەم پەتی سێدارەدا هاواریان دەکرد بەڵێ بۆ "سەربەخۆیی".
ـ١٣/٩/٢٠١٧
ـ هێزە ئەهریمەنەکان، لە دابەشکردنی کوردستان و زاڵکردنی تورک و عەرەب و فارس بەسەر نەتەوەکەمان دا، پرسییان بە کورد نەکرد. ئەی کورد چی دەکات؟!
ـ کورد دەبێ وەک یاریزانێکی بە دیقەت و زڕنگی نێو ڕووداوەکان، بە ویست و ئیرادەی خۆی کار بکات.
١٤/٩/٢٠١٧
ـ دوای ئەوەی یەکڕیزی نێو ماڵی کورد،خەریکە شین دەبێ و بەر دەگرێ، هەوڵە دەرەکییەکان بۆ دواخستنی ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی چڕ دەبنەوە.
ـ تا ئێستا چ لۆژیک و مانایەک لە دواخستنی ڕیفەڕاندۆمدا نابینم. ئاخر بۆ کەی دواخرێ؟ بۆ دواخرێ؟ دواتر چاوەڕێێ چی بکەین و..!؟
ـ ئاکامی ڕیفەڕاندۆم شکستیش بێت، کورد هەر سەرکەوتووە. چونکە ئیرادەی بۆ سەربەخۆیی نمایشت دەکات و دەتوانێ جارێکی تر تێهەڵچێتەوە.
ـ کاتالۆنییەکان،سکۆتییەکان، کیوبییکییەکان،چەن جارێ هەوڵی ڕیفەراندۆمیان داوە،سەرکەوتوو نەبوون. لێ تا ئێستا کۆڵیان نەداوە بۆ سەربەخۆیی.
ـ ئەو هەموو ڕابوون و شۆڕشانەی کورد شکستیان خواردووە،گەر جارێکیش ڕیفەڕاندۆم وەک مۆدێلێکی خەبات سەری نەگرت، کورد بێ هیوا نابێت.
ـ یەکێتی و تەبایی نێوماڵی کورد، هەر ژێرکەوتنێکی لێ بکەوێتەوە، هەر سەرکەوتن و جێی شانازییە.
ـ سەد ساڵ بەر لە ئێستا،ئینگلیز سایکس پیکۆی لەگەڵ فەرەنسا مۆرکرد. گفتی بەلفۆڕیشی دا بە جولەکە و "لۆڕانس"یشی نارد بۆ لای عەرەب. ئەی USA چی دکات؟!
١٥/٩/٢٠١٧
ـ سڵاو لە کەرکووکی: باوەڕ و هەڵوێست، لە گیانبەختکردوون، عێزەدین قەرە محەمەد و مامە ڕیشە و هەموو ڕۆڵە بەئەمەکەکانی تری کوردستان ...
ـ سڵاو لە کەرکووکی بابەگوڕگوڕ: لە پارێزگار و ئیدارە و دانیشتوانە قوربانیدەر و تێکۆشەرەکەی، بۆ خۆیان و هەڵوێستی کوردانە و مەردانەیان.
"کوردایەتی" لە کەرکووک هەناسە دەدات و تا بێت ئاگری بڵێسەدارتر دەبێ، بۆیەکا وەک بابەگوڕگوڕ تین و تاوی هەرگیز ناکوژێتەوە.
ـ کەرکووک بە تینی ئاگری بابەگوڕگوڕ و خوێنی گەشمردەکانی ، مێژووی نوێی خۆی لە دوای " تەعریب "ەوە دەنووسێتەوە.
ـ لە کەرکووکەوە چرکەساتی ئیرادەی سەربەخۆیی کوردیی دەخەمڵێ و لە فۆڕمی پۆڵایی دا، دەیبینین بەرامبەر بە داگیرکەران.
١٦/٩/٢٠١٧
ـ پێدەچێ دنیا دژی ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و کاتالۆنیا بێت، بەڵام هەردوو میللەت، بە ئیرادەوە سوورن لەسەر هێنانەدی ئامانجەکانیان.
ـ دەوڵەتی ئیسپانیای دیکتاتۆر، یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی سەربەخۆیی کاتالۆنیان، بەڵام ئەو میللەتە واز لە خواستەکانی ناهێنێت.
ـ هاوڕێ: ڕۆژی ئەوە نییە وەک نەعامە سەر کەیت بەناو لم و کۆشی خۆت دا و دەست بگری بە کڵاوی خۆتەوە با نەیبات. ڕۆژی کوردایەتییە، وەرە مەیدان.
ـ سیاسەتکردن لە دەرەوەی بەرژەوەندی نەتەوایەتی، ئاکامەکەی خولانەوەیە لە بازنەی داخراودا و نابووتییە لە خەبات دا و ڕوو زەردییە لەبەردەم میللەت دا.
ـ لە هەسارەی زەوی دا، کورد بە دوای ئەو بستە خاکەوەیە، کە ناوی نیشتمانە، تا ئاڵای هەبوون و ناسنامەی خۆی تێدا بشەکێنێتەوە.
١٧/٩/٢٠١٧
ـ لە شوناسی "کوردبوون"دا نەبوونی دەوڵەت گەورەترین و پڕ مەترسیترین کەلێنی دروست کردووە.
ـ دەوڵەت جەمسەرێکی موگناتیسی بەهێزی ڕاکێشەر و کۆکەرەوەی هەمووانە. بێ دەوڵەتی ژیانی قەرەج ئاسا بەسەر بردنە.
ـ مێژوو تۆماری هەڵوێستە،ڕەفتاری تۆ و حیزب و شار و شارۆچکەکەتی بە چاک و خراپەوە لە بیر ناچێتەوە! بە هیوای کەس بەر حوکمی قورسی شمشێرەکەی نەکەوێ.
ـ ئەگەر لەگەڵ سەربەخۆییدایت،ئەی کوا کێش و سەنگی جەماوەرت و هەڵمەتی میدیا و کەرنەڤاڵی سەرکەوتنت؟.
ـ هیچ شتیک هێندەی ئازادی بەهادار و بە شکۆ نییە، سەربەخۆیی وێستگەیەکی گرنگی گەیشتنە ئەو ئامانجەیە.
ـ ئازادی بەنرخترین سەرمایەی مرۆڤە، سەربەخۆیی زەمینە و ژینگەی دروست و تەندروستی ئەو بەها و مانا بە نرخەیە.
ـ خەبات بۆ بەها پیرۆزەکانی مرۆڤ دوای قۆناغی سەربەخۆییش کۆتایی نایەت.
ـ مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان...چۆن قازانج دەکەی تا نەکەی زیان بلە.
ـ هەرچی ڕەشەبا و تاریکی دنیایە،ناتوانێ ڕووناکی چرای دەستی نەتەوەیەک بکوژێنێتەوە.
ـ ئازادکردنی نەتەوەیەک لە بندەستی و کوێرەوەری، کارێکی سانا و بێ گرفت نییە.
ـ کەرکووک بازووی نیشان دا، هەولێر کوردبوونی نمایش کرد،دهۆک کەرنەڤاڵی ساز دا. ماوەتەوە سلێمانی سەرچۆپی بگرێ و ڕابەرایەتی بکات.
ـ١٩/٩/٢٠١٧
گوندەکەمان لە ١٨ ماڵ پێکهاتووە،خاوەنی ١٢٢ ئەنفالکراوین.دایکێکی پیر و ٤ منداڵم ماون،هەمویان بە قوربانی کوردستان. هاوڵاتیەکی خانەقینی KTV.
ـ کەرکووک جارێکی تر،بۆ یەکەمجار بە خوێنی ڕۆڵەکانی "سەربەخۆیی" نەخشاند. کورد بەخشندەیی دەنوێنێ، ئەوان ڕک و کینە دەبارێنن.
ـ ع.باپیر دەڵێ: لەسەر ئەو پشتگیرییەی ئیسرائیل بۆ ئێمە قەرزدار دەبینەوە. دەباشە بەڕێزم،بڵێ برا موسڵمانەکانم لە ئەنقەرە و تاران و بەغدا و شام مەمانکوژن.
ـ٢٠/٩/٢٠١٧
ـ ئەو کەس و لایەنانەی خۆیان خستۆتە قوڕ و لیتاو و هەر دەچەقن و دەرنایەنەوە. خۆیان ئەوەیان هەڵبژاردووە."چی بچێنی ئەوە دەدووریتەوە".
ـ من لەو بەدیکە تێناگەم، کە سەرانی کورد لە جێی ڕیفەڕاندۆم چاوەڕێی دەکەن و گوایە لەو ڕیفەڕاندۆمیش بەهێزتر بێت! تۆ بڵێی یەکسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەت بێ؟.
ـ وەک بانگاشە دەکەن، ڕیفەڕاندۆم بۆ سەربەخۆییە، ئەڵتەرناتیڤی ئەم ئامانجەش تەنیا یەکسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتە. یان...؟؟!!
١٢/٩/٢٠١٧
ـ هاوڕێ: کێشە ئەوە نییە بۆچوونی جیاوازت هەبێ ،بەڵکو ماڵوێرانی لەوەدایە هەڵوێست و ڕەفتارت هێندە دوژمنانەیە، هەموو بەها و جوانییەکی تێدا کوشتوویت.
٢٢/٩/٢٠١٧
ـ کاتێ هەڵە و خراپەیەک بەرامبەر بە تاکێک دەکەیت خەجاڵەتی کێشان زۆر ناخۆشە. ئەی لەبەردەم نەتەوەیەکدا، دەبێت چەند ئەستەم بێت.
ـ من وەک کورد و مرۆڤ و ئازادیخوازیش نەبم،ڕۆبۆتێکی ئاساییش بم، جۆش و خرۆشی کەرنەڤاڵی نەتەوەکەم بۆ سەربەخۆیی هەر دەیبزواندم.
٢٥/٩/٢٠١٧
ـ لەگەڵ "بەڵێ" بۆ "سەربەخۆیی" کوردستان دا،سڵاوی گەرمی خەبات بۆ پێشمەرگە لەیاد نەکەن. تکایە و زۆر تکایە...
ـ بەڵێی سەربەخۆیی، باشترین و بەنرخترین پاداشتە بۆ شادکردنی ڕەوانی گیانبەختکردووە نەمرەکانی ڕێی رزگاریی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.
ـ لە گەرمیانی ئەنفالکراو بە قەتار و ئەڵاوەیسییەوە، پێشوازی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت. ئەوان وێنکەری ژیان و ئێمە ئاوەدانکەرین.
ـ بەر لە ٥٦ ساڵ لای دایک و باوکم و پێش ٣٩ ساڵ لای پاسۆک و بیروباوەڕی نەتەوەیی، فرچکم بە سەربەخۆیی کوردستانەوە گرت. ئێستا بەختەوەرم.
ـ هاوڕێیان: ڕۆژی کەرنەڤاڵ و و گۆڤەندی سەربەخۆییە، کەچی من بە قووڵپ گریانم دێت. بنۆڕە چ بارودۆخێکی دەروونی سەیر ئابڵووقەی داوم؟!!.
ـ سڵاو لەو برایانەی "گۆڕان" کە دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەدەن. بەس تکایە با دەنگی نەخێرتان لە دژی گەندەڵی و نادادپەروەریی بڵندتر بێت.
ـ سڵاو لە ڕۆڵی کۆسرەت ڕەسوول،د. نەجمەدین، ڕێبوار تاڵەبانی، کە لەدوا چرکەکاندا، شاری کەرکووکیان، وەک دڵ بەخشییەوە بە کوردستان.
ـ نەتەوەکەم بە هەست و خرۆشێکی بەرز و جلوبەرگی کوردیی و ئاڵای کوردستان و خواردنی برنج و قەیسی جەژن و بەخشینەوەی شێرینی بۆ سەربەخۆیی دەچێ.
ـ ئەرکەکانی ئایندەی بەردەم کورد هەروەک ڕابووردووی سەخت دەبێت. بەدەوڵەتبوون پڕۆسەیەکی قورس و هەستیارە. دەست لەدەست هێز لە نەتەوە.
ـ بەرپرسان تکایە: پانۆڕامایەکی گەورە وەک شوورای چین دروست بکەن و وێنەی تاکەتاکەی گیان بەختکردووانی کوردستانی پێدا هەڵواسن.
ـ حیزب و ڕێبازێ،تاکەکانی بۆ کوردبوون و کوردایەتی پەروەردە نەکات، ئەو ئاکامە بەدەستەوە دەدات،کە ڕێژەی نەخێرەکانی ئیمڕۆ نیشانیان دا.
ـ ئەوانەی بەهەر هۆکارێک دەنگی "بەڵێ"یان نەدا دەبێ ئەوە بزانن ،ئەوە مومارەسەی مافی دیموکراسی نەبوو، بەڵکو دژ وەستانەوەی مافی نەتەوەیەک بوو.
ـ دەنگ نەدان بە سەربەخۆیی کوردستان،چ پاساویکی نەما،جگە لە دژایەتی کوێرانەی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردایەتی. ئەمەش گەورەترین کارەساتە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە