دەروێشەکانی سەرگۆڕی "نەوشیروان مستەفا " چیمان پێدەڵێن

Tuesday, 16/01/2018, 23:50

5972 بینراوە


پرسیارە لێرەدایە داخۆ" نەوشیروان مستەفا " ئەو گەشتە درێژەی لەپێناو هیچدا کردوە؟ ئەمانەی دەفلێدەدەن و بەدوری گۆڕە پڕ لە گوڵەکەیدا تەواف دەکەن، مریدی نەوشیروانن، یاخود هاوڕێی و هاوبیری؟ 
ئاخر سەیرە نەوشیروان ساڵانێکی زۆر سکرتێری ڕێخراوێکی مارکسی بوو، ئەو بۆ تاکە جارێک چییە لەو هەموو ساڵەدا باسی لە ئاین و دینداری نەکرد، خۆشی هەرگیر کەس نەی بینیوە کە نزایەک، نوێژێک، ڕۆژویەک، یاخود بە ئەرکێکی دینی هەستابێت.جاران نەوشیروان دەیووت، ئیمانداری پردێک نییە بۆ گەیشتن بەحەقیقەت بەڵکو بەربەستێکە حەقیقەتت لێ وون دەکات.
بەڵام کە گۆڕان دروستبوو پیاوە ڕادیکاڵە مارکسێکەمان دی، کە حەقیقەتی بۆ شیدەکردینەوە لە پڕ قورئانێکی ڕادەموسی بە پەڕۆچکەیەکی سەوز دەوری گیرابوو دوای ڕامووسان لەسەر ناوچەوانی داینا و دوایش تۆپەڵێک ئیسلامیشی هێنایە ناو کایەی سیاسی ڕێخراوەکەی و پۆست و پلەشی بۆ دەستە بەرکردن.
 من ئەمەم بەدەیجور نەزانی و چاوەڕێم دەکرد، چونکە لەوێ شەڕ شەڕی نفوسە، نەک بەها.
 ئەم نمایش و دەفلێدان زیکرە لەسەر گۆڕی نەوشیروان و لە گردی زەرگەتە قسە زۆر هەڵدەگرێ.خۆزگە بەر لە مردنی ڕۆژێک پرسیاریان لێبکردایە لات چۆنە بە دەفەوە لە سەر گۆڕت سەما بکەین و زکر بکەین؟
 من دڵنیام لە وەلامدا گەر توڕەش نەبوایە، ئەوە وەڵامێکی توێکڵداری دەدایەوە کە بکەرانی هەرگیز چاوەڕوانیان نەکردایە ڕۆژێک بێت بەدەوری گۆڕەکەیدا ڕاکە ڕاکە بکەن و دەف لێدەن، بەڵام بۆچی ئێستا ڕێگە پێدراوە، ئەم نمایشە کۆمێدیە بکرێت ؟ 
 وەڵامەکەی زۆر ئاسانە...! ئەی گۆڕان پەیمانی گۆڕینی نەدابوو؟ هەربۆیە دەروێشيکان لە مزگەوتی گەورەوە بەمارشاڵێکی دەروێشانە ڕوویان لە گردی زەرگەتە کردوو، لەتەوافی گۆڕی گۆڕەکەیدا بەدەف لێدان و هاوارکردن و سەماکردن گردەکەیان پڕکرد لە گۆران و تا لەحەقیقەتی ئەو گۆڕانە بگەین کە ماوەی چەند ساڵە ئێمە نازانین، ئەم بەڕێزانە دەیانوویست چی بگۆڕن و چۆن بیگۆڕن ؟ 
 ئێمە تەنها چەند خولەکێک لەم سەماو زکرەمان دەستکەوتوە، کەچی خودی چالاکییەکە چەند دەمژمێرێکی خایاندوە، تا بە میهری ئەم دەروێشي حاڵلێهاتوانەوە ئێمە لەو گۆڕانە قوڵە بگەین کە تاکو ئێستا نەمان دەزانی لەم گردە ئەوان خەریکی چین.
 هەڤاڵ ئەبو بەکر زۆر نیگەران بووە لەوەی کە لەکاتی هاتنی ئەم دەروێشە قەشمەرانەدا لە گەڵ سەرۆک عەشرەتێکدا لە گفتوگۆی قوڵدا بووە و نەیتوانیوە بەشداری ئەم مەراسیمە زیکراویە بێت و چەند زیکرێک بکات بە گوپە قوپاوەکانی و دەستەیەک گوێزانی تیمساح و دوو گڵۆپی شیریی داکرمێنێت و بە کاکە نەوە بڵێت، من دەروێشی ڕاستەقینەی تۆم.
 چەند خۆش دەبوو نەوشیروان مستەفا بەڕاستی ئامڕازێک بوایە بۆ گۆڕینی هزری تاک بەتاکمان و ئەو ببوایەتە ئەو کەسەی لەباتی نزرگەیەکی لە گردێک بۆ چاکەن وەک هەموو خەڵک لەگۆڕستانە ماندۆکەی شار بشارایەتەوە، ئەو دەم ئەم دەروێشە بەتاڵانە نەیان دەتوانی لە ڕۆژێکی وادا بەدەف لێدان بێن و نمایشی کارێکی ئاوا کۆمێدی لە نیشتمان و شارێکی پڕ تراژیدا بکەن.
 چەند خۆشە ئێمە لەم سەردەمەدا و بەناو ئەو مێژووە دیگیتاڵەدا گوزەر دەکەین، دەنا کەسمان باوەڕمان نەدەکرد گەر ئەمە تەنها گێڕانەوەیەک بوایە، ئەمە باشترین ئیلهامە بۆ ئیسلامییەکانی نیشتەجێی لەندەن کە بڕۆن لەسەر گۆڕی مارکس یان لای پەیکەرە فەرامۆشەکەیەوە نوێژێکی هەینی دابەستن و لە نمونەکانی وەک ڕێبین هەردیش هاوار بکات "ئەلاهو ئەکبەر" وابزانێ بەردەرکی سەرایە.
 وا جارێکی تر نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنە قەشمەرەکە بزانین گۆڕان چی ترمان بۆ دەگۆڕێت، تا دەنگی پێبدەن و لە نمونەکانی وەک عەلی حەمەساڵح و هەڤاڵ ئەبو بەکرتان بۆ بێنێتە پێشەوە.
من هیچ گومانم نییە ئێوە هەر ئەی گۆڕن، بەڵام خۆتان نا، بەڵکو خەڵکی دەگۆڕن بۆ ئەوەی ئێوە بە ئاسانی ئاشتان بگەڕێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە