بەرهەم ساڵح و بنەماڵەکەی لە گۆشەیەکی بیرەوەریەکانمدا

Wednesday, 09/05/2018, 22:11

15802 بینراوە


(ئەم نوسینە بەشێکی وەرگیراوە لە یادەوەریەکانم، بابەتەکە تەنها پەیوەست نییە بە بەرهەم ساڵحەوە، بەڵكو بەگشتی باسی ئەو تاك و بنەماڵە هەڵپەرستانەیە کە تەنها لەسەردەمانی توانا و دەسەڵاتدا پشتیوان و خزم و دۆستن و لە سەردەمانی ناهەمواری و هەژاریشدا وەکو دەردی گولی لێت دەروانن و پێیان شەرمە خۆیان بخەنە ئاستی تۆوە و چاویان لە ئاستی نەهامەتیەکانتا دادەخەن)
 پاش چەند ڕۆژێك لە بەیانی ١١ی ئازاری  ١٩٧٠  تەواوی بەرپرسان و پێشمەرگەی پارتی بە پەلە و هەڵەداوان گەڕانەوە ناو شارەکان. ئەوکاتە ماڵمان لە ماوەت بوو باوکیشم وەکو یەکێك لە بەرپرسەکانی پارتی پێش ئێمە گەڕایەوە بۆ سلەیمانی  بە مەبەستی ئامادەکردنی شوێن و ماڵ بۆ ئێمە. پاش ماوەیەك ئێمەی بردەوە بۆ سلیمانی لە خانویەکی نێوان توی مەلیك و شەقامی برایم پاشا دا نیشتەجێ بوین کە نازانم بە کرێی گرتبوو یان لە ڕێگای  پارتیەوە پێبەخشرابوو. ڕەنگە ئێستا  خانویەکی ئاسایی بێت لام، بەڵام ئەو کاتە لەبەرچاوما خانویەك بوو کە هەرگیز بە خەویش لەو باوەڕەدا نەبوین ڕۆژێك لە ڕۆژان لە خانوی ئاوادا تاقە شەوێك ڕۆژبکەینەوە!پێش ١١ی ئازار باوکم ئەگەرچی ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی بو بەڵام تەنها ١٥ دیناری مانگانەی هەبو، لەو پارەیەش ١٠ی بۆ ئێمە دەناردەوە بەو پارەیەش تەنها هۆدەو هەیوانێك زیاتری تیا نەدەبو. خانووە نوێکەمان جگە لە هۆڵ و چەندین ژوری نوستن و حەمامی تایبەت،بە زیادەوە ژوری میوان و یاری شمان  هەبو، باخچەیەکی گەورە و فراوانیش خانوەکەی ڕازاندبۆوە. بۆ یەکەمین جار بوو خواردن و خواردنەوەمان لێ زیاد بێت،بۆ یەکەمین جار بوو کۆلا و فەنتا بە سندوق لە ماڵەکەمان دا ببینم. پاش هەژاری و ڕاکە ڕاکەی ساڵانی شەستەکان و کرێچێتی ژورو هەیوانی، بۆ من و هەمو بنەماڵەکەمان دونیایەکی نوێ دروست بوو بوو. سەرباری باشی باری گوزەرانمان جێبێکی فەرمانبەری سەربازی ڕژێمی ئێراقیش هەمیشە بۆ گوێزانەوەمان بۆ هاتوچۆی قوتابخانە و کاروباری بازار بۆ تەرخان کرابوو.شۆفێرەکە سەربازێکی گەنجی عەرەب بوو ئێمەی منداڵ زۆرمان خۆش دەویست و هۆگری بوبوین. دوو پۆلیسیش بە چەکەوە لەم لاو لای دەرگاکەمان دا بە شەو و بە ڕۆژ پاسەوانی ماڵەکەمانیان دەکرد.  ئەگەرچی شۆفێری جێبەکەمان داوای دەکرد کە لەدواوە دانیشین بەڵام ئێمە کە جاران بەدەگمەن پارەی پاسمان پێ هەڵدەسوڕا هەمیشە شەڕمان بوو لەسەر پێشەوەی جێبەکە. پێش بەیانە مێژووییەکەی ١١ی ئازار هەمیشە دوای قوتابخانە لەبەردەمی ماڵەکەمان دا بە هاوینان چلورە و قاشە کالیار و ترۆزیم بە ترشوخوێوە دەفرۆشت و زستانان شێلمی کوڵاوم دەفرۆشت. کار و کاسبیم بۆ تەرکنەدەکراو سەرباری ژیانە نوێیەکەشمان سەرباری ناڕەزایی دایك و باوکم وازم لە ترۆزی و شێلم فرۆشی نەدەهێنا. تەنها جیاوازیەکەم لەگەڵ جاراندا ئەوە بوو کە حەرەس و شۆفێرەکەمان و ئەو بەرپرس و پێشمەرگانەی بەردەوام هاتو چۆیان دەکردین بوبونە باشترین مشتەری و بەڕوخۆشی و دەسبڵاوییەوە پارەیان دەدا و باقیشیان وەرنەدەگرتەوە!. 
لە ساڵانی شەست و سەردەمی برسێتی و لێقەومان دا وام دەزانی خزمەکانمان بیتیە لە تەنها سێ پورە دڵسۆزەکەمان و خاڵ و مامەکان و نەنك و باپیرم، ساڵی ٧٠ ئەو کاتەی ئیتر باوکم بووە یەکێك لە دەسڕۆیشتووەکانی ناو سلیمانی، ئەوسا بۆم دەرکەوت کە لە خزم و کەس و کاری ساماندار و ناودار و ناسراوی شاردا چەندە دەوڵەمەندین!. بنەماڵەی ساڵحی ڕەشە  خاڵوانی دایکم لە لایەکەوە و بنەماڵەی حەمەی ئاوڕەحمان ئاغای پورزاکانی باوکم لە لایەکی ترەوە  بوبونە جێگای خۆهەڵکێشانمان پێیانەوە!. ماڵەکەمانیان هێندەی تر تایبەت و درەوشاوەتر کردبۆوە. خزمە "بەرزەکانمان" هەموان کەوتنە سەردانی بەردەوام  و ماچ و باوەش و سۆز و دەست بەسەرداهێنانی خزمانەمان "لە ناخی دڵیانەوە”.  جگە لەوانەش خزم و دۆستە نوسەر و شاعیر و هونەرمەندە ناسراوەکانی وەکو ئەژی گۆران و ئەکرەمی ساڵحی ڕەشەش پێیان بە ماڵمان کرایەوە و شەوانی شیعر و هونەر و ئەدەبیان لە ماڵی ئێمەدا بە مەزەی سیاسەت و خەبات و تێکۆشانەوە ڕۆژدەکردەوە! ئێمەش ووردە ووردە هەوڵمان دەدا لە کاروان دانەبڕێین و لە ئاستی ئەو خزم و کەس و کارە بەرزانەدا بین و کەمتر نەبین، بۆیە ئێمەش سەرباری ئارەزوی منداڵی ئیتر جلوبەرگی تایبەت و هەندێك جار قاتمان لەبەردەکرد و جاربەجار وەکو منداڵەکانی ئەوانیش بۆینباخیشمان دەبەست.فێریشبوین زۆر  بە ئاگاوە ووشە و دەربڕنی پڕ لە ڕێز لە ئاستی بەرزی ئەواندا بەکاربهێنین. ترۆزی و شێلم فرۆشیەکەشم نەك هەر واز لێ هێنا و خستمانە زبڵدانی مێژووەوە، گەربۆمان بلوایە حاشاشمان لیدەکرد! خۆشبەختانە ئەم خزمانە و لە پاڵیان دا لەشکرێ ناسیاو و دۆست وهاوڕێی نوێ هەرگیز بەدەستی بەتاڵ نەدەهاتن و هەمیشە دەستی خۆیان قورس دەکرد. ئەوانەی لە لادێ و دەور و بەرەوە دەهاتن بە قەفەزە مریشك و قەل و گیسك و مەڕو کەروێشکە کێوی و کەوو سوێسکەو بارە گوێز و بەرچنە ترێ و هەنار و هەرمێ وە دەهاتن . ئەوە سەوزەجات و شیرەمەنیەکان هەر باس ناکریت سەرباری ئەوەی لێم دەفرۆشتەوە بەشی دەرودراوسێشی دەکرد و دەمانکرد بە خێر و پیاوەتی بەسەریانەوە. بە کورتی ماڵەکەمان بووبوە نیمچە باغجەیەکی ئاژەڵان و عەلوەیەکی خنجیلانە. ئەوانەی شاریش ماڵەکەمان و خۆمانیان بە تحفیاتی جوان و کورسی و مێزی نایاب ڕازانبۆوە. خۆشمانیان بە جل و بەرگی زستانە و هاوینە نەك پۆشتە کردبۆوە شیك و کەشخە کردبوو بەرادەیەك لە ئاست و ستایلی ئەوان نزیك بوبوینەوە!دایکیشم وەکو جاران پشتگوێ نەدەخراو، زۆربەی قبوڵ و قبوڵکاریەکان بانگ دەکرا. باوکم هەندێك جار دیاریەکانی وەرنەدەگرت و بە نەرمی پێی دەوتن پێویستی بە زەحمەت نەدەکرد و لە خوا بەزیاد بێت موچە و ماڵی باشی هەیە و لەهیچی کەم نیە. هەندێ جاریش نەیدەتوانی کۆنترۆڵی خۆی بکات بە توندی دەکەوتە دەمەقاڵێوە و ڕاستەوخۆ دەیگوت: هەر کارێکتان هەیە بەسەر چاو ئەگەر ئیمکانی تیا بێت بۆتان جێبەجێ دەکەم و پێویست بە بەرتیل و مەرتیل ناکات!. ئەوانیش ڕاستەوخۆ دەیانوت ئەستەغفیروڵا کاك ئیسماعیل بەرتیلی چی دیاریەکی بێنرخە بۆ براو برازاکانی خۆمان هێناوە . زۆرجار دەگەیشتە ئەوەی تەڵاق و ناموسیان دەخوارد کە بەرتیکل نیە و دیاریە! نایشارمەوە کە من و خوشك و براکانم زۆر لەم توڕەبونەی باوکمان بێزار بوین، لای ئێمەی منداڵ بە تایبەتی لەسەرەتای ئەم ناز و نێعمەتەدا بەلا مانەوە گرنگ نەبوو بەرتیلە یان دیاریە، جا ئەگەر بەرتیلەکە شتێکی ناوازە بوایە بەتایبەتی هەنگوینی شاخ و هەنجیر و میوە ناسك و بەتامەکان و شیرینی و پاقلاوە! باوکم هێشتا لە مشت و مڕ نەبووبۆوە ئێمە لە مەتبەخەکە لە نیوەی بوبوینەوە. هەربۆیە تا ئێستاش هەرکەسێك سەردانی کوردستان دەکات تەنها داواکاریم کیلۆیەك هەنگوینی ئەسڵی شاخە، ئەگەرچی هەرگیز هیچیان نەگەیشتونەتە ئەوەی کە ئەو سەردەمە بۆمان دەهات . یان ڕەنگە بۆیە وا هەست بکەم چونکە ئەو کاتە زۆر تامەزرۆی ئەو خواردنە عەجیب و غەریبە هەرگیز نەدیوانە بوین! هەرکاتێك میوانەکان دەچونە دەرەوە جا ئەگەر خزم و کەس و کار بون یان بێگانە باوکم یان ڕاستەوخۆ یان پاش کەمێك بێدەنگبون تفێکی بەدوادا دەکردن و دەیوت: ئەم خەڵکە چەند بێشەرەف و بیناموس و هەڵپەرستن ئاخر گەوادانە ئەو کاتەی کە من بە شاخەوەبوم و مندالەکانم نانی شەویان نەبوو پەنجەیان لە پێڵاوەکانیانەوە دەهاتە دەرەوە بۆچی نەدەهاتن نیوەی ئەو دیاریانەشیان بۆ بهێنن، وەڵا وەڵا ئەگەر من پیاو بم بشمرن کارەکانیان بۆ جێبەجێ ناکەم. خۆ شەرمیش ناکەن تەڵاق و ناموس دەخۆن و دەڵێن ئەوەی هێناومانە دیاریە و بەرتیل نیە!. کار هەر لەوەدا نەوەستا کە ئەو خزم و دۆستانەی کە لە شەستەکان دا لە چاو ئێمەدا هێندە بەرز بوون گەر لەسەرشەقامەکان شانیشمان لی بدانایە نەیاندەبینین ، خۆیان و ماڵ و منداڵیان بوبونە هامشۆکەری ڕۆژانەمان خزمی نوێ و تەنانەت خاڵ و پوری شیریشمان بۆ زیندوبوۆوە.
ساڵی ٧٢ ، بە هاوکاری دوو هەزار دیناری مەلا مستەفا بۆ باوکم و ٤٠٠ دیناری میراتی کە بەر دایکم کەوتبو باوکم توانی خانوی خۆی لە گەرەکی شۆڕش دروست بکات.  ئەگەرچی بچوکتر بوو  لەو خانوەی وەرمانگرتبو بەڵام زیاتر دڵمان پێی خۆش بوو. ڕۆژێکیان وەکو هەمیشە لە قوتابخانە گەڕامەوە، کاتێك هاتمە ژورەوە ژنێکی نزیك پەنجا ساڵی سەلاری تارادەیەك کورتەباڵا و خرپنم بینی بە جل و بەرگێکی جوانی کوردییەوە میوانمان بوو، لەگەڵ باوکم و دایكم و ئامادەبواندا دانیشتبوو. بە خێرهاتنێکی ئاساییم لێ کرد، باوکم ووتی: ئەوە پێشڕەوی کوڕە گەورەمە، ژنە کە بە ڕویەکی خۆشەوە بەرەو ڕووم هات و پێی ووتم:
-  وەرە بە قوربانت بم تۆ پوری خۆت ناناسیتەوە؟ پورە بەداو!؟
منیش وەکو هەمو منداڵێك  شەرم دایگرتبوم و نەمدەزانی بڵێم چی و چۆن ئەم پورە نوێیە پێشوازی بکەم.
لێم هاتە پێشەوە و بە گەرمی ئەملا و لای ماچ کردم باوکیشم بە زەردەخەنەیەکەوە ووتی:
- هەتیو، تۆش دەستی ماچ کە ئەوە پورتە، پورت!
منیش هەردودەستیم ماچ کردو بە پورە بەداو بانگم دەکرد.
پاشان تێگەیشتم کە ئەم پورە بەداوە کاتی خۆی بە ساوایی دراوسێی باپیرم بووە و شیری نەنکمی خواردووە، بەو جۆرە بۆتە خوشکی شیری باوکم.
دەی لە خوا بەزیاد بێت سەرباری ئەو هەموو خزم و کەسوکار و هاوڕێ و دڵسۆزە نوێیانە خوا پورێکی نوێشی بۆ ناردین!.
ئەم پورە نوێیەمان ناوی خۆی بەدریە بوو بەڵام هەر بە (پورە بەداو) بانگ دەکرا. نەنکی کاکە بەرهەم ساڵح بوو لە دایکەوە.
ئەم پورە تازە خۆشەویستەمان پێی لە ماڵمان نەدەبڕا هەندێ جار ڕوناك خانی کچی واتە دایکی بەرهەمیشی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا، کە ئەویش هاوڕێ قوتابی دایکم بوو لە سەردەمی گەنجیان دا، یادگارە کۆنەکان بەردەوام باس دەکران و جاری وا هەبوو گلەیی و گازندەکانی جارانیش سەریان هەڵدەدایەوە.
دایکم هەمیشە بەڕوناک خانی دەوت لە یادتە کە لە تاقیکردنەوەیەکی قوتابخانە شکاتت لێکردم کە گوایە من سەیری دەستی تۆم کردووە، منیش توڕە بوم و داوام کرد سەر لە نوێ تاقیکردنەوەکە دووبارە بکەینەوە و من لە تۆ زیاترم نمرە هێنا!
سەرباری ئەم کۆنە قینەش لەگەڵ ڕوناك خاندا کە دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی مەلیک و عەهدی باید یادگاری خۆش و ناوازەیان باس دەکرد.
ئێمەی منداڵ بە حوکمی ئەوەی بەداوەخان پورمان بوو ڕوناکی کچیشی بووە بە پورە ڕوناکمان و بەو شێوەیە  خوانەیبڕێ پورێکی تریشمان زیادی کرد. هەندێ خزمایەتی و ژن و ژنخوازی دێرینیشمان لە نێواندا هەبوو ئەوەش زیندوکرایەوە و خزمایەتیەکەمان تۆخ تر و خەست تر بۆوە ،
کاکە بەرهەم و بەڵێنی براشی هەمیشە لەگەڵ پورە ڕوناك و پورە بەداودا دەهاتن و بووبوونە هاوڕێی هەمیشەیی ئێمەی منداڵ و بە کوڕی گەڕەکیش هەر بە پورزا دەمانناساندن.
کاکە بەرهەمی پورزام تا ڕادەیەك هێمن و لەسەرخۆ بوو ئەگەرچی لە ژێرەوە بوو، بەڵام بەڵێنی برای زۆرجار سەریەشەی لەگەڵ کوڕی گەڕەکدا بۆ دروست دەکردین و  چەتون و شەڕانی بوو بۆیە کە ئەوان دەڕۆیشتنەوە دەترسام کوڕی گەڕەك بە تەنهامان بزانن و هەقی چەتونیەکانی ئەوم لێ بکەنەوە.
بە هەرحاڵ ئێمە خزم بوین و ئەبوایە بە باشی خراپیەکانەوە یەکترمان قبوڵ بوایە! هەرگیز لە یادم ناچێتەوە ڕۆژێکیان پورە بەداو لەگەڵ کاکە بەرهەم و بەڵێنی برای بە مەترەیەکەوە خۆیان کرد بە ماڵ دا. تومەس پورە بەداو هێندە زیرەك و وریا بو سەرنجی دابوو، کە  هیچ کەموکوڕیەکمان لە ماڵەکەماندا نەبوو، بەڵام ئەوەی دۆزیبۆوە کە پەردەی ماڵە نوێیەکەمان شایستەی خۆمان و مەقامم نوێیەکەمان نەبو، ئەگەرچی پەردەکان نوێ بون، بەڵام لە ئاستی زەوقی بەرزی ئەودا نەبون. بۆیە بڕیاری دابوو پەردەمان بە دیاری بۆ بکڕێت ، خانووەکەشمان بۆ بەدبەختی ئەو پەنجەرەی زۆر و گەورەی هەبوو، ڕەنگە ئەو کاتە پەنجەرە هەرزان تر، کەوتبێت لە بینا بۆیە باوکم خانووەکەی لە پەنجەرەدا دەوڵەمەند کردبوو.
پاش هەزار سوێند و قورئان بەداوەخان پەنجەرەکانی پێوا و دایکمی لەگەڵ خۆیدا بردە بازاڕ و بەدڵی خۆی قوماشی کڕیو پەردەیەکی شاز و شایانەی بە ئامادەکراوی بۆ هێناین. هەزار ڕەحمەتت لێ بێت بەداوەخان ئەو پەردەیە وا بزانم تاکو ئەو کاتەی خالید دلێری تێکۆشەر و عیسمەت خانی هاوسەری ماڵەکەیان داگیر کردین، هێشتا هەر بەرگەی گرتبوو. (کلیکی ئێرە بکە و ئەو چیرۆکەش بخوێنەرەوە) .
ساڵ هات و ساڵ ڕۆیی ٧٤ دووبارە شەڕ هەڵگیرسایەوە و ٧٥ پاش ئاشبەتاڵەکە دووبارە بێ باوك گەڕاینەوە سلەیمانی و برسێتی و کوێرەوەریەکانی ساڵانی شەست یەخەیان گرتینەوە. ئای چەندە چاوەڕوان بوین جارێکی تر خزم و کەسە دڵسۆزەکانی سەردەمانی خۆشی، خۆیان و دیاریەکانیان بەسەرمان بکەنەوە . بەڵام لە چاوەڕوانی گۆدۆوادا بوین. کوا پورە بەداو ؟ کوا پورە ڕوناك ؟ سوێندتان لەسەرم نییە تاکو سوێند بخۆم ، جگە لە پور و پورزا ئەسڵیەکانی خۆم ئەم پور و پورزا تەزویرانەم  وەك ئەوەی ئاسمان هەڵی کێشابن و زەوی قوتی دابن، نەك هەر نەمبینینەوە بەڵکو تا ئەو کاتەی کاکە بەرهەم نەبووە سەرۆک وەزیرانی ئیدارەی سولەیمانی ناویشیانم نەبیستەوە. نازانم ئاسمان هەڵی کێشابوون یان زەوی قوتی دابون.
دوای ڕاپەڕین چەندین جار گەڕامەوە بۆ سلیمانی بەڵام کەموکوری لەمنەوە بوو کە بەسەرم نەکردنەوە، دەنا پورزا خۆشەویستەکەم کۆمەڵێ سەیارە و حیمایە و میمایەی دەنارد بە دواما!
لێرە و لەوێ دەبیستم کە کاکە بەرهەم یەکێکە لە کەندیدەکانی سەرۆك کۆماری عێراق دوای غیابی مامە '' گوێی شەیتان کەڕ بێت!!" هیوادارم بەرهەمی پورزام وەکو من بێوەفا نەبێت و ئەگەر بووە سەرکۆمار و سەردانی یەکێتی ئەوروپای کرد لە برۆکسل، بۆ ئەوەی فێری دیموکراتیەت و مافی مرۆڤ و نەزاهەت و دادپەروەری و بەکورتی فێری ئیدیالیزمیان بە کرداری بکات و تێیان بگەیەنێت (کردار شەرتە) ، منی لە یاد نەچێت! تەنها نیوسەعاتێك لە برۆکسلەوە دورم، بەڵام توخوا ئەزیەت نەکێشێت و بە پەردە و شتی وا دەستی خۆی قورس نەکات. تازە خانووەکەم تەعمیر کردووە و لەبری پەردە ڕۆڵەی ئەلەکترۆنیم داناوە.
لە گەرمەی کاری وەستاییدا بوم یەکێك لە کرێکارەکان کە ئەویش کوردی لای خۆمانە و سەری لە سیاسەت ئەخورێ، لێی پرسیم: ئەرێ توخوا ڕای تۆ چیە بەرامبەر کاك بەرهەم؟ منیش تەواوی ئەو یادەوەریانەی سەرەوە لە چەند چرکەیەكدا بە یادما گوزەریان کرد و بنەماڵە خۆپارێز و هەڵپەرست و دۆست و خزمی خۆشی و بێگانە و نەناسی تەنگانەم بەیادا هاتنەوە. پاش کەمێك بێدەنگی ووتم: بەرهەم زۆر ڕاستگۆیە، کە دەڵێ کردار شەرتە، خۆشی بە کردار هەڵپەرست و درۆزن و بەرژەوەند پەرست و ناڕەوا و خۆفرۆشە بە بێگانە و دەسەڵاتدار تر لە خۆی، بەداخەوە بەرهەمیش منداڵی ئەو بنەماڵانەیە، کە هەڵپەرستی و گەندەڵیان تێکەڵ بە شیری دایك و لە باوەشی نەنکیانا بە دەمدا دەکرێت!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە