عەفرین، ئابڕوومەندیی کوردان، و دواین کارتی قومارچییەکان

Thursday, 01.25.2018, 0:26

2646 بینراوە


فاشستەکان بەدیرۆکی خۆیان و وەک خەسڵەتێکی دیارییان هەمیشە پێیانوایە، دەستێکی غەیبی لەپشتیانەوەیەو سەرکەوتنیان مسۆگەرە. لەبەر ئەمە لەسەر بنەمای ئارەزووەکانیان نەک واقیعەکانی سەرزەوی رەفتاردەکەن و بڕیاردەدەن. بۆیە هێشتا هیچ نەبووە شەهیەی داگیرکاریان کراوەتەوەو بەرنامەی دوای عەفرین، کە گوایا مینبەج، و پاشان باشووری کوردستان، و لەناوبردنی یەکجارەکی پەکەکە وکورد رادەگەیەنن. جیهانیش ئەوانەی لەبەرەی فاشستەکاندان، لەئێستاوە بەرنامەی رۆژی سەرکەوتن ئامادەدەکەن و ئەوانەش کەدژی ئەردۆغانن و ناخوازن بەدەستی خۆیان شتێک بکەن، چاوەڕوانن لەو بەرهەمە بچننەوە کە بەخوێنی کوردان بڕیارە بەدەست بێت.
لێرولەوێ، بەتایبەتی مێدیای عەرەب، و هەندێ لەناو خۆشماندا، سەرکۆنەکەرانە یان بێهیوایانە،  لەخۆشییان یان لەخەمباریان، دەرڕینێک بلآودەکەنەوە، کە گوایە ئەمە ئاکامی هاوپەیمانێتی کوردانە لەگەڵ ئەمەریکا، و هەندێکیش ئەو حەسرەتەیانە کە کورد ئەمجارەشیان لەگۆڕەپانەکەدا بەتەنییایە. بەرلەهەرشت با ئەو راستییە چەندبارە بکەمەوە، کە ئەمجۆرە شڕۆڤەو لێکدانەوانە، پتر بۆ هێزە هەڕەمەکیەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان راستە، نەک هێزێکی هۆشیار و پتەو وسیاسەتمەداری وەک رۆژئاوای کوردستان. یەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی شۆڕشی رۆژئاوا، ئەمەبووەو ئەمەیە کە هێزێکی باوەڕبەخؤی پشتبەستوو بەخۆیە، هیچکات بەتەمای هێزێکی بێگانەی فریادڕەس نەبووە، و ئەگەر لەبەر بەرژەوەندییەکی تایبەت کە دژایەتیکردنی داعش بووە لە گەڵ چەند هێزێکی دەرەکی لەچەند قۆناغدا هاوکاری هەبووە. و رەنگە لەئایندەشدا هەبێت، ئەوە هیچکات ئەم پرەنسیپەی لەبیرنەبردوونەوە، کە بڕیاری کۆتایی و پرۆژەی کۆتایی.. هەر ئەمەیە کە خۆیان و لەپێناوی بەرژەوەندی رەهای نەتەوەو بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی خۆیاندا پەیڕەوی دەکەن. 
کورد ئەگەر خاوەن پشتیوانی دەوڵەتانیش نەبێت (کە هێشتا زووە لەمڕووەوە داوەریی کۆتایی بکەین)، ئەوە بێ هیچ گومانێک خاوەن پشتیوانی مرۆڤایەتیی و ئازادیخوازانی جیهانە. با ئەمە بەکەم نەزانین و لەکاتی خۆیاندا ئاکامیان بەدیاردەکەوێت. چونکە رای گشتی لەخۆرئاوا لە ئاستێکدایە کەدەتوانێت سیاسەتی وڵاتان سەرلەبەر بگۆڕێت. بەڵام ئەمەش هەروا لەخۆڕاو بەئاسانی بەدینایەت، بەڵکو گۆڕەپانێکە کەدەبێ کاری لەسەر بکەین. لەبەرانبەردا دەوڵەتی تورک هەر ئەوەندەیە خاوەن سوپایەکی بەهێزو دامودەزگای دەوڵەتییە، کە بێگومان ناشێ بەکەمیان بگرین، بەڵام گۆشەگیرو ناشیرین و بێ دۆست وئاشنایە لە جیهاندا. چ لەسەر ئاستی دەوڵەتان و چ ئاستی رای گشتیش خاوەنی هیچ پشتیوانەیەک نییە. و بێدەنگی، یان سەوداو مامەڵەی سیاسیی روسیاو ئەمەریکا وئێرانیش لەگەڵ تورکیادا واتای پشتیوانی و هەڤاڵبەندیی نادات بەدەستەوە، بەڵکو هەر رۆژێک دەتوانێ گۆڕانکاریی دراماتیکیانەی بەسەردا بێت.
راستییەکی تریش هەیە کە ئەمیشیان لێرەدا پێویستە دووبارە بکەمەوە: جیهانی ئەمڕۆ و سیستەمە سیاسییەکەی، لەسەر هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی بەرێوەناچێت، وچاوەڕوانییەک لەم سیستەمە کەچارەسەری کێشە جیهانییەکان لەسەر بنەمای حەق، وناحەق بەڕێوەبچێت، خۆهەڵخەڵەتاندنێکی رەهایە. بەڵام لەم ناوەدا دووخاڵ جێگای جەخت لەسەرکردنەوەیە. یەکەم/ بزووتنەوەی ئازادییخوازی کورد لەرۆژئاوای کوردستان، بەر لەهەر شت بزووتنەوەیەکی ئەخلاقییە، و بەهیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو بێ ئەخلاقییە سیاسییەی لەسەر هەموو ئاستەکان لەجیهاندا بەڕێوەدەچێت. بەدوای هیچ سوود و دەستکەوتێکی سیاسییەوە نییە لەدەرەوەی ئەم پرەنسیپە. وباهیچ کەسیش چاوەڕوانییەکی وەها لەم بزووتنەوەیە نەکات. دووەم/ بێئەخلاقیبوونی سیستەمی سیاسیی جیهان، بەم واتایە نییە، کە هەموو شتەکان لەدژی ئێمەدەبن، و هەرگیز شتی باش روونادات، چونکە لەپاڵ ئەمانەدا جیهانی بەرژەوەندییەکانیش هەیە. و پێموایە، هێزە جیهانییەکان تا کۆتایی تەنیا تەماشاکەرێک نابن. چونکە خەسڵەتی سیستەمی ئاکەپە لەوەی هەڵگری تەواوی خەسڵەتە فاشستییەکانە، شاراوە نییە و ناکرێ ئەم ڕاستییە نەبینن کە ئاکاپە مەترسییەکی جدییە بۆ تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. و نازیزمی هێتلەریی و فاشیزمی ئیتالیایی چی بەسەر ئەوروپادا هێنا، بەدڵنیاییەکی تەواوەوە ئەردۆگان لەمە خراپتر بەسەر ئەم ناوچەیەدا دەهێنێت. و لەم ناوەدا کورد بۆخۆی چەندە خۆراگرتر بێت و سەرکەوتن بەدەست بخات، بەهەمان ئەندازە، هاوکاریی جیهانیش مسۆگەر دەکات. 
کورد لە رۆژئاوای کوردستان، وەک هەندێک پێیانوایە، هێندە بێچارە و پەککەوتوو نییە، کەئەگەر فریای نەکەون، تێکبشکێت. بەڵکو لەپاڵ ئەوەدا کەخاوەن هێزێکی شەڕکەری مەزنە، خاون هێزی سیاسییشەو کۆمەڵێک کارتی لەدەستدایە، کە لەشوێنی خۆیاندا دەتوانێ بەکاریان بهێنێت. کورد چەندە پێویستی بە پشتیوانی هێزە هاوپەیمانەکان و بەتایبەتیش ئەمەریکا هەیە، ئەوان چەند ئەوەندە پتر پێویستیان بەکورد هەیە. و ئەگەر تاسەر لەبەرانبەر لەشکرکێشی و شەڕەنگێزی تورکیا بۆ سەر عەفرین هەروا خەمساری بنوێنن، کوردیش زۆر بەسادەیی دەتوانێت تەواوی هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئەواندا رابگرێت، وئەوکات ئەوان ئیتر بێ کورد چۆن دەتوانن لە باکوری سووریا درێژە بەهەبوونی خۆیان بدەن. و چۆن پرۆژەی رووبەڕووبوونەوەی ئێران بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە؟ هەروا کۆمەڵێک کارتی سیاسیی تریش هەیە لەدەست کوردا کەلەشوێنی گونجاوی خۆیاندا باسیان لێوەدەکرێت.
شەری عەفرین، بەوجۆرە بەڕێوەناچێت، کە ئەردۆگان، نەخشەی بۆ کێشاوە. چونکە هەرشەڕێک لەجیهاندا خاڵی دەستپێکی بەدەست ئەو کەسانەیە کە هەڵی دەگیرسێنن، بەڵام مەرج نییە خاڵی کۆتاییشی هەر بەدەست ئەوان بێت. لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا، کە پێدەنێتە حەوتەمین ساڵیەوە، تورکیا نەخشەیەکی وەهای لەسەردا بوو کە لەماوەی چەند مانگێکدا، رژێمی دیکتاتۆری بەعس بکەوێت و رژێمێکی دیکتاتۆری تری ئیخوانی لەم وڵاتەدا ئاوا بکات و ببێتە دەروازەی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریای لەدەستچووی عوسمانی و کوردانیش زۆر بەئاسانی پەرت وبڵاوبکات و شاروگوندێک بەناسنامەی کوردی نەهێڵێتەوە. بەڵام دیتمان چۆن ئەو خەونانە بوونە بڵقی سەرئاو، و کوردان نەک هەر لەناو نەچوون بەڵکو بوونە هێزێک کە بەقەدەر دەوڵەتێک وپتریش حسابیان بۆ بکرێت. لێرە بەدواش هەروا دەبێت. هێزی داگیرکەر توانای وێرانکردن و خوێنڕشتنی هەیە ورەنگە لێرولەوێ گوندو شاریش داگیر بکات! بەڵام شکەست و سەرکەوتن لەشەڕدا بەمجۆرە ناپێورێت. بەڵکو پرۆسەیەکە چەندە بەزانست و تەکنیکەوە بەستراوەتەوە، کەدوژمن هەیەتی، لەوەزۆرتر بە ئیرادەو هێزی قوربانیدانەوە کەنییەتی. وبێگومان ئاکامی کۆتاییش لە گۆڕەپانی سیاسەتدا یەکلا دەبێتەوە، کەئەوەی تائێستا لە ئەردۆگانمان بینیوە، تەنیا گەوجایەتی و خۆکوشتن بووە. لەبەرانبەردا کوردان لەگەڵ واقیع، نەک خەون و خەیاڵدا سیاسەتیان پەیڕەوکردووە. و ئامادەن ئەو بەهایانە بدەن کە شایستەی دەستکەوتەکانن. 
شتێک ماوە، دەربارەی دەسەڵاتی سیاسیی باشووری کوردستان و بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان بیڵێم. پارتی نزیک بەدوو دەهەیە بەتەواوەتی خۆی لەبەرەی فاشیزمی تورکیادا ساغکردۆتەوە، نزیک بە بیست پایەگای سەربازیی ئەم وڵاتە لەژێر ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتەکیدایە، کەچی تورکیا دووجار ئەتکێکی وای بە پارتی کرد کەس نەیکردبێت، یەکەمیان کاتێک هاوکاریی وئاسانکاری بۆ داعش کرد، شەنگال و بەشێکی زۆری باوشووری کوردستانی داگیربکات، دووەمجاریش کاتێک ریفراندۆم ئەنجامدراو مەسعود بارزانی بە خائین ناوبرد. بەڵام بەجۆرێک کە مایەی تێگەیشتن نییە، پارتی هێشتا چاوی بەدوای تورکیاوەیە، فریای بکەوێت و لە قەیرانە قوڵەکانی دەری بهێنێت. عەفرین، هەلێکی زێڕینە بۆ ئەوانەی لەناو پرۆژەو بازاڕیی پۆخڵدان، تەکانێک بەخۆیان بدەن، ویژدانی کوردانەیان هۆشیارکەنەوە، غیرەتێک وەبەر خۆیان بنێن وهەڵوێستێک وەربگرن کە دەبێ وەریبگرن، عەفرین بەپشتیوانی رۆڵە راستەقینەکانی هەرسەردەکەوێت، باپارتیش عەفرین بکاتە ئەو تاڵە دەزووەی لەناو چاڵی خیانەتەوە خۆی پێ دەهێنێتە دەرەوە. 
عەفرین سەردەکەوێت وئەردۆگانیش بەم پەلامارە سەرشێتانەیەی، لە قومارچییەک دەچێت کە لەسەر مێزی قومار تەواوی یارییەکانی دۆڕاندووەو تەنیا کارتێکی بەدەستەوەماوە کە ناوی عەفرینە، و بەتەمایە موعجیزەیەک رووبدات وبەم کارتەی تەواوی شکەستەکانی رابردووی قەرەبوو بێتەوە.
گەرچی عەفرین بۆ کوردان قومار نییە، بەڵکو ئابڕوومەندیی و شکۆی نەتەوەیەک، وخاکێکی پیرۆزە. بەڵام کاتێک ئەردۆگان کردوێتی بەقومار بۆخۆی، ئەوە بەدڵنیاییەوە نەک هەردەیدۆڕۆنێت، بەڵکو وەک هەر قومارچیەکی دۆڕاو کەئابڕوومەندییەکانیشی دەخاتە گرەوەوە، دوادڵؤپی ئەو ئابڕمەندیانەی لەوێدا لەدەستدەدات. و ئەورۆژە دێت بۆ دەسەسڕێک بگەڕێت، تا دڵؤپە عارەقەکانی شەرمی شکەستی پێ بسڕێتەوە.





(دەنگدراوە: 9 . زۆرباشە: 4.5/5)