دروشمی خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری

Tuesday, 02.27.2018, 0:13

3033 بینراوە


له‌به‌رواری 21-1-2018 له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین تاوه‌كو به‌رواری ئه‌مڕۆ 25-2- 2018 كه‌ خۆپیشاندانی مامۆستایان بوو، وانه‌ له‌ قوتابخانه‌كاندا نه‌خوێنراوه‌، چونكه‌ حكومه‌تی به‌ناو هه‌رێم چاره‌كه‌ موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی پێ دابین ناكرێ، به‌ڵام له‌ولاشه‌وه‌ كاربه‌ده‌ستان و به‌ناو لێپرسراوانی حیزبی و حكومی وه‌كو شای جارانی ئێران ئه‌ژین و باكیان له‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی مناڵ و ژیانی خه‌ڵك نیه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ دروشمی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، لام وایه‌ كه‌ره‌سه‌یه‌كی باشی مێژووییه‌، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و چاو نه‌ترسانه‌ی كه‌ بیره‌وه‌ری شارێك ده‌نوسنه‌وه‌.
-------------------------------




1ـ ئه‌وه‌ی دژی دزییه‌ - مامۆستای ناڕازییه‌
2ـ مامۆستا سواڵكه‌ر نییه‌ - سه‌د هه‌زاری بۆ چییه‌؟
3ـ حه‌یاتان ئه‌و كاته‌ كه‌وت – هاندانتان كرد به‌ ده‌ستكه‌وت
4ـ دوو حكومه‌ت دوو ئیداره‌ - به‌ده‌ست نه‌خوێنده‌واره‌
5ـ ئه‌ك یاڕه‌بی داوه‌شێن - بۆ حكومڕانی ناشێن
6ـ عه‌بادی كوا وه‌عده‌كه‌ت – جورئه‌ت بنوێنه‌ جورئه‌ت
7ـ بۆیه‌ ئێمه‌ ناڕازین – هه‌موو وه‌كو یه‌ك ناژین
8ـ بایكۆت بشكێ ئه‌مجاره‌ - مامۆستا تاوانباره‌
9ـ گه‌ر خه‌مخۆری مامۆستان – له‌ شه‌قام راده‌وه‌ستان
10ـ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ بوون به‌ په‌ن – سواڵی ده‌نگمان لێ ده‌كه‌ن
11ـ چیتان ئه‌وێ مامۆستا  - موچه‌ هاوشانی به‌غدا 
12ـ موچه‌ی میلله‌تی هه‌ژار – بڕیتان بۆ بن دیوار
13ـ نا وه‌زیر نا مدیر عام – ناچینه‌وه‌ بۆ ده‌وام 
14ـ مل كه‌چ ناكه‌ین بۆ هاندان – ئه‌بین به‌ چقڵی چاوتان 
15ـ یونسێف و یونسكۆ – عه‌یبه‌ ئێوه‌ش بێنه‌ گۆ
16ـ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا – كوا داهاتی پارێزگا 
17ـ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا – ده‌تۆش بێده‌نگ به‌ توخوا 
18ـ ئێوه‌ دژی زانستن – به‌ نه‌وت و دۆلار مه‌ستن
19ـ با مه‌تاڕ نه‌كرێته‌وه‌ - خوێندنگا بكرێته‌وه‌
20ـ كارتان چی بوو له‌ داڤۆس – ئه‌وێش مه‌كه‌ن به‌ كابووس 
21ـ گوو به‌ قه‌بری باوكتان – بۆ ریفراندۆمێ كردتان
22ـ ده‌ستی دز ببڕنه‌وه‌ - موچه‌ی بۆ مه‌بڕنه‌وه‌
23ـ فه‌وتانی خوێندن لێره‌ - لای قوباد و نێچیره‌
24ـ حكومه‌تی بێ متمانه‌ - شایسته‌ی زبڵدانه‌
25ـ له‌ درۆكردن گه‌ڕ نه‌بوون – به‌م بارانه‌ ته‌ڕ نه‌بوون
26ـ حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات – سه‌ره‌تانن بۆ وڵات
27ـ ئه‌ی حكومه‌تی هیچ و پوچ – نه‌وت فرۆشی مایه‌ پوچ 
28ـ مدیرو موشریفه‌كان – بۆچی نیه‌ هه‌ڵوێستتان؟