کوردستانپۆست دوژمنە

Saturday, 23/12/2017, 1:28

2432 بینراوە


دەیان ساڵە لەم ماڵپەرەوە هاوار لە تاڵانچیەکان دەکرێت، رۆژانە چەندان  گەندەڵى و دزى و خیانەت و ناپاکى دەسەڵات دەخرێتە روو. بەروونى شەفافى  خەوش و کەموکوڕى و عەیب و عارەکانى  دەسەڵات و پارتەکانى باشوور دێننە زمان . زۆریان بەدەسەڵات وت ئیدى بەسە، سنورێک بۆ پاوانخوازى وتاکڕەوى و دیکتاتۆریەت دانێ. ئاوڕێک لەمیللەت بەرەوە.چیدى مەبە بەداردەستى بێگانەو و خاک و وڵاتت  هەراج مەکە.داهات و خێر  بێرى ناوخۆ زەوت مەکە. دەیان نموونەى مێژوویمان هێنایەوە کە زوڵم و زۆر و ناهەقى تا سەر بڕناکات.کەچى ئەیبیست و گوێى پێ نەئەدا،لایان وابوو کە جگە لەپارتى نغرۆى تاوان و خیانەت و یەکێتى بێ سەروبەرو بێ خاوەن، هەموولایەک دژى کورد و دەسەڵات و ئەوانن، بەتابورى پێنج و داردەستى بێگانەو، بەکرێگیراوى وڵاتان ئەژمار ئەکرا. بۆ خۆڵ کردنە چاوى خەڵک و خۆ رزگارکردن لەو نووسین و بەڵگە و راستیانەى کە دەخرانە روو، پاساوى ئەوەیان دەهێنایەوە کە کوردستان پۆست، یەکەم دوژمنى سەر سەخت و قین لەدڵى کوردە، بەفیتى دوژمنان و داگیرکەران کاردەکات. بەدرۆ و چەواشە ئەیانەوێت دەسەڵاتى باشوور لەپێش چاوى خەڵک ناشیرین بکەن. هەوڵ دەدەن ئەم ئەزموون و دەسەڵاتە خۆماڵییە  لەبار بەرن، من بۆخۆم چەندین جار لەزارى تاڵەبانى و مەلا بەختیار و ئازاد جوندیانى وکەسانى دیکە ئەوەم بیستوە. بۆیە ئێستا گەیشتومەتە ئەو باوەڕو قەناعەتەى کە قسەى ئەوان سەد دەر سەد راست و دروست  بوو.کوردستان پۆست دوژمنى بێ هاوتا و رق ئەستور و بێ رەحمە.بەڵام بۆ کورد و نیشتمان و هاوڵاتیان و خەباتکاران نا، بەڵکو بۆ سەرانى دز و جەردە وناپاک و تاڵانچى، کە لەژێر ناوى شۆڕش و ئاڵاى کوردستاندا بەسەدان بێ رێزى و سوکایەتى و ناهەقى دەرهەق بە خەڵک دەکەن،و میللەتیان بەم رۆژەى ئێستا گەیاندوە کە لەترس و شڵەژان و سەرگەردانیا نازانن چى بکەن و پەنا بۆکوێ بەرن!
ئەوەتا هەرچى نووسین و رەخنەو زانیارى و پێشبینى و خوێَندنەوەیەک کە کوردستان پۆست کردى بۆ ئایندەى باشوور و ئەو دەسەلاتەى هەیە، رێک و رەوان وا دەرچوو. چى مەلەف و نهێنى و کارى قێزەون وئابڕوبەر و خیانەت و شتى ژێربەژێریان هەبوو، هەموویانى بەیان کرد، شتێک نەبووکە بڵاویبکاتەوە جێگەى گومان بێت، یان بڵێیت زانیارییەکانى ناڕاست و هەڵبەستراون، بۆشکاندن و ناو زڕاندنى کەسایەتى و پارتەکانى باشوورە.، زیاتر رق و قینى کەسى یەو لەو سەنگەرەوە ئەیانەوێت لێى بدەن.
   کوردستان پۆست ئێستاشى لەگەڵدا بێت کە من وەک نووسەرێک شەرەفى ئەوەم پێدراوە کە جار جارە سەرنج و رەخنە و نووسینەکانى خوم بەئازادى و بێ سانسۆر تێیدا بڵاو بکەمەوە. هەرگیز نەمبینیوە و نەمبیستوە کە ئەو ماڵپەڕە حەز بکات شکۆ و کەسایەتى تاکى کورد بشکێنێت ،هەرگیز لەسەر ناکۆکى و بیروراى جیاواز کارى نەکردوە، نەیخواستوە هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێک لەکەداربکات،ئەگەر خۆى و کردەوەکانى نەبووبێتنە هۆى قسە لەسەرکردن وناو هێنان.هەرگیز کوردستان پۆست هەوڵى نەداوە کە دژایەتى دەسەڵات و پارتەکان بکات، تا ئەو کاتەى تاوانێک یان کارێکى خراپیان بەرامبەر بەمیللەت کردوە. هیچ کاتێکیش ستافەکەى هەوڵى ئەوەیان نەداوە کەببنە ئەلتەرناتیفى ئەو دەسەڵاتەو لەم رێگەیەوە  بێنە سەرحوکم و کودەتا بەسەریاندا بکەن. هیچ کات کوردستان پۆست، لەسەر داوا و خواست کارى نەکردوە ، نەبۆتە پاشکۆى هیچ دەوڵەت و پارت لایەن و کەسایەتیەک ، هەمیشە ئاواتى خواستوە کە پارت و لایەنەکان  نموونەى جوانى دەسەڵات و فەرمانڕەوایى پیشان بدەن. تەبا بن، رێز لەمافى مرۆڤ بگرن، ژیانى ئاسایى وئازادى بۆخەڵکى دەستەبەر بکەن، خزمەتگوزاریى و پێداویستى فەرهەم بکەن ، بەتەنگ خەڵکەوە بن وئاوڕ لە هەژار و خانوادەى شەهیدان و لێقەوماوان بدەنەوە. لەوەزیاتر چى دیکەى لەوان خواستوە؟؟( داواى پۆست و پلەى نەکردوە، داواى پشکى لەپارەى نەوت و داهاتى گومرک نەکردوە، نەیگوتوە ستافى ئێمەش وەک باقى ستافەکانى راگەیاندن بە پلەى ئەفسەر وراوێژکار خانەنشین بکەن، داواى نەسریەو خەرجى بۆکارى ماڵپەڕەکەى نەکردوە،) تا بڵێن بۆیە کوردستان پۆست رقى لەدەسەڵاتە چونکە هیچ کام لەوانەى بۆ نەکردون. نا نەخێر، ئەو داوا ى خواستى میللەت و گەلى کردوە، کردویەتى بەسەرمەشقى کار و ئەرکى لەپێشینەى ، بەڵام کە ئەوان زوڵم ودەستدرێژیان کردۆتە سەر خەڵک، مافیان پێشێلکردون هەقیان خواردون، ئازار و ئەشکەنجەى داون، پشتگوێى خستون، بۆتە هۆکارى سەدان نەهامەتى و قوڕبەسەرى، ئەو دەم و کاتە هاتنە جواب و خۆ بەخاوەنکردنى میللەتى بەئەرک ومافى خۆى  زانیوە.لاى میللەت خۆشەویست و هەق بێژ ، پشیتوان و هیوا بەخش ،لاى ئەوانیش (دوژمن و تابورى پێنج) ئەو هاتووە بۆتە تەرەفگیرى خەڵک ومیللەت و خۆى لەریزى ئەواندا بینیوەتەوە، ئاوێزانى کێشەو خەم و زوڵمەکانیان بووە،هەمیشە رەخنەکانى بۆ ئەوە بووە کە دەسەڵات لەخەوى غەفڵەت بێداربکاتەوە. هەرچى کارى خراپ و ناشایستە و ناڕەواییان هەیە دەریخستوە. کەئەبوایە تەواوى دەسەڵاتدارانى باشوور  زۆر سوپاس و مەمنوونى  کوردستان پۆست بونایە، دەستخۆشى وئافەرینیان لێ بکردایە، کەبۆیان بۆتە ئاوێنەیەکى روون و لەرێگەیەوە هەرچى خەوش و کەمتەرخەمییەکە بۆیان دەرئەخات.دڵنیام گەر ئەو دەسەڵاتە لەسەر رەخنەو زانیارییەکانى کوردستان پۆست هەڵوەستەو بەدواداچونیان بکردایە، رۆژیان بەم رۆژە نەئەگەیشت و، ناچار نەدەبون دەستیان بەخوێنى روڵەکانى وڵات سور بکەن،بگرە دەبوونە نموونەى دەسەڵاتێکى عادیل و دیموکراتخواز،.بەڵام گوێیان پێنەدا،لایان وابوو مادام خاوەنى  پارە و کورسى و دەسەڵات و هێزن ،هەمووشتێک بەخواستى خۆیان ئەبێت.گاڵتەو پێکەنیان بە رەخنەو نوسینەکانى کوردستان پۆست دەهات، ئەوەتا ئەوە رەوشەکە لەبەر چاوى هەموانە کەبەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات کە پێشبینى دەکرا، تازەش چاکسازى وبەخۆدا هاتنەوەو دەربازبون وتێپەڕاندنى شتێکى بێ کەڵک و وادەبەسەر چووە، ئەوەى کە دەیان ساڵە لەو ماڵپەڕەوە باسدەکرا  ئێمڕۆ بوو بەئەمرى واقیع. لەو ئاستەشدا ناوەستێت بەرەو ئاڵوزتر وسەرەنگومکردنیشیان درێژە دەکێشێت، با پارتى ودەسەلاتەکەى مەسعودیش بەوە دڵخۆشى خۆیان نەدەنەوە کە ئەو سەرهەڵدان توڕەییە لەسنورى سلێمانى و دەوربەریدا قەیس دەبێت وپەنگ دەخوات ، پریشکەکەى ناگاتە پایتەختى تاوانکاران.با ئەوەیان  لەبەر چاو بێت کە راپەرینى تونس و  لیبیا و میسر،زۆر شوێنى دیکە سەرچاوەى ناڕەزایى وخۆپیشاندانەکان لەشوێنە دورەدەست و دور لە پایتەختەکانەوە سەرى هەڵدا، بەڵام دواجار گەورە بوو زۆر بەزوى کلپە و تەشەنەى سەند ،سەرەنجام بینیمان لەپایتەختەوە سەرۆکەکان یان کوژران یان قۆڵبەست کران .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە