پیاوکوژەکەی ١٧ی شوباتیان کرد بە بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی

Sunday, 08/04/2018, 16:57

7357 بینراوە


 عەمید ئاسۆ ، پیاوە داواکراوەکەی ١٧ی شوبات، کە ئێستا بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانییە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی کردوە بە تەکێ خانە.
 عەمید ئاسۆ مودیری پۆلیسی کارەبای سلێمانی بو، لەگەڵ بەرێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئاڵوگۆڕ بە پۆستەکانیان کرا.
ئەم کەسە بەناوبانگ بوو کەوا هەموو خزم و کەسوکاری خۆی پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کارەبا تەعین کردبو، ئێستاش کە بوە بە بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی هەمو خزمەکانی خۆی بۆ ئەوێ گواستوەتەوە.
زۆربەی کەسە دڵسۆزەکانی بەڕێوەبەرایتی پۆلیسی سلێمانی دورخستۆتەوە و دەستوەردان لە هەمو کاروباری بەشەکان دەکات، تەنانەت لەماوەی رابردودا وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیشی لە پۆستەکەی دورخستەوە.
هەر چەندە پلەی عەمیدی هەیە، بەڵام کەس نازانێ چۆن و بەچی شەهادەی بەدەست هێناوە، کەسێکی نائەکادیمی خێڵەکییە، تەنانەت لەم ماوەیەی رابردودا کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا کردبو هێندە بازاڕییانە قسەی دەکرد،  وتبوی لەماوەی چەند مانگێکدا ئەوەندە دزمان گرتوە، لەکاتێکدا دادگا دەبێت کەیسی تۆمەتبار یەکلایی بکاتەوە و تا ئەوکاتەی کەیسەکەی یەکلا دەبێتەوە، وەکو تۆمەتبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ نەک وەکو دز و پێشوەختە بڕیاری لەسەر بدرێت. واتا ئەم کابرایە رۆڵی دادگا و بڕیاری دادگاشی بینی، هەڵبەت دەسەڵاتی کوردی وەنەبێ لەم زیرەکتر و زاناتر بن، بۆیە هەمیشە کەسانی وەک خۆیان دەهێنن و پلە و پۆستیان پێدەدەن، 
ئەم گوێڕایەڵەی حیزب ئێستا هێزێکی تایبەتی دروستکردوە تەنها بۆ شەقوەشاندن و پەلاماردانی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان.
ناوبراو بە نایاسایی لەو پۆستەدایە، چونکە تۆمەتباری سەرەکی رووداوی تەقەکردنە لە خۆپیشاندەرانی 17ی شوبات.
ئەوکاتەی لە ساڵی (2011) مەسعود بارزانی بە گەڵتە و بۆ چاوبەستن چەند بڕیارێكى دەكرد كە تیایاندا دەستگیركردنى سەرجەم ئەو تاوانبارانە بوون كە لەرووداوەكانى حەڤدەى شوبات و دوایدا لە تاوانى كوشتنى هاوڵاتى مەدەنی تێوەگلابوون، هەروەها پاش ئەوەى لەشانۆگەریەكى بێنرخدا دكتۆر بەرهەمیش چەند رۆژێك بە دوایدا بەهەمان شێوە كۆمەڵى بڕیارى بۆ هەمان مەبەست دەكرد.
دیارە ئاسۆى شێخ تەها یەكێكە لەوانەى پاش ئازادكردنى بڕیارەكەى تەمیزكرایەوە و مادە یاساییەكەش گۆڕدرا بۆ مادەى [406] لەیاساى سزادانى عێراقى كە تاوانى كوشتنى ئەنقەستەو ئازادبوون تیایدا بە كەفالەت دەیگرێتەوە، چونكە بەڵگە ڤیدۆییە بەردەستەكان حاشاهەڵنەگرانە گەواهى ئەو راستیە دەدەن كە عەمید ئاسۆى شێخ تەها ئەو رۆژە رەشە چۆن بە بەشداری لەتاوانى كوشتنى خەڵكى بێتاوانى خۆنیشاندەر کرد و پاش ئەوەى لەبەرچاوى خۆى ئامۆزایەكى بەدەمانچە لەنزیك نەخۆشخانەى ئەهلى سلێمانى بەئاشكرا تەقە لەخەڵكى بێ چەك و سیڤیل دەكات و دوانیان لێ شەهید دەكات بێ ئەوەى پاش ئەوە تاوانە ئاشكرایە [جریمە مشهودە] هیچ هەڵوێستێكى یاسایى هەبێت .
ئەوەبوو پاش ماوەیەك، ئەم کابرایە بكوژە تاوانبارەكەى کە ئامۆزاى خۆى بوو، لەفڕۆكەخانەى سلێمانیەوە رەوانەى ئەڵمانیا کرد و ئیستا بە كەسێكى هەڵهاتوو لە دادگا ناوی ماوەتەوە .
هەر ئەوکاتیش بەفەرمانى دكتۆر بەرهەم و مامۆستا جەلالى بریكارى وەزیر بەپەلە داوا لەعەمید ئاسۆ دەكرێت پاسپۆرتەكەى بهێنێت بۆ هەولێر بۆ لیژنەى ئیفاداتى وەزارەتى ناوخۆ لەوێشەوە راستەوخۆ رەوانەى كونسولگەرى ئەڵمانیاكرا بۆ فیزە وەرگرتن ، مامۆستا جەلالیش بە عەمید ئاسۆى شێخ تەهاى وتبوو، کە ئەم ماوەیە بەناوى ئیفادەوە خۆت ونبكە با لەبەرچاو نەمێنی تاكو بارودۆخەكە هێوردەبێتەوە .
ئێستاش ناوبراو پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی پێ دراوە و وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە بۆران.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە