کۆنەپارێزانی نیشتیمان و مێژووی پڕ لە چەواشەکاری و درۆ

Monday, 13/08/2018, 20:06

3628 بینراوە


لە نێو ئەشکەوتەکاندا خۆیان حەشارداوە و تەنیا سێبەرەکان دەبینن، بەڵام بە ئەسڵیان دەشۆپێنن و هەراوهوریاش دەنێنەوە کە گۆیا پڕ بوونە لە بایەخی ناسین! هەرچەندەش کە بینینی سێبەرەکان تەنیا بە مانای ڕەنگی ڕەشە، بەڵام کوێرانە بڕیار لەسەر گشت ڕەنگەکان دەدرێت؛ هەربۆیە بە ناڕەواش حوکم دەدەن و باس و لێکدانەوەکانیشیان زانیاری و ئەزموون نابەخشێت!
--------------------------
کاتێک دێموکراسی بەهۆی شعووری لاواز و عەقڵییەتی دواکەوتوویانەوە، ئاکامی پۆزەتیڤ و پێشکەوتووانەی لێی ناکەوێتەوە و پاڕادۆکسی پێی دەکرێت، بێگومان چەمکە سیاسییەکانیش دەشێوێندرێن و مانا و ڕەسەنایەتی خۆیان لە دەست دەدەن و لە جێگەی خۆیاندا بەکار ناهێندرێن، هەر بۆیەش ڕگرسیڤ بە ئاڵوگۆڕەکانیش دەکرێت!
زۆرن ئەوانەی باس لە نیشتمانپەروەری دەکەن و وشەی خیانەتکاریش وڕێنە دەکەن، بەڵام نازانن پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی نیشتمانپەروەری و خیانەتکاریش چییە! ئەگەرچی لە قوتابخانەی شۆڕش و کوردایەتیدا باس لە پێشکەوتنخوازی دەکرێت و ئەلفبێی وشەکانی نان و ئازادیش حەنجە دەکرێت، بەڵام کاتێک جەوهەر و پەیامی بابەتەکان دەشێوێندرێن و مانای ڕەسەن ناگەیەنن، بێگومان قوتابییەکانیش هۆشیاری ئەوتۆ بەدەست ناهێنن! 
لەکاتێکدا باسی کرێکاران و زەحمەتکێشان و مافە چینایەتییەکان لە شۆڕشی نەتەوایەتیدا بە حەرام تاریف کراوە، بەڵام ئایین تێکەڵی بیروهزری کوردایەتی کراوە و زیان بە پێشکەوتووخوازی و شۆڕشی ئینسانی خەڵکی کوردستان گەیاندراوە!
هەروەها لە کاتێکدا کە بە دروشمی دێموکراسیخوازی و بانگەشەی نیشتمانپەروەری و دەرسی نان و ئازادی خۆیان نواندووە، بەڵام ئەو دروشم و باس و خواستانە چۆن پراکماتیزە کراون و لە خەباتی کوردایەتیدا چەندە کاریگەری و ڕەنگدانەوەیان هەبووە؟! بێگومان «بیروهزری کوردایەتی لە ژێر کاریگەری ڕێبەرایەتی ناتەندروستدا، هەروەها بە هۆی تەوژمی هاژوهوژی کۆنەپارێزان لە شۆڕشی کوردایەتیدا، نەتەنیا ڕابردوویەکی سەرکەوتووی بەرهەم و دیاری نەبووە، بەڵکو پەروەردەی نیشتمانی و لۆژیکی کوردایەتیشی سەقەت کردووە»!
… : شەڕی نێوخۆیان بە دێموکراسییەت، پەیوەندیی نۆکەرانە و جاشایەتی بۆ بێگانەیان بە دیپلۆماسییەت، *زیندانی کردنی هەست و شعووری نەتەوایەتی بە سیاسەتی بێگانەچییەتی و خۆبەستنەوە لە نێو ماڵی داگیرکەراندا بە نیشتمانپەروەری، دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پاوانخوازی و هێژمۆنی لایەن و تاکەکان بە دێموکراتییەت، بازاڕی ئازاری(ئازاد) پڕ لە دزی و گەندەڵی و مافیایی و نایەکسانی خوازیش بۆ خەون و ئاوات و ئامانجی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش بە پەیمان و بانگەشەی کوردایەتی تاریف کردووە و سیمایان بووە!  *گوڵێنەی تەنووری گەرم و بەتینی کوردایەتیان بە نەزانی و ناپاکی گرتووە و چەقە دووکەڵیان ناوەتەوە و ئازار و زیانیان بە نێو ماڵی کوردی گەیاندووە!
دەگینا، ئەگەر بەوردی و زانستیانە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە لەسەر وشە و چەمکەکانی نیشتمان پەروەری و پێشکەوتنخوازی و ئازادی و یەكسانی خوازی و ئینسانییەت بکرێت، تا چ ڕادەیەک شۆڕشەکانی کوردی خاوەنی ئیمتیاز دەبن؟!
بەڕاستی دز و گەندەڵ، مافیای سیاسی و ئابووری لە بازنەی نیشتمانپەروەریدانە؟!
بەڕاستی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و هێژمۆنی حیزبی و دیکتاتۆرییەتی تاک دەتوانێ شایانی سەردەمی نوێ بێت و لە گەڵ بنەماکانی دیموکراتییەت گونجاوە؟!
لە کام فەرهەنگی سیاسیدا نۆکەرایەتی و جاشایەتی بۆ بێگانەی دوژمن، بە دیپلۆماسییەت دەخوێندرێتەوە؟!
*«کاتێک باسی حکومەتی بنەماڵەیی دەکرێت، تەنیا مەبەست لە زیندووەکان و دەسەڵاتی ئێستایان نییە، بەڵکو کێشە ئەوەیە کە دەبێ مێژووشیان پیرۆز بکرێت و  تەحەمولی دەسەڵاتی نەوە و نەتیجەی داهاتووشیان بکرێت»!
کێشە تەنیا باشووری کوردستان نییە، بەڵکو عەقڵییەت و پەروەردەیەکی ناتەندروستی نێو کوردایەتییە! ئەوە نەخۆشێکی عەقڵانییە کە مرۆڤەکان هەڵە دەکەن و ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجی شایەستە تێکدەدەن، هەر بۆیەش تووشی نەهامەتی نوێ دەبن!
کوردایەتی بۆ ڕزگاری نەتەوەیەکی ژێردەستەیە، کوردایەتی بە مانای پاکی و دڵسۆزی و ئینسانییەتە، کوردایەتی بە مانای خۆشەویستی نیشتمان و گەلی هەژاری کوردە،  نەک بەمانای دەسەڵاتی بنەماڵەیی و دزی و گەندەڵی و نۆکەرایەتی بـــۆ بێگانە و پاراستنی سنوورە دەستکردەکان و...

سەرپۆش و داپۆشی ڕاستییەکانی مێژوو لە پێناو چی و کێدا؟!
لە لایەکــــ مێژوو بە بنەما ناگرن و خۆیان لە ئاستی ڕاستییەکاندا دەشارنەوە و لە ئاکامیشدا ئەزموونی مێژوو بێ بایەخ دەکەن؛ کەچی لە لایەکی تریشەوە کوێرانە و بت پەرەستانە مێژوویەک بۆ خۆیان دادەتاشن و ستایشی دەکەن! مێژووی داتاشراوی خۆیان پیرۆز دەناسێنن و لە ئاستی گشت کەمایەسی و شکەست و خیانەتەکانیشدا، گێل و کەڕ و ڵاڵ دەبن! یەک بان و دوو هەوا؛ کۆنەپارێزان کە بەردەوام بوونیان هەبووە و کۆنترۆڵی بزووتنەوەکانی کوردیان کردووە، بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و بەردەوام بوونیان، بە ڕەخنەگران دەڵێن: __کای کۆن بەبادا مەکەن، کەچی خۆیان بە درۆ و چەواشەکاری مێژوویەک دەنەخشێنن.
هەر بەو لۆژیک و عەقڵییەتەوە کوردایەتی کراوە، هەر بۆیەش شکەست و نوشەست بە شۆڕشەکانی کوردستان هێنراوە! بەڵام بۆ ئەوەی مێژوو سزای ڕابردووی «کۆنەپارێزان» نەدات و لەسەر ڕێڕەوی خۆیدا پاکیان نەکاتەوە، چەواشەکاریش دەکەن و چیرۆکی درۆین هەڵدەبەستن؛ شکەست و ئاشبەتاڵەکان بە سەروەری و ڕێبەرایەتی حەکیمانە دەناسێنن و دیسانیش بزووتنەوە ئینسانی و نیشتمانی بە ڕوحی مردووەکان دەسپێرنەوە!
لە کاتێکدا هاواری نەتەوەیمان ئینسانی و ڕزگاری خوازانەیە و دەبوایە بە مانا و جەوهەری خۆی کاریگەری و ڕەنگدانەوەی هەبوایە، بەڵام زۆر بەداخەوە خەبات و تێکۆشانی کوردی لە چوارچێوەی هێژمۆنی 1_خەباتی حیزبگەرایی 2_یاخی بوونی شێخ و ئاغا و مورید و ڕەعیەتەکانیاندا، بەرتەسک و کەم بایەخ کراوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە