ئەفــریـــن و چەند سەرنجێک

Saturday, 17/02/2018, 21:43

3979 بینراوە


١- هیچ شتێک دەربارەی ئەم جەنگەی ڕژێمی تورکیا دژ بە ئەفرین لە ڕۆژئاڤا ئاسایی نیە و جەنگێکی ناڕەوایە چونکە تورکیا هەمو یاسا نێودەوڵەتیەکانی پێشێلکردوە و خاکی وڵاتێکی تر داگیردەکات. تورکیا بوە بە سەرچاوەی ناسەقامگیری لە هەمو ناوچەکەدا کە دور نیە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا پڕیشکی ئەو ئاگرە هەموو وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپایش بگرێتەوە.
٢-  بە هەمو پێوەرێکیش هیچ هاوتاییەک نیە لە نێوان سوپای تورکیا کە ئەندامی "ناتۆ" یە و لە دوای سوپای ئەمریکاوە بە دوهەم گەورەترین سوپا ناسراوە بە بەراورد لەگەل یەکینەکانی پاراستنی گەل. دیارە تەنها مەبەستم سوپا و چەک و مێژوی دروستبونی سوپاکەی تورکیایە بە بەراورد لەگەڵ شەرڤانان و یەکینەکانی پاراستنی گەل کە چەند ساڵێکی کەمە دروستبون. بەڵام جیاوازیەکە لەوەدایە کە سوپای تورکیا داگیرکەرە و هێزەکانی یەکینەکانی گەلیش خاوەن بیروباوەڕی پۆڵایین، خۆڕاگر و ورە بەرزن ، پارێزگاری لەزێدی باب وباپیرانیان ئەکەن و هەمو خەڵکی کوردستانیش پشتیوانیان دەکەن.
٣- لە دوای شکستە پڕ شەرمەزاریەکەی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار لە باشوری کوردستان لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، تورکیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش واتێگەیشتبون کە سوپای تورکیا لە ماوەیەکەی زۆر کەمدا ئەفرین داگیرئەکات و بوار بۆ فشاری ناخۆ و نێودەوڵەتی دروست نابێت کە ڕوە دزێوەکەی ئەم شەڕە سەپێنراوە ئاشکرا بکات. بەڵام وا شەڕەکە پێدەنێتە هەفتەی چوارەمەوە و هێزەکانی بەرەنگاربونەوە و شەڕڤانە قارەمانەکان، هەر خۆڕاگرن و شکۆی تورکیایان شکاند و ئەفرینیش هەر سەربەرزە و داگیرنەکراوە.
٤-  نەک هەر هیچ کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی ئەوتۆ بەدیناکرێت بەڵکو بێدەنگیەکی نائاسایی و پڕ شەرمەزاری بە ئاشکرا دەبینرێت لە هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتوەکان، عالەمی عەرەبی و ئیسلامی بەرامبەر بە هەمو ئەو تاوانە نامرۆڤانانەی کە دەرهەق بە خەڵکی سڤیڵ وبێدیفاعی ئەفرین دەکرێت. 
٥- هەمو ئەو ڕێکخراوانەی کە بە ناوی "مافی مرۆڤ" ەوە کاردەکەن، لە یەکەم ڕۆژی ئەو جەنگەوە کوێر و کەڕ و لاڵن لە ئاست هەمو ئەو تاوانانەدا کە سوپای تورکیا و گروپە تیرۆریستە هاوپەیمانەکانی ڕۆژانە ئەنجامیانداوە و بەردەوامن لە ئەنجامدانیدا، کە  بە هەمو پێوەرە نێودەوڵەتیەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان بە تاوانی جەنگ و تاوان بەرامبەر مرۆڤایەتی  لە قەڵەمدەدرێن.
لە هەمو ئەمانەیش کارەساتتر و ناخۆشتریش ئەوەیە کە تورکیا بەهۆی شکستەکانیەوە لە بەرەکانی شەڕدا، کەوتۆتە بەکارهێنانی چەکە قەدەغەکراوەکان و تا ئێستایش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دەزگا و ڕێکخراوێک، بە نەتەوە یەکگرتوەکانیشەوە، بێدەنگن لە ئاست ئەو تاوانانەی سوپای تورکیا ئەنجامیداوە و بەردەوامە لە ئەنجامدانی دژی خەڵکی سیڤیڵ و بێدیفاعی ئەفرین  وگوندەکانی دەوروبەری.
 هەر ئەو ڕیکخراوە درۆزن و هیپۆکراتانە کە بەردەوام هەمو جوڵە و هەنگاوێکی پێشمەرگەیان خستبوە ژێر مایکرۆسکۆبەوە لە کاتی بە گژاچونی هەمەجیترین وخوێنڕێژترین گروپی تیرۆریستاندا، کەچی کوێرن لەئاست ئەو هەمو دڕندەیی و کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنانەی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمی تورکیا و گروپە تیرۆریستە هاوپەیمانەکانیەوە.
٦- هەم لە ئاستی حوکمەتە وێران و گەندەڵ و بێ خاوەنەکەی حوکمەتی هەرێم و پەرلەمانە ئیفلیجەکەیدا، و هەمیش لە ئاستی حیزبەکان و بەرپرسەکانیاندا، هەڵوێستێکی ئەوتۆ بەدینەکراوە کە پشتیوانی و هاوسۆزی گەلی کوردستان بۆ خوشک و برا کوردەکانیان لە ڕۆژئاڤا تۆماربکەن. تاکە هەڵوێستێکیش کە پەرلەمانی کوردستان تۆماریکرد، دوای ٢٠ ڕۆژ لەم شەڕە دڕندە و ناڕەوایە بو کە تەنها لە ئاستی ٥ پێنج پەرلەمانتاردا بو کە دەبوایە ژمارەیەکی زیاتر لە پەرلەمانتاران و کاربەدەستی حکومی بە یارمەتیەکی بەرچاوەوە سەردانی ئەفرینیان بکردایە.
٧- هیچ جۆرە یارمەتیەک و کۆمەکێکی ئەوتۆ نە بە خەڵکی ئەفرین و نە بە شەرڤانان گەیشتوە کە دەبوایە دەوڵەمەندەکانی کوردستان ئەو ئەرکە نیشتمانیەیان جێبەجێ بکردایە.
٨- هەرچەندە خیتابی شەرمن و لەرزۆک لەلایەن هەندێک لە حیزبەکانی کوردستانەوە تۆمارکراوە، بەڵام لە ئاستی ڕوداوەکان و ناهاوتایی ئەم جەنگە ناڕەوایەدا نین. هەر ئەم هەڵوێستەی حیزبە سەرەکیەکان بیرخستنەوەیەکی ترن کە هیچیان خاوەنی ئیرادەیەکی سەربەخۆ نین.
٩- حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاوی کەسایەتیە ئیسلامیە ناسراوەکانی کوردستان، بە تایبەتی لە باشوردا، بێشەرمانە و بە ئاشکرا پاڵپشت و پشتیوانی سوڵتان ئەردۆگان و سوپاکەی دەکەن کە بە قورسترین و پێشکەوتوترین چەک ئەم جەنگە ناڕەوایەی دژ بە ئـەفرین بەرپاکردوە وە لە ئەنجامی بۆردومانە کوێرانەکانی فڕۆکە جەنگی و تۆپخانەکانی هێزی تورکیای داگیرکەردا سەدان مناڵ و خەڵکی سیڤیڵ و بێدیفاعی ئەفرین و گوندەکانی دەوروبەری کوژراون ماڵ وگوندەکانیشیان وێرانبون.
ئەوان ئەردۆگان بە فریادڕەسی ئیسلام دەزانن بەڵام کێشەیان لەگەڵ ئەوەدا نیە کە لەو تورکیایەی کە ئەردۆگان و حیزبە ئیسلامیەکەی حوکمی دەکەن، پتر لە ١٥٠٠٠ پانزە هەزار ماڵی لەشفرۆش بە شێوەیەکی یاسایی کاردەکەن و ساڵانە پتر لە ٤ چوار مـلـیـار دۆلار داهات دەخەنە خەزێنەی دەوڵەتەوە.
١٠- ناڕەازیی لەلایەن جەماوەرەوە لە باشوری کوردستان هەن کە زیاتر شاری سلێمانی و زۆنی سەوزی گرتۆتەوە چونکە لە هەولێر و لە دهۆک ڕینادرێت بە خۆپیشاندان دژ بە تورکیا. ئەو هەوڵ و هەڵوێستانە لە هەمو کاتێک زیاتر پێویستیان بەوە هەیە کەهەمو کوردستان بگرێتەوە و بەو ڕێچکەیەدا ئاڕاستە بکرێن کە کاریگەر و بەرهەمداربن بەڵام لە غیابی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیدا، ئاسان نیە یەکدەنگی دروست ببێت.
١١-  ژمارەیەکی سنوردار لە ڕۆشنبیر و نوسەر، لەو بازنە داخراوەی کە لە زوربەی ڕوداوەکاندا ئەو کۆمەڵە ناوە زیاتر دوبارە دەبنەوە، نامەیەکی ناڕەزاییان بەرامبەر بەم شەڕە ناڕەوایەی دژ بە ئەفرین بڵاوکردەوە کە دەکرا بیانکردایە بە کامپەینێکی بەرفراوانتر بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بەشداربونایە.
١٢- چالاکی بەردەوام بەڵام سنوردارلە سۆشیالمیدیادا، بەتایبەتی لە فەیسبوک بە ڕادەیەکی کەمتر لە تویتەردا بەدیدەکرێت کە دەکرا هەمو لقەکانی سۆشیالمیدیا بە شێوەیەکی چالاکتر و کاریگەرتر بەکاربهێنرێت.
١٣- دوای ئەو نائومێدیەی کە شکستە پڕ شەرمەزاریەکەی کە هەردو حیزبی دەسەڵاتدار لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەسەر کوردی باشوردا هێنایان، خۆڕاگری و قارەمانی شەڕڤانان لە ئەفرین جارێکی تر هیوا و شکۆی بۆ هەمو کورد گێڕایەوە.
١٤- تورکیا لەم شەڕەدا ڕوبەڕوی شکستیەکی سەربازی ئەوتۆ بۆتەوە کە شکستی سیاسیشی بەدوای خۆیدا هێناوە و دەبێتە سەرەتای لەقاڵبدانی سەرکێشی وپەلهاوێژی و لاساریەکانی ئەم ڕژێمەی ئێستای تورکیا. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە