گەر وشەی پیس هاتە نووسین ، قەڵەم لە چەك کوشندەتر دەبێت

Tuesday, 06/03/2018, 23:04

3927 بینراوە


خوێنەری شکۆمەند رێزم قوبووڵ بفەروون ، چەند چرکەساتێك نیگای ئەم چەند رستەیە بکە کە دەیخەمە بەر  دیدی ئێوەی بەڕێز :
لە زۆربەی میدیا نووسراو و بینراوەکاندا بابەتی خەڵکانێك دێتە بەر نیگامان ، کە ڕەنگە هیچ پێشینەیەکی ئەدەبییان نەبێت لە بوواری نووسیندا ، کەچی دەست بۆقەڵەم دەبەن و چەند وتەیەکی هەڵیت و پەڵیت ریزدەکەن و دڵی خوێنەری ڕاستەقینەی پێ نیگەران دەکەن .
من لێرەدا داوای بەخشین لە هاوڕێیانی هێژام دەکەم کە دەمەوێت ئەوانە بە { قەڵەم پیس } ناوزەد کەم ..!!
*******
لەوەتەی خۆم ناسیوە و لە دەوروبەری خۆم تێگەیشتووم و  داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردەواریم قوتابخانە بووە ، بە تاسەیەکی زۆرەوە هەوڵم داوە لە توێژەی ئەدیبان و شاعیران نزیك ببمەوە و لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناوداری گەرمیانی کوردستاندا تێکەڵ بم ، خولیا و ئاواتیشم سوودمەندبوونم بووە لە ئاداب و کولتووری راستەقینەی بێخەوشی کۆمەڵگەکەمان .
هێشتان نەگەیشتبوومە هەڕەتی خوێندن ، زۆرێك لە وانەکانی ئەدەبی گفتوگۆ و هەڵـسـوکەوتی کۆمەڵایەتی و رێزگرتن لە خەڵکەکە .. فێربووم . 
لە خزمەت باوکی شکۆمەندم و مێوانانی مەجلیسی ئەدەبی ئەودا ، وانەی ڕێزگرتن لە کەسی بەرامبەر لە ناخمدا چەکەرەی کرد . جاکەسی بەرامبەر تەمەندار یان منداڵ بێت . کاتێکیش کە گەیشتمە هەرەتی کارابوونم ە نێو کۆمەڵدا ، ئیدی ئەو وانانە لە ناخمدا جێگیر بوون .
باوك و ماموەستام دەیفەرموو : 
گەر لە لێدووانی بەرامبەرەکەتدا ناڕاستیشت بەدی کرد ..!!؟
نەکەی کەسەکە ڕووشکێن بکەیت و بڵـێی درۆیە ، یان درۆتکرد ..! بەڵکۆ دەستەواژەی( سوعبەت یان گاڵتە) بکەرە ئامڕازی پرسیار و وەڵامت..! 
وەك: گاڵتە دەکەیت ، یان سوعبەت دەکەیت .
مخابن : هەندێك جار لە تێکستی خەڵکانێکدا دەستەواژەی وا بەدی دەکرێت کە خوێنەر پەشیماندەکاتەوە لە خوێندنەوەی بابەتەکە . 
خۆ گەر ئەو دەستەواژانە تەنها لە نووسینی تێکستەکانی نێوان بەشداربووانی ئاسایی سەر فەیسبووك و تویتەر و میدیاکانی دیکەدا بەدی بکرێت ، ڕەنگە ئاسایی وەربگیرێت . 
بەڵام بگاتە سەر بابەت و بەرهەمەکانی توێژەی ئەدیبان وبیرمەندان ..! ئەوە کارەساتە و خانەی ئەدەب و ئەدەب دۆستانیش ناهەمووار دەکات . 
بەراستی زۆر نەگونجاوە کە زۆر جار دەستەواژەی [ فڵق ، یان ، درۆ ] لە بابەتەکاندا بەدی دەکرێت کە لە ئاست ناوەڕۆکی بابەتەکەدا نیە .
لە ڕاسـتیدا زۆر نەگونجاوە ، توێژەیەی ئەدیبان ، کە لە کۆمەڵگەی کوردەواریماندا لە ڕوانگەی ڕێزەوە تەماشا دەکرێن..! بچنە سەر ڕێچکەی ( قەڵەم پیسان ) .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە