جەژنی گەل و هۆز

Wednesday, 21/03/2018, 1:44

2380 بینراوە


بۆ ئەم بەهار و نەورۆزە،
نازانم نا، ڕوو لە کوێ کەم
کە نیشتمان هەر چوار پارچەی گشت گریانە.
ڕۆژاوام، خەڵتانی خوێنە،
باکوور، بووەتە بەندیخانە؛
باشوور، کەوتۆتە بن نسێی
تاقمێکی هەرزەکاری
ئەم زەمانە.
ڕۆژهەڵاتیش، جەخار جەخار
لە مێژە هەر خۆی زیندانە.
کەچی گیانە
بەدەم ئەم گشت
گریان و خوێن و
زیندانی زەمانەوە،
شنەی شەماڵی بەهار و
بڵێسەی ئاگری نەورۆز
پێم ئەڵێن: دڵە، هەستەوە
بەسیەتی گریان،بەسیەتی،
ئەی نابینی
هەر مەلە و بەم دەم بەهارە
لەسەر لق و چڵی داران
ئاواز ئەخوێنێ بۆ ژیان!
ڕابە دڵە، وا نەورۆزە
جەژنە،جەژنی گەل و هۆزە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە