حیزبەکەى دایکى قوباد

Saturday, 23/12/2017, 16:48

3882 بینراوە


لەدوا ساتەکانیدا کاتێک کە قەزافی کەوتبووە دەست کۆمەڵە گەنجێک دەیگوت: ئێوە کێن؟!
قەزافى گەنجانى وڵاتەکەى نەدەناسى، ئێستاش سەرانى یەکێتیش گەنجانى ناڕەزا و خۆپیشاندەرانی کوردستان ناناسن.
--------------------
ئەوانە کێن لە بەردەم سەراى سلێمانى و دەوروبەرى کە خۆپیشاندان دەکەن:
 ئەوە ئەو گەنجانەن، کە باپیرەیان لە هەمان شوێندا پێش ٨٣ ساڵ گەورەترین خۆپشاندانیان کردووە دژ بەهێزى داگیرکەرى ئینگلیز و خۆپیشاندانەکە بێبەزەییانە هەروەکو ئێستا خەڵتانى خوێن کرا، بیست کوژراوى لێکەوتەوە. ئەو کاتە باپیرەى قوباد هەڵدێت بۆ ماڵەوە و خۆى لە بەشداریکردن ئەدزێتەوە .
سەراى سلێمانى .. بێجگە لەجوانییە مێژوویەکەی، مێژووی قارەمانێتى سلێمانى دەگێڕێتەوە، مێژوویەکە لێوانلێو لە هەڵمەت لە قوربانى، بێ هۆ نییە لەسایەى حوکمى یەکێتى کەڵە دزەکانى ویستیان خاپورى بکەن .
 لەساڵى ١٩٣٠ى سەدەى ڕابوردوو، هەر لە بەر دەرکى ئەم سەرایەدا بوو، بێکەسى شاعیر بە شیعرە بەناوبانگەکەى دژ بەستەمکارى خوێندەوەو ووتى:
بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەرى تۆم ... بەنان و ئاو جل و بەرگى خۆم.
 ئەگەر چەکدار و تێڵابەدەستەکانى حیزبەکەى دایکى قوباد لەوێ بوونایە ئاخۆ چۆن چۆنى بێکەسى شاعیریان خەڵتانى خوێن بکردایە . ئەوا حوکمى ستەمکارى کوردى و بنەماڵەى شەڕەنگێزى تاڵەبانى لە بیست و حەوت ساڵ نزیک ئەبێتەوە، مێژوویەکى چەند دڵڕەق و بێبەزەییە و چۆن دوبارە ئەبیتەوە .
کێن ئەوانەى خۆپیشاندان ئەکەن:
 باوکان و دایکانى ئەم نەوەیەى کەئێستا لەبەر دەرکى سەرا خۆپیشاندان ئەکەن لەساڵەکانى ( ٨٠ )ى سەدەى پێشودا لەهەمان شوین ناڕەزاییى و خۆپیشاندانیان بەرامبەر دڕندەیەکى زەبەلاحى بەعس کردوە، لە ساڵەکانى هەشتا بەدواوە سەرا و شەقامى کاوە ومەولەوى وبەر مزگەوتى گەورە مەیدانى خۆپیشاندانى کوڕان و کچانى چاونەترس و بوێرى سلێمانى بوو دژ بە حوکمى بەعس، هەتا ژن کوژەکانى یەکێتى نەهاتبونە شارەکان بەشدارى کچان و ژنانى سلێمانى لەهەموو ناڕەزایەتیەکاندا لەئاستێکى بەرزدابوون .
کاتی خۆی بەعس هێندەی دایکى قوباد هیزى نەهینا بۆ سەر خۆپیشاندەران، بەهەموو خۆپیشاندانەکان بەقەدەر حیزبەکەى دایکى قوباد گوللەیان بە گەنجانەوە نەنا، ئازاردان و ڕەشبگیرى دەکرد، بەعس دڕندەبوو، بەڵام لەو دڕندەتر ئەمانەی ئیستان.
کە باوکانى ئەم نەوەیەى کە ئیستا حیزبەکەى دایکى قوباد هەزارەها چەکدار و تێڵا بەدەست و بیکەیسى لە سەر شان و ئاسایش و پێشمەرگەى زراو تۆقیوى لە حەشدى شەعبى، هەروەها هەڵهاتوو لە سەنگەرو راکردویى بۆ هێناون، ئەو کاتەی کە دایکى قوباد و باوکى قوباد و قوبادۆکەکان خۆشیان لە هەندەران بوون، کە خەڵکى ئەم شارە ڕاپەڕینیان کرد و داگیرکەرى بەعسیان شار بەدەرکرد، سەرایان کرد بە سەکۆى ئازادى . پاش هێرشى حکومەتى عێراق، هێزەکانى باوکى قوباد کە بەداکۆکیکار لەکۆمەڵانى خەڵکى کوردستانى ئەناساند زۆر زوو ترسنۆکانە هەروەکە ئێستاى کەرکوک هەڵهاتن .
باوکانى ئەم گەنجە خێر لەخۆ نەدیو گیرفان بەتاڵانەى، کە ئێستا لە سلێمانى کەوتونەتە بەر کەڵبەى ئاسایش و میلیشاکانى دایکى قوباد و ڕەشبگیریان دەکات، هەر لەم سەرایەوە کە ئێستا بەقەدەر میحوەرەکەى وەستا ڕەسوڵى تەعدیلچى ئاسایش و پێشمەرگە و تێڵابەدەستى تیایە، ڕاپەڕینێکى تریان کردوو و بەعسیان ڕاماڵى لەکاتێکدا تاڵەبانى ئەملاو ئەولاى سەدامى دەلستەوە، یەکێتى لیژنەى تەنسیقى بۆ بەعس دروست کربوو خاڵ و بازگەى لە پێشمەرگە و سوپاى بەعس بە هاوبەشى پێکهێنابوو.
 حیزبەکەى دایکى قوباد ئێستا سەراى سڵێمانى و دەوروبەرى و هەموو شەقامەکانى شارى بە ئاسایش و ئاسایشى کەرکوک و پێشمەرگە تەنیووە، ژمارەیان لەژمارەى دوکاندار و پیادەڕۆکان زۆر زۆر ترە، ژمارەى ئۆتۆمبیلەکانیان لە ژمارەى تەکسیەکانى شار زۆرترە، تازەترین چەکى ئەمریکى و ئەڵمانیان پێیە، ئێستا سلێمانى لەشارێکى داگیرکراوى سەربازى دەچێت و هیچ سیمایەکى شارستانى تیانەماوە . 
 ئەو هێزانە ئەو هێزانەن، کە هەتا ئێستا هەناسە بڕکێی هەڵهاتنیانە لەدەست حەشدى شەعبى و بەرگەى دوو سەعات هێرشى سوپاى عێراقیان نەگرت، ئەمانە ئەو هێزە فشەڵانەن، کە فریانەکەوتن چەکەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بەرن، ئەو هێزانەن کە ژن و کچەکانیان لە کەرکوک و ناوچەکانی تر بە ماڵانەوە ئەگەڕێن لالەوێچیک شکر و چا قەرز ئەکەن، ئەوانەن لە مزگەوتەکاندا بەرمال ڕادەخەن، ئەوانەن پارەى قوتویەک شیر لە باخەڵیاندا نییە، ئەو هێزانەن چەند مانگە سەرشۆڕى خاوەن ماڵن و کرێى چەند مانگێکى خانویان نەداوە، ئەوانەن کە هەر ئێستا پیلانى کەمکردنەوەى موچەکانیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو ئەکرێتەوە، هەر ئەوانەن وەکو ئەو گەنجە خۆپیشاندەرانە گیرفانیان خاڵى و سکیان برسیە، ئەو هێزانەن، لەگەڵ گیرفانیاندا کە زۆربەیان عەقڵ و ویژدان و کەرامەتیان خاڵییە.
کێن ئەو هێزانە؟
ئەوە لەوانەن کە لە تەلەفیزێۆنەکەى دایکى قوبادەوە قسەکانیان ویژدانى هەمو ئینسانێک ئەجوڵێنێت، بێجگە لەویژدانى دایکى قوباد و ستافەکەى *، ئەگەر ئەوهێزانە زەڕەیەگ غیرەت لەجەستەیاندا بمایە پاش شکستى کەرکوک لولەى چەکەکانیان ئەکردە ئەوانەى بەو ڕۆژەى گەیاندن، نەک گەنجى بەدبەختى دەستى بنەماڵەى شەڕەنگێز و تاڵانچى تاڵەبانى . 
لە ١٧ى شوباتدا لە داهێنانێکى سۆشیال دیموکراتیانەدا پێشمەرگەى تێڵابەدەستیان هێنا بۆ خۆپیشاندەرانى سلێمانى بەسەرپەرشتى خودى تاڵەبانى، ئەوەتا پاش مەرگى، ڕێبازەکەى تالەبانی گەشاوەیە، تک تک خوێنی شەرمەزاری گۆڕەکەی تالەبانی تەڕ دەکات، چونکە دەزانن، پاش نەمانی خۆیان، ئەو گۆڕەش هەڵدەکێنرێت و نەفرەت لە نەوەی دوای نەوەیان دەکرێت!
 ئەوانە پەلەقاژەى مەرگێکى چاوەڕوانکراوى دوو بنەماڵەی تینوى خوێنە، مەرگێک زۆر نزیکە.
__________________________________________
* بڕوانە ئەو ڤیدیۆیە: ده‌بوو گریانی ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بهه‌ژاندایه‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە