قەیرانى تورکیا وەک "خلیسکانى زیرەکێک"

Wednesday, 22/08/2018, 23:07

4149 بینراوە


ساڵح موسلم
سەرچاوە ھەواڵییە جیھانییەکان لە ئێستادا زیاتر تیشکیان خستووتە سەر قەیرانی دارایی تورکیا و دابەزینی بەھای لیرەی ئەو وڵاتە کە ھۆکارە سەرەکییەکەی بریتییە لە خراپبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا و ھەر وەک ئەوەی بەرپرسانی تورکیاش دەیانەوێت وەھا وێنەی بکەن بۆ ئەوەی سیفەتی پاڵەوانێتی بدەنە پاڵ ئەردۆغان وەک ئەوەی ململانێ لەگەڵ ئەمریکای تاکە ھێزی جیھان دەکات. بەڵام لە ڕاستیدا قەیرانەکە شتێکی کاتی و نوێ نییە و بەڵکو پێشبینی کراوبوو بە شێوەیەک ئەنجامدانی ھاوپەیمانی لە نێوان حزبە شۆڤێنییە تورکەکان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە حوزەیرانی ڕابردوودا لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەبوو ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵی ئابوری و سیاسی و سەربازی لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا ببنەوە، ھەر بۆیە ڕەگوڕیشەکانی ئەم قەیرانە بۆ ماوەیەکی زۆر پێشتر دەگەڕێتەوە و ھۆکارەکەشی گەندەڵی و فێڵ و کاری خراپی دەسەڵاتدارانی تورکیایە.
پێش ھەموو شـتێک، گەیشتنی ھاوپەیمانی "ئەردۆغان ـ گولەن" بە لوتکەی دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە خۆڕا نەبوو بەڵکو بە ھاوکاری چەند لایەنێکی دەرەکی بووە کە بە ھەموو شێوەیەک لە ڕووەکانی ئابوری و سیاسییەوە ھاوکارییان کردوون بۆ ئەوەی بگەنە ھەموو جومگەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی تورکیا، ھەروەھا لەم کاتەشدا تورکیا یەکەم وڵات بوو سودی لە ھەر دوو جەنگی کەنداو بینی و توانی لە ڕووی ئابورییەوە بەھۆی فرۆشتنی چەک و کاڵاکانی بە وڵاتانی ناوچە زیرەکانە ماوەیەک خۆی لە قەیرانی دارایی ڕزگاربکات کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی گرتبووەوە.
ئەردۆغان لەڕێگەی پەیوەندی بە ھێزی لەگەڵ بەشار ئەسەد توانی لەو ماوەیەدا سوریا بکاتە داگیرگەی کاڵا تورکییەکان و بازاڕێکی گونجاو بدۆزێتەوە و ھەروەھا کاتێکیش ئەمریکا عێراقی داگیرکرد تورکیا توانی ھەژمونی خۆی لە باشوری کوردستان بچەسپێنێت و توانی لەرێگەی ناردنی کاڵا و دزینی نەوت و دروستکردنی بۆرییەوە داگیرگەیەکی ئابوری تر بۆ خۆی دروستبکات.
ھەروەھا دوای ئەوەی ئەمریکا سزاکانی بە سەر ئێراندا سەپاند تورکیا ئەمەی بە ھەلزانی و دەرگای بازرگانی بە شێوەی ئاشکرا و نھێنی بە ڕووی ئێراندا کردەوە و بانکە تورکییەکانیش لەم بوارەدا ڕۆڵیان ھەبوو و کە سزاکانیان لەسەر ئێران سوکترکرد لەڕێگەی سپیکردنەوەی پارە و ناردنی دۆلار و زێڕەوە ھەروەک ئەوەی کێشەکە لە ئێستادا لە دادگاکانی ئەمریکا ھەیە و نمونەش کێشەکەی ڕەزا زەڕابە.
کاتێکیش بەھاری عەرەبی و شۆڕشی گەلانی ناوچەکە ڕوویاندا تورکیا زیرەکانە توانی خۆی وا دەرخات کە پارێزەی مافی ئەو گەلانەیە و دیموکراسی دەوێت لەم ڕێگەوە توانی قایلیان بکات کە ھاوڕێی ئەو گەلانەیە و ئیتر مەبەستە شاراوەکانی خۆی دەرنەخست و سەرەتا تونس و دواتر لیبیا و میسر و ئینجا سوریا، پێش ئەوەشی شەڕ لە سوریا دەستپێبکات ھەستا بە دابینکردنی کەمپی ئاوارە و کردنەوەی سەربازگە و جێگەی مەشق و ڕاھێنان و لەم پێناوەدا پارەیەکی زۆری خەرجکرد و ھەروەک "بن جاسم" دانیپێدانا کە ١٣٧ ملیۆن دۆلاریان بۆ کردەی سەربازی و کڕینی چەک دابینکردووە لە سوریا و لەم ڕێگەیە تورکیا کرایە شوێنی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانە و دواتر خۆی ئاڕاستەی دەکردن.
ھەروەھا ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە تورکیا کرد دەسەڵاتدارانی تورکیا وەک مانگای شیردەر بەکاریان ھێنان و ملیۆنان دۆلاریان بە ناوی ئەوانەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرییەکانی جیھان وەرگرت و ئەوەشی بە مەرج گرت کە سەرجەم پارەکان لەڕێگەی دامەزراوەکانی تورکیا خەرج بکرێت و دواتر شاری غازی عەنتابی کردە بنکەی ڕێکخراوە جیھانییەکان و سەرجەمیان لە ژێر ئیدارەی دەزگای ھەواڵگری تورکیا کاریان دەکرد و دەبوو بۆ دابەشکردنی یەک کاڵا ڕەزامەندی ھەواڵگری وەرگرن.
ئا لەم قۆناغەدا تورکیا توانی ڕێکارەکانی تایبەت بە خۆی بەھێز بکات بۆ جێبەجێکردنی نەخشەو پلانەکانی و دەرکەوتنی داعش و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیش زیاتر ئەم کارەی بۆ تورکیا خۆشکرد و کە دەستیکرد بە بازرگانی نەوت و کاڵا قاچاخەکانی تر لەگەڵیان و ھەموو ئەم یاریانەی تورکیاش بەرەبەرە دەرکەوت و بە تایبەت دوای شکانی داعش لە کوبانێ کە بووە ھۆی یەکەم شکستی "تورکیای زیرەک".
لە دوای ئاشکرابوونی یارییەکانی تورکیا و شکستەکانی، دەستیکرد بە ھێرشکردن و دەمەقاڵێ لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانەی دەستیان لە سوریا ھەبوو لێرەوە ھەڕەشەی ئەوەی لە ئەوروپا کرد کە دەرگا بۆ ئاوارەکان دەکاتەوە بچنە ئەو وڵاتانە ئەگەر مەرجە ئابوری و سیاسییەکانی قبوڵنەکەن و لێرەوە ھەر بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی ئەمریکاشی تۆمەتبارکرد کە دەستی ھەبووە لە کودەتاکەی تورکیادا و لێرەوە سەرەتای پێکدادانی تورکیا و ئەمریکا دەستیپێکرد و قەشەیەکی ئەمریکی دەستگیرکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ فەتحوڵا گولەن دیل بە دیلی پێبکات و دۆسییەکانی بانکە تورکیەکان و کێشەی ڕەزا زەراب دابخات کە سەرجەمیان لەژێر سەری کەسە نزیکەکانی ئەردۆغاندابوون.
لێرەوە دەتوانین بڵێین قەیرانەکەی تورکیا لە ھەردوو ڕووی ئابوری و سیاسییەوە زۆر قوڵە و ماوەیەکی درێژە دەستیپێکردووە و ئەوەی زیاتر قەیرانەکەی دەرخست ئەوەبوو ئیتر تورکیا سەرچاوە ناشەرعییە داراییەکانی لە سوریا لە دەستدا و لە داھاتووشدا بە ھۆی سزاکانی سەر ئێران بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەش لە دەستدەدات دوای ئەوەی کە ئەمریکا ئاگاداریکردەوە.
ھەموو ئەو ھۆکارە دەرەکییانەی ئاماژەم پێکرد تەنھا نین و بەڵکو ھۆکاری ناوخۆیش ھەن لە دەرەکییەکان گرنگترن ئەویش جەنگی ناوخۆی تورکیایە کەوای کردووە لە بری گەشەسەندنی پیشەسازی مەدەنی گرنگی بە پیشەسازی سەربازی و چەک بدرێت و بازرگانانی جەنگ دروستببن کە ھیچ کاتێک کۆمەڵگایان لا گرنگ نیە.
لە بەرئەمانە دەتوانین بڵێن قەیرانی دارایی تورکیا بریتییە لە "خلیسکان و کەوتنی زیرەکێک" کە بەساختە زیرەک بووە و ئەم کەوتنەشی زۆر بە ئازارە و دەرھاویشتەکانیش لە داھاتوو زیاتر دەبن لەسەر گەلی تورکیا و وڵاتانی دراوسێ لە ھەردوو ڕووی ئابوری و سیاسییەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە